ئەدەب و هونەر
پاییز
08:07 - 2/10/2020
پاییز
پاییزە و شینی دار و گەڵایە
گەڵا دەوەرێ بە سووکە بایە
خۆ دەڕنێ لک و پۆپ و چڵی دار
فرمێسکی گەڵای دەڕژێ لە روخسار
گەڵا دەنوێنێ دوایین هونەری
فڵچە دەخاتە ناخ و جەوهەری
خشڵی رەنگ دەکا باغ و دارستان
تا لە پەلک و چڵ بەردەدا دەستان
بۆ باڵای سروشت تا دەمی مەرگ
هەر جوانتر دەبێ وەک جلوبەرگ
دوای مەرگی گەڵا دار رووت و قووتە
هێمای هەژاری و مرۆڤی رووتە
ئەودەم سەوز بوو خشڵی لێڕەوار
سێبەری دەخست بۆ سوار و رێبوار
گوارە بوو لە گوێی پەلک و پۆی داران
شنە دەیشەکاند لێی دەپژا باران
دەیڕازاندەوە شار و باژێڕان
بەسەرچوو ئیتر بێ نازە و حەیران
غەریب کەوتووە لێرە و لەوێی شار
پێخوستی دەکەن رێبوار و گەشتیار
خۆڵ وەسەر دەکا لە کووچە و کۆڵان
با دەیڕفێنێ بۆ پەنا و چۆڵان
خەزان ئاوێنەی برسی و هەژارە
رەنگی روخساری خەڵکی نەدارە
بە خۆوە دەگرێ گەڵای دەردەدار
رەنگی نەخۆش و غەریب و بێ یار
قەدری گەڵا هەر لە لای سەر چڵە
بۆیە دەیکاتە گوارە و پڵپڵە
ئارام
۲٥ی سیپتەمبری ۲٠۲٠
٤ی رەزبەری ۱۳۹۹