بیرەوەری

کۆمەڵە بیرەوەریەک لە دەورانی پێشمەرگایەتی لە شیمالی کوردستان، شەڕی نێوان کورەی سەرێ و خوارێ بەشی چوارەم

08:42 - 11/4/2021

کۆمەڵە بیرەوەریەک لە دەورانی پێشمەرگایەتی لە شیمالی کوردستان، شەڕی نێوان کورەی سەرێ و خوارێ بەشی چوارەم

بەھار وەرزی ژیانەوەی سروشتە. ژیانەوەی ھەموو گژو گیایەک، سەردەمی ژیانەوەی ھەموو زیندەوەر و جوانیانەیە کە سەرمای زستان کەسیرەی کردوون و بۆ زیندوومانەوە لە ژێر هەرد و لەسەر زەوی خۆیان حەشار داوە تاکو جاڕێکی دیکە بۆ ژیان تێهەڵچنەوە.

فەسڵی رزگاری لە تاریکیە بەهار. لەم وەرزەدا لە کێو و دەشتی کوردستان ڕێواس، کارگ، کوڕادە، لووشە، گێلاخە، مەندۆک، بیزا و کەنگەر و دەیان جۆر روەک و گیای خواردن سفرەی سروشت دەڕازێننەوە و ئینسانەکان و ئاژەڵەکان دەبووژێننەوە. لە بەھاری ئەو کاتانە دا شوان و پێشمەرگە پێش لە ھەموو کەس دەگەیشتنە سەر لووتکەی ئەو چیاوکەژانە کە پڕ بوو لە نیعەمەتی ئەو تەبیعەتە
شوان مەڕەکەی(حەیوانەکانی) دەگەیاندە سازگارترین کوێستان و کانیاوەکان بۆ ئەوەی بێری لێی نارازی نەبێ.
پێشمەرگەش شەونەخونی و برسیەتی و سەرماوگەرمای تەحەمول دەکرد و شاخەکانی دەکردە سەنگەر و ناوچە بە ناوچە و کێو بەکێو دەڕۆیی بۆ ئەوەی لەبەرانبەر داگیرکەردا پارێزگاری لە وڵاتەکەی بکا و سەر بەستی بۆ نەتەوەکەی بەدەست بێنێ.
کوردستان لە بەهاراندا یەکێک لە جۆانترین جێگاکانی ئەم جیھانەیە.
بەھاری سالی ١٣٦٢ کۆمەڵە لە شیمالی کوردستان بەرنامەکانی خۆی لە سەر دوو مێحوەر دامەزران. 
یەکەمیان: بەرنامەی کومیتەی دێهاتەکانی(ڕوستایی) لە سەر بەشی تەبلیغی سیاسەتەکانی کۆمەڵە دیاری کرد. قەرەار بوو کە ھاوڕێیانی ئەو بەشە زۆرترین چالاکیان لە گوندەکان ھەبێ.
یەک لەو کاروئەرکە گرینگانەمان چالاک و نەوژەن کردنەوەی شوڕای گوندەکان بوو، بۆ ئەوەی کە بەشی خەزمتگوزاری نێو دێھات ( دروست کردنی توالێت و دسشویی بۆ ژنان و پیاوان، پاک و خاوێنی ناو گوندەکان، ڕێنمایی پزیشکی بۆ نەخۆشی ژنان و پیاوان و منداڵان ) بە دروستی ئەنجام بدرێ و شۆڕای هەڵبژێردراوی خەڵک بەرپرسایەتی و کاری ئاوەدان کردنەوە وە هاوکات جواب دانەوە بە نیازە تایبەتیەکانی دانیشتوانی گوند و چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتیکان بە شێوەیەکی دێموکراتیک هیدایەت و مودیریەت بکەن. 
دووھەم: تەشکیلاتی ئەو ناوچەی کۆمەڵە ستراتێژی و پلانی نیزامی خۆی لە سەر عەمەلیاتە زەربەتیەکانی لە سەر جادەکان داڕشت. 
ھەموو جادەکانی سەڵماس ورمێ و سێرۆ ورمێ، لە ترسی پێشمەرگە ھەتا سەعات ٨ بەیانی ھیچ ماشێنی ڕژیمی پێدا نەدەھات. 
کۆماری ئیسلامی دەبا لە پێش دا تەئمینی ئەمنیەتی ڕێگاکانی بە دانان ‌هێزی نیزامی(تائەمین) لە سەر بەرزایەکانی دەوری ڕێگا پێش بردبا، جا ئەو کات ھاتوچۆی ڕەسمی دەستی پێ دەکرد.
ھەموو ڕۆژیش سەعات ٥ ئێوارە تەئمینیان کۆ دەکردوە و ئیتر ڕێگا دەبەسترا ھەتا بەیانی ڕۆژی دوایی. 
لە واقعیدا دووژمن ھەر بە ڕۆژ ئەویش چەند سەعات ئەو ڕێگایانەیان بە دەستەوە بوو. 
ئێمەش دەبا بە سەرنج دان بەو تاکتیکە ئەمنیەتی و نیزامیەی دژمن بەرنامەی خۆمان دیاری کردبا. 
سەر لە بەیانیەکی زۆر زوو ئەوڵین چالاکیی نیزامیمان لە سەر جادەی سێرۆ بۆ ورمێ ئەنجام دا. ئێمە پێش لە دانانی تەئمینی ڕیگا خۆمان گەیاندە سەر جادە و لە نیزیک سەنگەرکانی ئەوان کەمین مان دانا. 
کاتژمێر هەشت ونیوی بەیانی ڕژیم وەک ھەموو ڕۆژانی ڕابردوو بە ماشێن تەئمینەکانی لە سەر ڕێگا دوو نەفەر دوو نەفەر دانان. 
ئەو کات ئێمە سەرەڕای تازەکاری ئێمکانی پەیوەندی گرتنمان لە رێگای بێسیمەوە خەراپ نەبوو. تازە سیستمێک بێسیمی اف ام مان بۆ ھاتبوو کە بە ئەندازەی ئەو تەلفونە دەستیانەی ئەوڕۆی بو هەرچەند ئەوان زۆر قورستر بوون.  
 ھەر دەستەیەک بێسیمێکی مەرکەزیمان ھەبوو کە لە گەڵ ھەمو دەستەکان پێوندی بەرەدەوامی ھەبوو. ئەوە بێسیمی فەرماندەھی بوو..
بەشێک لە ھاوڕێیانی ئێمە کە لەو بەری گردەکەی بەینی گۆراناوێ و ئێنچکەسوو دامەزرابوون بە سەر ڕیگەکەدا مەسەیتەر بوون .دەستەیەکی دیکەمان بۆ ئیحتیات لە خوار دەستەی هێرشبەر دانابوو بۆ ئەوە وەختێک لەو بەرەوە ئەو ھاورێیانە ھیرشیان کردە سەریان ئەوان پێشی ھەڵاتنیان بگرن. 
کاتژمێر نیزیک ٨:٤٠ خولەکی بەیانی تەقە دەستی پێکرد و سەربازی فەقیر سەربەرەو ژێر بەرەو پایەگایی ڕوبرویی گوندی ئینچکەسووی ھەڵاتن. لەو کاتە دا دەستەی ئەو بەرەی لای ئێمە ھێرشیان بۆ بردن و تەقە گەرم بوو. لە مۆڵگەی "چەڕە" کە هیدایەتگەر و مەرکەزی ھەموو مۆڵگەکانی ئەو ناوە بوو بە خۆمپارە هێرشی کردە سەرمان، بەڵام بە خۆشیەوە زەرەری گیانی بۆ ئێمە نەبوو.
نازانم چەند نەفر کووژراو برینداریان ھەبوو، بەڵام چۆار سەربازی کزی فەقیر بەدیل گیرابوون. 
ئەو سەردەم رژیم پڕوپاگەندەیەکی زۆریان کردبوو کە کورد بە عام و کۆمەڵەش بە تایبەتی سەری موخالیف و دوژمنیان دەبڕن. شەوورۆژ لە بانگیان دەدا کە ئەگەر ھەر کەس ئەسیری کۆمەڵە بێ گۆشا و گۆش سەڕی دەبڕن. 
وەختێک ھینایانن ھێند ترسابوون ھەر چێ لێ مان دەپرسین زاریان وشک ببوو قسەیان بۆ نەدەکڕا.
ڕژیم لە مۆڵگەی چەڕە ڕا ھێزیکی زۆری نارد بۆ شەڕ لە گەڵ ئێمە. بەڵام نەیان دەوێڕا لە گوندی گۆراناوی بەڕو شوێنی شەڕەکە بێنە پێش .ئێمە دوای شەڕکە چوینەوە گوندی ئاودیلان و لە ماڵان دابەش بووین.
ئێمە ئەو کات بێسیمێکی (پی ئار سی ئەرتەشمان )گرتبوو کە کۆنترۆڵی بێسیمەکانی دەوڵەتمان پێ دەکرد بۆ ئەوەی بزانین ھێزی یارمەتی دەر لە کام لاوە دێت یا کەی و چۆن ھێرش دەکەن. لە بێسیم پی ئار سی کەوە گوێمان لێ بوو مەسئولێکیان گوزارشی دەدا بە فەرماندەکەی دەیکوت کە ھێرشمان کردوە و ٩ زید ئینقلابمان گرتووە. ئێمە نیگەرانی ھاوڕێیانی خۆمان نەبووین، چونکا ھەموو ھاتبونەوە کەسمان لە ویی نەمابو و یان بەدیل نەگیرابوو. بەڵام بۆمان سەیر و پرسیار بوو کە ئەوانە کێن گیراون؟
فەرماندەی مەیدان کە ھەواڵەکەی دەدا جاروبار ئێرتباتیان لە گەڵ پاێگای چەڕە دەبچڕا و گوێیان لە یەکتر نەدەبوو. ئێمە لەو کاتەدا بە بێسمەکەی خۆمان( پی ئار سی) چوینە سەر خەت و لە فەرماندەی مەیدان کە نێوەکەی فێر ببوین لە جەرەیانی ئەم ڕاپۆرت رەد کردنەیدا، پرسیارمان کرد، "کوتت چەند زید ئیقلابت گرتوون؟" کوتی "جەناب سەرۆان ٩ نەفرن."
کوتمان "سیلاحیان پێیە؟"
کوتی "دوو نەفەر پێیانە."
پرسیارمان کرد "ئەدی ٦ نەفەرەکەی دیکە؟"
کوتی "ئەوان چەکیان پی نیە". 
کوتمان "پێت وایە ئەو ٦ نەفەرە زید ئینقلابن؟"
کوتی "نازانم" . کوتمان "دەکرێ یەکیان بێنی بۆ لای بێسیمەکە"؟ 
کوتی "چەشم". نەفەرێکی ھێنا کوتمان لێی بپرسە نێوی چیە و خەڵکێ کویە؟ کابرای فەقێر کە دەستی بە قسان کرد، ناسیمانەوە. ھاوڕێ عبداللە خەڵکی مەنتەقە بوو (ئێستا ماڵی لە سوئیدەو جیرانی خۆمانە) ھەر وەھا دووسێ نەفەری دیکەش لەویی بوون. کوتیان بابە ئەو فەقیرە کارگەرە و خەڵکی گۆران ئاویە. یەکیی دیکەشیان ھینا بۆ لای بێسیمەکە... ھەمویان خەڵکی گۆراناوی بوون و لە مەزاریە لە کاتی کاروکاسبیدا گرتبویانن.
پێمان کووتن "ئەو ٦ نەفەرەی کە چەکیان پێ نەبووە ئازادیان کەن." 
پرسیاری کرد" جەناب سەروان ئەدێ ئەو ٢ موسەلحەکە؟" 
کوتمان" جارێ ئەو ٦ نەفرە ئازادکەن، دوایی لە سەر ئەوانی دیکە قەسە دەکەین".
لەو ماوی گفتوگۆی ئێمەدا لە پایگای چەڕەوە ھەر ھاواریان دەکرد تا قسان بکەن، بەڵام پەویوەندیان بۆ نەدەگیرا، فەرماندەکەی چەڕە دەنگی ئێمەی دەبیست.
شەرایەتەکە بۆ ئەو دوو نەفرە خەتەر بوو و مومکین بوو لە چەڕە را کەس بنێڕن. 
زوو لە گەڵ فەرماندەی مەیدانی پیوندیمان گرت و ھێندێکی لێ توڕە بوین. کوتمان "ئەوە زیدی ئینقلاب خەریکە ھێرشتان دەکاتە سەر. دەبی ھەرچی زووترە خۆتان ڕزگار کەن."
فەرماندەی مەیدان کوتی "جەناب سەروان چی لەو دوو نەفەرەی بەکەین؟" کوتمان" بیان ھێنن لای بێ سیم بزانین ئەوانە کێن؟"
وەختێک ھێنایان پرسیارمان کرد" نیوتان چیە"؟ وەختێک نیوی خۆیان کوت دیار بوو ئەو هەژارانە دوو کەسن خەڵک گوندی حەوت ماڵکان کە گوندێکی زۆر چکۆڵە بوو. بۆ بەد بەختی یەکیان تاپڕێکی پێبوو. ھاوڕێ عەبدوڵا و نیچەڵێک دەیان ناسین زوو کوتیان کە ئەوانە کوڕی کێن و خەزم و کەسیان کێن و قەتیش پێشمەرگە نەبوونە. 
کوتمان بیانھینە سەر بێسیمەکە. بە فارسی لێمان پرسی" نێوت چیە؟" کوتی "تەمۆ" ( تیمور).ھەر بەفارسی پرسیمان" تەمۆ، تۆ کوڕی فڵان کەسی"؟ کوتی "بەڵێ"، ئەمەش بە فارسی بگرمی "کوتمان تەمۆ چطوری خانوادە خوبند؟ ئەویش فەقیرە نەیدزانی بەڵێ چی، ھەر دیکوت "بەلی" .فەرماندکە پرسی" قربان اینھا را می شناسی؟ کوتمان "ئەوانە بۆ خۆمان کار دەکەن. تاپڕەکەی بەدەنەوە و زوو بەڕێیان کەن". ھەر دوکیان بەر دان. بە فەرماندەی مەیدانمان کوت :"خۆتان کۆ کەنەوە و ھەر چی زوتر وەرنەوە بۆ پایگا. 
دوای ٢٠ دەقە کە ئەم هێزەی ئێمە خەڵکەکەمان لێهەستاندبوونەوە بە بێسیم، گەیشتە جێگایەک کە پەیوەندیان لەگەل فەرماندەکەیان لە پایەگای چەڕە گرێدرایەوە و دەستی پێکردەوە. گێویمان لێ بوو فەرماندەکەی لێ توڕە دەبوو دیکووت:" بۆ جوابی پەیوەندی نادەیەوە؟"
فەرماندەی مەیدان دەیکوت" جەناب سەروان، من ھەر لە گەڵ جەنابت لە ئێرتبات دابووم". سەروان پرسی:" ئەو زیدی ئینقلابانتان چیی لێ کرد؟" کوتی "قوربان ئازادمان کردن". توڕە بوو کوتی "بۆ ئازادتان کردن؟" ئەویش دیەکوت "جەناب سەروان ئێمە ھەر چی جەنابت کوتوتە ئەوەمان کردوە". جەنابی سەروان خەریک بوو زۆرتری لێ توڕە دەبوو. لەو کاتەدا ئێمەش چوینە سەر خەت کوتمان" جەناب سەروان بەیات (بەیات فەرماندەی پایەگای چەرە بوو، کە لە شەڕی پێشوتر لەشەڕی ئەشکەوتەکە زستانی ڕابردوو بەردەست نەهات و ھەڵاتبوو، ئێستا بەرپرسی ئەو پایەگایە ناوەندەی بوو)خەتای ئەو فەرماندیە نیە. ئەم جارەیان، لە جێگای جەنابت ئەوە کۆمەڵە بوو کە فەرماندەھی ئەو عەمەلیاتەی دەکرد." دوای بیستنی ئەم قسانە ئیتر ھەر چی بانگمان کرد یەک کەلیمەی قەسە نەکرد و جوابی نەداینەوە. 
پاش نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە لە گەڵ چەند نەفەر لە ھاورێیانی پێشمەرگە دیلەکانمان بەڕێ کردەوە بۆ مەقەری نوردیناوی و بۆ خۆمان بەرەو گوندەکانی قەرەقاج و خەڵیان چووین. دوای ئەو کەمین و پێکدادانەی گۆڕاناوا، رژیم دوو پایەگای دانا. یەک لە نیزیک گوندی کانی سپی، ئەوەی دیکە لە گوندی ئینچکەسوو لە سەر گردەکەی ڕوبەڕووی گوندی. دوای ئەو دوو پاێگایە کاری نیزامی بۆ ئێمە لەو جادەیە ھیندیک سەخت ببووە. چەند ڕۆژ دوای ئەو شەڕە بەرنامەیەکی دیکەمان لە گەڵی زەنگەکان ھەر لە سەر جادەی سێرۆ ورمێ دانا کە ھیندیک لە مۆڵگەکانی دووژمن نەدیوو بوو. 
پێش ئەوەی تەئمینی جادەکان کۆکەنەوە ھیرشمان کردنە سەر، شەڕ دەستی پی کرد. 
دووژمنیش تاکتیکیان گۆریبوو و ئەوانیش بە دزی ئێمە لە بەرزایەکانی زاڵ بە سەر ئەو گەڵیەدا ھێزیان لە کەمیندا دانابوو و خۆیان حاشار دابوو. تەققە زۆر گەرم بوو و نەدەپساوە. ھاوڕێیانی ئێمە لە بێسیم ڕا ئاگاداریان کردینەوە و کوتیان نازانین لە کوێرا تەققەمان لێ دەکەن لە ھەمو لایەکەوە فیشەکمان بە سەردا دەبارێ. 
من و سەید ناسری عەلەوی و چەند پێشمەرگەی دیکە لە بەرزایەکی پشتی رێگاکە مەیدانی شەڕەکەمان دەدیت، بەڵام ھیچ ھێزیەکی دووژمن نە ھاتبوو و نە دیار نەبوو کە تەققەیان لێ بکا. بە دوربین ھەمو ئەو بەرزایانم چاو لێ کرد ھیچ دیار نەبوومن کوتم ئەگەر وایە پاشەکشە بکەن. ھاورێیان جۆابیان داوە کە" تەقە ئەوندە توندە ڕێگای گەرانەومان زۆر زەحمەتە. 
منیش ھەر بە دوربین بە وردی چاوم لە کێوەکەی ئەوبەرێ و مەیدانی شەرە دەکرد، ھیچ دیار نەبوو. بە نیگەرانیەوە ھەر چاوم دەگێرا کە لە ناکاو دیتم لە جێگایەک بە حاڵ نەرمە تۆز ھەڵدەستێ. دیار بوو سەنگەریکیان لە سەر کێووەکە چاک کردبوو، وەختێک تەقیان دەکرد تەپوتۆزێکی کەم بەرز دەبۆوە. سەری سنگەرەکەشیان لە سەر بەرزایکە داپۆشیبوو و ئێمەش نەمان دیبوو. من بە ھاورێیانم کوت لە سەنگەرکانتادا مەجووڵێن لە جێگایەک تەقەتان لێ دەکەن کە لە ئێوە ڕا دیار نین ئێووە نایان بینن بەڵام دووژمن بە سەرتاندا مەسەیتەرە. 
ئێمە ھیندێک چوینە پێشتر لەوێ ڕا تەقەمان لێ کردن ئێتر نەمان ھێشت کە سەر ھەڵێنن. ھاوار ھاواری ئێمە و تەققە بی پسانەوەمان بوو بە ھۆی ئەوە کە لە سنگەرەکە ھاتنە دەرو بەڕۆ پایگاە ھەڵاتن.
بێسیمەکانی ئێمە اف ام بوون، بۆیە لە ھەموو جێیەک پیوەندیان پی نەدەگیرا. 
لەو کاتدا رایەڵمان بۆ ماوەیەک لە گەڵ ھاوڕێیانی مەیدانی شەڕەکە پچڕا، بەڵام ئیدی ئێستا خەتەری ئەو سەنگەرە زاڵەی دژمن لە سەریان تەواو ببوو. هاورێیەکمان نێوی عارف بوو. عارف پێشمەرگەیەکی گەنجی خۆین شیرینی خەڵکی مافەڕان بوو زۆر کوڕی چاک بوو، زۆریش بزۆز بوو. بە بنەماڵە پێشمەرگە و لاێنگری کۆمەڵە بوون. مام خالید بابی عارف ھەیکەلێکی شۆخ و باڵا بەرزی ھەبوو، چاو شین و جۆان چاک کە زۆرتر لە ڕووسی دەچوو ھەتا کورد. ھەتا بەڵی بە غیرەت و دژی زۆڵم و زۆر بوو. ھەر دەستێکی بە قەت کولێرەیەکی گەورە دەبوو، قامکەی دەستی زۆر ئەستور بوون، پێموایە شەپەڵاغەی لە ھەر کەس دابا، ئەگەر نەیکوشتبا، توشی زەربە مێەشکی دەکرد. زەویو زاریان ھەبوو، کاری زەراعەتی زۆر کردبوو دەستی ئەوەندەی دیکە بە تاقەت ببوون. مام خالید کۆمەڵەی یەکجار زۆر خۆشدەویست. وەختێک مەقەڕمان لە مافەڕان بوو زەحمەتێکی زۆرمان لە سەر بنەماڵەیان بوو. مام خالید، کوڕە گەورەکەی یعقوب پێشمەرگەی زۆر جەسووری کۆمەڵە بوو. یەعقووب دەکوت ئاچەر فەرانسەیە. هەم شۆفیری و مکانیکی چاک بوو، شەڕکەرێکی زەبەردەست بوو. لە شەڕێک لە گەڵ ھێزەکانی دژمن لە نیزیک ورمێ بە سەختی بریندار بوو و بدیل گیرابوو و لە زیندا بوو. کوڕە نێونجیەکەی نێوی نەخشین بوو، ئەویش پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو کە بە داخەوە لە حەدودی تورکیە مین لە ژێر پێیدا تەقیەوە و گیانی بەخت کرد. 
عارف کە کوڕی سێھەمی بوو لەو شەڕەی زەنگەکان لە گەمارۆکەدا بوو. وەختیک پەیوەندیمان لە گەڵ ھاوڕێیان بڕا زۆر نیگەران بووین. لەو ئەسنایەدا عارف وەدەر کەوت بەرەو ئێمە دەھاتەوە. تەفنگە ژی٣ کەی سەروبن لە شانی کردبوو و ھەر دوک دەستی بە سینگیەوە گرتبوو.
منیش ھاوارم کرد کوتم:"عارف چ خەبەرە؟" بە سەر جۆابی دامەوە دیار بوو شتێک بووە. 
پرسیم" برینداری"؟ ھەر بە سەر گەیاندی، بەڵێ.
پرسیم" کەسی دیکە بریندارە ؟" دیسان بە سەر حاڵی کردم نا. 
کوتم "خۆ کەس شەھید نەبووە"؟ دیسان بە سەر جوابیداوە نا. 
ھەڵاتم بۆ لای کوتم دیارە بڕینەکەی سەختە، بۆیە ناتۆانی قەسان بکا، زوو تەفنگەکەم لێ ورگرت کوتم کویت بریندارە؟ فیشەکێک وەبەر دەستی کەوتبوو، بەڵام زۆر خەتەر نەبوو. زوو چاوم لە سینگی و پشتی کرد بە خۆشیەوە ھیچ خۆینی پێوە نەبوو. پرسیم" کوێی دیکەت بریندارە" دیسان بە سەر وەڵامی دامەوە" ھیچ کوویی". زوو دەستیمان بە جامانێک بەست و ئارام بووە.
ھێندێکمان ئاو دایە و کوتم" باشە عارف ئەتۆی وا بزۆز، وەختی دی بە چوران دەرقەتت ناێن، خۆ ھەر دەستت بریندار بوە، ئەدی زمانت بۆ ناگەڕێ؟ دوای ئەوە دەستمان کرد بە پێکەنین. ئێستاش دوای ٣٧ ساڵ ھەر کات لە گەڵ عارف قەسە دەکەین یادێک لەو ڕۆژە دەکەین. دیارە دوای ماوەیەک بە خۆشیەوە دەستی چاک بۆوە. ھاورێیانیش ھەمویان ھاتنەوە، بە خۆشیەوە ھیچیان بە سەر نەھاتبوو.
سەربازێکیان بە دیل گرتبوو. ئەویش بە بانگ و سەڵا دەگریا و دەیکوت" چاو لە تەفەنگەکەم کەن یەک گوللەم نەتەقاندوە، ھەر یەک ھەفتەم خەزمت ماوە، ئەو وەزعم بە سەر ھاتووە. ژن و منداڵم ھەیە ئازادم کەن. "
لە گەڵ ھاوڕێ سەید ناسر عەلەوی زۆرمان زک پێ سووتا. کوتمان تفەنگەکەت نادینەوە، بەڵام ئازادت دەکەین. ھیندیک فکری کردوە کوتی باشە، بە ھەمان دۆڵی دا کە ھێنابویان گەڕاوە، ئیتر نەمان زانی لەویی چیی بە سەر ھاتەوە. 
دوای ئەو شەرە شەو چووینەوە زەنگەکان ڕۆژی دوایی چوینەوە مەقەڕی نوردیناوای. یەک دوو ڕۆژ لە وێ بووین ونەختێک ئیسراحەتمان کرد. حەمامو شتیی وا نەبوو خۆێ لێ بشۆین . ھیندیکمان تایت و سابوون ھەڵگرت و چووین لە چۆمەکەی خۆارەوی نوردیناوی لە پێش دا جلەکانمان شوشت. ھەوا گەرم بوو ھەتا ھیندیک مەلەمان کرد جلەکان ئیشک بوونەوە و دەبەرمان کردنەوە. پێش لە بەر کردنەوەی جلکەکان، دەرمانێک ھەبوو سپرێ بوو، نێووی بایگوون بوو، لە بەر ئەوەی ئەسپێ و ڕشک نەگرین لەو بایگۆنەمان لە جلەکان دەدا. دەبا زۆر ئەندازەت لێ دابا ، دەنا جاری وابوو ئەگر زۆرت لە جلەکاندابا حەتمەن مسمووم دەبووی. ئەو ھەموو کوڕە گەنجە کە دەستیان لە ھەمو ژیان و خۆشیان ھەڵگرتبوو و ببوون بە پێشمەرگە، کە مومکین بوو و دەشیان زانی لە یەک لەو شەڕانەدا خەتەری گیانبختکردنیان ھەیە. بەو ھەمو بێ ئێمکاناتی و بی نانی و بێ بەرگیەی کە لەو شاخ و داخە لە گەڵی دەرگیر بوون ، ئەگەر ئێمانی قایمیان بە رزگاری لە ژێر دەستی و هەژاری نەبا و ئاواتی سەربەستی وڵات و ئازادی ئینسان مەلەکەی زەینیان نەبا، ئەو شێوە ژیانە بۆ ھیچ کەس جێگای تەحەمول نەبوو.
دوو یا سێ ڕۆژ دوایە پەلەکانمان بۆ جەولە و ھیندیک یارمەتی دانی ھاورێیانی کۆمیتە بەخش بەرەو ئەزەل بەڕێ کردن. من لە گەڵ ھاورێیانی کۆمیتەی ناوچە و دەستەیەک لە نوریناوی مابوومەوە . ئەو کات خەریکی دانانی گەڵاڵەی گرتنی مۆڵگەی "کانی سپی" لە سەر جادەی سێرۆ- ورمێ بووم. من پێم وابوو ئەو مۆڵگەیە حەڵقەی زەعیفی دووژمنە ئەگر بیگرین ئاڵوگۆڕ بە قازانجی ئێمە پێک دێ.
ئەو کات بۆ ئەوەی مۆڵگەیەکی دژمن بگری دەبا بە ناوەندی کۆمەڵەت ڕاگەیاندبا کە ڕەزایەتی لە سەر بدەن. 
منیش گوتم با لە پێشدا شناسایی وهەڵسەنگاندنی  تەرحەکە و مۆڵگەکە تەواو بێ، جا ئاگاداریان دەکەینەوە. 
شەوێک لە گەل دەستەیەک لە ھاورێیان چووینە شوناسایی وھەتا نیزیک مۆڵگەی کانی سپی چووین، ڕۆژی دوایی چوینە بەرزایەکانی پشت گوندی کانی سپی وھەتا ئێوارێ جموجۆوڵیی موڵگەکەمان چاودێری کرد. 
تەرحەکە ئامادە بوو. لە کۆمیتەی ناوچە قسەمان لێ کرد و ساغ بوینەوە کە مۆڵگەکە بگرین. ڕۆژی دوایی مەسئولین سیاسی نیزامی پەلەکانم ئاگادار کردن کە بێنەوە بۆ نۆردیناوی. ھاورێیان ڕۆژی دوایی ھاتنەوە وباسمان کرد. ھەمومان رازی بووین و مەسئولێتەکان دابش کران.
قەڕار بوو لە سێ شوێنەوە پەلاماری سەر مۆلگەکە بدەین. بۆ ئەوەی دژمن ئاگادار نەبێ شەو درەنگ پەلێک پێشمەرگە پەڕینەوە ئەوبەری جادە وچوونە  گوندی قڕنیسە و مەخفی بوون. پەلێکیش لە گوندی کانی سپی مەخفی بووین. دەستەیەک لە خەراپەی بوو کە ھێندیەک دورتر بوون بە ئاشکڕا جەولەیان دەکرد و دەگەڕان، بۆ ئەوەی شۆینە وەنکە بکەین و دژمن وابزانی ھەموو شتێک ئاسایە.
قەرار بوو سەعات ٩ی شەو ھێرش بکەینە سەر دژمن. ھەموو شتێک ھەتا ئیڕە بە پێی بەرنامە چوە پێش. قەرار بوو لە سێ قۆڵەوە غافڵگیریان کەین. بەڵام ھەر دەستەی ئەوڵ لە دەرۆازەی مۆڵگەکە نیزیک بوونەوە و کەوتنە بەر گەمارۆی پۆلە سەگێک لە نێوو مۆڵگەکە دا و ھێرشیان بۆ لای پێشمەرگەکان ھێنا. ئەوە بوو بە ھۆی ئەوە دژمن وشیار بێتەوە، بەڵام تازە درەنگ بوو، ھێرشمان دەست پێکردبوو. 
شەڕێکی تووند دەستی پێ کرد. جێگای وان زۆر بەرزتر بوو، ھاورێیان ھەتا بن دەروازەی چوونە ژور. زۆر چوو بونە پێش کە لە ناکاو لە ھەموو ڵایک تەقینەوە دەستی پیکرد، لە مۆڵگەکەش ڕا نارنجکیان بە چۆار دەور دا دەخستە خۆار. 
لە مۆڵگەی ئینچکەسووش بە خۆمپارە لیان دەداین. دوو سەعاتێک شەر درێژی ھەبوو مۆڵگەکەمان بۆ نەگیرا. دوو ھاوڕێمان، سەید مینە مەھاباد و ئەحمەد دەرمانئاوی بریندار بوون، بەڵام بە خۆشیەوە برینەکانیان سووک بوو. ھاوڕێ سەلیم سابیرنیاش ساچمەیەکی بەرکەوتبوو، بەڵام شتێکی وا نەبوو. لە تەلەفاتی دژمن بێ خەبەر بووین. 
پاشەکشەمان کرد. لە بەر بریندارەکان زۆرمان پێ چوو. بەیانی بوو گەیشتینە چیای چوارشەمە لە پشت پیرگوڵ. یەکجار زۆر ماندوو بووین. ھەر ھیندیکی پێ چوو سمایل و یەکێ دیکە لە پێشمەرگەکان دەستیان کرد بە گۆرانی کوتن. بوو بە داوەتێک دەکووت نەبای ھەتووە نە باران. کاتێک وەخۆ ھاتمەوە، دیتم بۆ خۆم لە سەر چۆپی بووم. خەم و خەفتمان ھێندێک لە سەر سووک بوو. من لە گەڵ بریندارەکان و دەستەیەک لە ھاورێیان ھاتمەوە نوردیناوی. پەلەکانیش چوون بۆ گوندەکانی میشک و گوولانک. 
بۆ بەد بەختی ئێمە لە بیرمان چوو بۆوە کە ناوەندی ئاگاداری ئەو ھێرشە بۆ سەر ئەو مۆڵگەی بکەین.
کە چووینەوە نۆردیناوی سید حوسێن مەسئولی کۆمیتە ناوچە بوو، کووتی ناوەندی خەبەرەکەیان بیستوە، حەمە سوور فەرماندی گشتی نیزامی کۆمەڵە زوو زوو پەیام دەدا کە جەریان چییە بۆ ئاگادارو نکردوینەوە کە ئەو مۆڵگەیە دەگڕن؟ 
منیش کوتم جاڕی ڕاوەستە دوایی جەریانەکەیان بۆ توزیع دەدەین. نەگرتنی مۆڵگەکە و دوو بریندار وەک شکست وابوو بۆ ئێمە. بەم بۆنەوە لە فەکری بەرنامەیەکی دیکە دابووین کە چۆن ئەو شکستە قەرەبوو کەینەوە. دژمن کە زانی ئەو مۆڵگەیەمان بۆ نەگیراوە و بریندارمان داوە، حاڵەتی تەعەروزی بە خۆیەوە گرتبوو. ھەر ڕۆژی دوایی ھێرشێکی گەورەی بۆ سەر گوندەکانی کوڕەی سەرێ و خوارێ دەس پێ کرد. بەیانی زوو کە من تازە لە خەو ھەستابووم، لە لایەن ئەو پایەگایە کە لە کێوەکەی پشت گوندی داماننابوو، ئاگاداری کردینەوە کە ڕژیم ھێرشێکی گەورەی بۆ ئەزل دەست پێ کردووە. دوو پەل پێشمەرگە بە فەرماندەری هاوڕێ سەلیم سابرنیا و ھاوڕێیەکی دیکە ، لە ناو شارە بۆیە نێوی ناھینم، لە گولانکێ سەرێ بوون. ئەوان ئاگاداری هێرشەکە ببونەوە و کەوتبوونە شەڕەو شەڕ دەستی پێ کردبوو. ئەو کات خەڵکی مەنتەقەی ئازاد ھەمو چەکیان ھەبوو، تەواوی خەڵکی ئەو گوندانە وەک شێر ھەر گوندە لە ئاستی خۆیی دەستیان کرد بە دیفاع، ئێمەش لە نودیناوا ڕا لە گەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکان و بارێک موھیمات گەیشتینە کورەی سەرێ. 
شەڕە قورسەکە کەوتبوە بەینی کورەی سەرێ و خوارێ . ئێمەش بەرەو ئەو شوینە چوین. لە تەپکەکانی بەینی کورەی سەری و خۆاری لە داوێنی کێوەکە جەماعەتێکی ھێزی دژمن لێ بوون. ئەو ھاورێێانەی لە گەڵ من ھاتبوون لەو قۆڵەوە ھیرشیان کرد بۆ سەر بەرزایەکان. منیش بەرەو ھاوڕێیانی پەلەکانی خۆمان کە لە پێشەوە بوون ڕۆیشتم. کەشفەدین کوڕێکی مێرمنداڵی خەڵکی نوردیناوا لە گەڵ من ھات. ڕژیم بەو هەموو هێزە زۆر و پڕ چەکەوە لە ھەموو لایەکەوە تێک شکابوو و لە حاڵێ پاشەکەشدا بوو. 
ھاوڕێیانی ئێمە خەریک بوون دەچونە نێو کورەی خۆاری. من و کەشفەدین بە ڕێگایەکی باڕیک دا لە ھەورازێک وەسەر کەوتین ھیچ ئاگادار نەبووین کە لە نێو دۆڵەکەدا دەستەیەک پاسدار خۆیان حاشار دابوو. ئێمەش دوو نەفەر بە سەریاندا کەوتین. تازە ڕێی گەڕانەوە نەمابوو. من دەستی چەپم ھێشتا برینەکەی چاک نببۆوە، هێشتاش هەر هەڵبسترا بوو و باندی پێەوە بوو. 
پاسدارێک بە فارسی کوتی" دو تا آمدند، نگذارید این پدر سوختەھا در برن! 
ئێمەش لەو جێگەیە ھەر تۆپەڵە بەردێکی چووکەی لێ بوو خۆمان دا پەنای بەردەکان، بەڵام بەردەکە زۆر گەوڕە نەبوو. 
دەستیان کرد بە تەقە، ئێمەش بە دەستڕێژ جوابمان دانەوە. گولەێکیان کە لە بەردەکەی پێش خۆماندرا، پریشکێکی بەردەکەی هەڵکەند و وەدەستی چەپی من کەوت و سەرلەنوێ بریندار بۆوە.
کەشفەدین منداڵ بوو ھێزی بەرگری بوو. کە خۆینی دەستی منی دی زۆری پەرۆشی من بوو دەستی کرد بە گریان. دوو پاسدار خەریک بوو بەگەنە سەرمان ، تفنگەکەم لە سەر ڕگبار دانا یەک ڕگبارم پێەوە نان لە ھیچیانم نەدا. ھەر دەھاتنە پێش، دەستی چەپم کاری نەدەکر و بە تەواوی لەکار کەوتبوو . زۆریان نەمابوو بەمان گەنێ لوڵەی تفنگەکەم لە سەر بەردەکە دانا نیشانم گرت لە وەی ئەوڵم دا کەوت. کوتم کەشفەدین تەقەی بکە. ئەوی ئەوڵ کە کوژرا ئەوی دووم ھێندیک گەراوە دوایە. 
لە خۆارەوە یەک دەستوری پێدا بە فارسی کوتی حملە کن بر نگرد، چەند نەفەری دیکەش ھێرشێان ھێنا. ئێمەش تەقەمان دەکرد. 
ھاوڕێیانی پەلەکانی خۆمان کە لە پێشەوە بوون، لە ئێمەڕا دیار بوون. بەڵام ھیچ گوومانیان نەدەکرد کە دووژمن لە پشتەوە مابێ. وەختێک تەقە لە پشتەوە دەبیسن ھاوڕێ سەلیم سابیرنیا و ھاوڕێ ئەنوەر سلێمانکەندی بە دوربین چاو لێدەکەن، ئێمە دەبینن کەوا لە جێگایەکی زۆر ئەستەم گیرمان کردوە و گەلە پاسدار دەوریان داوین و خەریکن بگەنە سەرمان، دەست دەدەنە هێرش بۆ سەر سەنەگرەکانی دژمن. لەو بەری ڕا بە پەلاماردان پاسدارەکانیان دایە بەر دەسڕێژی چەکەکانیان و بە کەلەبەری پاڵی خوار ئێمەوە وەسەر دەکەوتن بەرەو شوێنی گەمارۆ درانەکەی من و کەوشەدین. ئێمەش بەگەرمی تەقەمان دەکرد. ھاوڕێیان فەخرەالدین عەمەری و کامیل کە خەڵکی سەقزی بوو کە پێشتر لە کاتی دابەش بوون بەسەر دەستەکانی هێرشبەردا لە ئێمە جودا ببۆونەوە، بە تەقە کردنو پەلاماری سەنگەربەسەنگەر گەیشتنە هانامان. پاسدارەکان گەرانەوە نێو دۆڵەکە. ئێستا لە چۆار لاوە دەوریان داربوو. ھەرچی پێشمەرگەکان دەیان کوت تەسلیم بن، ئەوان تەسلیم نەدەبوون. بە قەولی کوردی خۆدا ھەڵناگرێ شەڕی چاکیان دەکرد. ھاورێ ئەنوەری سڵێمانکەندی نارنجۆکێکی خستە نێویان، ھێندێک شپرز بوون، بەڵام ھەر شەڕیان دەکرد. دواتر بە تەنگ بوونەوەی ئاڵقەی گەمارۆکە فەرماندەکانیان کوژران و ١٩ کەس تەسلیم بوون. ئەمانە ھێزیکی تایبەت بوون. زۆر باش پەروەردەیان کردبوون. 
شەڕ تەواو بوو و ئەسیر زۆر بوون. 
لەو شەڕەدا کۆمەڵە تەلفاتی نەبوو. حیزبی دێموکرات وەک ھێز بەرەسمی لەوێ نەبوون. بەڵام پەراکەندە پێشمەرگەیان کە ھاتبوونەوە سەری بنەماڵەکانیان بدەن خەڵکی مەنتەقە بوون لە وێ بوون لەو شەڕە بشدار بوون. یەک لەو پێشمەرگانەی حیزبی دێموکرات پێشمەرگەیەک بوو بە نێوی خەبات مەسیحی بوو کوردیشی باش نەدەزانی لە گەڵ یار ممدبوو. ( یار ممد خەڵکی ورمێ و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و مەسئول لکیان بوو. زۆریش ئینسانی چاک بوو. بەینمان زۆر خۆش بوو بەیەکەوە، بە داخەوە دوایی دەوڵەت کەسی ناردە ناو دەستەکەی یار ممد و بە خەیانەت شەو لە خەو دا کووشتیان. یادی بە خێر بێت)
خەبات هاوژیان و منداڵکەی لە کوڕەی سەری بوو، چوبۆە کوری خۆاری نازانم چ کارێکی ھەبوو. نەیزانیبوو ھێرش کراوە ھەر زۆر زوو تووشی شەڕ دەبی بە داخەوە شەھید دەبێ. من خەباتم دەناسی زوریشم خۆش دەویست. تەرمەکەی خەباتمان ھیناوە شووشتیان و قەرار بوو بینیژین. دەستەیەک پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بە بەر پرسایەتی کەسێک بە نێوی عیسمەت خەڵکی ساکان کە کادر شیمالیان بوو گەیشتنەی وھەمومان چوینە سەر قەبڕان. خەڵکێکی زۆر ھاتبوون.
لەوێ ھاورێ فەخرەالدین عومەری کادری کۆمەڵە کە دەنگیشی زۆر خۆش بوو سرودی_دایک_مەگری خوێندەوە. پاشان لە لایەن کۆمەڵەوە من قەسەم کرد. لە قەسەکانم دا باسی خەباتی قارەمانم کرد کە کورد نەبووە موسڵمانیش نەبوو، بەڵام گیانی لە ڕێگای ئازادی ئینسان و سەربەستی نەتەوی کورد دا بەخت کرد. ناو و رێز لێنان لە خەبات لە مێژووی خەباتی گەلی کورد دا وون نابێ. داوام لە خەڵک کرد کە سەرکەوتنی ئەوڕۆ بەکەینە تەجروبە بۆ داھاتوو و لێ فێربوون. ئێمە ئەگەر ھەمومان پێکەوە دیفاع لە خاک و نیشتمان بکەین ھیچ ھێزێک پێمان ناوێرێ. دوایە بەرپرسەکەی حیزبی دێمکراتیش کاک عسمەت قەسەی کرد. 
لە سەرجەمی ئەو ھێرشەی دژمن بۆ سەر ناوچەکە هێزێکی زۆریان لێ کووژرا. ٤٩ جەنازەیانە ھیناوە کورەی سەری. گەلی کوردستان خەڵکێکی زۆر بەڕەحمە، سەرەڕای ئەوەی دژمن بە دڕندانەترین شێوە ھێرشی کردبووە سەر ماڵ و ژیانمان، بەڵام تەواوی جەنازەکانیان بەئیحترامەوە تەسلیم بە خاک کران. هەمیشە کۆمەڵە جەنازەی کورژراوەکانی دژمنی لە شوێنیک تەسلیم بە خاک دەکردن، بۆ ئەوەی ئەگەر رۆژێک کەسوکاریان بۆ سۆراخیان هاتن پێیان نیشان بدرێ کە قەبری کەسەکەیان لەکوێیە. ئەوە لە حاڵێکدا رژیم کە جەنازەی پێشمەرگەی بەردەست دەکەوت، تەحویلی بنەماڵەکانیانی نەدەداوە. پەیکەری بێ گیانی پێشمەرگەیان بە تەناف و سیم بۆکسیر لە پشتی ماشین دەخست و بە دوای ماشیندا بەسەر زەویدا بۆ چاوترسێن کردن بە نێو خەڵکدا دەیانگێڕا. کەچی جار لە جار زیاتر دەکەوتە بەر نەفرەت و توڕەیی خەلک بەم کارە دڕندانەیەی. 
ئەگەر دروست لە بیرم بێ، لەوشەڕەدا ٢٢ نەفری دژمن ئەسیر بوون. یەک نەفەریش لە ھێزی بەرگری، خەڵکی گوڵانک لە عەشیڕەتی موقری ، بریندار بوو لاقی شکا بوو. وەکو باسیشم کرد بەداخەوە خەبات پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات گیانی بەختکرد، منیش کۆنە برینم دووبارە زامدار بوو و کولابووە، بەڵام زۆر گرنگ نەبوو. دوای شەڕەکە حاجی شێرۆ سەڕۆک عەشیرت و گەورە پیاوی پسەئاغایان، بە کەسێک دا ئەسپەکەی خۆی ناردبوو من پێ بچمەوە بۆ کورەی سەرێ. 
منیش سۆار ئەسپ حاجی شێرۆی بووم و چۆمەوە ناۆ گوندی. زۆر سپاسی حاجی شێرۆم کرد. لە نێو گوندی بڵاو ببووە کە من بەسۆاری ئەسپ دووژمنم ھەتا حمام و کارێزە( دوو گوندی کوێرە سونین لە نیزیک جادەی سڵماس_ ورمێ ) ڕاو ناوە! خەریک بوون ئەفسانەیان لێ ساز دەکرد، مجبور بووین ھەمو جاری بڵین ئەو شایعە درۆیە، شتی وانەبووە، بەڵام کەس باوەرێ پێ نەدەکردین. 
لەو شەڕە دا مەستەفای حەمەی" گەورە جاشی شیمالی کوردستان و خەڵکی گوندی
 ندی باوان لە سۆما کە لە پێش دا چریکی فیدایی ئەکسەریت بوو و دوایش ببو بە پاسدار، بە سەختی بریندار بوو.
دەوڵەت زەربەیەکی سەختی خۆارد، ئێمەش چەکو تەقەمەنیەکی زۆرمان گرتبوو. تۆڵەی پایەگای کانی سپی مان لێ کردنەوە. ناوەندیش ئێتر لە مەسەلەی پایگای کانی سپیان نەپرسیەوە. دوو ڕۆژ دوای ئەو شەڕە خەڵکی گوندەکانی ئەنزال ھاتن بۆ نۆردیناوی بۆ ئەوەی چەک وەرگرن و هێزێکی زۆرتر ببنە ھێزی بەرگری بۆ پارێزگاری لە سەر بەرستی نیشتمان. 
سوڵتان خۆسرەوی
٢٠٢٠/٤/١

08:44 - 11/4/2021 نوێ کراوەتەوە