راگەیاندن
هاوڕێ ڕەئووف بابائیان تێکۆشەری دێرینی کۆمەڵە ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد
02:33 - 4/2/2024
بە داخ و پەژارەوە ئاگادار بوین کاک ڕەئووف بابائیان تێکۆشەری لە مێژینەی کۆمەڵە و لە زومرەی پێشمەرگە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە، لە وڵاتی نۆروێژ، شاری ترۆندهایم بە هۆی نەخۆشین ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد.
کاک ڕەئووف بابائیان ساڵی ١٣٣١ی هەتاوی لە شاری سەقز لەدایک بوو، ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە گەڵ ئاشکرا بونی خەباتی کۆمەڵە لە جەمعەیەتەکانی ئەوشارە دەستی بەهەڵسووڕان کرد و خەبات و تێکۆشانی خۆی بە کۆمەڵەوە گرێدرا، لەو سەردەمانەدا کاک ڕەئووف لە لایەن کۆمەڵەوە وەک مامۆستای قوتابخانە ناردرایە ئاوایی قەرەگوێز کە وانە بە منداڵانی ئەو ناوچەیە بڵێتەوە، هەر بۆیە دواتر بە ڕەئووف قەرەگوێز ناوبانگی دەرکرد. لە جەریانی گرتنەوەی شاری سەقز بە دەست هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوو، پاش ساڕێژ بوونەوەی برینەکانی بە ورەتر لە جاران دەستی بە تێکۆشان کردەوە.
کاک ڕەئووف لە ماوەی تەمەنی پێشمەرگایەتی لە گەلێک ئۆرگانی جۆراو جۆر وەک گوردانی ٢٦ی سەقز، لەبەشی پزشکی کۆمەڵە و زۆر ئۆرگانی دیکە چالاکانە ئەرکە حیزبییەکانی بەجێ ئەهێنا. شایانی باسە دووبرای دیکەی کاک ڕەئووف بە ناوەکانی کاک عەلی بابائیان لە ناوشاری سەقز و کاک جەمال بابائیان لە ئاوایی قوڵ ئەستێری بانە لە ناوڕیزەکانی کۆمەڵەدا گیانیان بەختی ئاوات و ئارمانەکانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد کرد.
کاک ڕەئووف ساڵی ١٣٩٠ی زاینی ڕێگای هەندەرانی گرتە بەر و لە گەڵ بنەماڵەکەی لە وڵاتی نۆروێژ نیشتە جێ بوون. بە داخەوە هاوڕێ ڕەئووف ساڵیانێک بە دەست ئازاری نەخۆشینەوە گیرۆدەبوو، سەرەئەنجام ڕۆژی شەمە ڕێکەوتی ٣ی٢ی٢٠٢٤ی زاینی لە شاری ترۆندهایمی وڵاتی نۆروێژ چاوی لێکنا و دڵی پڕ لە هیوا و کەیلی ڕزگاری و گەڕانەوەی بۆ زێدی، لە لێدان کەوت و ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد.
بەم بۆنەوە بە ناوی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵە هاوخەمی خۆمان لەگەڵ بنەماڵەی ئازیزی دەر ئەبڕین و لە دۆستان و هاوڕێیان و خەڵکی ناوچەی سەقز سەرەخۆشی ئەکەین.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کومیتەی دەرەوەی وڵات
بابەتی زۆرتر
- ڕاگەیاندنی کومیتەی دەرەوەی وڵات، لە بابەت سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر توماج ساڵحی
- ڕاگەیەندراوی کۆمەڵە بەبۆنەی ماڵاوایی لەژیان کردنی هاوڕێ «یەدوڵڵا بیگلەری»
- خوشکی ئەندامێکی کۆمەڵە لە مەریوان ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد
- ڕاگەێندراوی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە؛
- ئاگاداری رێورەسمی رێزگرتن لە چووار پێشمەرگەی ئێعدام کراوی کۆمەڵە لە ئاڵمان