راگەیاندن

راگەیاندنی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی کۆمەڵە

12:34 - 22/2/2023

راگەیاندنی  یەکگرتنەوەی دوو لایەنی کۆمەڵە

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!


بنەماڵەی ئازیزی گیانبەختکردوانی کۆمەڵە!
هۆگران، دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان!
خەڵکی تێکۆشەر و ڕاپەڕیوی ئێران!
حیزب و رێکخراوە و کەسایەتیە ئازادیخوازەکان!
بەمجۆرە ڕایدەگەیەنین دوو باڵی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی لێک دابڕابووین، دوای ساڵ و نیوێک دیالۆگی هاوڕێیانە و چڕوپڕی نێوانمان لە ئاستی جۆراوجۆری حیزبیدا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢ی زایینی پڕۆسەی یەکگرتنەوەمان گەیاندە ئەنجام. لەمڕۆ بەولاوە وەک یەک حیزب و لە ژێر ناوی پێشوو و مێژوویی کۆمەڵە (کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران) دا کار و چالاکی دەکەین. 
   هەموومان دەزانین کە جیایی زیانی پێگەیاندین و خەسارەکانی دەناسین. بە خۆشییەوە جیاوازیی سیاسی و ڕوانگە، هۆکاری سەرەکی دابڕانەکە نەبوو، دابڕان لە خەت وگوتاری سیاسی کۆمەڵە قەت نەبوو بە کەلێن لە نێوانماندا و لەو بارەوە لێک دانەبڕاین. بۆیەشە پرسی یەکگرتنەوەی ئەو دوو لایەنە وەک ئەرکێکی هەرە گرینگی سەرشانمان و ئاواتی ڕەوتی بەرینی کۆمەڵە و هۆگرانی ئازادی و ڕزگاری، هەمیشە بە زیندوویی مایەوە.
   سەرفرازین لێرەوە بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردوان، کادر و پێشمەرگەکان، تێکۆشەرانی نهێنی شار و دێ، زیندانیانی سیاسی، کەم ئەندامانی سەنگەر، هاوڕێیانی دێرین، دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان دڵنیا بکەینەوە کە کۆمەڵەکەیان یەکگرتووتر و بە گوڕ و تەوژمێکی نوێوە بۆ ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵە تێدەکۆشێ. پێویستە بڵێین هەموو ئەوانەی لەو ڕەوتەدا کار و چالاکییان کردووە، ڕەنجیان کێشاوە و خەساریان بینیوە، چ ئەوڕۆ لە کار و چالاکی ڕێکخراوەییدا ببن یا نەبن، ڕێزیان لێدەگیرێ و بە پاڵپشت و هاوڕێ ئەژمار دەکرێن و دەستی هاوخەباتی و هاوڕێیەتییان بۆ درێژ دەکەین.
  کیژان و کوڕان، نەوەی نوێ و پێشکەوتنخوازی کوردستان!
 کۆمەڵە ئێوە بە کۆڵەکەی قایم و بناوانی خۆی دەناسێ و پشت ئەستورە بە کۆڵنەدان و خۆڕاگریتان، بە یەکگرتنەوەمان مەیدانێکی بەرینتر بۆ وەگەڕخستنی توانا و لێهاتوویی دەکەینەوە و ئێوە دەتوانن ڕۆلی گەورەی تێدا بگێڕن و تینێکی زۆرتر بدەن بە خەباتمان. کۆمەڵە ئاڵا هەڵگری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و ڕەوتی نوێگەرا و پێشکەوتنخواز بووە و دەبێ، هەڵگری مەشخەڵی شۆڕشگێڕانە دەبێ و خۆی لەگەڵ نەوەی نوێ و خەون و هیواکانی دواڕۆژیان بۆ کوردستان، نوێ و یەکگرتوو دەکاتەوە.
ئێمە خەباتکار و هەوێنی پاراستنی یەکریزی و یەکگرتوویی نیشتمانیی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، تا پێکهێنانی بەرەیەکی نەتەوەیی هاوبەش لەگەل دیکەی حیزب و لایەنەکان دەبین. ئەزموونی کاری هاوبەشمان لە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران پاڵنەرمان بووە و دەبێ بۆ پتەو کردنی ناوەند وەک چەترێکی گشتگیر.  تێدەکۆشین بە یەکگرتوویی نیشتمانیی بەرین لە کوردستاندا سەرنجی بیروڕای گشتی گەلانی ئێران و جیهان بۆ دۆزی کورد ڕابکێشین. بزوتنەوەی کوردستان دژ بە تیرۆر و زۆرداری، دژ بە سیاسەتی سەرکوتکاری و ئاژاوەگێڕانەی کۆماری ئیسلامییە و خوازیاری پلۆڕالیسم، دێمۆکراسی و پێکەوە ژیانی سەردەمیانەی گەلانی ئێرانە. ئەو دەرفەتە مێژووییەی بۆ خەباتی خەڵکی کوردستانی ئێران خوڵقاوە بە هەموو توانی خۆمان کەڵکی لێوەردەگرین بۆ ڕزگاری و بەختەوەری زۆرتری گەلی کوردستان
  لە هەلومەرجی هەستیار و ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئەوڕۆی  کوردستان و ئێراندا.
 کۆمەڵە خوازیاری پێوەندیی پتەوە لەگەڵ هەموو ڕەوتی دێمۆکرات و پێشکەوتنخواز و هەموو ئۆپۆزیسیۆنی سێکۆلاری ئێران. ئێمە هاوکات لەگەڵ دیفاع لە بەرژەوەندیی باڵا و داخوازیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و پتەوکردنی یەکێتی ئەوڕۆی حیزبە سیاسییەکان، پێمانوایە کوردستان دەتوانێ و بۆی هەیە دەوری کاریگەری هەبێ لە داڕشتنەوەی قەوارەی سیاسی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و شۆڕشی ژینا(مەهسا) دەریخست بزووتنەوەی کوردستان پێشەنگی یەکسانیی ڕەگەزی، دێمۆکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سێکۆلاریسم و ئازادی سیاسییە. کۆمەڵە خۆی بە بەختەوەر دەزانێ کە لە دەیان ساڵ خەباتی سەربەرزانەیدا بۆ پێکهاتنی ئەو بەستێنە کۆمەڵایەتی و پێشەنگایەتییەی ئەوڕۆی کوردستان، دەوری چالاکی هەبووە. بۆیە ئەو پێشەنگایەتی و ئەو رێبازە کە خۆی لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دا دەبینێتەوە، وەک گلێنەی چاو دەپارێزین.
یەکگرتنەوە دەکەینە دەرفەتێک بۆ زۆرتر کردنی دۆزی خەباتکارانە لە ناو کۆمەڵەدا. دڵنیاین تێکۆشەران و کادر و ئەندامانی کۆمەڵە لە جەرگەی خەباتی مەدەنی و ڕێکخستنی نهێنی، لە ریزی پێشمەرگایەتی و هێزی نیزامی، لە تێکۆشانی دیاسپۆڕا و تاراوگە دا، پارێزەری بە ئەزمون و چاونەترسی ڕێبازی کۆڵنەدان تا سەرکەوتن دەبن و بە لێوەشاوەیی ئەرکە قورسەکانی سەر ڕێیان ڕادەپەڕێنن و وەڵامی شیاوی کۆمەڵە بە بانگەوازی "گەل چاوەڕێی هیمەتی ئێوەیە” دەدەنەوە. 
  پێویستە سپاسی هەوڵ و تێکۆشانی ئەندامانی کومیتەی ناوەندی، کادرەکان، ئەندامان، پێشمەرگە و دۆستانێک بکەین کە لە پڕۆسەی یەکگرتن دا ماندوو بوون و بەرپرسانە ئەرکەکانیان ڕاپەڕاند و بە زەحمەت و بەشداریی چالاکانە بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە لە هەموو بوارەکاندا هاندەر و هاوکار بوون.   
   سەرکەوتوو بێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان
   بژی کۆمەڵە
بژی ئازادی و دادپەروەری
کومیتەی هاوبەش بۆ یەکگرتنەوەی کۆمەڵە
٦ی سەرماوەزی ١٤٠١
٢٧ی نوامبری ٢٠٢٢ زایینی

12:45 - 22/2/2023 نوێ کراوەتەوە