راگەیاندن

پەیامی پرسە و سەرەخۆشی سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە بۆنەی ماڵاوایی لە ژیان کردنی پێشمەرگەی دێرین کاک مەحموود کەیوان

12:30 - 1/3/2023

پەیامی پرسە و سەرەخۆشی سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە بۆنەی ماڵاوایی لە ژیان کردنی پێشمەرگەی دێرین کاک مەحموود کەیوان

بە داخەوە دوێنێ دووشەممە رێکەوتی ٢٧ی فێبریەی ٢٠٢٣ی زاینیی، له وڵاتی سوید دڵی خەباتکاری دێرینی کۆمەڵە و کوردستان، تێکۆشەری ناسراو و لەمێژینەی خەبات بۆ بەرابەری و ئازادی و پێشمەرگەی ماندوونەناسی کوردستان کاک مەحموود کەیوان، بۆ هەمیشە له لێدان کەوت و ماڵاوایی یەکجاری له هەموو خۆشەویستانی کرد.

کاک مەحموود کەیوان لە ماوەی نزیک به ۵۰ ساڵ خەباتی بێ وچان و شێلگیرانە و خەباتێکی پڕ ئەزموون، وەکوو ناوێکی ناسراو، کەسایەتیەکی جەماوەری به تایبەت له سەقز و ناوچەکە، مامۆستای سیاسی نەوەیەک له تێکۆشەرانی سەقز، پێشمەرگەیەکی ماندوونەناس و کادرێکی زانا و وریا و خۆشەویست و جێگای متمانەی هاوڕێیان و هاوسەنگەران و سەرجەم خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات لە خزمەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد بوو.

کاک مەحموود کەیوان پێش رووخانی شاە له ناو تێکۆشەرانی بزووتنەوەی ئەو سەردەمەدا، وەکوو مامۆستای خەباتی سیاسی، جێگە و پێگەی بەرچاو و رۆڵێکی گرینگی بوو. هاوڕێ و هاوخەباتی کاک حەمە حسێن کەریمی، کاک یەحیا خاتونی و کاک ئەنوەر ماجیدی و دەیان تێکۆشەری دیکە بوو.

له شۆڕشی ساڵی ۱۳۵۷ی هەتاوی له سەقز رۆڵی گەورە و کاریگەری گێڕا. لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانیش له دامەزراندنی جەمعییەتەکانی شاری سەقز و خەباتی مەدەنی دەوری بەرچاو و سەرەکی بوو. پاش هێرشی رژیم بۆ سەر کوردستان پەیوەست دەبێت بە ڕیزەکانی کۆمەڵە و له پێناو ئامانجە ڕەوا و بەرزەکانی کۆمەڵە ماندوونەناسانە و تێکۆشەرانە چالاکی کرد. بێگومان کەسایەتی خۆشناو و ناسراوی کاک مەحموود یەکێک لە هۆکارەکان بوو کە خەڵکی ناوچەی سەقز و دەوروبەری لە دەوری کۆمەڵە کۆبوونەوە. کاک مەحموود کەیوان وێڕای چونە سەرەوەی تەمەنی، بەڵام هێشتا پێشمەرگەیەکی ماندوونەناس و تێکۆشەر و خۆشەویستی ناوچەکە بوو. به تایبەت بانگەوازەکان و وتارەکانی له کۆبوونەوە جەماوەرییەکان کاریگەری زۆری لەسەر خەڵک و بزووتنەوەکە بوو.

بەم بۆنەوە کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە پرسە و سەرەخۆشی خۆی، ئاراستەی بنەماڵەی تێکۆشەری کاک مەحموود کەیوان و کەس و کار و هاوڕێیان وسەرجەم خەڵکی کوردستان دەکات.

سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە

٢٨/٠٢/٢٠٢٣ زاینیی