راگەیاندن

ئامانج و ستراتیژى کۆمەڵە لە بزووتنەوەى کوردستاندا

07:21 - 21/7/2020

ئامانج و ستراتیژى کۆمەڵە لە بزووتنەوەى کوردستاندا

ئامانج و ستراتیژى کۆمەڵە لە بزووتنەوەى کوردستاندا

پەسەندكراوی كۆنگرەی نۆهەمی كۆمەڵە    پووشپەڕ – گەلاوێژی  1380


فەسڵی یەكەم- كێشەی كورد لە ئێران و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستان

یەك: ئێران وڵاتیكی فرەنەتەوەیە كە تێیدا ستەمگەریی  نەتەوەیی لە خزمەت پاراستن و پتەوكردنی دیكتاتۆری و زۆرداری، سەركوتكردنی داواكان و بزووتنەوە رەواكان پێكهێنانی دووبەرەكی و دوژمنایەتی لە نێوان كرێكاران و زەحمەتكێشان دا و پەرەپێدانی دەمارگیری و رقەبەری بەربەست كردنی رێگەی گەشە و سەرهەڵدانی ئازادانەی سیاسی و ڕۆشنبیری كۆمەڵگای ئێران و پاراستن و پتەوكردنی دەسەڵاتی كۆنەپەرستی و ئەمپریالیزم دا بووە و هەیە.  

دوو: نەتەوەی كورد، نەتەوەیەكی زۆر لێكراوە كە لە ئەنجامی دابەشكردنەوەی سەرلەنوێی جیهان لە نێوان  دەوڵەتانی ئەمپریالیستی دا دوای شەڕی یەكەمی جیهانی لە نێوان وڵاتانی ناوچەكەدا دابەشكراوە و مافی پێكهێنانی  دەوڵـەتی نیشتمانیی لێ زەوت كراوە. بوونی ستەمی نەتەوەیی لە پاڵ دڕندانەترین شێوەی سەركوتكردن دا، هەمیشە هۆیەك بووە بۆ دواكەوتوویی ئابووری و ڕۆشنبیریی ئەم نەتەوەیە.
گەلی كورد گەلێك جار لە دژی ئەم ستەمگەرییە نەتەوەییە و بۆ بەدەستهێنانی مافی دیاریكردنی چارەنووس هاتووەتە مەیدانی خەبات و بەرەنگاربوونەوە. ئەم خەبات و بەرەنگاربوونەوانە كە راستەوخۆ لە دژی حكوومەتە دیكتاتۆرییەكانی ناوەند بوون، لە رابردوودا سەرۆك عەشیرەتەكان، شێخەكان، دەرەبەگەكان و دواتر هێزە بۆرژواییەكان رێبەرایەتییان كردوون. ئەم هێزانە لە كوردستان لەگەڵ بەرژەوەندی زەحمەتكێشان ناتەبا بوون و ستەمیان لێدەكردن، لە رێبەرایەتیكردنی خەباتی نەتەوەیش دا راڕا و ناپەیگیر بوون و جاری وابووە لەگەڵ چینە ستەمگەرەكانی نەتەوەی باڵادەست لە دژی جەماوەری زۆرلێكراو رێككەوتوون.

 سێ: زاڵبوونی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و ئاڵوگۆڕە كۆمەڵایەتییە بەرینەكانی كە بە دوویدا هاتن، لە چەند دەیەی رابردوودا، ئەنجامی سیاسی و رۆشنبیری گەورەی لە كۆمەڵدا لێكەوتووەتەوە، زەمینەی وشیاربوونەوە و هاتنە مەیدان و رێكخراوبوونی چینی كرێكاری هەرچی زیاتر پەرەپێداوە و دەورو گرینگی كۆمەڵایەتی ئەو چینەی گەلێك زیاتر كردووە و بەم جۆرە بناغەی ماددیی رێبەرایەتی چینی كرێكار و حیزبی سیاسیی ئەو چینەی لە بزووتنەوەی كوردستان دا پێكهێناوە.
سەرهەڵدان و گەشەكردنی كۆمەڵە خۆی حاسڵی ئەم ئاڵوگۆڕە كۆمەڵایەتییە تازەیە بووە و پەیوەندێكی تەواوی بووە لەگەڵ گۆڕانی كۆمەڵگەی كۆن و باب مەزنانە، سەرهەڵدانی بەرینی چینی كرێكار، شارنشینیی تازە، پەرەگرتنی خوێندنی گشتی، زیادبوونی دەوری ژنان و لاوان و بەرزبوونەوەی ئاستی چاوەڕوانییەكانی خەڵك لە ژیانی كۆمەڵایەتی كۆمەڵە هێزێكی تازە بوو كە لە زەمین و زەمانی ئەم ئاڵوگوڕە كۆمەڵایەتییەدا، لە لایەك لە ژێر تیشكی رادیكاڵیزە بوونی كەش و هەوای سیاسیی ئێران و گرسانی چەپێكی شۆڕشگێڕ لە ئێران لە كۆتایی شەستەكانی زایینیدا و لە لایەكی دیكە لە ژێر تیشكی هەلومەرجی تایبەتی كۆمەڵگای كوردستان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلی كورد، پێكهات و گەشەی كرد. هاتنەمەیدان و هەڵسووڕانی بەرینی كۆمەڵە وەك هێزێكی چەپ و پێشڕەو، كە داهێنەری فەرهەنگێكی سیاسیی جیاواز و نوێ و سیاسەت و رێبازی خەباتكارانەی تازە بوو و، ئەو بنكە جەماوەرییە بەرینە كە لە ئەنجامی ئەم هەڵسووڕانەدا بە دەستی هێنا، بەش بە حاڵی خۆی كاری كردە سەر كۆمەڵگای كوردستان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلی كورد و كاری كردە سەر چەپی ئێرانیش.
سەرهەڵدان و هەڵسووڕانی كۆمەڵە، شوێنەوارێكی قووڵی لەسەر رەوتی وشیاربوونەوە و خەباتی كرێكاران و زەحمەتكێشانی كوردستان بەجێهێشت بە جۆرێك كە هێنانەگۆڕی مەسەلەكانی پەیوەندیدار بە كرێكاران و مافەكان و خەباتیان لە كوردستان، لەگەڵ ناو و هەڵسووڕانی كۆمەڵە تێكەڵ بووە. هەروەها كۆمەڵە لە بواری دیكەش دا، وەك بایەخ پێدان و پشتبەستن بە هەنگاوەكانی جەماوەر و بزووتنەوە جەماوەرییەكان، داكۆكیكردن لە جووتیارانی زەحمەتكێش، داكۆكیكردن لە دێمۆكراسی و لە ماف و ئازادییەكانی خەڵك و شارۆمەندان، راگەیاندنی راشكاوانەی مەسەلەكانی بزووتنەوەكە بە كۆمەڵانی خەڵك  و داكۆكیكردنی لێبڕاوانە لە مافەكانی خەڵكی كوردستان، داكۆكیكردن لە مافەكانی ژنان و، لە بواری دیكەی لەم بابەتەدا ناوەرۆك و شێوازی تازە و پێشكەوتنخوازانەی بە بزووتنەوەی گەلی كورد بەخشیوە و لەم مەیدانانەدا دەورێكی حاشاهەڵنەگری بووە و گەلێك لە دەسكەوتەكانی بزوووتنەوەی كوردستان لەم بوارانەدا بەرهەمی هەڵسووڕانی رەوتی رادیكاڵ و سۆسیالیستیی كۆمەڵەن.
بەم جۆرە كۆمەڵە وەك حیزبی پێشەنگ و رابەری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستان، لە دژوارترین هەلومەرجدا و بەدانی هەزاران قوربانی، لە ریزەكانی پێشەوەی ئەم خەباتەدا ئامادە بووە و، لە مێژوویی خەباتی كرێكاران و زەحمەتكێشانی كوردستان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلی كورد دا جێگەیەكی بۆ خۆی مسۆگەر كردوە كە لە سڕینەوە نایە.

چوار: زیاتر لە بیست ساڵ دەسەڵاتدارییەتی كۆماری ئیسلامی، گەلێك مەینەتی ئابووری و بژێوی و سیاسی و فەرهەنگیی گەورەی بەسەر هەموو خەڵكی ئێران هێناوە و، ئێرانی كردووەتە دۆزەخێكی گەورەی ستەم و هەڵاواردن و سەركوت. دەسەڵاتدارییەتی ئەم حكوومەتە لە كوردستان هاوتا بووە لەگەڵ هەڵاواردن و بێمافییەكی بەرینی نەتەوەیی و فەرهەنگی، بەڕێوەبردنی سیاسەتی هەڵاواردن لە بواری گەشەپێدان و ئاوەدانیدا، دووبەرەكی نانەوەی مەزهەبی، پەرەپێدانی گیرۆدەیی بە ماددە سڕكەرەكان، سانسۆر و دانانی قەدەغە و قۆرغی جۆراوجۆر، داگیركردنی چەكدارانە، چەكداركردنی زۆرەملی، راگواستن، دوورخستنەوەی خێزانەكان، گرتن و شكەنجە و تیرۆر و كوشتن و لە سێدارەدان.
لە 28ی مانگی گەلاوێژی ساڵی1358ی هەتاویدا، حكوومەتی كۆماری ئیسلامی بە بیانوویی پووچ و بە بێ گوێدانە داخوازە رەواكانی خەڵكی كوردستان و بە بەربەست كردنی هەموو رێگاچارەیەكی سیاسی، كوردستانی دایە بەر هێرشێكی هەمەلایەنەی چەكدارانە و لەشكركێشییەكی بەرین، كە ئەم داگیركردنە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە. لەم ماوەیەدا حكوومەتی كۆماری ئیسلامی دەستی لە هیچ كوشتار و وێرانكارییەك نەپاراستووە و لە ستەم و زۆرداری هەرچی لە دەستی هاتووە كردوویەتی. بەڵام مێژوویی بیست ساڵی رابردووی كوردستان لە هەمان كاتدا، مێژووی راوەستان و خۆڕاگریی خەڵك بووە و زیاتر لە بیست ساڵ سەركوتگەری و كوشتار نەیتوانیوە ئیرادەی كۆمەڵانی گەلی كورد تێك بشكێنێ و وایان لێ بكا كە دەست لە داوا رەواكانیان هەڵگرن.
هەر لە سەرەتای هێرشی حكوومەتەوە بۆ كوردستان، بزووتنەوەیەكی بەرینی خۆڕاگریی سیاسی و چەكدارانە بەرپا بوو. لەو كاتەوە تا ئێستا كوردستان گەلێك شانۆی شكۆداری خۆڕاگری و كۆڵنەدانی خەڵكی خەباتكاری لە شێواز و مەیدانی جۆراوجۆردا بە خۆوە دیوە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە كوردستان لەم ماوەیەدا بە گەلێك هەوراز و نشێودا تێپەڕیووە و شانۆی خەباتی جۆراوجۆر بووە، لە خۆپیشاندان و مانگرتنەكانەوە بگرە هەتا راپەڕینی شارەكان و خۆڕاگریی شكۆداری جەماوەری، لە شەڕی قارەمانانەی هێزی چەكداری شۆڕشگێڕەوە بگرە هەتا كۆچی بەكۆمەڵ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین و هەتا وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی حكوومەت و سەرەنجام هەتا شەپۆلی تازەی خۆپیشاندان و ئاخێزە جەماوەرییە بەرینەكانی ئەم ساڵانەی دوایی شارەكانی كوردستان، بەڵام هەرگیز سەری تەسلیم بوونی دانەنواندووە و دەسەڵاتدارییەتی كۆنەپەرست نەیتوانیووە دەستەمۆی بكا و، خامۆشی نەیتوانیووە باڵی بەسەردا بكێشێ. حكوومەتی كۆماری ئیسلامی، سەرەڕای هەموو زەبروزەنگ و سەركوتگەری و داگیركەرییەكانی، سەركەوتنێكی سست و لەرزۆكی بەدەستهێناوە  و، نەك هەر مەسەلەی كوردستانی چارەسەر نەكردووە، بەڵكوو ئەم مەسەلەیە بەتەوژمتر و بەهێزتر لە هەمیشە لە بەرانبەر ئەو حكوومەتەدا خۆ دەنوێنێ.
كوردستان لەم ساڵانەی دواییدا وەخەبەرهاتنێكی سیاسی و رۆشنبیری تازەی بە خۆوە دیوە. جەماوەری بەرینی خەڵك و بە تایبەت لاوان، كە لە بێكاری و هەژاری و هەڵاواردن و ستەم وەگیان هاتوون و داهاتوویان لێ تاریك بووە، جموجۆڵێكی خەباتكارانەی تازەیان دەست داوەتێ. ترس لە رژیمی دیكتاتۆری دینی جێگەی خۆیداوە بە بووژانەوە و سەرهەڵدان و حەقخوازی و، شەپۆلی ئەم خەباتە رۆژبەرۆژ مەودای تازەتر دادەگرێ. هاوسەنگیی نێوان هێزی خەڵك و دەسەڵاتدارەتی لە كوردستان خەریكە بە قازانجی خەڵك دەگۆڕێ. زیاتر لە بیست ساڵ هەڵاواردن و سەركوت نەك هەر خەڵكی كوردستانی نەبەزاندووە، بەڵكوو بووەتە هێزێكی خەباتكارانەی پەنگ خواردو كە لە هەموو رووداوێك دا خۆی نیشان دەدا و لەوانەیە لە هەلومەرجی گونجاودا وەك تەقینەوەیەكی سیاسی سەر هەڵ بدا.

فەسڵی دووهەم- ئامانجەكان و ستراتێژیی كۆمەڵە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلی كورد دا
پێنج: مەسەلەی نەتەوایەتیی كورد، ئەگەرچی لایەنی ئابووری و فەرهەنگی و هی دیكەی هەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا ریشەی لە پێكنەهاتنی دەوڵەتی میللی و بەدینەهاتنی مافی چارەنووسی ئەم نەتەوەیەدایە و هەر بۆیە مەسەلەیەكی سیاسییە كە ناوەرۆكەكەی بریتییە لە بەدیهێنانی دەسەڵاتدارەتیی خەڵكی كوردستان بەسەر خاكی خۆیدا.
ئامانجی كۆمەڵە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلی كورد دا بریتییە لە نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی، راماڵینی دەزگا سەركوتگەر و بۆرۆكراتیكەكانی حكوومەتی ناوەندی، بەدیهێنانی دەسەڵاتدارەتیی خەڵكی كوردستان بەسەر خاكی خۆیدا، پەرەپێدانی ئازادییە سیاسییەكان و عەداڵەتی كۆمەڵایەتی لە كوردستان و، پێكهێنانی حكوومەتێكی فیدراڵ كە نوێنەری دەسەڵاتدارەتیی خەڵك و پارێزەری بەرژەوەندەكانی كرێكاران و زەحمەتكێشانی كوردستان بێ.

شەش: ئێمە لایەنگری یەكسانی مافی نەتەوەكان، هەڵوەشانەوەی هەموو جۆرە هەڵاواردن و ستەمێكی نەتەوەیی و، دژ بە پێكهێنان و هاندانی هەرچەشنە رقەبەری و دوژمنایەتییەكی نەتەوەیین و خوازیاری نەهێشتن و قەدەغە كردنی هەر چەشنە دەست درێژییەك بۆ سەر مافەكانی كەمایەتییە نەتەوەییەكانین. هەر لەم پێناوەدا، ئێمە بۆ برەو پێدانی رۆحی برایەتی و هاوكاریی نێوان زەحمەتكێشانی گەلانی جۆراوجۆری ئێران و خەبات بەرانبەر بە هەر چەشنە بەرچاوتەنگی و دژایەتییەكی نەتەوەیی و قەومی و ئایینی تێدەكۆشین. ئێمە بە پێی جیهان بینی و بەرنامەی سۆسیالیستیی خۆمان، مافی هەموو میللەتانی دانیشتووی ئێران  بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان، یانی ئازادی ئەو نەتەوانە لە جیابوونەوە و پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆدا بە رەسمی دەناسین. لە هەمان كاتدا ئێمە خوازیاری یەكگرتنی ئازادانە و برایانەی نەتەوەكانی دانیشتووی ئێران لە پێكهاتەیەكی سیاسیی فیدراتیڤ داین و لەسەر ئەو بڕوایەین كە ئەم یەكگرتنە بە قازانجی دێمۆكراسی و بە قازانجی جەماوەری زەحمەتكێشە.

كۆمەڵە هەوڵدەدا بۆ ئەوەی هەموو هێزە چەپ و ئازادیخوازەكان و لایەنگرانی راستەقینەی دێمۆكراسی لە ئێران، پشتیوانی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلی كورد و لە داخوازە رەواكانی خەڵكی كوردستان بكەن. كۆمەڵە لە دیاریكردن و داڕشتنی   پەیوەندەكانی خۆیدا لەگەڵ ئەو هێزانە، ئەو پشتیوانییە لەبەرچاو دەگرێ .

حەوت: كۆمەڵە بۆ دەست كۆتاكردن و وەدەرنانی هێزە سەركوتگەرەكانی كۆماری ئیسلامی لە كوردستان و دامەزراندنی دەسەڵاتدارەتیی دێمۆكراتیكی راستەوخۆی جەماوەری كرێكار و زەحمەتكێش لە كوردستان، بۆ پێكهاتن و بەهێزكردنی  شوورا كرێكاری و خەڵكییەكان، بۆ پێكهاتن و بەهێزكردنی سەندیكاكان و رێكخراوە كرێكارییەكانی دیكە، بۆ دەستەبەر كردنی یاسای كارێكی پێشڕەو، بۆ هێنانەگۆڕ و بەرەوپێش بردنی هەر هەنگاوێگ كە خزمەت بە باش بوونی ژیانی ماددی و مەعنەویی كۆمەڵانی كرێكار و زەحمەتكێش بكا، بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر چەشنە جیاكاری و هەڵاواردنێك لە نێوان ژن و پیاودا و بۆ یەكسانیی مافەكانی ژن و پیاو و بۆ هێنانە مەیدانی هێزی گەورەی ژنانی زۆرلێكراو لە خەباتدا لە پێناو ئازادی و بەرابەریی مافەكاندا و بۆ پێكهاتن و بەهێزكردنی رێكخراوەكانی ژنان، بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرچەشنە هەڵاواردن و ستەمێكی نەتەوەیی و فەرهەنگی، بۆ جیایی دین لە دەوڵەت، بۆ بەهێز كردن و پەرەپێدانی هەنگاوە راستەوخۆكانی جەماوەر و بزووتنەوە و رێكخراوە دێمۆكراتیك و جەماوەرییەكان، بۆ چەكدار كردن و هەڵخڕاندنی جەماوەری كرێكار و زەحمەتكێش بۆ داكۆكی لە دەسكەوتەكانیان و پاراستنی كوردستانی شۆڕشگێڕ بەرانبەر بە هەر چەشنە پیلانگێڕانێكی كۆنەپەرستی خەبات دەكا، لە پێناو بەرەوپێش بردن و بەدیهێنانیاندا بەرهەڵستی هەموو دژواری و كۆسپ و گرفتێك دەبێتەوە و هەموو توانای خۆی بۆ تەرخان دەكا و لە هیچ فیداكارییەك درێغی ناكا. هێز و هۆی سەرەكی بۆ بەدیهاتنی ستراتیژی كۆمەڵە لە كوردستان هێزی لە بن نەهاتووی جەماوەری خەڵك و بزووتنەوەیان و هەنگاوەكانیانە و، كۆمەڵە توانای خۆی دەخاتە سەر وشیار كردنەوە و هەڵخڕاندن و رێكخستنیان.
لە هەمان كاتدا هێزی پێشمەرگەی چەكداری كۆمەڵە، بەشێك هەر لەم هێزە كۆمەڵایەتیەیە، باسكی چەكداری كرێكاران و زەحمەتكێشانی كوردستان و یەكێك لە ئامرازەكانی بەرەوپێش بردن و بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەیە و، پتەو كردن و پەرەپێدانی ئەو هێزە یەكێك لە ئەركەكانی كۆمەڵەیە.
كۆمەڵە لە هەمان كاتدا لە هەموو دەرفەتێك، ئەگەرچی كەم و كورتیش بێ، كە بە هۆی گوشاری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و یان لاوازبوونی بەرەی دەسەڵاتدارەتی پێكبێ، بۆ بەرەوپێش بردنی هەر ئەم ئامانجانە و زەمینە خۆشكردن بۆ بەدیهاتنیان كەڵك وەردەگرێ. كۆمەڵە هەمیشە رێگاچارەی سیاسیی بۆ مەسەلەی كوردستان و بەدیهاتنی داخوازییەكانی گەلی كورد پێ باشتر بووە و بۆ بەرەوپێش بردنی رێگا چارەی سیاسی ئامادە بووە. بەڵام حكوومەتی كۆماری ئیسلامی تا ئێستا هیچ زمانێكی بێجگە لە زمانی زەبروزەنگ و ملهوڕی نەزانیوە و وەڵامی داوا رەواكانی خەڵكی كوردستانی بە كوشتار، شكەنجە، سێدارە، گرتن و تیرۆر و هێرشی چەكدارانە داوەتەوە. لە هەلومەرجێكی ئاوادا، خەڵكی كوردستان و لە پێشەوەیان كۆمەڵە، لە بەرانبەر ئەم ستەم و سەركوتگەرییەدا لێبڕاوانە راوەستاون و رادەوستن.

هەشت: كۆمەڵە بۆ هاوكاری و رێككەوتنی سیاسی و عەمەلی لەگەڵ حیزبەكان و هێزە سیاسییەكانی كوردستان بۆ بەرەو ڕووبوونەوەی هاوبەش بەرانبەر بە كۆماری ئیسلامی و هێنانە گۆڕ و بەرەوپێش بردنی هاوبەشی داخوازییەكانی گەلی كورد ئامادەیە. بەدیهێنانی سیاسەتێكی لەم چەشنە، توانایی هەر كۆنەپەرستییەكی دەسەڵاتدار لە ئێستا و داهاتوودا بۆ دووبەرەكی نانەوە، هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ و لە ئەنجام دا پشت گوێ خستن و پێشێلكردنی داخوازەكانی نەتەوەی كورد و دەسكەوتەكانی و سەركوتكردنی كوردستان، زۆر كەمتر دەكاتەوە و ئەو دەرفەتە بۆ گەلی كورد دەڕەخسێنی كە بە دڵنیایی و هێزێكی زیاترەوە داخوازەكانی خۆی بەسەر حكوومەت دا بسەپێنێ. كۆمەڵە هەروەها داواكاری رێككەوتنی حیزبە سیاسییەكانی كوردستانە بۆ پابەندبوونیان بە پەنا نەبردن بۆ زۆر لە پەیوەندەكانی نێوانیاندا و بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانیان، بە قازانجی گەشەی وشیاری سیاسی كرێكاران و زەحمەتكێشانی كوردستان و بە قازانجی هەنگاونانی كوردستان بەرەو كۆمەڵگایەكی مۆدێڕن و دێمۆكراتیك دەزانین.
كۆمەڵە لە پلۆرالیزم و فرەچەشنیی سیاسی و فەرهەنگی لە كۆمەڵگای كوردستاندا، لە بەرقەراربوون و پاراستنی رێسا دێمۆكراتیكەكان، لە هەڵبژاردەبوون و خۆ بە بەرپرس زانینی دەزگاكانی دەسەڵاتدارەتی لە كوردستان داكۆكی دەكا و هەموو توانای خۆی بۆ پاراستن و داكۆكیكردن لەم بنەمایانە دەخاتەگەڕ. كۆمەڵە ئاڵاهەڵگری داكۆكیكردن لە ئازادییەكان و مافە تاكەكەسی و سیاسییە بەرینەكانی شارۆمەندان، ئازادی هەمەلایەنەی دەربڕین، بڵاوكردنەوە و چاپەمەنی، كۆبوونەوە و رێكخراوبوون، ئازادیی رەخنەگرتن لە حیزبەكان و لێپرسراوانی سیاسی و ئازادی پەیوەست بوون یان پەیوەست نەبوونی شارۆمەندان بە هەر كام لە حیزبەكانەوەیە و، داكۆكیكردن لەم ماف و ئازادییانە بە ئەركی خۆی دادەنێ.

نۆ: كۆمەڵە لە خەباتی ئازادی بەخشی گەلی كورد لە بەشەكانی دیكەی كوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافی دیاریكردنی چارەنووس پشتیوانی دەكا و بۆ پێكهێنانی نزیكایەتیی سیاسی و فەرهەنگی لە نێوانیان دا، تێدەكۆشێ
 

09:13 - 21/7/2020 نوێ کراوەتەوە