چالاکیەکان

ڕاپۆرتی دوو چالاکی بە بۆنەی ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە ئۆسلۆ

01:27 - 16/9/2023

ڕاپۆرتی دوو چالاکی  بە بۆنەی ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە ئۆسلۆ

سەرەتا ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٥ی٩ی٢٠٢٣ی زاینی لە سەر بانگهێشتی چەند حیزب و ڕێکخراو لەبەر دەرکی سەفارەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ئۆسلۆ لە وڵاتی نۆروێژ پیشانگایەکی وێنە ڕێکخرا.

لەو پیشانگایەدا کۆمەڵێک وێنە لە گیانبەختکردوانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، وێنەی بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی، هەر وەها کۆمەڵێک وێنە تایبەت بە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە شوێنی پیشانگاکە نمایش کران، بەنەر وپلاکارد گەلێک کە دروشمی شۆڕشگێڕانە و خواستەکانی خەڵکی ئازادیخوازی لەسەر نووسرابوون بە زمانەکانی، کوردی، فارسی، بەلووچی، نۆروێژی و ئینگلیسی لە شوێنی پیشانگاکە هەڵواسرابوون و لە گەڵ پیشاندانی وێنە و دروشمەکان ناوە ناوە سروودی شۆڕشگێڕانە بە زمانە جۆراو جۆرەکان بڵاو ئەکرایەوە.
شایانی باسە هاوکات ڕاپۆرتێک لە پێشێل کارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران لە یەکساڵی ڕابردوو کە لە لایەن ڕێکخراوی نێو نەتەوەیی مافی مرۆڤی هانا بە زمانی ئینگلیسی بڵاو کرابوەوە، لە لایەن هاوکارانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا کە بەشداری پیشانگاکە بوون لە ناو جەماوەری نۆروێژی کە ڕێیان ئەکەوتنە ئەو ناوچەیە بڵاو ئەکرایەوە. خەڵکانێکی بەرچاو سەردانی پیشانگاکەیان کرد و پیشانگا لە کاتژمێر ١٣ تا کاتژمێر ١٥ درێژەی خایاند..
چالاکی دووهەم کاتژمێر ١٥ لە سەر داوای هەمان لایەنانە  بۆ بەر دەرکی سەفارەتی کۆماری ئیسلامی بانگهێشت درابوو، کۆمەڵێک بەرچاو لە چالاکانی سیاسی و خەڵکانی ئازادیخواز  بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی، هەر وەها بۆ ڕێز گرتن لە یادی گیانبەختکردوانی ئەو شۆڕشە و مەحکووم کردنی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئێران، بە تایبەت لە کوردستان و بەلووچستان کاتژمێر ١٥ لەبەر دەرکی سەفارەتی کۆماری ئیسلامی کۆبوونەوە.
سەرەتا بەڕێزان زیوەر بەلووچ و هانا موعاونی دوو بەڕێوە بەری ئاکسیۆنەکە بە نوێنەرایەتی لایەنەکانی ڕێکخەری ئەو گردبوونەوە، بەزمانەکانی کوردی و فارسی و نۆروێژی و بەلووچی بەخێرهاتنی ئامادەبوانیان کرد، پاش ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە یادی هەموو گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی، ئاکسیۆن بە سروودی برای  دەستی پێکرد.
خاتوو زیوە، بە زمانی نۆروێژی و هانا موعاونی بە زمانی فارسی وکاک عەبدوڵا قادری بە زمانی کوردی بڕیار نامەی خۆ پیشاندانیان خوێندەوە. گرووپی هونەری بەلووچەکان کۆپلەیەک سەمای بەلووچی کە بە سەمای خودا نوور بە ناو بانگە پێشکەش کرد، دروشم دان لە لایەن بەڕێزان غەفوور بەلووچ و ڕامیار ئیزەدی و بڵاو کردنەوەی سرودێ شۆڕشگێڕانە بەشێکی دیکە لە ئاکسیۆنەکە بوون.
ئاکسیۆنی پشتیوانی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تا کاتژمێر ١٧ درێژەی خایاند.
ئەو لایەنانەی هەر دووچالاکییەکەیان پێکهێنا بوو بریتی بوون لە:
١. ڕێکخراوی دیموکراتیکی یارسان
٢. یەکێتی دیموکراتیکی کوردستان
٣. ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێران
٤. کومیتەی ئێرانی نۆروێژی
٥. حیزبی چەپی ئێران
٦، حێزبی خەڵکی بەلووچستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کومیتەی نۆروێژ