وتار

کوشتنی ژنان لە ژیڕ ناویی ناموس

07:35 - 11/9/2021

تاوانی کوشتنی ژنان بە بیانووی ناموس پەرستی بە قیزەوەنترین جۆری تاوان ھەژمار دەکرێت لە جیھاندا، هۆکاری ئەم جۆرە تاوانە لە ئەنجامی ئەو کەمو کوریانەیە کە لە ناو سەنتەری ھێزی کۆمەڵگا و ڕادەی ڕۆشنبیری تاكەکانییەوە سەرچاوە دەگرێ ئەمەش بە زۆری لە ناو کۆمەڵگا تەقلیدی و دواکەتوەکاندا دەبینرێت کە ژن تیادا بە پلە دوو ھەژمار دەکرێت.

کوشتنی ژنان بەم چەشنە تەنھا تاوانێک نییە دژی ژنێک بەڵکو تاوانە دژی تەواوی مرۆڤایەتی بە گشتی و نەوەی داھاتووش بە تایبەتی، بە وەی فشاری دەروونی و ترس و دڵەڕاوکێ لە سەر خێزان بە جێدەھێڵێت، وەک پایەیەکی کۆنکریتی دژی پێشکەوتن و گەشەسەندی کۆمەڵگاش دەوەستێت.
کوشتنی ژنان لە سەر ئەو سەرپێچیانەی کە لە ناو کۆمەڵگادا لێی قەدەغەکراوە، بە یەکێک لە شێوازەکانی جیاوازی و ئەتک کردنی مافی مرۆڤ دژی ژن دادەنرێت، ئەم گرفتە لە تەواوی جیھاندا بوونی ھەیە بە تایبەتی لە لە ناو کۆمەڵگاکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست زیاترە، کۆمەڵگا عەرەبییەکان و کۆمەڵگای کوردیش بێبەش نییە لەم دیاردەیە، کە دەرھاویشتەی گرفتە کۆمەڵایەتی و دەروونی و ژینگەیی و ئاینی و ئابوری و پەروەردەیی و ڕۆشنبیرییە.
ئەمڕۆ سەرەڕای هەمو پێشكەوتنێكی جیهانی لە بوارەكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری و مرۆیی ژن کوشتن بوەتە باسێکی سەرەكی میدیاكان و توندوتیژی دژی ژنان پەتایەكی ماڵوێرانكەرە كە جیهان و بەتایبەت کوردستانی سەرقاڵی خۆی كردوە.
دوای كوژرانی هەر ژنێك چالاكانی سۆشیال میدیا پڕ دەكەن لە دروشمی بەرگری لە مافەكانی ژن بەڵام دوای چەند رۆژێك بێدەنگی لێ دەکرێت و هیچ رێكخراوێك نایەنە سەر شەقام. 
پێویستە بڵێن كە توندوتیژی دژی ژنان توندوتیژیە دژی هەموو مرۆڤایەتی و بە تایبەتی نەوەكانی دواڕۆژ كە توندوتیژی لە ناخیاندا رۆژ بە رۆژ گەشە دەکات و بەرهەم دێت. 
لە گەڵ قووڵتر بوونەوە و خراپتر بوونی دۆخی کۆمەڵایەتی و گەشەی لە رادەبەدەری هەژاری لە ئێران، بەربڵاو بوونی گیرۆدە بوون بە ماددە هۆشبەرەکان و لە باروودۆخێک دا کە قەیرانی کارەساتباری کۆڕۆنا دۆخەکەی ناهەموارتر کردووە، ئاماری جنایەتە ترسێنەرە نامووسییەکانیش روو لە هەڵکشان بووە. ئەم دیاردەیە ئەگەر چی پێشینەی دوور و درێژی هەیە بەڵام لە لایەن کومەڵگای ئیسلامییەوە بەرنامەیەکی مەبەستدارە.
لە مانگی جۆزەردانوو خەرمانیی ساڵی 1400ی هەتاوی" بە پێ ڕاپورتەکان  30 لە سەدی تیکڕای قەتڵەکان لە ئێران وکوردستان لە پەیوەند لە گەڵ قەتڵە نامووسییەکانی ژنان و کچان بووە.
کۆمەڵگای کوردستان پێویستی بە کۆدەنگییەوە دژی ئەم دیاردە قێزەونە بوەستنەوەو نیشانی بدەن ئەم عەقڵییەتە دواکەوتوانە لەگەڵ کۆمەڵگای ئەمڕۆدا ناگونجێت. 
تاکە رێگایەک کە لە بەردەستە بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە کۆمەڵگادا فشار خستنە سەر دەسەڵاتە بەمەبەستی گۆڕینی یاسا نایەکسانەکان کە بەربەستە لە بەردەم هەموو گۆڕانکاری و پێشچونەکانی ژنان.