راگەیاندن

ڕاگەیەندراوی کۆمەڵە بەبۆنەی ماڵاوایی لەژیان کردنی هاوڕێ «یەدوڵڵا بیگلەری»

09:45 - 24/4/2024

ڕاگەیەندراوی کۆمەڵە بەبۆنەی ماڵاوایی لەژیان کردنی هاوڕێ «یەدوڵڵا بیگلەری»

بەداخێکی گران و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی مارسی ٢٠٢٤ی زایینی، ئاگادارکراینەوە هاوڕێی دامەزرێنەر و ڕەچەشکێن و خۆشەویستمان، کاک «یەدوڵڵا بیگلەری» لە وڵاتی سۆئێد و بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لەژیان کردووە و بۆ هەمیشە جێی هێشتووین.

هاوڕێ یەدوڵڵا یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە و هەڵسووڕاوی خەباتی نەهێنی و ئاشکرای کۆمەڵە و بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان بوو کە ساڵانێکی زۆر لە تەمەنی بۆ خزمەت بە خەڵکی کوردستان و لە پێناو ئامانجە ڕەواکانی ڕزگاری نەتەوەیی، عەداڵەتخوازی و یەکسانیخوازی تەرخان کرد. هاوڕێ یەدوڵڵا لە پێش ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە دادگای شارەکانی کرماشان و سنە قەزاوەتی دەکرد و پارێزەری خەڵکی چەوساوە و زۆرليکراو بوو. هاوڕێ، هاوکار و هاوسەنگەری نزیکی کاک سدیق کەمانگەر بوو ، لە هەموو دەورەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و هاوکات شانبەشانی هاوڕێیانی، بەشێوەی ماندوویی نەناسانە لە زۆر بواردا ئەرک و قورسایی شۆڕشی وەئەستۆ گرتبوو و لە نێو کۆمەڵەدا کۆڵەکەیەکی بەهێزی خۆڕاگری و ڕاستگۆیی و جێی بڕوای هەموان بوو.
هەر بۆیە لە ناخی دڵمانەوە لە هاوژینیان هاوڕێ «عەزیزە وەتەندوست»، و «سۆما»ی کچیان و کاک «موحەممەد»ی کوڕیان سەرەخۆشی دەکەین و هاوخەمی خۆمان لەگەڵ هەموو کەسوکار و هاوڕێیان و خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی خەڵکی شاری سنە دەردەبڕین. ئەگەرچی هاوڕێی ئازیزمان لە تاراوگە و بەدوور لە وڵات بۆ هەمیشە ماڵاوایی لێکردین، بەڵام ڕێگا و ئاوات و ئامانجەکانی بە زیندوویی دەمێنێتەوە و بەڵێن دەدەین درێژەپێدەری ڕێگا و ڕێبازە پڕ لە شانازییەکەی بین و سەنگەرەکەی بە ئاوەدانی بهێڵینەوە. 
یاد و ناوی هاوڕێ یەدوڵڵا بیگلەری ئازیز بەرز و بەڕێز بێت و ڕێگای درەوشاوە و پڕ لە ڕێبوار.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی
٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی
٢٨ی مارسی ٢٠٢٤ی زایینی