بیرەوەری

تو گۆڕی کاک شوان بە فیشەکێ بمکوژەو بڕۆ! ( بەشی دووهەم و کۆتایی)

01:23 - 4/7/2021

تو گۆڕی کاک شوان بە فیشەکێ بمکوژەو بڕۆ! ( بەشی دووهەم و کۆتایی)

ماجد ئیلاهی

درێژەی بەشی یەکەم لە بیرەوەری شەرێکی قارەمانانە لە ناوچەی بانە و بریندار بوونی هاورێی ماجید ئیلاهی


لەگەل تەقەی هاورێیان دوژمن بە هەمو چەکێکی سوکو قورس وەک تۆپو خومپارە و دۆشکە وکالیبر پەنجا ئێمەی ئاگرباران کرد کە داروبەردی کردبوە ئاگر و تەپوتوز کە بەداخەوە هیچ ئیرتبات و پەیوەندی نەما لە نێوانماندا تەنیا من خۆم دەدیت و ماجید چەند میترک دورتر لە خۆمەوە کە تەقمان لە ناو تەپوتوز و توپ باراندا لە پاسدارەکان دەکرد کە لە پایەگاکەوە هاتنە دەرێ رو بە لای ئێمە و هاورێیانی دیکەمان
ئێمە تەقەی دیکەمان لە لای هاورێیانی دیکەوە نەدەهاتە گوێچکە و کەسمان لە دەوروبەری خۆمان لە هاورێیان نەدەدیت وتەنیا هێزی دوژمن کە تەقیان دەکرد، ئاگری دوژمن هیچ مەجالی نەدەدا، لە ناکاو گوێم لە نالەی ماجید بو کە لە ناو توپباران و ئاگری بێ ئەمانی دوژمندا بانگی دەکرد و دەیگوت هاورێیان من بریندار بوم، منیش تەقە لە دوژمن دەکەم و دەمگوت رەنگە هاورێیان هاوکاری ماجید بکەن و منیش تەقە دەکەم تاکو ماجید بە برینداری راگوێزن بو پشتی جبهە و لای هاورێیانی پزشکی بەڵام وادیاربو هەر من و ماجید ماوین و تەقە دەکەین. هاورێیانی دیکەمان گۆیا بە فەرمانی فەرماندەی ئەسلی کە دەبینیت ئاگری توپخانە و دۆشکە و هێزێکی زۆری دوژمن بە سەریاندا زاڵە و بۆ بەرگری کردن لە تەلەفاتی گیانی دەستوری پاشەکشە دەدات کە من هیچم گوێ لێ نەبو و وەکو سەربازەکەی کە شەری جەهانی تەواو ببو بەڵام بە تەنیا هەر لە سەنگەرەکەیدا مابو و چاوەرێی بریاری فەرماندە کەیەتی و منیش وەک حەمەتالی بانە تەقە لە پایەگا و پاسدارەکان دەکەم کە لە روبەروم دێن. کاتێ چاوم گێرا دیم تەنیام و تیوتایەک کە دۆشکەیەکی لەسەرە هاتوتە روبەروم، خومپارەیەک ١٥٠ میتریک لە خوارەوم تەقیەوە دەقەیەک کەمتر پاش خومپارەکە کە دونیای کردبو بە دوکەڵ و تەپوتۆز دەنگێک هاتە گوێم کە هاواری دەکرد و گوتی بریندارم، ئەو جار زانیم هاورێیکانم ماون و لە ناو تەمومژ وگولەبارانی دوژمندا روشتم بەرەو دەنگەکە و کەسم نەدەدیت، لە ئەوە ئاگربارانە هەستیکی گەلێک ناخۆشم بە مێشک و جەستەمدا دەهات و دەمگوت باشە ئەوە کێ بو هاواری کرد وتی بریندارم ئەی بو نایبینم، رۆژ بو، رەنگە سەعات دە یان نۆی بەیانی دەبو بەڵام ئاگری تورە و وەک ماری برینداری دوژمن لە دوای زەربەیەک کە خواردبوی رۆژی لەگەل تەمومژ کردبو بە شەو، چەند میترێک گەرامەوە کە هەر دەمگوت رەنگە هاورێکانم بدۆزمەوە کە لە ناکاو دەنگێکی بێ هێز وتی رئوف بریندارم، کە دیتم ماجید خوێنکی زۆری لێرژاوە و هەمو لیباسەکانی خەلتانی خوێنە و تفەنگە پێنج تیرەکەی چەند میتریک لە خۆیەوە دورە، نەمپرسی بۆچی تفەنگەکەت لە خۆتەوە دورە، زۆر زو زانیم لە کاتی تەقینەوەی خومپارەکە بریندار بوە وتفەنگەکەی لە دەستیدا پەریوە و زۆری هەوڵداوە بە خشکەخشک بروات بۆ لای تفەنگەکەی بەڵام لاقی خراپ شکاوە و لە دوای نەهاتوە. لە چاوتروکانێکدا هەزاران شت بە هەست و میشکمدا هاتو رۆشت، زۆر دڵم پڕ بو لە ئازار و زۆر نگەرانی ماجید بوم، گریان و فرمێسک گەرومی گرتبو بەڵام خۆم راگرت و زۆرزو جامانەکەم لە ملم کردەوە و ویستم بەری خوین رێزیەکەی بگرم، کاتێک ویستم لاقی بەرزبکەمەوە خڕەخری ئێسقانی لاقی دەهات و لاقی وەک دارێکی وشک شکابو، بە جامانەکەم بەستم بەڵام خوێن هەر دەهات و لیباسەکانی منیش بە خوێنی ماجید سور و تەروتلیس بون، کات دەروا ئیمە لە تیرڕەسی راستەوخۆی پاسدارەکان دەرچوبوین، بەڵام ئاگربارانی دەوەرەکە بە توندی بەردەوامە، وتم ماجید گیان دەزانم ئازارت گەلێک زۆرە بەڵام من لە کۆلت دەکەم تاکو ئەو ماڵە کە رەنگە هەر سێسەت ٣٠٠ میتر دوربێت و لەوێوە بە وەڵاخی ئەو ماڵە دەتبەم بو لای هاورێیان کە رەنگە لە گەورەدار بن. ماجیدم دا بە سەر پشتمدا بەڵام لاقە شکاوەکەی خڕەخری دەهات و زوزو لە بەردودار دەگیرا و من دەترسام لاقی لێک بێتەوە و ئەوجار ناتوانم تا ماڵەکە(کۆخ) بیبەم، ماجید هیچ هاواری ئازاری نەدەکرد هەرچەندە بێ ئەندازە ئازاری هەبو. من بریاری خۆم دابو کە دەبێ ماجید هەرچی زوتر دەبێ بیگەینمە لای هاورێیانی پزشکی، ئەوە ئیمە بێخەبەرین کە هاورێیان پیانوایە ئیمە یان کوژراوین یان بەدیلی کەوتوینە دەست دوژمن. بەڵام ئێستاش لە مقاومەت و خۆراگری ماجید بەو ئازارەوە ماتوموتەحەیەر ماوم، لە ناکاو تیوتایەک بە دۆشکەوە لە پشت سەرمانەوە لەگەل هەندیک پیادە پەیدابون و وتم ماجید گیان زۆرمان نەماوە بگەینە لای ئەو ماڵە، دۆشکە کەوتە گولە بارانی دەوروبەرمان و من بە تەواوی بێ هێز و توانا ببوم، ماجید کاتێک وەزعەکەی دەدیت وتی " تو گۆری کاک شوان فیشەکێکم پێوە بنێ و بمکوژە با بە زیندوئی نەکەومە دەست دوژمن و تۆش با نەکوژری" و ئەمەی چەند جارێک وتەوە، هەرچەندە جەرگم ئازاری دەکرد بۆ ماجید کە وای دەگوت بەڵام هێنام تا لای ماڵەکە و برێک هێزم هاتە بەرو دڵم خۆش بو تا رادەیەک، هەرچەند خوێن و ئازاری ماجیدم هەست پێدەکرد جەرگم ژانی دەکرد . لە دەرگای ماڵەکەم دا و پیاوی ساحێب ماڵ چاوی بە وەزعی من کەوت و ماجیدی دیت لاقی بریندارە و لە خوێنی خۆیدا تلیساوە، وتی کاکە گیان ئەو گوێدریژەم هەیە بیبە و ئەو پێشمەرگە بریندارەی سوار بکە و لە گەورەدار لە ماڵی فلانە کەس بۆم دانێ و بلێ ئەم کەرە هی ماڵی فلانە کەسە. کابرا یارمەتی کردم تا ماجیدمان خستە سەر پشتی کەرەکە و کاتێک گۆی لە خڕەخری ئێسقانە شکاوەکانی لاقی ماجید بو وتی باشە چۆن ماوە و تو چۆن هێناوتەتە دواوە لە ژیر ئەو ئاگربارانەدا، کاتێک هاورێیان منیان دیت و ماجید بە سەر پشتی کەرە رەشەوە ئەوکات زانیان ئیمە ماوین، و زو هاورێیانی پزیشکی کەوتنە دەرمان کردنی جەستەو لاقی بێ رۆحی ماجید.  منو ماجید پاش نزیک سالێک دواتر یەکترمان دیتەوە، ماجیدیان بە هۆی قورسی برینەکانیەوە بەرەو بیمارستانی مەرکەزی جێگیر لە خاکی خوشەویستی باشوری کوردوستان بەرێ کردو منیش لەگەڵ هاورێیانی دیکەی پێشمەرگەم لە ناوچەی خۆشەویستی بانە ماینەوە .
خوشحالم کە ئیستا ماجید وەک هاورێیەکی زۆر خۆشەویستم بە لاقێکی شەلیشەوە لەگەڵ مالومنداڵە خۆشەویستەکەی لە ژیاندایە و ئێستاش بو هاورێکانی بەخەم و دڵسوزە. ئارەزوی سەلامەتی و سەرکەوتنت 
ئاواتمە لەگەڵ مالو مندالی بەرێز و خۆشەویستت

نەسرەوتن تا سەرکەوتن
رئوف بانە ٢٠٢١/٠٦/١١

ئەمەی خوارەوە کە دەیخوێننەوە کاک ماجیدی برینداری خۆشەویست نوسیویەتی :
رۆژی حەوتی ئابان سەعاتی سێ و نیوی شەو لە ئاوایی گەورەدارەوە بە رەو جادەی بڵەەسەن وەرێ کەوتین، لە نزیک بەردە بوک هەر واحدێک بەرو شوێنی دیاریکراو بە رێگا کەوتن، ئێمە کە واحدی پشتیوان بوین لە سەر تەپولکێک بەرانبەر پایەگای بەردە بوک دامەزرایان ،
بڵام هەوای ئەو رۆژە زۆر تەمو مژ بو و زۆر بە زحمەت پایگامان دەبینی
من و هاورێ حوسەین کارمان تەقە کردن لە رێگای پایگا بو.
شەڕ دەستی پێ کرد، ئێمەیش لە سەر ئەو بریارە کە وا پێمان سپێردرا بو خەریکی تەق کەردن لە پایگا بوین.
دوای چەند دقیقە دراینە بەر تۆپو خومپارە، هێشتا فەرمانی پاشەکەشێ نەداربو کە وەک ئەوەی بە چەند کەس منیان بەرەو ئاسمان فرە دا وەختێ چاوم کەردەوە هەر لە حوا بوم، تا درام بە عەرزدا ئێحساسم 
دەکەرد لاقم پەریوە، چون هەر چی دەستم بۆی دەبرد ئێحساسم نەدەکەرد لاقم بە بەدەنمەوە مابێت. دونیا تەمومژە و تۆپ باران و خومپارەبارانی دەورەکە و ئاگر و گولە بارانی دۆشکەو قەناسەی دوژمن لەسەرمان مەودای هیچی نەدەدام. 
هەر چی چاوم دەگیڕا کەسم ندی، لە پڕ دیم یەک نەفەر جامانە لە مل دەرکەوت، دیم رەئوفە و بانگی کردم زو هات بە دەمەوە، وتم بریندارم، دیاربو رەئوف زۆر توڕە و نارەحەت و نیگەرانی منە، زو بە جامانەکەی لاقمی بەست بەڵام بێ فایدە بو، خوێن نەدەوستا.
لەو گیر وداردا بوین چاوم کەوت بە تویوتایەک کە دۆشکەی لەسەر بو وتەقەی دەکەرد، بەڵام دیار بو ئێمەی نەدی بو. رەئوف کۆڵی کەردم و دوای چەند میتر چون لاقم لە چیلکە و بەرد گیری دەکەرد زوری ئەزیەت دەدام و ئێش و ئازارێکی زۆرم هەبو داوام لە رەئوف کرد دامنێ با بو خۆم بە سینە خێز برۆم بەڵام ئەوەیش بێ فایدە بو، من پێم وا بو کە ئەو ماشینە ئێمەی دیوە چون زۆر نزیک بو لێمان،
داوام لە رەئوف کرد کە گولەیەک بە منەوە بەنێ بو ئەوە هەم من نەکەومە دەست دوژمن بە زیندویی هەم با رەئوفیش هیچی لێ نەیت، زوزو سوێندم دەدا بە گۆری کاک شوان و کاک فواد، 
بەڵام رەئوفی ئازیز و خۆشەویست کوڵی ندا و منی بە کوڵ کە هەمو گیانی شەلتانی خوێن بو منی تا کوخێک لەو نزیکانە برد، زو داوای لە پیاوێک کرد کە ولاغێک بێنێت کە منی پێ دوور خاتەوە. خولاسە کەرێکی چکۆلەی رەشی هێنا و منی خەستە سەر پشتی کەرەکە بە هاوکاری خاوەن کەرەکە، من وا باوەشم بە ملی کەرەدا کردبو دەدکووت باوەشم بە ملی ..... کەردوە!
هەر چەند چوار دهە لە تەمەنم لە ‌دور وڵاتم،  دورم لە هەمو کەس و ئازیزانم، بەڵام باور کەن قەت ئێحساس و هەستم بە بێ کەسی و تەنهایم نەکردوە.
ژیانم مەدیونی کۆمەڵە و رەئوفە چکۆلە کە لەو روژەدا بە تەنیا لە ژێر ئاگری تۆپو خومپارەی قورسی دوژمندا منی دا بە کوڵیدا و گەیاندمیە لای هاورێیانی پزیشکی.
هەر بمێنی بۆمان رەئوف گیان  ........

هاورێیان ماجید ئیلاهی

01:26 - 4/7/2021 نوێ کراوەتەوە