بیرەوەری

کاسێتەکەی کاک ناسر و بیرەوەری شەڕی دەرمان

01:21 - 23/5/2021

کاسێتەکەی کاک ناسر و بیرەوەری شەڕی دەرمان

پێشەکی


ماوەیەک لەوە پێش لە کوردوستان را فایلێکی سەوتیم بە دەست گەیشت کە خستوموتە سەر سەفحەی فەیسبوکی خۆم. یەکێک لە ئەندامانی نێزیکی بنەماڵە، لە نەسلی تازە، توشی کەسێکی خەڵکی حاجیالیکەند دەبی. کابرا دیسکیتێکی دەداتی و پێی دەڵی لە وەدا شەری دەرمان خەزن کراوە. کورە گەنجەکەمان پەیوەندی پیوە گرتم و کوتی شتێکی وا هەیە، پیم کوت بیکە بە فایل و بۆم بنێرە. دوای چەند رۆژ بە تیلگرامدا بۆی ناردم.
بەر لە هەموشت سپاس و تەقدیرێکی فراوان بو ئەو پیاوە دڵسوز و ئەمەگناسەی خەڵکی حاجیالیکەند کە ئەو یادگارە میژویی و بە نرخەی، لانی کەم بو من، لای خۆی راگرتوە و نەیهیشتوە بفەوتی! لە راستیدا ئەو فایلە سەوتیە نەوارێکی کاک ناسر رەزازی بو کە ئەودەم ، واتە ٣٦ سال لەمەوبەر، لە مقەری دەرمان بە زەبتیسەوتێکی چکۆلە زورمان گۆی دەدایە. ئەو روژەی کە هێزی جمهوری ئیسلامی هاتنە سەرمان، عەبودوقلو زەەبتەکەی لە باغەلی نابو و ماوەی نیو سەعات لە سەر ئەو نەوارە، شەر و تێکهەڵچونی نیودیی زەبت کردوە. شەر لە نیو دێدا ماوەی یەک و نیو تا دو سەعاتی دریژە کێشا. لە ئاخری فایلە سەوتیەکەدا دەنگی پاسداریک دێ ودەڵی: برو کنار یابو! لێرەدا دو لایەنی دەرگیری گەیشتبونە چەند میتری یەکتری و ئیتر وادیارە عەبو مەجالی ئەوەی نامێنی زیاتر لەوە زەبتی شەرکە بکا. چونکە یەک لەحزە غەفلەت بە قیمەتی گیانی تەواو دەبو.
عەبودوقلو سەواد و خویندەواری نەبو، بەلام کوریکی زیرەک و بە ئیبتیکار بو. دەستی لە شت وەردەدا و عەلاقەی بە داهێنان و سەنعەتکاری بو. ئەودەم هیچکەس ئەوەی بە فکر نەدەگەیی کە زەبتی سەوت لە باغەلی نی و دەنگی شەر هەڵگرێ. هەر ئەوە خۆی نیشانەی با ئیبتیکار بونیەتی. لەقەبی دوقلوشی هەر لەوەرا وەرگرتبو، ئەگینا برا یان خوشکی دوقلوی نەبو. ئەودەم کە بوکان ئازاد و بە دەست پێشمەرگەوە بو، عەبو لە دییەک پێشمەرگەی یەکێک لە مقەرەکانی کۆمەڵە دەبی. گوایە جار و بار کە جەماعەت چون بۆ شار، عەبو پیی راسپاردون کە چەسپی دوقلوی بو بینن. هەر بە خاتری ئەوە هاورییانی ”نازناوی“ دوقلوی پی دەبەخشن! بیجگە لەوە پیشمەرگەیەکی ئازا و فیداکار بو و دەیتوانی بەرپرسی نیزانی دەستە بی.
 بەهاری سالی ٦٢ بە خاتری ئەگەری هێرشی دەوڵەت، دەبوایە مقەری حاجیالیکەند چول کەین. ئەوەندەی لەبیرم بی کوتیان عەبو ناردبویە خوازبێنی کچێکی نێودێ، بەڵام نەیاندابویە. ئێمە حاجیالیکەندمان جێ هێشت و عەبو لەگەلمان نەهات. دواتر چوبو بو سەربازی و دوای ٢٣ مانگ خزمەت، لە یەکێک لە ئاخرین شەرکانی نێوان ئێران و عێراق، گیانی لە دەست دەدا!
وەکو شاهید و یەکێک لە بەشداربوانی ماجەراکە، تێدەکۆشم تا ئەو جێگایەی زەین و بیرم بر دەکا، رەوتی روداوەکە وەکو خۆی بنوسم. بریک باسی شەرایەتی ئەو کات و ئەو هێزانەی سەروکارمان لە گەلیان هەبو، دەکەم. بەداخەوە زۆربەی هەرە زۆری ئەو هاورییانە کە لەو شەرەدا بون، لە ژیاندا نەماون. لە مەیدانەکانی شەر یان لە زیندانی جمهوری ئیسلامی دا گیانیان لە دەست داوە. وشەی وەکو شەهید، گیانبەختکردو یان زیندەیاد، بە کار ناهینم، چونکە زەرورەتی نیە و تیکراری دەبنەوە. 
هیوادارم نوسینەوەی ئەو بیرەوەریە جیگای پەسندی هەمو لایەک بی. هەروەها لایک و کومینت و تیبینیەکانتان دەبیتە جیگای خوشحالیم!

بیرەوەری شەری دەرمان:
ئاوایی دەرمان کەوتوتە مابەینی بوکان و مهاباد و پشتی بە تیرەگە شاخێکەوە کە مونتەهی دەبی بە سەنگەسار. جادەی بورهان بە بەر دەم سەنگەساردا تیپەر دەبی. لەوێرا رێگای ماشین دەچیتە نیو ئاوایی دەرمان. بوچی ئەو شوینە نیوی سەنگەسارە، زۆر مەعلوم نیە. بەڵام باس لەوە کراوە کە زەمانێک لەوێ، کچێک و کۆرێکی گەنج بە هوی پەیوەندی عاشقانە بەردەباران کراون و هەر لەوێش بە خاک سپێردراون. خۆی بە نیسبەت سەنگەسار شوینێکی ستراتژیکە. بەرەو لای بوکان دەروانیتە دەشتی مابەینی دەرمان و قەمتەرە و حاجیالیکەند. بو لای مهاباد، بەشیکی زۆر لە دەشتی قەرەبلاغی لێ دیارە و هەروەها دەروانێتە دێهاتەکانی کەپەکەند، بۆزە، بەردەمێش، قەرەبلاغ و وابزانم زگدراویش لە وێرا دەبیندری. بویە لەخۆرا نەبو کە جمهوری ئیسلامی ئەو بەرزایەی هەلبژاردبو بو مۆلگە و پایەگای لێ دانابو. پێشینیان گێراویانەتەوە کە لە زەمانی هەرەج و مەرەجدا دەستەی دز و رێگر لە سەنگەسار پێشیان بە کاروانی خەڵک گرتوە و روتیان کردون. ئاخرین دەستە لەو رێگرانە، هێزی داگیرکەری جمهوری ئیسلامی بو کە بە دەستی پێشمەرگەی کۆمەڵە پاکسازی کران و تازە هەرگیز نەیانوێرا لە وێ نیشتەجێ بن.
دوای نەمان و هەلچنینی مۆلگەکە، دەستەیەک لە پەلی شەهید سولەیمانی رەحیمی چوینە ئاوای دەرمان و لەوێ مقەرمان کردەوە. لە بیدایەت را سوفیە سور بەرپرسمان بو. ریشیکی پان و خورمایی دانابو و کرابو بە ”حاکمی“ مەلبەندی بی جەماوەر. دوای گرتنی پایەگا، خەلک دییەکەیان چول کردبو. ئەوانەی دەستیان دەرویشت چوبونە شاری مهاباد و باقیەکەشیان بە دیهاتەکانی دەەور و بەردا بلاو ببونەوە. دیارە تاک و توک دەهاتنەوە بو نێو دێ و حاجەتی پیویستی روژانە یان گیا و تفاقیان دەبرد بو مەر و مالاتەکانیان. زۆری پی نەچو، پەلێک لە هێزی پیشەوا هاتن و لە وێ بنکەیان کردەوە. بەرپرسەکەیان کاک یوسف گۆشوارە بو. سۆفی من و ئەنوەری حەسەنخالی نارد بو لایان بو تەنزیمی کار و باری نیگابانی و ئەو شتانە. نازانم ئاگاهانە یا لە روی نەزانین، کوتم ئێمە دەستەیەک لە پەلی شەهید سولەیمانین! کاک یوسف چاوێکی مەعناداری لێکردم و هیچی نەکوت. کە هاتینە دەر ئەنوەر کوتی بو نێوی سولەیمانت هینا؟ کوتم بو؟ کوتی یوسف پیی ناخوش بو! ئەنوەر لە حیزبی دیموکرات را هاتبوە کۆمەڵە. ئینسانێکی سادە و روخۆش و لە هەمانحالدا پێشمەرگەیەکی ئازا و بە جەرگ بو. بە داخەوە ئەنوەر لە شەری گلێنان، لە کوتایی سالی ٦٢، کەوتە بەر پریشکی خومپارە و گیانی لە دەست دا.
ئەو کات گرژی و نیوان ناخوشی لە بەینی حیزب و کۆمەڵە شتێکی ئاسایی و رۆژمەررە بو. نەتەنیا هیچ هاوکارییەکی یەکترمان نەدەکرد، بەلکو کاریشمان لە یەکتر تێکدەدا. هەر بویە ئەو ماوە کە لە دەرمان جیرانە مقەر بوین، مناسبات و هاوکاریەکی ئەوتومان پێکەوە نەبو. تەنیا پێشمەرگەیەکی بریک گەراوەیان لە وێ بو کە جار و بار لە گەل سۆفی لە دەری قسەی دەکرد. ئەویش پێموایە خزمایەتی یان ئاشنایی بنەمالەیان هەبو. بەرادەرانی حیزب تەنیا لە بەردەرکی مقەرەکەی خۆیان نیگابانیان دەدا و بەشداری کاری کەمین و دیدەبانیان نەدەکرد. ئیمە حدودی پازدە تا بیست بۆشکە نەفتی خالیمان لە شوینی پایەگا را هینابوە نیو دی. پەیام درابو کە بێن و ئەو بۆشکانە راگوێزن. هیچ مەعلوم نەبو کە ئەو بۆشکە بەتالانەمان بۆ چیە و بە کاری چی دێن؟ دەشت و رێگای نێوان قەمتەرە و دەرمان لە بەفر سپی دەچو. روژێک دوا نیوەرو، سەفێکی پازدە تا بیست کەسی لە لای قەمتەرە را بەرەو دەرمان دەهاتەن. ئەوانە زوربەیان ئەسیرەکانی پایەگای سەنگەسار بون. چەند پێشمەرگەی کۆمەڵە لە کولیجە را وە پیش خویان دا بون تا بێن و بۆشکە بەتالەکان راگوێزن. بەرادەرانی حیزب کە ئەو سەفەیان دیت، خیرا لە سەر بان و دەوری مقەری خویان دامەزران و سەنگەریان گرت. ئیمەش بێ خەیال لە وێ راوەستابوین و مونتەزیری گەیشتنی ئەسیرەکان بوین. هیچ کاممان زەحمەتی ئەوەمان بە خومان نەدا کە بە پێشمەرگەکانی حیزب بلێین نیگەران مەبن و ئەوانە ئەسیرن و هاتون بو راگویزتنی بۆشکەی بەتال!
دیارە رژیم باش دەیزانی کە لە دەرمان بنکەمان کردوتەوە. هەر بۆیە جار و بار و بە تایبەیت لە وەختی شەودا، لە پایەگاکانی شێحەسەن و مەنجەلشکێن را چەند گولە تۆپ و خومپارەی حەواڵە دەکردین و ناچار دەبوین بڵاو بینەوە و لە بن قوژبنی دیواران خۆمان حاشار بدەین. رەحمان موشفیق وەک هەمیشە مونتەقید و موعتەریز، دەیکوت نازانم بۆچی هێناویانین لەو دێیە چول و هۆلەدا دایاناوین؟ ئاخر بێجگە لە زەرەر چ خێرێکی تیدایە؟
ئارایشی هێزەکانمان ئاوابو کە پەلی شەهید خانە لە خورخورەی شاروێران مقەری کردبووە. جەعفەری کوردنیژاد بەرپرسی نیزامی و کاک مەنوچێهری ئەمینی(حوسین سنەیی) بەرپرسی سیاسی بو. حەمەی حاجی معاوینی نیزامی پەل بو. پەلی شەهید سولەیمانی رەحیمی لە حاجیالیکەند بوین. حەمەی سولتانی هەردوک بەرپرسایەتی سیاسی و نیزامی پەلی لە ئەستۆ بو. ئەو کات لە نێو کۆمەڵە دا زۆر نەبون ئەو کەسانەی کە بتوانن هاوکات مەسئولی سیاسی و نیزامی بن. کا حەمە یەکێک لەو دەگمەن کەسانە بو. کومیتەی ناوچەی مهاباد لە ئاوای کولیجە لە گەل مەجموعیەک کادر و پێشمەرگە جیگیر بو. کا موحسینی رەحیمی بەرپرسی کومیتەی ناوچە بو. ”حاجیاغا“ لە قەڵاکەی خۆی دیوێکی لە ئیختیار کومیتە ناوچە نابو. باقی جەماعەتیش لە مەزگەوت و چەقەخانە بون. 
لە هێزی پشتیوانی یەکیەتی نیشتیمانی. پەلێک هاتبونە ناوچەی مهاباد. ئەگەر هەلە نەبم سەر بە کۆمەڵەی رەنجدەران بون. رەفیق کاوە بەرپرسی نیزامیان بو. لە بەینی مقەرەکانی کولیجە و حاجیالیکەند هاتوچویان دەکرد. چەند کەس لەوپێشمەرگانە هەولێری بون. حەرفی ،ڵ، یان بە ،ڕ، تەلەفوز دەکرد. پیاوێکی خەڵکی حاجیالیکەند نێوی مستەفا بو، خەڵک بە کەڵەپیاو بانگیان دەکەرد. لە حەوت عاسمانان ئەستیرەیەکی نەبو و تەنها ژیانی دەبردە سەر. ژورێکی فەقیرانەی هەبو کە جێکای کار و ژیانی بو. برێک دەستی سەنعتکاری هەبو و تەنەکەسازی دەکرد. جار و باریش قەسابی دەکرد. جارێک سەرم کرد بە دیوەکەیدا. پر بو لە دار و تەنەکە و ئاسنەوالە. سەرەرای تەنیایی و فەقیری، کەڵەپیاو زۆر ئینسانێکی روخۆش و روحسوک و دەم بە پێکەنین بو. زو زو دەهات بو مەقەر و ئەگەریش کارمان پیی با و لەدستی هاتبا بۆی رادەپەراندین. ئێوارەیەک هاتبوە مقەقر دانیشتو و لەگەڵ چەند کەس قسەی دەکرد. بە شۆخی و پێکەنینەوە دەیکوت ئەو پێشمەرگە هەولێریانەی یەکیەتی بانگم دەکەن دەلین ،،کەرەپیاو،،! دەستەیەک لەو پێشمەرگانەی یەکیەتی هاتبونە لای ئێمە لە دەرمان. بەرپرسی سیاسیەکەیان کورێکی گەنج بو. دوانیوەرویەک لە بەر پەنجەرەی مزگەوتی دانیشتبون و کوبونەوەیان گرتبو. منیش برێکیان لە لا دانیشتم. لە کوتاییدا باسی مام جەلال هاتە گورێ. لە بەرپرسە سیاسیەکەم پرسی بوچونی ئیوە لە سەر مام چەلال چیە؟ بە پیکەنینەوە کوتی: ئیمە مام جەلال بە ،بورژوازی، دەزانین!
لە دەرمان ئیمکاناتی حەمام کردن و لیباس شوردنمان نەبو. هەر بویە نیو بە نیو ئال و گۆریان پی دەکردین. دەستەیەک دەهاتنە جێمان و ئێمەش دەچوینەوە حاجیالیکەند بو حەسانەوە و خوخاوێنکردنەوە. روژێک دەستەیەک هاتنە جێگای مە. ئێستا بەفر لە عەرزیدا مابو. دەستەکەمان بە سەرپەرستی سۆفی دەچوینەوە بو حاجیالیکەند. دیسان بریک بۆشکە نەفتی بەتال لەوێ مابون ودەبوایە لە گەڵ خۆمان بیانبەین. هەر کەس بەن یان تەنافێکی پەیدا کرد و لە بۆشکەی بەتاڵی کرد و بە دوی خۆیدا رایدەکێشا. من سیمێکم لە بوشکەکەی خۆم خست و رامدەکیشا. زۆری پێنەچو سیمەکە پسا. گریم داوە و برێک رویشتم و دیسان سیم پسا. هەتا گەیشتمە دەشتی بەینی قەمتەرە و دەرمان هیلاک بوم و برێکیش وەدوایە کەتبوم. شەقێکم لە بوشکەکە دا و بەجێم هێشت و خوم گەیاندەوە جەماعەت. سۆفی کوتی بو ئەو بوشکەت نەهینا؟ کوتم سیمەکەی تێمخستبو هەر دەپسا، هیلاک بوم و بوم نەهات. دەستوری پیدام کە دەبی بگەریەوە و بیهێنی! کوتم نایهێنم! کوتی نەیهێنی بە گوری بابت وا....! من دڵم نەهات قسەی سوک بکەم. تازە براکەی لە خوی گەنجتر گیانی لەدەست دابو! تفەنگەکەی لە شان هینا خوار و ویستی پەلامارمدا. منیش خوم ئامادە کرد بو دیفاع لە خۆ کردن. هیوا فارس هاتە بەینمان. مالی ئاودان هیوا! نە ئەهلی کێشە و هەلا بوم و نە بە سۆفیش دەوەستام! لە من قەویتیر و هەیکەڵدارتر بو! ناچار گەرامەوە و بە هەزار زەحمەت بۆشکەم هینا. درەنگانێک بە تەنی گەیشتمەوە مقەری حاجیالیکەند. زۆر دڵپر و نارەحەت چومە نێو مقەر. سۆفی هاتە لام و مەعزەرەتی هیناوە! هیچ سودێکی نەبو! جنێوی پێدابوم و کارەکەشی بە زۆر پێکردبوم. تا ماوەیەک خۆم لی دەبوارد و دوریم لێەدەکرد. ئێوارەیەک حەمەی سولتای لە کولیجە قسەی لە گەل کردین و رەخنەی لی گرتین و کوتی پێشمەرگەی کۆمەڵە نابی ئاوا رەفتار بکا!
زیاتر لە دو مانگ بو کە لە دەرمان، هەمو شەوێ لە سەعات دوازدەی شەو تا حەوتی بەیانی، لە ٣ نوبەدا، وچوار یا پینج کەسی لە شوێنی پایەگا کەمینمان دەردەکرد! پاسدار ئەوێیان شناسایی کردبو. بەرەبەیانیک، حدودی سەعات حەوت بو. لە دیویکدا نوستبوین. رەسولی م. دەرکەی کردوە و کوتی هەستن هەستن! سەرم هەلینا و کوتم چیە بو نایەلی بنوین؟ کوتی پاسدار پشت سەریان گرتوین! کوتم ئەدی کەمینەکان چیان کردوە؟ کوتی هەرهاتونە خوار پاسدار چونە جیگاکەیان! دەرمان مەوقعیەتیکی زور خراپی هەیە بو شەر! بە بناری شاخەوەیە و ئەگەر پشتی بگرن دەکەویە محاسەرە. ئێمە شازدە کەس بوین. هاتینە دەر و خۆمان ئامادە کرد. پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات چەکەکانیان بە شانیان دادا و بە پەلە و بێ ئەوەی قسە یان راوێژێک لە گەل ئێمە بکەن، رویشتن بە جییان هێشتین. لە بەرزایەکانی پشتی دێرا زۆریان تەقە لێ کردن. چاوم لێبو کە یەکیان کەوت. بەلام هەستاوە و رۆیشت. بێ شک بەرادەرانی حزب کارێکی باشیان کرد و ئێمەش دەبویایە تا درەنگ نەبوە نێودێمان چول کردبا. لای ئێمە بریار درا کە نیوەمان بچین بو شوینی پایەگا و دیفاع بکەین! هەشت کەس بە مەسئولیەتی برایم نارنجوک چون بو پایەگا. لە سەر هەلگرتنی ئارپیجی بریکمان لی بو بە کیشە. ئارپیجیەکە لە نێودی مایەو و بو بە باری سەر شانمان! لەو هەشت کەسەی کە لەگەل برایم چون بو پایەگا و لە بیرم ماون، حەمە جوان، کە لە پەیکار را هاتبوە کۆمەڵە، رەسولی م و سەید مستەفا و سەید عەلی قادری بون. سەید عەلی بیسیمچی مان بو. هەشت کەسمان بە مەسئولیەتی عەبو دوقلو لە نێو دێ ماینەوە. برێکمان کشمیش هەبو لە مقەر. هیوافارس کوتی: کشمش بردارید برای گرسنگی خوبە! هەریەکە برێکمان کشمیش لە گیرفانمان کرد. تا نیزیک سەعات دە ونیو زورتر دورە تەقە و تەک و توک تۆپ و خومپارەیان دەخستە نێو دێ و دەوروبەری! لەبەینی سەعات ٨ بو ٩ دو یا سێ کەس لە لای قزلجە را هاتنە نێو دەێی دەرمان. یەکیان بریندار بو! بێچارە بەیانی زو هاتبون بو بردنەوی گیا و تفاق. پاسدار لە بەرزایەکانی موسەلەت بە سەر رێگای قزلجە و دەرمان را تەقەیان لی کردبون. بریندارەکەم دەناسی. نێوی عەلی و خەڵکی قزلجەی سەرێ بو.. فیشەکی وە سینگی کەوتبو و پیموایە لە پشتی هاتبوە دەر. نەیدەتوانی بروا. نازانم ئەو کەس یان دو کەسەی لە گەلی بون چۆنیان هێنابوە نێو دی. من چوم بو لای. لە بەر دەرکی مزگەوت دایاننابو. هەر ئاه و ناڵەی دەهات
. برێکم دڵخۆشی داوە. هەردوک باسکی منی گرت و نێوی منی دێنا ولە بەر دەرد و ئێش پێچی لە خۆی دەدا! سەحنەیەکی یەکجار دلتەزین بو! ئێمەش هیچ یارمەتیەکمان لە دەست نەدەهات. نە پزشکیارمان لە گەل بو و نە دەوا و دەرمانمان پی بو! دوای ماوەیەکی کەم کا عەلی مرد و کولێک مندالی سەغیری لە دوای خۆی بە جێ هێشت! هیچ خەبەرێکمان لە و واحیدەی چوبون بە رەو پایەگا نەبو. نەماندەزانی توانیویانە بگەنە شوێنی پایەگا یان نا!
عەبو دوقلو حەسەنە چکۆلی نارد بو وەی کە خەبەرێک بێنێتەوە. زۆری پێ نەچو حەسەن هاتەوە و کوتی شوینی پایەگا بە دەست پاسدارانەوە. واحیدەکەی برایم پاشەکشەیان کردبو. سەید مستەفا و سەید عەلی دابرابون وخۆیان گەیاندەوە نێو دێ. سەید مستەفا کوتی رەسول ون بوە وپیموایە گیراوە!
بە دەقیقی تاریخی ئەو رۆژەم لەبیر نیە. بەلام شتێک لە بەینی یەکەم تا پازدەهەمی خاکەلێوە، فەروەردینی سالی ٦٢ بو. 
پەڵە هەوری سپی بە عاسمانەوە بو. لە سەر عەرز پەڵە بەفر هەر مابو. لە پێشدا هێلیکۆپتەرێک بە سەر ئاویی ودەوروبەرییدا خولاوە و برێک تەقەی کرد. سەعاتی دە و نیو بۆ یازدە، پاسدار بە لای شانی چەپی دێ، بە تەنیشت کاولە گیایەکدا هێرشیان هێنا. جەبار و هیوافارس و عوسمان سەهولان لەوشوێنە بون. جەبار و هیوا برێک کشانەوە دوایە، بەلام عوسمان ون بو. ئارپیجی لە شانەکەیان پەرویەکی رەشی لە دەوری سەری پێچابو و لە سەر نێوچاوانی بە خەتی سور ئەللاهوئەکبەری لە سەر نوسرابو. ئێمە ١٠ کەس و پاسدارەکانیش ٤٠ تا ٥٠ نەفەر دەبون و لای سەرەوەی دێیان بە دەستەوە گرت. شەرێکی ماڵ بە ماڵ و دیوار بە دیوار دەستی پێکرد. من تا ئەو جێگایە دەمتوانی تیدەکوشام ئارام و خوێنسارد بم و بە سەر ترسی خۆمدا زاڵ بم. هەرکەس بڵی لە شەردا ناترسم راست ناکا. گیان خۆشەویستە و ترسیش مکانیسمی رۆحی و رەوانی دیفاعی بەدەنی ئینسانە. چەند کەس لەو پیشمەرگانەی لەوێ بون زۆر گەنج بون و تەمەنیان لە ژێر ١٨ سالدا بو. هەربویە دەبا نیشان بدەین کە ورەمان بەرزە و لە مەرگ ناترسین. 
عەبو دوقلو کوتی دەورمان گیراوە، بەلام تفنگمان پێیە و شەر دەکەین! ئەوە یانی تا ئاخر کەس و ئاخر فیشەک شەروبەرگری دەکەین! هەر دەبوایە واش بی! تەسلیم بون مانای سەرشۆری، زیندان، شکەنجە و لە کوتاییدا ئیعدام بو! تا ئەو کاتە و دواتریش زۆر بە دەگمەن هەڵکەوتبو کە پێشمەرگەی کۆمەڵە لە مەیدانی شەردا تەسلیم بێ. نمونەی هەرە بەرچاو واحیدی ١٠ کەسی کامیاران بو کە لە هاوینی سالی ٦٣، لە شەری خانەبا دەکەونە گەمارۆ و تا ئاخرین کەس و ئاخر فیشەک شەر دەکەن و تەنانەت چەکەکانیشیان لە ناو دەبەن بووەی بە ساغی نەکەوێتە دەست دوژمن. لە بەرزایەکانی پشتی قەمتەرە را خەڵک و پێشمەرگە نیزارەگەری شەرکە بون. نە کەس دەیتوانی بە هانامانەوە بێ و نە رێگای دەربازبونمان هەبو! لە گه ل جەمالی رەبیعی و حەسەنە چکۆل لە بەردەرگا و حەساری مالێکدا بوین. پاسدار سەربانیان لێ گرتین. سەربانی تەویلەیەک لە بەر دەرگای ئەو مالە هاوسەتحی عەرز بو. توپ یان خومپارە لێیدا بو و قولاییەکی باشی دروست کردبو. دەبویایە خۆ بخەینە نیو ئەو قولایە. یەکەم کەس خۆم هاویشتە نێوی. جەمال بە دوای مندا هات. گولەیەک وە پشت گوێی کەوت و بە چاویدا هاتە دەر. چاوە رەش وگەشەکەی جەمال بە سەر کولمەیدا شور بووە. تا ئەو کات ئەوە دلتەزێنترین سەحنە بو کە شاهیدی بوم! دوای جەمال حەسەنیش خۆی هاویشتە نێو قولاییەکە و هاواری لی بەرز بوەو و کوتی بریندار بوم. برینەکەی حەسەن سەتحی بو. بەڵام چونکە ۆور گەنج بو، تەحەمولی کەمتەر بو و ئاهونالەی دەکرد. نەماندەتوانی سەر هەلێنین و جێگا بگۆرین. بە دەستریژی عەبو دوقلو پاسدارەکان برێک کشانەوە دوایە. ئێمەش مەجالمان پەیدا کرد و چوینە نێوتەویلەکە. بە خۆشیوە هەردوک بریندارەکە دەیانتونی بە پێی خۆیان برۆن. لە گۆشەی تاریکی تەویلە خۆیان حەشار دا و منیش خۆم گەیاندە عەبو. تا ئیرە دو بریندارمان دابو و عوسمان سەهولانیش بێ سەر و شۆین بو. مابوینەوە ٧ کەس. پێنجمان لە دەوری مزگەوت دامەرزاربوین و هیوا و جەباریش برێک دورتر لە روبەروی هەیوانی مزگەوت بون. دەبویایە هەرچونێک بێ مزگەوت بپارێزین. لە دەستمان دابا تازە کارمان تەواو بو! ئەرکی سەید عەلی لە هەموان قورستر بو! بێسیمێکی قورسی بە شانەوە بو و هاوکات شەریشی دەکرد و نێو بە نێو تەماسی لە گەل فەرماندەهی پەل هەر هەبو. سەید مستەفا وەکو براگەورە، پشتی سەید علی گرتبو و لێی دور نەدەکەوتەوە. جەبارە درێژ تیرباری قەناسەی پێ بو. لە کاتی کشانەوە و جێگورین، لە سەر دیوارێکی برێک بلیندتردا، قەنناسەکەی فرێدا خوار و خوشی بەدوایدا هاتە پشتی دیوارەکە. قۆنداغی تیربارەکە شکا! بەڵام بو پیاوی بالابەرز و پرقودرەت موشکیلێک نەبو. هەر وەک پێش بە تیربارقەناسەی قونداغشکاو شەری دەکرد. هیوافارس زۆر چوست و چالاک و لێهاتوانە جێگۆرکیی دەکرد وسەری لە پاسداران شێواندبو! هەتا دەهات حەلقەی محاسەرەمان لێ تەنگتر دەبو. هەمومان لە یەک قەدەمی مەرگ بوین. سەرەرای ئەوە هیچ کەس ئایەی یەئس وناهۆمیدی نەدەخویند. هەمو هیوامان بە ژیان و زیندومانەوەمان تیدا بو. لە هەموان ئارامتر و بێ خەیالتر کەمالی رادانی بو. کورە دەولەمەندی مهابادی عەینی خەیالی نەبو کە ئەوە هەمو خەریکە تیدا دەچین. ئارام و لەسەر خۆ لە گۆشەێکی مزگەوت دامەزرابوو شەری دەکرد.
 لێرەدا شتێکی باوەرنەکراو روی دا! زۆرتر وەک روئیا و موعجیزە دەچوهەتا حەقیقەت. لەپردا پاسدار دەستیان کرد بە پاشەکشە. فشار لە سەر مزگەوت کەم بووە. من چوم بو لای جەبار و هیوا. لە پەنای دیوارێکی نەوی دامەزراین. پاسدار بە رەوە، سەر بەرەوژوری پشتی ئاوایی هەلدەهاتن. بە تەکتیر تەقەمان لێدەکردن. بەڵام یەکدانەشمان نەپێکا. دەبوایە وشیار بین و دەست بە فیشەکەوە بگرین. ئیستا رۆژ زوبو و ئەگەری هێرش هێنانەوە بوسەرمان زۆر بو! لە هەرحاڵدا برێک دەستمان هاتەوە بەر خۆمان و نەفەسێکی راحەتمان کێشا.
ئاخر نەفری پاسدارەکان ئاوەژوی ئو دیوی تیرەگە شاخەکە بون. برێک هۆشم هاتەوە بەر خوم. لە مەرگی حەتمی نەجاتیمان هاتبو! زارم ویشک و زۆرم تینو بو. هەستام لە جێگایەک ئاوی خواردنەوە پەیدا کەم. توپ و خومپارەبارانی نێو دێ و دەورو بەری دەستی پێکرد. تینویەتیم لە بیر چووە. دەبوایە جێگایەکی ئەمن پەیدا کەم و خۆی لێ حاشار دەم. کورەکانی دیکەش هەریەک لە بن دیوارێک خۆیان مەلاس دا. لە بەر رێگای دەرمان بو قزلجە کاولەگیایەکی لێ بو. دەور و بەری نەرمایی و چیمەن بو. لە بن دیواری کاولەکە هەڵکورمام و هەردوک دەستم بە پشت مەلمەوە گرت! لە دڵی خۆمدا کوتم یارەبی خودایە نەکوژرێم! ئەوە راستە کە بەشەر لە کاتی زەعف و بێدەرەتانیدا هاواری خودای دەکا! سەرەبەهار و عرز نەرم بو. چەندین گولە تۆپ و خومپارە لە نیزیک من، شلپ وەعرزی کەوتن و نەتەقینەوە! ئەو حاڵەتە ١٠ تا ١٥ دەقیقەی درێژە کێشا. لەبەر دەرکی مزگەوت یەکمان گرتەوە و بلاو بوینەوە بو پاکسازی نێو دی و دەسکەوت کۆ کردنەوە. من روم کردە قەلاغە دەوەیەک لە وەسەتی دی. سەرم کرد بە کونەکەی دا. پاسدارێک تفنگەکەی لە لای خۆی دانابو و لەسەر تەپالان دانیشتبو! مالی ئاوەدان بێ، دەستی نەکردەوە! دیارە ئەو کارەی کردبا حەتمەن دەکوژرا. لە قەلاغە دەوەکە هاتە دەر و چەک و فیشەکدانەکەی تەحویلدا و دەستی کرد بە سوێندخواردن و پارانەوە! زۆر مەزلوم و بێگوناح هاتە بەر چاوم. کوتی من شەڕم نەکردوە و هەر گەیشتوینە نێو دێ لێرەدا خۆم شاردوتەوە! ئیستاش نیگاهی ئەو پاسدارە کە لە نێو قەلاغکە و لە سەر تەپالە دانیشتبو، هەر لە زیهنم دایە! کورەکانی دیکەش پاسدارێکی برینداریان دیبووە. پێموایە خوێنی زۆر لە بەر رویبو و نەیدەتوانی لە سەر پێ راوەستی. ئاخرین شوێنی نێودێ بەرەو بەرزایی، بەردانگەیەکی برێک پان و بەرین بو کە بە دیوارێکی نەوی دەوری گیرابو. کەلاکی چەند سەر رەشەولاغ لەوێ کەوتبو. لە پال دیوارەکەدا جێگای خوین دیار بو. برێکیش وردە حاجەتی وەکو کلاو و دەسرە ی پاسدارن بە جێ مابو. من هیچ کەسی کوژراوم نەدی. دو بریندارەکەی خۆمان، جەمال و حەسەن ئێستا هەر لە تەویلەکە دا بون.هاتینەوە بەردەرکی مزگەوت. نەماندەزانی عوسمان سەهۆلان چی لی بەسەر هاتوە! هێندەی پێنەچو پەیدا بو. سەر و چاو و لیباسەکانی قەلپن و گیا و گژی پیەوە بو، بەلام بە خوشیەوە ساخ وسلامەت بو! کوتمان ئەوە لە کۆی بوی؟ کوتی پاسدار هێرشیان هێناو نەمتوانی بێمە دواوە و خۆم لە بن باقە گیای ئەو کاولە شاردەوە! تازە پێشمەرگە بو. هەر ئەوەندە توانیبوی خۆی نەجاتدا زۆر بو!
یەکەم کەس کە گەیشتە نێو دێ حەمەی مهاجر،حەمە تیربار، بو! کا حەمە بە پێشمەرگەیەکی دلێر و فیداکار نێوی دەرکردبو. تازە هاوسەگیری لە گەل کچێکی خەڵکی دەرمان کردبو و وابزانم ماڵی لە قزلجەی سەرێ بو. برای هاوسەرەکەی، حوسین دەرمان پیشمەرگەی کومەلە بو، و لە شەڕی قولقوڵە گیانی لەدست دابو. هەر ئەو شەڕەی کە به همەنی مەلازادەگان و چەند پێشمەرگەی دیکە تێیدا شەهید بون! ئەو رۆژە حەمە تیربار زۆر تورە دیار بو! سلاوم لێکرد جوابی نەدامەوە! نازانم بۆچی؟ دوای حەمە تیربار، ٢ یان ٣ پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات لە لای قزلجە را هاتنە نێو دێ. یەکیان پایەی دوشکایە کی پی بو. کوتی بە دەسکەوت گرتومانە! دیارە راستی نەدەکرد و زۆرتر بو پاکانە کردن وای دەکوت. چونکە لە بەینی قزلجە و دەرمان هیچ شەر و تێکەڵچونێک روی نەدا. پێموایە مەسئول بو. کوتی ئەو پێشمەرگانەی ئێمە نەدەبوایە بەجێتان بێلن. بگەرێمەوە مقەر رەخنەیان لێدەگرم. ئەگەر لەبیرم نەچوبی، سەعات حدودی دوی دوانیوەرو بو! کا حەمەی سولتانی، بەرپرسی پەل، لەگەل چەند پێشمەرگەی دیکە خۆیان گەیاندینی! خێرا سوراغی بریندارەکانی گرت. دەیزانی کەسمان لێ بریندار بوە. سەید عەلی بە بیسیم پیی کوتبو! لە بیرم نەماوە چۆن بە چی بریندارەکانیان راگوێزت! لە راستیدا من، بەبێ وەی بۆخۆم بزانم، توشی شۆک و تراوما ببوم! هەردوک    گوێم تەپ ببو وویزەیان لێ دەهات! 
حەمەی سولتانی یەکێک لەو پێشمەرگانەی کە لە گەلی هاتبون، ناردبو بو هەورازەکەی پشت
 دێ بو وەی بزانێ پاسدار تفەنگ یان شتی دیکەیان لێ بەجێ نەماوە؟ من پێموابو ئەوە پاسدارە. لە بن دیوارێک را بە ئیشتیا ٤ـ٥ فیشەکم پیوی نا! هەر شانسی هێنا کە نەمەنگاوت! کا حەمە هەرچی هەرای دەکرد، گوێم لێ نەدەبو. ئاخری بە ئیشارەی دەست حالی بوم کە ئەوە ئیخومانە! ناحەقیشم نەبو وام لیبی! هەر لە سەرە بەیانیویەوە لولەی تفەنگەکانمان بەرەو روی پشتی ئاوای نیشانە گرتبو! ئەوە حالەتێکی رەوانی دابومێ کە هەر کەس لە و تەرەفە را بێ دوژمنە! دواتر هەتا حەفتەیەک، شەوانە بە گرمەی تۆپ و خومپارە لە گوێمدا لە خەو رادەپەریم!
بەرەو ئیواری دەچوین! بریک حالم هاتبوە سەرە خو! خەریکی رویشتن بوین! چاوم لە کەسێک دەگێرا! زۆر تایبەت، کەسی نیزیک و خۆشەویستی خۆم! بلێی منی لەبیر کردبێ ونەهاتبێ؟ با هاتبو. لە دوررا چاوم پێی کەوت! بە دیتنی موبەشیر ئارامیشیم پەیدا کرد! لێی نیزیک بومەوە. پێم پیدەکەنی! دەی دەی سەیە ئەوجاریش نەجاتیت هات و نەکوژرای
====================
شەڕی دەرمان ،ساڵی ۱۹۸۳پێشەمەرگەکانی کۆمەڵە لە ناوچەی مەهاباد
سعید برهان


02:38 - 23/5/2021 نوێ کراوەتەوە