راگەیاندن

ڕاگەیاندنی کومیتەی دەرەوەی وڵات بە بۆنەی ماڵاویی هاوڕێ بەختیار ئەتابەک لە ژیان

12:17 - 24/11/2023

ڕاگەیاندنی کومیتەی دەرەوەی وڵات بە بۆنەی ماڵاویی هاوڕێ بەختیار ئەتابەک لە ژیان

بەداخەوە ئاگادار کراین ڕۆژی سێشەممە ٢١ی نوامبر بەرامبەر بە ٣٠ خەزەڵوەر دڵی پڕ هیوای فەرماندە و پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە هاوڕێ بەختیار ئەتابەک ناسراو بە سەید بەختیار لە وڵاتی سوید لە لێدان کەوت.

هاوڕێ بەختیار لە سەرەتای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ بە ڕیزەکانی کۆمەڵە پەیوەست بوو و وێڕای هاوڕێیانی و خەڵکی شۆڕشگێری کوردستان لە شەڕی بەرگری لەکوردستان لە سەرەتای شۆڕش و لەوانە لە شەڕی سنە قارەمانانە بەشداری کرد. ساڵی ١٣٥٨ لە هەورامان سازمان درا و پاشان لە پیرانشار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بەتایبەت ناوچەکانی سەر سنوور وەک بەرپرس و فەرماندەیەکی بوێر، ئازا و لێهاتووی نیزامی چالاکانە دەورونەخشی شۆڕشگێڕانەی گێڕاوە. 

هاوڕێ بەختیار لە ماوەی پێشمەرگەیاتیدا جێگای متمانە و خۆشەویستی خەڵک و هاوڕێیانی بوو و لە پێناو پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستان وەک پێشمەرگە و فەرماندەیەکی تێکۆشەر و جەسوور لە هیچ دڵسۆزی و فیداکارییەک درێغی نەکرد و چەند جار لە شەڕی دژی هێزی داگیرکەرانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران بریندار بوو. 

بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا هاوڕێ بەختیار ئازادی کوردستان بە چاوانی چاوەڕوانی ببینێ و دڵی پڕ ئاواتی لە تاراوگە و دوور لە زێد و ئازیزانی لە لێدان کەوت. بەم بۆنەوە کومیتەی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی و دۆستان و هاوڕێیانی دەکا و خۆمان بە شەریکی خەمی لەدەستدانی ئەم هاوڕێ ئازیزەمان دەزانین. 

یادی ئازیزی بەرز و بەڕێز بێ. 

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران 
کومیتەی دەرەوەی وڵات 

٢٢ی نوامبری ٢٠٢٣