بیرەوەری
بە بۆنەی ٣١ جۆزهردان ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە
10:55 - 21/1/2021
بەھمهنی ساڵی ١٣٥٧ کە رژیمی شای ئێران ڕووخا بەشی زۆری بنکە و بارەگاکانی حکوومهتی شا لە سەرتاسەری ئیران لە لایهن خەڵکەوە دەستی بە سەر داگیرا و خەڵکێکی زور چەکدار بوون .
بووژانەویهکی سیاسی دەستی پێکرد و حاڵ و ھهوای ئازادی ڕەنگ و ڕوخسارێکی تازەی بە وڵات بەخشیبوو. لە کوردستانیش ئەو وەزعە دەستی پێکردبوو،لە شارەکان حیزب و کۆڕو کومەڵ پێکدەهێندرا و بناغەی شۆرشی نوێی کوردی خەریکی سەر ھەڵدان بوو. دەکرێ بڵێی لەم دەورە یهدا زۆرترین ئاڵووگۆڕی سیاسی لە کوردستانی ڕۆژھەڵات پێک ھات.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران کە حیزبی سوننەتی کوردستان بوو، خەریکی خۆ ساغ کردنەوە و ڕێکخستنی خۆی بوو و لە زۆربەی شارەکان لە نێو کومیتە ئینقلابیهکانی کە تازە خەریک بوون لە شارەکان دروست دەبوون و پهیوهندیان لە گەڵ حکوومهتی ئینقلابی تازە دامەزراوی ئیران ھەبوو، دەستیان بە مەقەر دانان کرد و ھیزی پیشمەرگەیان سازمان دەدا. بەڵام کۆمەڵگای کوردستانی ئێران ئاڵوگۆڕێکی زۆری بە سەر داھاتبوو ، ھەر چەند حیزبی دێموکرات ناسراوترین حیزبی کوردستان بوو بەڵام جوابدەرەوهی ھەموو ئەم ئاڵوگۆڕە سیاسیانە نەبوو کە لە کوردستان دا دەجەریان دابوو. ڕووناکبیرانی کوردستان کە بیرو بۆچوونێکی تازەتریان ھەبوو باسی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و ھێنانە مەیدانی کرێکاران ، زەحمتکێشان ، ژنان و ئازادی بی قەیدو شەرتیان دەکرد. بەشی زوریان خویان لە جەمعیهتی دیفاع لە خەڵکی کورد دا رێکخست. ئەو ڕێکخراوە لە جەریاناتی جۆراوجۆری چەپ لە کوردستان پێک ھاتبوو ، بەڵام ماتۆڕی ئەسڵی ھاوڕێیانێک بوون کە دواتر بەشی زۆریان بوون بە کومەڵە.
حکوومهتی ئیسلامی تازە پێگەیشتوو لە شارەکانی ئیران خەریکی ھێرش بۆ سەر دەسکەوتەکانی شۆڕش بوو. ڕۆژانە لە تاران و شارەکانی دەرەوهی کوردستان خۆپیشاندان دژی حکووموت دەکرا. ئێسلام لەکوردستان
پێگەیهکی سیاسی نەبوو، بەشی زوری کوردستان لە دەست خەڵک و ھێزی پێشمەرگە دابوو، فەزایهکی دێموکراتیک لە کوردستان حاکم بوو. بهھاری ساڵی ١٣٥٨ دوای شەڕی نەورۆزی سنە و شەڕی نە غەدە ، پێشبینی ئەوە دەکرا کە حکوومهتی ئیران خەریکە ئەو شەرایهتە دێموکراتیکە کە لە کوردستان ھاتوهتە پێش مهحدوود یا سەر کوتی کا و بە شیددهت لە کوردستان خەریکی پیلان گێڕان و تهبلیغات دژی گەلی کورد و ھێزە سکولارەکان بوو .ھەر بەم بونەوە ئەوهڵین ڕێکخراوی ئێسلامی لە لایهن ئەحمهد موفتی زادهوه لەسنە دامەزراند.
تهشکیلاتی کۆمەڵە بە پێی بەرنامەیهک کە لە لایهن ھاوڕێیانی مەرکەزیەوە داڕێژرا بوو لە مەنتەقەی سەردەشت بنکەیەکی نیزامیان دانابوو .ھەدف لە پێک ھێنانی ئەو بنکەیە، ئەوە بوو کە ھاودەنگیهک لە نێوان جهمعیەتەکان لە ھەموو کوردستان پێک بێنی و ھەر وەھا ئەوهڵین دەستەکانی پێشمەرگەی لێ ئامووزش و سازمان بدا و ھێزی پێشمەرگەی کومەلە بۆ بەرهنگاری ھەر ھێرشێک بۆ سەر کوردستان ئامادە کا..ئەو شوێنە ناوی گۆڕەمەر بو.
گۆڕەمەر دارستانێکە
لە مەنتەقەی سەردهشت لەبهینی گوندی بێلۆکێ، چەکۆ و ئاڵوەتان دایە .
لە مانگی گوڵانی (اردبھیشت)سال ١٣٥٨ لە ناوچەی شنۆ ونەغەدە ئاگادار کراین کە جەماعهتێک لە ھاوڕێیان سازکەین دەچن بۆ گۆڕەمەر بۆ فێرگە . حدوودهن ١٥ نەفهر دەبووین بە ٢ تویوتای سەر ئاوەڵا وەڕێ کەوتین .
بە داخەوە بەشیک لەو ھاورێیانە ئێستا لە ژیاندا نەماون بەڵام ئەوانهی لەبیرم ماون بریتین لە:١- حوسێن مووسهوی ٢- مهناف گەجەنی٣- خالید خزرپوور ٤- سهید ئەبووبهکرشوکری ٥- موحهممهد ...٦-ئەبووبهکر سوور٧- عبداللە م٨- حەسەن زهلیلان ٩- سوڵتان خوسرەوی١٠- ئەحمهد سوڵتانی١١-ئەبووبکر فهتاحی ١٢- موحهممهد کهلھوڕی١٣- رەحیم . م ١٤- عومەر. ش
وەختێک وەڕێ کەوتین ھاوڕی حوسێن موسهوی کوتی دەچین بۆ گۆڕەمەر. منیش لە زهینی خۆمدا گۆڕەمەر شارە یا گەورە دێیکە کە ئێمە دەچین و دەبێ شوێنێکی ئێگجار خۆش و پێداویستی و ئیمکاناتی سەرە تایی لێیە(پێخهو، جێگای سازکردنی خواردەمەنی...)ساعهت ٩ی بەیانی ھاورێیانی شنۆ ھاتبوون لە گوندی قاڕنێ یهکترمان گرتەوە. ساعهت ١٠ ی بەیانی ڕێکەوتین. جادەی ئەسڵی گیرابوو، دەبوایه بە ڕێگای پهسوێ دا کە ڕێگایکی دوورتر بوودهکهوته دهشتی لاجان و بە مەنتەقەی پیرانشار دا چووباینایە جادەی سەردهشت پیرانشار.
وهک لە بیرم بێ ٢٠ —١٩ مانگی گڵلان بوو. گەرما لە کوردستان دەستی پێکردبوو وئێمەش لە پشت ماشێنی تویوتای سەر ئاوەڵادا، لە بەیانیەوە گەرمایهکی زۆر لێی دابووین و بێ تاقهتی کردبووین .ساعهت ٤ ی چوار ئێوارێ گەیشتینە خدرئاوێ لە نیزیک گۆڕەمەر. خدرئاواێ گوندێکی خوش و پڕ دار و درهخت و جۆگەلە ئاوی زۆر لە سەرو خواری گوندەکەوه دەھاتە خوار و فێنکایی لە ھەموو لایهکەوە دەھات . ماشێنمان ڕاگرت و سەرو چاومان شت وفێنکایهکمان ھاتەوە بەر.
خەریک بووین پرسیاری دوکانمان دەکرد کە ھەوادارێکی خۆمان خەڵکی کانی ئەشکەوتە کەمن پێشتر دەمناسی بە پەلە ھات بۆ لامان کوتی دەبێ ھەرچی زووتر لێرە بڕۆن. منیش کوتم بۆ چی؟ کوتی قیادەی موهققهت لێرە مەقەڕیان ھەیە.ئەو سەردمە ئێمە لە گەل قیادەی موهققهت بهینمان خۆش نەبوو. ئیمە پهیوهندیمان زۆرتر لە گەڵ یهکیهتی نیشتمانی خۆش بوو. ئەو دوو ھێزەش زور دژی یهکتر بوون.
ھەر وەھا قیادەی موەققەتە ئەو سەردهم لە گەڵ حکوومەتی تازەی ئێران بەینیان خۆش بوو.
بە پەلە سواری تویۆتا بووینەوە و بەرو گۆڕەمەر وەرێ کەوتین. .
کە گەیشتینە نیزیک گۆڕەمەر سهید حوسێن کە مەسئوولی کاروان بوو،کوتی ھاوریان له ئێستاوه ھەموومان لە ژێر ئوتووریتەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ داین. ئیتر من ھیچ مەسئوولیەتێکم لە سەر شانی نیە.
دوای خدرئاوێ لە ھەورازیک وە سەرکەوتین و لە دوڵێک ماشێنەکانیان ڕاگرت و وادیار بوو ئێینتزاریان دەکردین. ھاوڕێیهک وە پێشمان کەوت و بە بناری کێوێک دا ئێمەیان بردە نێو دارستانێک کە چەند خێوهتی شڕی ناڕێکوپێکی لێههڵدرابوون..
ئەوهڵین کەس کە ھاتە پێشوازمان ھاوڕێی زۆر خۆشەویستم سولهیمان کاشانی بوو.سولهیمانم لە مێژ بوو نە دیبوو،نهم دەزانی لە کوێیە ئەگهر پرسیاریشت کردبا کەس پێی نەدەکوتی. فەرھهنگی ئەو وەختی تهشکیلات وابوو..
ئێمە ئەو ھەموە لە ناوچەی نەغەدە نیگەرانی بووین کە چی کاکم لە گۆڕەمەر ببوه شۆفیری زر ێپۆش و کهیفی زۆر ساز بوو..
وەختێک ئێمە گەیشین ھەر ئەوڕۆژە جەماعهت لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانیشهوه پێش ئێمە گەیشبوون و ھێندێکیش دوای ئیمە گهیشتنێ و ژومارەمان زۆر بوو، نیزیک ٨٠ کەس دەبوین..
مهسئوولهکانی ئەو وەختەی گۆڕەمەر ھاورێیان عومەر ئێلخانیزادە ،بە نێوی نھێنی( جەعفەر)حەمەی موهتهدی بە نێوی نھێنی (عەزیزه سور)بوون. مهسئولی تهدوارکات مام برایم بو کە پێیان دەکوت پیرۆت. لە ناوچەی سەردەشت کۆرێک تێکۆشەری دێرین کە تەجروبەی شۆرشیان لە ئێمەمانان زۆرتر بوو ھاتبوونه نێو ڕیزەکانی کۆمەلە. مام بڕایم یەکێک لەوانە بوو. ئێنسانێکی زەحمهتکێش وبە بیروباوڕ، کۆمهڵهی خۆش دەویست و زۆریش دڵسۆز بوو.
مام حوسێن بێلۆکێ کادری قەدیمی کۆمەڵە بوو لە مەنتەقەی سەردهشت زۆر خۆشەویست و ناسراو بوو. ھەروەھا مام برایم مهشھوور بە برایم پێخواس، مام ئەحمهد نێوهژ و جەمعێکیترکە خەڵکی مەنتەقە بوون بەشیک لە ئەرک و کارەکانیان بەرێوه دەبرد.
گوڕەمەر نە شار بو نە گەورە دێ، دارستانێکی ڕەق و ڕووت کە لەوێ دوو کەپریان لێ ساز کردبوون پێیان دە کوتن تهداروکات.
ھاوڕێ عومەری ئێلخانیزادە لە کۆبوونەوهیهکی کورت دا شەرایهتی ئەو مەنتەقە و وەزعی خۆمانی بۆ تەوزیح داین. ئەوهی لەبیرم بێ کوتی ئێڕە دیارە مەقەڕی ئێمەیە ، بەڵام دەبێ زۆر وریا بین قیادە موهققهتە لە ئێمە زۆر دوورنین و ئێحتمالی دهرگیر بوونمان ھەیە.
بە تایبەت شەوانە دەبێ زۆر وریا و ئامادە بن بە ھیچ شێوەیهک نابێ ئاور ھەڵکەن یان بە تاریکی جگهرە بکێشن.
دواتر ئێوارەکەی ئەو ڕۆژە ئێمە دابەش بووین بە چەند دەستە و ھەر دەستەیهک بەشێک لە پاریزگاری گۆڕەمەری پێ ئهسپێردرا.
پێداویستی نووستنمان نەبوو. شەو بۆ دەستەکەی ئێمە کە ١٨ نەفهر دەبووین چەند پەتووی سەربازیان داینێ کە پێی بخهوین.
ئێمە مهجمووعەمان ھیچ تەجروبەیهکی نیزامیمان نەبوو.بە حوکمی ئەوی من دە مانگم سەربازی کردبوو و ھێندێکم لە چەک دەزانی منیان وەک مەسئوولی نیزامی دەستەیهک لە ھاورێیان دانابوو .
ئەو سەردم کۆمەڵە لە گۆڕمەر لە باری چەکو و چوڵەوە زۆر فەقیر بوو ھەر بەم بۆنەوە
دەستەکەی ئێمە که 18 نهفهر بووین، ٥ چەکمان بۆ پارێزگاری ههبوو.
ئێمە و ھاورێیانی ناوچەکانیتریش ڕێگایهکی زۆر ھاتبووین و زۆریشمان بڕسی بوو .
ئێوارێ نان و تەماتەیان داینێ. ھیچی دیکەی لێ دەست نەدەکەوت. ئێستا ھهوا تاریک نەببوو کە بەرەو جێگای دیاریکراو وەرێ کەوتین پەتوکانمان راخست.ئێمە ھەموومان یهکترمان نەدەناسی، بۆیە نێوی ھەموو ھاورێیانمان پرسی، لیستی نیگهھبانی شەومان نووسی و کوتمان بەپێی نێوهکان بە ڕیز بخەون بۆ ئەوهی موشکیلهیهک نەیهتە پێش. نیگهھبانی دوو سەعاتیە و دوو نەفەرەشە کە ھەر وەخت تەواو بوون دوو نەفهری دوای خۆیان ھەستێنن.
پرسیارم کرد کەس سەعاتی پێیە، لەم ١٨ کەسە یەک کەسمان سەعاتی پێ بوو.
کوتمان ھەر وەختێ ویستتان بزانن سەعات چەندە بۆ ئەوهی کەسی دوای خۆتان لە خەو ھەستێنن چاو لەدەستی ئەو ھاوڕێیه بکەن.
دامان نابوو سەعات ٦ بەیانی نیگهھبانی تەواو بێ.
بهدهلیلی ئەوهی زۆر ماندوو بووین بێجگە لە نیگهھبانەکا ن ھەموومان زور زوو خەومان لێکەوت . ئەو دارستانهی گۆڕەمەر بە شەو زور تاریک بوو کورد گوتەنی چاو چاوی نەدەدی .
شەو نازانم چ ڕوویدابوو، دوو نیگابانی ئەووهڵ کە ھهوا ھێندێک روناک دەبی دەتوانن چاو لە سەعات بکەن دواتر کە تاریک دادێ ، ھاوڕێی سەعات لە دەست نابیننەوە و دەبێتە تێکەو لێکە. من و سهیدحوسێن مووسهوی که به پێی لیستهکه دهکهوتینه دوایین پۆست، سهعات 11ی شهو هاوڕێی "خاوهن سهعات" ههڵیستاندین. دیار بوو لهو بێ سهعاتیهدا ھەر کەس بەسەللیقەی خۆی کاتی دیاری کردبوو.
مهجبوور بووین جارێکی دیکە لیستی نیگهھبانی بنووسینەوە.
ڕۆژھەڵاتی کوردستان کەشو و ھەوای فێنکترە لە باشوور ،بەتایبەت مەنتەقەی سەردشت کە ڵێڕەوارە شەوانە زور فێنکتر دەبێ. ڕۆژی دوایی بەرە بەیانی زوو لە سەرمان ھەموومان وەخەبەر ھاتبووین. ھەر کەس بەشێوەیەک ھەوڵی دەدا خوی گەرم کاتەوەههڵات ههڵات و خۆبادانێک بوو ههر مهپرسه.
شەوانە ھەر دەستەیهک دەبا له کتری یان دبەدا ئاوی خوی لە گەڵ خۆی بردبا دەنا ئەو جیگایەی شەو لێی دەماینەوە ئاوی خواردنەوەی لێ دەست نەدەکەوت.
ئیوارەی روژی پێشوو وا بڕیار درابو کە ناوچەی شنۆ و نەغەدە دەبێ نانی بەیانی بۆ جەماعت ساز کەن.
ھاوار ، ھاواری عبدالە .م یەکێک لە ھاورێیانی ناوچەی نەغەدە لەدوورەوە دەھات که دهیکوت جەماعهت رەحمهتی خواتان لیێ بێ ، کتریە ڕەش لای کام دەستەیە بۆمان بێننەوە و دەستەی ئێمە ئاشپەزین و چای لێدەنێین.
ئێمە بۆساز کردنی نانی بەیانی چووینە تەداروکات و سڵاومان لە مام برایم کردو کوتمان ئیمە قەرارە ئاشپهزی نانی بەیانی بین.مام برایم چاوێکی لێکردین ھەموومان سەر ڕووتوو منداڵکاریش بووین. وەک ئەوهی بڵێ کوا شۆرش بەم دەمڕووتانە دەکرێ، سەرێکی ڕاوهشاندوو
وهک خێرمان پێ بکا تەنە کێک پەنیری تەورێز و ھێندێک نانی ساجی بۆ دیاری کردین و کوتی دەستی پێوه بگرن.
ئەو ھاورێیانهی کە ھاتبوون بۆ گۆرەمەر بەشی زۆریان لە بنەماڵەی مامناوهندی کوردستان بوون و ئەو جۆرە ژیانەیان بۆ یەکەم جار بوو کە ھەڵبژاردبو و تاقیان دەکردهوە. سفرەی ماڵیان بێ نان یان کەم نان نەببوو .
شەوی پێشووش تێریان نەخوارد بوو و زۆریان برسی بوو.
بە ھەزار چەرمە سەری نانی بەیانیمان ساز کردو جەماعهت دەستیان بەنان خواردن کرد و ھەر چی نان و پەنیر و قەندو چای مام بەرایم پێی دابووین ھەموومان خوارد و بەشی نەکرد و ھیچ نەمابوو. من چووم بۆلای مام برایم ھێندێکی دیکە نان بێنم. سڵاوم کردو کوتم ھاتووم ھێندێک نان بۆ ھاوڕێیان بەرم .
مام برایم چاوێکی لێکردم، جامانەی سەری ڕاست کردەوە و دەستێکی بۆ پشت ئەستۆی بردو ھێندێکی خوراندو کوتی: کاکە ئێوە ھاتوون ببنە پێشمەرگە یان بە تەمان ماڵێ کۆمەڵەی خرا کەن؟ منیش زۆرم شەرم کرد و ھاتمەوە کوتم کاکە نان نیە، دەبێ فێر بین، پێشمەرگایهتی وایە، بێ ئیمکاناتی تێدایە، ئیتر کەس ئیعتراز یان قسەیەکی نەکرد.
بەرنامەی ڕۆژانەیان دیاری کردو قەرار بوو چەند پیشمەرگەی یهکیهتی نیشتمانی ئێمە ئاموزشی نیزامی بدهن. لە کوردستانی باشور ھێلیکۆپتهر (ئەوان پێیان دەکوت کۆپتهر) لە شەڕی پێشمەرگەدا زۆر کاریگهر بوو و پیشمەرگە یهکیهتی زۆری لێ دەترسان. بەڵام لە کوردستانی ڕۆژھەڵات ، کوپتهر لای ئێمە زۆری کاریگهری نەبوو بۆیە ئێمەش زۆر نیگهرانی نەبووین.
بەرنامەی ئامووزشی ئەوڕۆژە زۆرتری لە سەر کۆپتهر بوو کە دەبی چ بکەین، نابێ چاو لە کوپتهر بکەین چونکە چاومان بەریقە دەدا ، نابێ ناخونت دیار بێ، دەمو چاوتان بە ھیچ شێوهیهک نابێ ڕوو له حەوا بێ و لە کاتێکدا که کوپتهر دێ چەکهکانتان دەبێ بخهنە ژێر خۆتان و تەکان نەخۆن. بو بەدبەختی لە بەری نەڵێن ڕا دەنگی کۆپتهرێک دەھات کە وادیاربوو دەچوو بۆ سەردهشت. ھەر گوێیان لە دەنگی کوپتهرەکە بوو کوتیان ڕاکەن ھات، ئێمەش بڵاو بووین و ھەر کەس بۆلایهک ھەڵاتین و خۆمان شاردەوە.دوکتۆر شاکری مهسئوولی پزشکی گۆڕەمەر بوو، زوریش جیددی بوو، ھەر پێنهدەکەنی ئوبووھەتێکی زۆری ھەبوو.لە کاتی خۆ شاردنەوە دا لە گەڵ ھاوڕێ سهید حوسێن مووسهوی لە نیزیک یەک دەبن. سهید حوسێن گەنجێکی خوێن شیرین و جوان چاک بوو. مووی سەری ھێندێک ھەڵکشابوو و نێو چاوانێکی ڕوون و پانو جوانی ھەبوو، دەتکوت مانگی چاردەیە.
دەنگی کوپتهرهکه نیزیکتر دەبۆوە. دوکتۆر شاکری بە سهید حوسێن دەڵێ دایپۆشە! چەند جاری پێدەڵێ بەڵام سهید حوسێن له مەنزووری دوکتۆر شاکری تێناگا. دوکتۆر شاکریش لقەدارێک بە گەڵاوە دێنێ و لە سەر سەری سهید حوسێن دایدەنێ و دەڵێ دەڵێم دایپۆشە! وەختیک ھێلیکۆپتێرهکه ڕۆیی و ھەموو شتێک ئارام بۆوە سهید حوسێن ڕەنگی گۆڕابوو و ڕقی ھەستابوو ھەر بوڵە بۆڵی دەھات. لێمان پرسی چ بووە؟ ھیچی نەدەکوت دوایی کوتی پێم وایە ئەو کابرایە شێتە بە من دەڵێ نێو چاوانت داپۆشە با ھێلیکۆپتێر نەیبینێ. ئێمەش زۆر پێکەنین و ھەتا ئەوڕۆشی لە گەڵ بێ جارو بار وەختێک یهکتر دەبینین باسی ئەو بیرەوریه دەکەین و پێدەکەنین.
بە ڕۆژ زۆر ماندوو دەبووین، شەوانەش لە بەر بێ ئێمکاناتی خەومان زۆر باش نەبوو تێر خەو نەدەبووین .شەوێکیان من و سهید حوسێن نیگهھبان بووین. نیگهھبان دەبا ڕووبەڕووی یهکتر ھاتبان بۆ ئهەوی پشت سەری یهکتر ببینن. من ئێحساسم کرد سهید حوسێن خەوی دێ. چووم بۆلای و پێمکوت کاکە جەنابت خەوت دی، تووڕە بووم کە بۆ ئێحساسی مەسئولییهت ناکەی؟ ئەویش کوتی ببوورە ھەوڵدەدم خەوم نهیه..
نێو سەعاتی پی نەچووبوو وادیار بوو منیش خەوم ھاتبوو بە لادا ھاتبووم و لابەلا ڕۆیشتبووم ، سهید حوسێن کوتی فڵانکهس پێم وایە ئەتۆش خەوت دێ. پرسیم بۆ؟ کوتی لارەو لار دەڕۆی. منیش نهمھێنا سەرخۆم کوتم نا مارپێچ دەڕۆم ئەگهر تەقهیان کرد بەرم نەکەوێ. نازانم سهید حوسێن ئەو شەوە قانع بوو یان نا بەڵام ھیچی نەکوت. دواتر من و سهید حوسێن وەک نوکتەی خۆش لە کۆرو کۆمەڵی ھاورێیانی پیشمەرگە دا دەمانگێڕاوە.
ئامووزشی ئێمە بە پێی بەرنامە دەچوه پێش و سازماندهھی دەستە و پەلمان تاقی دەکردەوە و ھەر وەھا شێوەی شەڕی پارتیزانی و خۆ ئامادە کردن بۆ شەرایەتی سەختتر ساز دەکرد. ئێمە ماوەی دوو ھەفتە لە گۆڕە مەر ماینەوە. ڕۆژانێکی زۆر سەخت بوون ، ھەموومان لە باری جسمیەوە زۆر زەعیف ببووین بەلام ھاودڵی و یهکتر ناسین و ئومێد بە دوا رۆژی خەبات ئینرژی زۆری پێدەداین و ڕۆژ لە ڕۆژ کارامهتر دەبووین. لەو ماوەیهدا ھاوڕێیانی دیکەی کۆمەڵە وەک حوسێن مرادبیگی (حەمەسور)ئیبراھیم علیزادە ھاتوچۆی گۆرەمەریان دەکرد. ھەروەھا سازمانی چریکه فیداییهکان بو قسە و باس دەھاتنە ئەو بنکەیە.
ڕۆژێکیان کە جاریکتر که نۆبه ئاشپهزی ناوچهی شنۆ و نەغەدە بوو، کوتیان نێوەڕۆ میوانمان ھەیە دەبێ خواردن سازکەن.
ئێمەش لە مام برایممان پرسی چ لێبنێین؟ مام برایمیش کوتی برینج و تەماتە. گوونیهک برینج و سندوقێک تەماتهی داینێ.
پرسیارمان کرد لە ھاورێیانی لای ئێمە کێ دهزانێ برینج لێنێ، کەس نەبوو بزانێ! ئەی تەکبیر چیە؟
لە خۆرا من کوتم من برینج لێدەنێم ! لە ماڵێ خۆمان دیتبووم کە برینج دەکوڵێنن بهڵام بهشی دهم پێکێشانهکهییم نهدزانی. ھەر خواردبووم قەت لێمنهنابوو.
بەڵی سەرتان نهھێنمە ئێش، مەنجەڵێکی گەوری فافۆنی لێ بوو، زۆر گەورە بوو، ھێنام تهلیسه برینجەکەم ھەموو تێکردو ئاومان تێکردو ئاورمان وەبەردا .
کوتمان دەچین ھێندێک داردێنین ھەتا دێینەوە برینج سازە.!!!
ھێندێک زۆرمان پێچوو وەختێک ھاتینەوە لە دوور ڕا دیار بوو برینج ھاتبوە سهر و ههڵچووبوو. یادی بە خێر لە گەڵ سهید ئەبووبهکر ھەڵاتین دیتمان بۆنی سووتاویش دێ. شانسی ئێمە مام برایم لەوێ نەبوو.بە دزی مەنجەڵێکی دیکهمان ھێناو بە کەوگیر برینجمان لە مهنجەڵهکهی دیکە کردو نیوهی سووتابوو بۆنیشی دەھات.
ھێندێک بیرمان کردەوە کە چ بکەین؟
دواتر ھاتین سندووقە تەماتەکەمان لە ناو برینجەکە کردو کردمان بە ئێستانبولی، بەڵام ھێندێک بۆنی دەھات.
ئێستانبولیهکە بە دەلیلی ئەوی برینجەکە زۆر کوڵیبوو وەک قوڕی دیواری لێھاتبوو !!
بەڵێ نیوەڕۆ میوان ھاتن. مەرکەزیهتی چریکھای فەدایی لە گەڵ سهید ئێراھیم علیزادە و حەمەسوور و دوکۆور جهعفهر وکاک عومەری ئێلخانی کوبونەویان ھەبوو. ھاتن و ئێمەش خواردنمان تەقسیم دەکرد.
ھەر کەوگیرێک ھەڵت دەگرت وەک تۆپی قوڕ ھەڵگری وابوو. لە سەر دەوریهکی فافۆن یا ڕووح داماندەنا و لە پێش جەماعهت دادەندرا.چاورێ بووین بڵێن ئەوە چیە لێتان ناوە، کوا ئەوە خواردنە؟
ھەر ئەوندهم زانی یەکێک لە چریکەکان دەیکوت لە مێژە خواردنی واخۆشم نە خواردوە!!!
دەتوانم بڵێم ھەر لەو دەمەوە من و ھاوڕێیانی ئاشپەز باوەڕمان بە سەداقهتی چریکەکان شک و پرسیاری تێکەوت.
برینجە سووتاوەکەمان لە ترسی مام بڕایم لە ٢ تە نەکەی ٥ کیلوی رون کردبوو لە نێو لێڕەوار شاردبوومانەوە. دوای چەند ڕۆژێک پێی زانیبوو لەمنی دەپرسی دەیکوت نازانی چ خائێنێک ئەو برینجەی سووتاندوە؟ منیش دەمکوت ئاگادار نیم.
یادی بەخێر سهید ئەبوبهکر بە شۆخی دەیکوت ئەگهر چووینەوە دعوەتێکم دەکەی باشە دەنا بە مام برایم دەڵێم کێ برینجەکەی سووتاندوە.
دوای دوو ھەفتە ڕۆژی لەیهک جودابوونەوەمان بوو. ھەرکەس دەگەڕاوە بۆ ناوچەی خوی، نەمان دەزانی کە ئەو ماوه کورتە چەندە شت لەیەک فێر بووین و چەندە لەیەک جودابوونەوهمان سەختە.
ئەو سەردمە کۆمەڵە بیروباوهڕێکی ھەبوو کە ھەر کەس بۆ ماوهیهکی کورتیش لەنێو ڕیزەکانی دابا ئاڵووگۆڕێکی گەورەی بە سەر دا دەھات و خۆشەویستی بۆ گەل و نیشتمان و چینی چەوساوە و ھاورێیەتی لە خوێنی دا دەماوە و لە گەڵی دەژیا.
ئەو ھاوڕێیانهی لەم دەورە کورتەدا ئامووزشیان دیت و یهکترمان ناسی دواتر بەشی زۆریان کۆڵەکەی تەشکیلاتی کۆمەڵە لە ناوچەکانی کوردستان بوون..
یادی ئەو ڕۆژانەی گۆڕەمەر کە ئامووزش و رێکخستنی یهکهمین دەستەکانی پێشمەرگەی کومەلە بوو بە خێر بێ. ھەروەھا
یادی ئەو ئازیزانە کە ئێستا لە نێومان دا نەماون بەرزو بەڕێز بێ!.
روژی پیشمەرگەی کومەڵە پیرۆزبێ!.
سولتان خوسرەوی
٢٠١٨/٦/١٦
08:07 - 8/2/2021 نوێ کراوەتەوە
بابەتی زۆرتر
- بەڕێوە چوونی ڕێو ڕەسمی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە نۆروێژ
- دەست ولاقی پێشمەرگەیان لە خەنەی سوور گرت! بەشی دووهەم و کۆتایی
- تو گۆڕی کاک شوان بە فیشەکێ بمکوژەو بڕۆ! ( بەشی دووهەم و کۆتایی)
- تو گۆڕی کاک شوان بە فیشەکێ بمکوژەو بڕۆ! ( بەشی یەکەم)
- شەڕێکی گەورەی دەستەیەک لە هاوڕێیانی گوردانی کاوە لە سەر جادەی دیواندەرە بۆ سنە