بیرەوەری

رزگار بوون لە کەمینی دوژمن لە قەڵارێحانە

09:52 - 25/4/2021

رزگار بوون لە کەمینی دوژمن لە قەڵارێحانە

وەرگێرانی بە کوردی : سکاڵا راد

پێشەکی  
بە پێی پرەنسیپ و پێویستی دەبوایە بۆ ئەم نووسینەم نێوێک و یاخود تایتڵێکم بۆ ناساندنی هەڵبژاردبایە 
 بەڵام لە کۆتایی دا لە نێوان چەندانە ئالتێرناتیڤێک کە لە مێشکم دابوون بۆ هەڵبژاردن بەو مەبەستە، بەداخەوە سەرکەوتو نەبووم لە هەڵبژاردەیەکی گونجاو دا. ئێستا ئەگەر بەم شێوەیە دەست پێدەکەم، داوا لە خوێنەران دەکەم کو ئەو تێبینییەیان لە بەرچاو بێت، من دەمێکە هەلی نووسینەوەم بۆ نەڕەخساوە و ئەم دوور بوونەوەیە کاریگەری بووە لەسەر کوالیتی داڕشتنی دەقی بەردەستتان. 
 
بێ ئەوەی کە هۆکارەکەی گرینگ بێت، دەست ئەکەم بە نووسینەوەی پڕسەروەری ترین ساڵەکانی ژیانم لە گەڵ باشترین و باوەفاترین مرۆڤەکان، فێربوونی ڕەسمی شۆڕش بە دژی یەکێک لە هارترین و بێڕەحمترین دەسەڵاتە ئایینییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و پوختە بوون لە ڕیزی ڕێکخراوەیەک دا کە ئیمانم بە ئارمانجەکانی هەبوو و بە بێ هیچ چاوەڕوانییەک، ساڵانێکم لە ڕیزەکانی پڕ لە شانازی پێشمەرگەی کۆمەڵە تێپەڕ کرد کە چرکەیەکی ئەو سەردەم بە بەنرخترینەکانی جیهان ناگۆڕمەوە. 
 
ئێستاکەش پاش دەرباز بوونی ئەو گشتە ساڵە ژیان لە ئۆروپا، سەرەڕای ئەوەی کە هەمیشە کارم کردووە ئێستا چ ئیشی مامۆستایەتی یا خود هاوکاری ڕۆژنامەی شار، دیسانیش هەر نەمتوانیوە دۆستایەتی و هاوڕێیەتییەکی لە چەشنی ڕەفاقەتی پێشمەرگانەی ڕابردووم بدۆزمەوە. ئێستاکەش زۆر کەمن ئەو دۆستانەی کە کۆمەڵەیی نین و من بەلایانەوە هەست بە ئاسوودەیی و پارێزراوی بکەم، دەردی دڵیان بۆ وەگێڕم و نهێنییەکان بدرکێنم و لە ناخی دڵەوە پێبکەنم و... 
ئێستاکەش کاتێک لە وێنەی هاوڕێیانی گیانبەختکردوو دەڕوانم کوڵی گریان دەمگرێ. ئەگەر بۆ هەرکامێک لەو هاوڕێیانەی کە ئەمڕۆ بگرە ئازیزتریشن لە دوێنێ، ڕووداوێک ڕوو بدات، دڵم ئەلەرزێت. بە هەر هەنگاوێکیان بەرەو پێشکەوتن کەیفخۆش دەبم. هیوادەخوازم ئەو مرۆڤانە و وێنەی ئەوان تەمەن درێژ و تەندروست بن. 
لە لایەن ئازیزانێکەوە کە لە ئاست من هیچکات سۆز و میهرەبانیان درێخ نەکردووە، داوام لێ کرا تا بیرەوەرییەکانی ئەو سەردەمی خەبات داڕێژمەوە سەر کاخەز و بیاننووسمەوە. وا بوو کە بە جەمشیدی ئازیزم بەڵێن دا ئەگەر زەینم یارمەتی بدات ، یەکێک لە بیرەوەرییەکان دەنووسمەوە و لە داهاتووش دا بە پێی کات هەوڵی زیاتر ئەدەم. 

-گوردانی کاوە ڕۆژبەڕۆژ لە بەرانبەر هێزەکانی دوژمن بەهێزتر دەردەکەوت و بە ئاسانی لە ناوچەکە دا هات و چۆمان دەکرد و بە پشت بەستن و بڕوایەک کە بە خەڵکی بوومان، چالاکییەکانمان پێشدەخست. 
لە گوندی بەردەڕەشە تازە پێشمەرگەیەکی مێرمناڵ داوای لێکردم تا سەردانی بنەماڵەکەی لە گوندی قەڵاڕێحانە بکات. ئەو گوندە زۆر لێمان دوور نەبوو و هەر قەولیش بوو هەتا دوو ڕۆژی تر بەرەو قەڵاڕێحانە بەڕێ کەوین، هەر بۆیە قەبووڵم کرد کە ئەو بەر لە ئێمە بچێت. سبەینەکەی ئێمەش بەرەو ئاوایی گڵەسوور بەڕێ کەوتین. نیوەڕۆ کەسێک کە تازە لە دیواندەرەوە گەڕابۆوە هەواڵی بۆ هێناین کە گۆیا پێشمەرگەێکی کۆمەڵە لە ئاوایی قەڵاڕێحان بە دست جاش و پاستاڕان گیراوە. یەکجار زۆر بەپەرۆش بووم بۆی و هەر لەوێ دوو هاوڕێم ڕاسپارد هەتا سێ ئەسب ئامادە بکەن و خۆشیان لەگەڵم وەرن. ئەم ئامادەکارییە زۆری نەخایاند و ئێمەش تەنیا چەند هاوڕێی تری پێشمەرگەمان لێ ئاگادار کردەوە کە بەرەو قەڵاڕێحانە دەڕۆین و ئیتر بەڕێ کەوتین. کاتێک گەیشتینە ئاوایی دەواخ. بەهۆی ئەوەی ناسراو بووین و متمانەیان پێمان هەبوو، چەندکەسێک بەرەوڕوومان هاتن و پرسیاریان لێ کردین کە بەرەو کوێ دەچین؟ 
من بەسەرهاتەکەم بۆیان باس کرد. یەکێکیان وتی: "ڕاستتان بوێت ئەو پێشمەرگە خۆی ڕادەست کردۆتەوە و پێویستە ئاگاداری ئەوەش بن کە لە ڕێگا دا چاومان بە جاش و پاستاڕەکان کەوت؛ بەرەو قەڵاڕێحانە بەڕێوە بوون. تکایە هەوڵ نەدەن بچن بۆ ئاوایی." 
یەکێکیان دەستی برد بۆ هەوساری ئەسبەکەم و داوای لێکردین نەچین بۆ ئەوێ. بەڵام پێویست بوو خۆمان بچین و لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخەکە بین. ئاوا بوو کە لێیان دابڕاین و ئەوانمان جێ هێشت.  
ڕێگای نێوان دەواخ و قەڵاڕێحانە بەمشێوە کە دەبوایە لە دووئاخەوە دەبوایە لە جادەیەکەوە تێپەڕین بەسەر تەپۆڵکە و بە نێوان کوێستانەکانی ئەو ناوە دا دەڕۆیشت، تێپەڕین. بەڵام پاشان دەگەیشتینە دەشتی قەڵاڕێحانە کە زۆر بەرین بوو و هێندەک جێ بەرزی نزمی تێدا بوو. 
کاتێک گەیشتینە دەشتایی داوام لە دوو هاوڕێکەی ترمان کرد تاکو ئەوان بە ئارامی وەرن و خۆم مەودایەکی ۲۰۰۰میتری بوو لەو ناوە، بە غار چووم. گەیشتبوومە پێنسەت متری و بەڕواڵەت هیچ خەبەر نەبوو. ئەسبێکی ئازا و خێرام پێ بوو. گەیشتبوومە سەت میتری یەکەم ماڵی ئاوایی کە ٥-٦ نەفەر لە پشت دیواری ماڵ و زاغەکانەوە دەستیان کرد بە تەقە کردن بەرەوڕووم. تا دە فریا کەوتم هەوسار بکێشم و بیوەستێنم ئێتر زۆر درەنگ ببوو. دەستێکم فیشەکی بەرکەوتبوو و پێش ئەوەی خۆم باوێژمە خوار لە ئەسب و قاچم بگاتە عەرزەکە، فیشەکێکیش لە ناوقەدم کەوت. 
 
... و من کەوتمە سەر عەرز و ئەسبەکەش بە ئازایی بەرەو کوێستان لە بەر چاوم بزر بوو. بە دەستێک توانیم بەرەو کەمینی دوژمن ڕەگبار بکەم و ئەوە بۆ مەودایەکی زۆر کورت بێدەنگی کردن و من هەوڵم ئەدا خۆم بەو ڕێگە دا کە هاتبووم بکێشمەوە دواوە بەڵام ئەوان دووبارە دەستیان ئەکردەوە بە تەقە کردن. زانیم کە جامانەکەم لەسەرم داکەوت بەڵام دەرفەتی ئەوە نەبوو بۆی بگەڕێمەوە و هەڵیگرمەوە. خوێنێکی زۆرم لەبەر دەڕۆیشت و ئاستەم ئەمتوانی هەنگاو بنێمەوە. بەم حاڵە چەند جارێکی تریش هەوڵم دا دەست بکەمەوە گەرچی ئەمزانی کە ناتوانم نشانەبگرم بەڵام هەموو جارێک کە من تەقەم ئەکرد ئەوانیش چەند چرکەیەک دەوەستان. 
لە مێشکی خۆم دا دەمویست چەند میترێکی تریش لە ڕێگاکە دوور کەومەوە. بەڵام هێشتا لە جادەکە دوور نەببوومەوە کە هەستم کرد ئیتر سەرم گێژ ئەخوات ناتوانم بەردەوام بم. نەمزانی چەندە لێیان دوور کەوتبووم بەڵام ئیتر بارانی فیشەکەکانی دووژم لە دەوروپشت لە عەرزەکە نەدەکەوتن. هێزی ڕۆیشتنم تێدا نەمابوو و ئیتر سۆمای چاوانم لە لێڵی ئەدا. 
بیرگەلێکی یێکجار نامۆ، بەژان و بگرە ڕووخێنەر ڕوویان تێکردبووم. نەمئەتوانی لە جێگاکەم بجووڵێم و بەرچاوم خەریک بوو تاریک ئەبوو. بەو فکرە کە ڕەنگە دوژمن بە شوێنم دا هاتبێت، وەک کابووسێکی ترسناک و بیر لە ئەسیری دەستی دوژمن بوون و لەوپەڕی بێ دەسەڵاتی و ناتوانی دا گیران و بە عیبرەت کران بۆ خەڵکی و سوڕاندنەوە لە ناو شار، بێهۆش بووم. نازانم چەندەی خایاند بەڵام لەبیرمە تەنیا گوێم لە دەنگی ئارەبەێەک بوو و ئیتر دڵنیا ببووم کە کەوتوومە دەستی دوژمن. 
ئەو دوو پێشمەرگەی کە لەگەڵم بوون کاتێک لە دوورەوە چاویان لە تێکهەڵچوونەکە بوو، ئیتر هیوای زیندوومانمیان لە دەست دابوو و ئیتر بێ وەستان بە ئەسبەکانەوە بەرەو دەواخ پاشەکشەیان کردبوو. لەوێ خەڵکی خەمخۆر هەواڵی منیان لێ ئەپرسن و وڵامیان ئەدەنەوە کە من کوژراوم. خەڵکی تەنیا بەو وڵامە قایل نابن و یەکێکیان بە تراکتۆرەکەیەوە ترێلەکەی ئەبەستێت و بەڕەو شوێنی تێکهەڵچوونەکە بەڕێ دەکەوێت بەڵکو تەرمی من بگەڕێنێتەوە. هاوکات دوو هاوڕێی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە گڵەسوور تا هەواڵی کوژرانی من بە گوردان بگێنن. گوردانیش لەگەڵ بیستنی ئەم هەواڵە، بەرەو دەواخ بەرێ دەکەون. 
ئەمزانی کەسێک تەکانی ئەدام و هەندێک وشەی دەگوت کە من لێی تێنەدەگەیشتم. بەڵام لە حاڵێکی بێحاڵ و ناتوان دا بووم و کۆمەڵێک هەستی تێکەڵا کە هیچکامێکیان ئەوەندە ڕوون نەبوون تا بتوانم متمانەیان پێ بکەم. هەستم ئەکرد خەریکە وریاییم ئەگەڕێتەوە. ئاگام لێبوو لەوە نەدەچوو خەڵکێکی زۆرم بە دەورەوە بێت. کەسێک هەوڵی ئەدا لە جێگا بەرزم کاتەوە. نازانم چۆن توانیبووی سواری تراکتۆرەکەیم بکات. بە دەستێکی شۆفیری دەکرد و بە دەستێکی جەستەی بێهێزی منی بەهێز ڕاگرتبوو. ئەوکەسەی کە من ژیانم قەرزاری ئەوم، دانیشتوویەکی ئاسایی خەڵکی ئاوایی، لاوێکی خۆنەویست و لەخۆبردوو بوو کە چاوی لە هەموو مەترسیەک چاو دەپۆشێت و هەوڵ ئەدات لانی کەم نەهێڵێت تەرمەکەم بەردەستی دوژمن کەوێت. ئەو کەسە پێش ئەوەی بەڕێگا کەوێت، کۆمەڵێک زانیاری لە دوو هاوڕێی پێشمەرگە وەرگرتبوو و زانیبووی نێوان من و دوژمن دەتوانێ چ مەودایەک بێت و بە وتنی ئەوەی کە گیانی من لە هی پێشمەرگەیەک ئازیزتر نییە، بە تەنیایی بەرەو من دێت. سەرەتا وایزانیوە مردووم. دواترەکان کە خۆی بەسەرهاتەکەی گێڕاوە بۆمان وتی بە گریانەوە تەرمەکەمی ڕائەژاند. کاتێک ئەبینێت هەروا هەناسە ئەکێشم، بە زەحمەت هەوڵ ئەدات سواری تراکتۆرەکەیم کات و دەمگەڕێنێتەوە بۆ دەواخ. لە ئاوایی هەموو خەڵکەکە دەیانناسیم و کاتی گەڕاندنەوەم، هەموان چاوەڕێ بوون. کە زانیشیان هەروا زیندووم، هەموو هەوڵی خۆیانیان دا تا بە زووترین کات بمگێننەوە گوردان کاوە و چارەسەرم بۆ بکرێت. لە دواییدا زانیم هاوڕێمان دوکتور نادر کە لەگەڵ گوردان بوو، برینەکانمی خاوێن و پانسمان کردبوو و من ئیتر لە نێوان کۆمەڵی هاوڕێیانم دا هەستم بە حەسانەوە و ئەمنییەت کردبوو و توانیبووم قسە بکەم. 
من هەرگیز ئیزنم بە خۆم نەدا کەس قەزاوەت بکەم کە بۆچی جێیان هێشتم و هەرگیز پێم وانییە هاوڕێیانم بیانتوانیبایە لەو کاتەدا کارێکی زۆرم بۆ بکەن. من زۆر لێیان دوور کەوتبووم و لە دەشتێک بووم کە نزیک بوونەوەی ئەوان مەترسی بۆ هەمووان زیادتر دەکرد. تەنیا شتێک لەدەستم دا، جامانەکەم بوو کە فیشەکی بەرکەوت. دواترەکان یەکێک لەو جاشانە جامانەکەمی کەوتبووە دەست و هەرجێیەکی دەچوو دەیگوت ئەوە جامانەکەی مزەفەرە. بەداخەوە جارێکیان کە دەمانویست ئەم خۆفرۆشە بە سزای ئاکاری بگێنین، لە کاتی عەمەلیات دا گرفێک هاتە پێش و منیش نەمتوانی جامانەکەم بستێنمەوە. ڕۆژی ڕووداوەکە من جلەکانم لە ۷-٨ جێگاوە فیشەکی بەرکەوتبوو. ئەوکاتە کە باشتر تێگەیشتم لەوەی دوژمن هەرگیز نەیتوانیوە بە ئاسانی گیانی پێشمەرگەێک بگرێت. 
مزەفەر کەریمی 
 

11:18 - 25/4/2021 نوێ کراوەتەوە