راگەیاندن

راگەیاندنی کومیتەی دەرەوەی وڵات بە بۆنەی ماڵاوایی هاوڕێ ماجید ئیلاهی پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە

11:29 - 29/11/2022

راگەیاندنی کومیتەی دەرەوەی وڵات بە بۆنەی ماڵاوایی هاوڕێ ماجید ئیلاهی پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە

بەداخەوە ئاگادار کراینەوە رۆژی یەکشەممە ٦ی سەرماوەز - ٢٧ی نوامبری ٢٠٢٢ هاوڕێ ماجید ئیلاهی پێشمەرگەی دێرین و خۆشەویستی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە و ناوچەی بانە بە هۆی نەخۆشینەوە لە ستۆکهۆڵم ماڵاوایی لە ژیان کردووە.


هاوڕێ ماجید ئیلاهی لە تەمەنی لاویدا لە ساڵەکانی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە بانە هاتە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵەوە. ئازایەتی و نەسرەوتن و دڵسۆزییەکانی زۆر زوو هاوڕێ ماجیدی کردە خۆشەویستی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە و خەڵکی زەحمەتکێشی بانە و ناوچەکانی دەروبەر.
هاوڕێ ماجید پاش ئەوەی لە کوردستان و ناو هێزی پێشمەرگەوە بەرەو هەندەران رۆی لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بوو. بەڵام لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا دەستی لە تێکۆشان و خەباتی سیاسی هەڵنەگرت و دڵی بۆ ئازادی کوردستان و رزگاری گەلەکەی لێیدەدا. پاش ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشین، بەداخەوە رۆژی یەکشەممە ٢٧ی نوامبر دڵە گەورەکەی هاوڕێ ماجید لە لێدان کەوت و چاوانی چاوەڕوانی بە کوردستانی ئازاد نەکەوت.
لەلایەن کومیتەی دەرەوەی وڵات و ئەندامانی کۆمەڵەوە سەرەخۆشی گەرمی خۆمان پێشکەش بە فەرانەک خانمی هاوسەری و منداڵەکانی لونا و باشوان و سەرجەم بنەماڵەی بەڕێزی کاک ماجید لە بانە و هاوڕێ و دۆستانی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.
یادی ئازیزی بەرز و بەڕێز بێ.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کومیتەی دەرەوەی وڵات
٢٨ی نوامبری ٢٠٢٢