بیرەوەری

کۆمەڵە بیرەوەریەک لە دەورانی پێشمەرگایەتی، لە شیمالی کوردستان, بەشی پێنجەم

08:42 - 6/5/2021

کۆمەڵە بیرەوەریەک لە دەورانی پێشمەرگایەتی، لە شیمالی کوردستان, بەشی پێنجەم

شەڕی حەماسی ناوچەی_ئەنزەل لە شیمالی کوردستان، بەھاری ساڵی ١٣٦٢


شوڕشی ڕزگار بوون لە بن دەستی و چەوسانەوە بێ بیروباوەڕی پتەو و متمانە بەخۆ بوون و پشتیوانی خەڵکەکەت ناکڕێ و مومکین نیە. دیاری کردنی داخوازیە گشتیەکان و ئاسۆی ڕوونی خەباتەکە دەتوانێ کۆمەڵانی خەڵک لە دەوری ئەم ئامانجە پیرۆزە کە دابین کردنی ژیانێکی ئازاد و بەرابەرە،کۆکاتەوە
ئەو کات پێوەندی قایم و هاوخەباتیەکی ئاگایانەی وا بەهێز لە نێوان خەڵک و پێشمەرگە و هێزی خەباتکاردا ساز دەبێ کە پشتی داگیرکەران دەشکێنێ.
دوای ھەر سەرکەوتنێک کۆمەڵانی خەڵک قاڕەمانانی خۆیان دەبینەوە و خۆشیاندەوین و ئەفسانەیان بۆ ساز دەکەن،
بەڵام لەم کاتانەدا ئەوە ھێزی سیاسی وشیارە کە کارێک دەکا ئەم تێکۆشان و سەرکەوتنە بکاتە بەرھەمی گشتیی گەل و نیشتیمان. ھەروەھا کۆمەڵانی خەڵک بۆ مەتمانە بە خۆ بوون پەروردە دەکا. نەک ھەمووی دەسکەوتەکان بکاتە بەرھمی کارێ قەدو باڵا و سمێڵی فڵان سەرکردە، یا بەرژەوندی بچوکی فڵان حیزب و خۆی لێ بکەنە سەحەب.
ڕووداووی شەڕی حەماسی ناوچەی_ئەنزەل لە شیمالی کوردستان کە لە گوندکانی کوڕەی سەرێ و خوارێ ھاتە پێش و لە بەشی چوارمی بیرەوەریەکاندا باسم کردووە، بەرهەمی یەکریزی و هاوکاری راستەوخۆی خەڵک و پێشمەرگە بوو. یەکێک لە دەسکەوتە گەورە و پڕشکۆکانی ئەو شەڕە ئەو یەک گرتووی کۆمەڵانی خەڵک و پێشمەڕگە دژی داگیرکەڕان بوو. قارەمانانی واقعی ئەو رووداوە ھێزی خەڵک و پێشمەرگە پێکەوە بوو. ئەو پشت بە یەکتر بەستن و متمانە و ھێزە بوو کە ئەو سەرکەوتنەی تۆمار کرد.
کێشە کۆمەڵایەتیەکان:
لە نێوەڕاستی بەھاری ساڵی ١٣٦٢ کۆمەڵە بە بوونی چەند کادێری لێھاتوو، وەک ھاوڕێیان فازل ئوسولیان، برایم غەڕیب کە خەڵکی جنووب و موکڕیان بوون بەڵام زمانی بادینی بەتەواوی فێر ببوون لە بەشی کۆمەڵایەتی و جواب دانەوە بە چاوەڕوانیەکانی زوڵم لێچوان و کێشەکانی نێو خەڵکدا تا دەهات زیاتر ئەزمونی پەیدا دەکرد و دەخالەتی دروستی دەکرد و چالاک تر دەبوو. چەندین نمونەی ئەو کێشە و گرفتانە لێرەدا باس دەکەم. کێشەی نێوان دو چینی رەعەیت وئاغاکان، کێشەی ژن و پیا، کێشەی ژن خۆازی ، کێشەی خەڵک لە سەر زەویوزار، ... بەشێک لە کێشە و گرفتانە بۆ چارەسەری و حەل دەبران بۆ لای حیزبی دێموکرات وە بەشێکی دەھات بۆ لای ئێمە. بەڵام بە عام و بەشی هەرە زۆری کێشەی خەڵکی ھەژار و بێدەسەڵات لە گەڵ ئاغاوات دەھات بۆ لای کۆمەڵە. 
لە شیمالی کوردستان باوی عەشیرەت و خانسالاری مابوو. لە قەدیمەوە ھەر کەس سەر بەعەشیرەتێک نەبێ پێی دەڵێن کرمانج. کرمانج یانی بێ عەشیرە.
ئەو خەڵکە بێ عەشیرەیە بەشی ھەرە زۆریان کۆمەڵەیان خۆشدەویست و کۆمەڵەیان بە حیزب و پشتوپەنای خۆیان دەزانی.
ئیتر ئەوە لە نێو کۆمەڵانی خەڵک جێ کەوتبوو کە کۆمەڵە حیزبی فەقیرو ھەژارانە.
ئەو بەهارە یەکەم کێشە و ناکۆکی نێوان خەڵک لە ناوچەی کەناربەڕۆژ لە بەینی گوندەکانی زەنگەکان و چەمان لە سەر کوێستانەکانی کێوی چۆارشەمە و شێخ بایزید ھاتبووە پێش.
ناوچەی کەناربەڕۆژ لە قەدیمەوە عەشیرتی ھەنارە لێی نیشتەجێ بوون. حاجی سامی سەڕۆک عەشیرەتی ھەنارە بوو.
سەرۆک عەشیرەکان و وردە مالکەکان خۆیان بە خاوەنی ھەموو زەویی و زارو و کێوەکانی ئەو ناوچانە دەزانی. ئەو کەسانەی سەر بە عەشیرەت بان بۆیان ھەبوو لە ھەمو مەرتع و کوێستانەکان ئیستفادە بکەن. بەڵام بۆ ئەوانی خاوەن عەشیرە نەبوون ئەگەر ئاغا ئیجازەی نەدابا مافی ئیستفادەیان نەبوو.
دوای شۆرشی خەڵکی ئیڕان دژی شا و سەڵتەنەت و ڕوخانی شا، عەشیرەتەکان جارێکی دیکە فیلیان ھەوای ھیندوستانی کردبوو و سەرلەنوێ پیان وابوو کە دەرەبەگایەتی ساز دەبێتەوە. ھەر بەم بۆنەوە فشاریان بۆ خەڵکی هەژار ھینابۆو. 
 کێشەکە لە بێنی گوندی چەمان و گوندی زەنگەکان بوو. 
گوندی چەمان نەیاندەھێشت مەڕدارەکانی زەنگەکان بچن بۆ کوێستانەکانی چوارشەمە.
ھاوڕێ فخرەالدین مەسئولی کۆمیتەی ڕوستایی ئەو بەشە بوو و خەڵکی چەمانیش بوو.
خەڵکی گوندی زەنگەکان شکایەتیان ھینا بوو بۆ لای کۆمەڵە، لە ڕاستی دا شکایت لە ماڵی خەزم و کەسەکانی ئەو کرابوو
کۆمەڵەش ھاورێ فەخرالدینی لە گەڵ چەند پێشمەڕگە ناردبوو بۆ کەناربەڕۆژ بۆ چاڕەسەری ئەوکێشەیە.
ھەمو خەڵکی گوندی زەنگەکان و گوندی چەمان کۆدەبنەوە و قسەو باسی خۆیان دەکەن و تیمە داوەرەکەی کۆمەڵەش بە حەوسەلەوە گوێیان بۆ دەگرێ و پاشان بە تەشخیسی خۆیان بڕیارێکی دادگەرانە دەردەکەن. لە نیھاێت دا ھەر چی خزم و کەسی هاورێ فەخرەدینە رەخنەی لێدەگرن و پێی دەڵین: چۆن وا دەبی؟ ئەتو کوری ئەو گوندەی، چۆن مڵکمان لێ دەسیێنی؟ ھاوڕێ فەخرالدین دەڵی: ئەوە بڕیاری کۆمەڵەیە و دەنگ دەدا بەوە کە خەڵکی زەنگەکان حەقی خۆیانە و لە بەیانیەوە دەتۆانن مەڕو ماڵاتیان بچیتە کوێستانی چۆارشەمە و هەردوک گوندەکە بە شەراکەت و یەکسان حەقیانە لێی وەحاوێن.
دوای ئەو بڕیارە، ئەوجارە خەڵکی گوندی چەمان لای کۆمەڵە شکایەتان لە ھاوڕێ فەخرەالدین کردبوو کە زوڵمی لێ کردوون.
من و ھاوڕێ ناسرعەلەوی چووین بەدەم شکایەتەکەیانەوە و دوای کۆبونەوە لە گەڵ خەڵک ھاورێ ناسر قەسەو باسی بۆ کردن و قانیع بوون و بریارەکەیان بە ھێندێک نابەدڵیەوە قەبووڵ کرد.
ھەر لەو کاتانەدا دوو نەفەر خەڵکی گوندەکانی ناوچەی سۆمایە لە سەر ئەوەی مەڕیان لە گەنمی یەکتر کردبوو، شەڕیان لی پەیدا ببوو لە یەکتریان دابوو. ھەردوکیان سەریان شکابوو. ھەر دوکیان بە جیا شکایەتیان ھینابوو بۆ مەقەڕی کۆمەڵە لە ھەرماوێیە. مامۆستا مەلا عبداللە عبدالھی کەسایەتی ناسراو و کادری کۆمەڵە لە گوندی ھەرماوێ بوو. خۆی خەڵکی مەنتەقەکە بوو. زمانی خەڵکەکەی دەزانی و ھێندێک جاریش کاڕی قەزایی/دادوەری دەکرد. ئەو بەرعۆدەی دانیشتن لەگەڵ ئەو کەسانە بوو. سەید ناسر و من و دوکتور خالید مەحمەدی و یەک دوو نەفری دیکەش ھێندێک لەولاتر دانیشتبووین. بەڵام گوێمان لە قەسەکانیان بوو. دوو نەفەرەکە خەریک بوون جەرەیانی لێکدان و شەڕی بەینی خۆیان دەگێڕاوە، بەڵام ھیچیان لە سەر ئەوەی دیکە ڕانەدەوەستان قسەکانی بکات، ھاوکات هەردووکیان قەسیان دەکرد.عوسمانیش خەریک بوو راپۆرت و گێرانەوەی ماجەراکەی دەنووسی و سەبتی دەکرد. مامۆستا مەلا عبداللە ھەر دەیکووت لە سەرە خۆ بن، ئەوانیش ھەر دەنگیان ھەڵدێنا. مامۆستا مەڵا عبداللە توڕە بوو پێکوتن ئەگەر یەک یەک قەسە ناکەن و جەریانکە بەدروستی نەگێرنەوە چۆن بووە، ھەتا من لێی حاڵیی بم، ھەر دووکتان جەریمە دەکەم. وەختێ جەریانەکەیان گێڕاوە مامۆستا کوتی خەتای ھەردوکتان بە قەد یەکە. بەڵام ئێوە فەقیرن زەحمت کێشن بۆ بە شەڕ دێن؟ ئیستاش باشتر وایە ڕەزایت بدەن بە یەکترین. ھیچیان حازر نەبوون ڕەزایت بەدەن بە یەکتر . مامۆستا کوتی عوسمان بنوسە ھەر دوکیان سێ مانگ لە زیندان دەکەین. ئەوانیش ھەر دەیانکوت ڕەزایەت نادەین. دوایی مەلا عەوڵا کوتی پێشمەرگان ساز کەن با بیان بن بۆ زیندانی نۆردیناوا.
دوو نەفەڕەکە کە دیتیان شتەکە گاڵتە هەڵناگرێ و وەڕاست دەگەڕێ، مامۆستا ئەوە دەکا گووتویەتی، ھاتبوون بۆ لای ئێمە تکایان بۆ بکەین کە مەلا عبداللە زیندانیان نەکا. ئێمەش کوتمان حوکمی مامۆستای زۆر توندە ھەڵوەشانەوەی زۆر زەحمەتە. کوتیان ئەدی چ بکەین کوتمان رەزایت بەدەن و دەست لە دەستیک نێن بچنە لای مامۆستا و بەڵێن ئاش بوینەوە.
ھەردوکیان دەستیان لە دەستی یەکترنا و چوونە لای مامۆستا ئەویش بەڵێنی (تعھد) لێ ئەستاندن کە جارێکی دیکە پێکەوە بەشەر نەینەوە. بە جیا ھاتبوون بەڵام ھەردوکیان پێکەوە بە قەسە کردن چوونەوە بۆ ناوچەی سۆما.
ھاوینی ساڵی ١٣٦٢ ئێمە بەشێک لە چالاکی نیزامیمان خستبوە ناوچەی سۆما.
ناوچەی سۆما وەختێک لە ورمێ را بەرەو سێرۆ دەچی لە سێ ڕیانی چەڕە بە دەستی راست دا جادێکی خیز رێژ کراو کیشڕاوە کە بە نیزیک شارەدێی گەگەچین دا لە برادۆست تێپەڕ دەبێ. بە نێو ماڵی گوونبەددا و بە قەڕاغ گوندەکانی سورماناوی و قەسرک دا بە نێو گوندی مەمەکان ئەمرخانی دەلی دا و بە کەنار چیای ئۆغن دا، ناوچەی سۆما دەبڕێ و دەچیتەوە گەڵی سوول و لە وێش را دەچیتەوە سەر جادەێ سەرەکی (نێونەتەوەیی) سەڵماس ورمێ لە نیزیک سەڵماس. ئەو جادەیە ناوچەی سۆما دەکاتە دوو بەش کە لە ڕۆژھەڵات دەبیتە کیوی شیخ بایزید و لە ڕۆژئاوا چیاکانی پشت گوندەکانی بێردوک و حەسەنی سوڵتانیە لە حدودی کوردستان/تورکیە. دیارە لە ڕابردودا خەڵکانی مەسیحیش لەو ناوچەیە نیشتەجێ بوونە، چونکە نەما و ئاسەواری کلیسا ھەتا ئێستاش لە پشت گوندەکانی سۆرماناوی و چەند گوندی دیکە ھەر مابوونەوە. عەشیرەتەکانی عەبدوویی، مامەدی، نیسانی و دەلی و خەڵکی کرمانجیش (کرمانج بی عەشیرەتن)لەو ناوچەی نیشتەجێن.
ناوچەی سۆما دیارە دەوربەری کێووە بەڵام دەشتیکی بەر بەرینە و بەشی ھەرە زۆری دێمەکار بوو زەویی ئاوێژ و بەرئاوی زۆر کەم بوو. ھەر بەم بۆنەوە باغوو باغاتوو دارستانی زۆر کەم بوو.ھەر چەند ئەو کات زستانان بەفر یەکجار زۆر دەباری و ئاوی ئەو کوێستانانە بە چۆمەکانی بێردووک و بەردە ڕەش دا دەھاتنەوە ناوچەی برادۆست و لەوێڕا دەچوونە گۆلی ورمێ. ئەو ساڵانەی باڕان زۆر باری با دەغڵ و دان باش دەبوو.
بەڵام بە دەلیلی وەشک بوونی ناوچەکە ساڵانە زراعەتی زوو وێڕا دەگەیشت.
خەڵکی سۆما وەک باقی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی شیمال زۆر شۆرشگێر و مێھرەبان بوون و ھەمیشە پشتیوانی پێشمەرگە بوون. بەڵام لە بەراوەرد لە گەڵ خەڵکی برادوست و کەنار بەرڕۆژ فەقیرتر بوون.
ناوچەی سۆما دیارە دەوروبەری کێووە بەڵام ئەو دەشتە بەر بەرینە بۆ چاڵاکی نیزامی لە ڕۆژ دا زۆر گونجاو نیە. ڕژیم تازە دوو مۆڵگەی لە گوندەکانی قەسرک و سۆرماناوی دانابوو. ئێمە چاڵاکی نیزامیمان نیزیک بە مانگیک بوو ڕاگرتبوو. لە بەر ئەوەی کاتی دروونەوەی گەنم و جۆ بوو. چون ئەگر شەڕ و تۆپباران روویدابا خەتەڕی ئاور گرتنی بەرھەمی خەڵک ھەبوو.
حدودەن مانگی ئەوەڵی ھاوین بوو کە خەڵک بەشی زۆری دەخڵو دانیان کۆ کردبووە و خەتەری ئاورگرتنی مەزرا و قوتی خەڵک کەمتر ببووە.
ماوەیەک بوو ئێمە چەند نەفەر لە ھاوڕێیانمان کە خەڵکی ئەو ناوچەیە بوون بە بەرگی کرێکاریەوە لە گەڵ چەند ھەواداری ئەو گوندانە (سۆرماناویی،قەسرک) ناردبۆە نێو خەڵک بۆ یارمەتیدان و هاوکاتیش لە دەوربەری جادەی ئەو ناوچەیە شناسایی دەقیقی ھاتوو چۆکانی هێزەکانی ڕێژیم بکەن. ئەو مۆڵگانەی دژمن کە لە دوو شوێنە دایان نابوو،ھەمو ڕۆژێ بەیانان تەئمینی ڕیگایان دادەنا و پاش نیوەڕۆیان کۆیان دەکردنەوە. دوایی شناسایی کردنی ھاتووچۆکانی دژمن، کاتێکمان دیاری کرد و بە لایەنگرەکانمان کوت هەوڵ بدرێ ئەم ماوە کەمتر خەڵک لە دەوری جادەکە بێ.
تەرحەکە وا داندرابوو، قەرار بوو کاتژمێر چواروپەنجا دەقە، دە خولەک پێش کۆکردنەوەی دیدەبانەکان عەملیاتەکە دەستی پێ بکرێ.
پەلێک لە ھاورێیانی ئێمە بە فەرماندەھی ھاوڕێیەکی زۆر زیرک و جەسوور، کە من زۆرم خۆش دەویست، ھێندێک خۆاردەمەنی و ئاویان ھەڵگرت و قەرار بوو پێش ئەوەی ھەوا رووناک بێ، بچنە نێو دۆڵێک کە لە جادەێ را نەدیوو بوو، ھەتا ئێوارە وەختی پەلامەرەکە بە نەهێنی لەوێ بمێننەوە.
ئێمەش لە گوندی میرئاوا را وەک هێزی پشتیوان و پشتی شەڕگە لە بۆسەدا بووین تا ئەگەر لە شوێنەکانی ترەوە ڕژیم بۆ نجات دانی هێزەکانیان جمو جووڵێکیان کرد، بە ھەنایانەوە بچین.
سەعات ٤:٥٠ ئێمە خۆمان سازکرد بۆ ئەوەی ئەگەر تەققە دەستی پێ کرد ئێمەش وەڕێ کەوین.ھاورێیانی ئێمە کاتی دیاری کڕاو ھێرشیان دەست پێ کرد و شەر ساز بوو. ئێمەش بە دۆڵێک دا وەڕێ کەوتین.
پایەگاکان تەقەیان دەکرد و لە نیزیک جادە شەڕ تووند بوو. ئێمەش گەیشتینە نیزیک شەرەکە، چەند نەفەر ھێزی دژمن لە کەناری جادە لە قولکەیەک دا خۆیان حەشار دابوو وتەقەیان دەکرد. دوو نەفەریش تفەنگەکانیان فڕێ دابوو و ھەڵاتبوون.
لە لای ھشتیان ڕا ھێزیکی یارمەتی دەری ڕژیم ھات کە ھاورێیان تەقەیان لێ کردن و نەیانوێرا بێنە پێش.
 ئەو چەند نەفەری دژمن کە لە کەنار جادە خۆیان حاشار دابوو کە دیتیان کەس بە ھانایانەوە نایەت تەسلیم بوون. ئەگر غەڵەت نەبم ٥ نەفەر بە دیل گیرابوون.
دژمن ھەر خەریکی تەقە بوو، بەڵام خەڕیک بوو ھەوا تاریک دەبوو و ئێمەیان نەدەدیت.
ھاورێیان کۆبونەوە منیش بەدوای ھاوڕێ فەرماندەی عەملیاتکە دەگڕام کە دەست خۆشیان لێ بکەم.
ھەر چی لێم دەپرسی نەی دیبوو! زۆر نیگەران بووین. دەستمان کرد بە بانگ کردن بەدوای دا، بەڵام ھیچ خەبەر نەبوو. تا دەهات نیگەرانیمان زۆرتر دەبوو، ھەمومان بە دوایی دا دەگەڕاین، بەڵام ھیچ سۆراغێکی نەبوو. دنیامان لە سەر سەڕی دەسووڕا، سەرکەوتنەکەمان لە بیر چۆبۆوە، ھەزار فکرو خەیاڵ ھەڵیگرتبووم. لە ناکاو یەکێک ھاواری کرد ئەوتا لێرەیە، ھەمومان چوین بۆ ئەوەی ئەگر چۆم ئەو فەرماندە قارەمانە لە سەر پشت کەوتبوو، تفەنگەکەی لەو لاتری خۆێ کەوتبوو، چوومە سەری ھاورێیانیکە کە پێش ئێمە گەویشتبوونەی کوتیان بریندارە. هەوا تاریک ببوو، ھیچ دیار نەبوو. لێم پرسی : کوێت بریندارە؟
کوتی گیانم ھیچ ئێحساسی نیە، نە دەستم نە ڵاقم ھیچ حەرەکەتیان نیە. ھەرچی بۆ جیگای برینەکە دەگەڕاین ھیچ دیار نەبوو. دەستمان بۆ ھەر جێگایەکی دەبرد ھاواری لێ بڵیند دەبوو. چەند ھاوڕێ چوون لە گوندی داربەستێکی نەخۆش/مەیت ھەڵگریکیان ھێنا. ھەر چیی ھاواری کرد ، مجبور بووین بیبزێوێن، خستمانە سەر شانان. ھینامانەوە بۆ گوندی میرئاباد. بردمانە ماڵێک. لەوێ دوکتور خالید مەحەمەدی چاوی لێ کرد و پشکنینی پزشکی بۆ کرد. ئەو کات زانیمان کە گولەیەک وە گەردنی کەوتەوە و لە پشت ملی ھاتۆتە دەر . دوکتوور خاڵێد کوتی : خەتەری فەلەجی لایەک لە جەستەی ھەیە
شەو ناردمان لە گوندی بیچەجووک ئەحەمەد ئاغا ماشێنیکی جیبی ھەبوو، زۆر مەردانە زۆر زوو گەیشتێ و دوکتور خالید و دوو پێشمەرگە لە گەڵی چوونەوە بۆ نوردیناوی.
ڕۆژی دوایی ئێمەش بە ئەسیرەکانەوە چووینەوە بۆ نۆردیناوی و سەری ھاوڕێ پێکراوەکەشمان دا.
کۆمەڵە جەرەیانێکی سیاسی و فیکری زۆر ئینسانی بوو. ئینسان بە مانای واقعی ئەرزشی هەبوو لامان. ئەو بیروباوەرە ھەمومانی وا بار ھێنابوو کە لە هیچ دۆخ و حاڵەتێدا کینە و ڕق نیسبەت بە ئەسیر ھەڵنەگرین. بەشێک لە پێشمەرگەکان سوور بوون لە سەر ئەوەی کە یەکێک لەو ئەسیڕانە بووە کە ئەو ھاوڕێ فەرماندەی ئێمەی بریندار کردوە. بەڵام ھەر چەند شک لەوە دانەبوو کە وایە، بەڵام ئێمە تێگەیشتن و نەزەرمان ئەوە بوو کە ھەموو کەس لە شەڕ دا حەقی دیفاعی لە خۆیی ھەیە. کەس ناتۆانی ئەوە بە زۆر بە سەر دیلێک دابەسپێنێ کە تۆ نەدەبوو لە خۆت پارێزگاریت نەکردبا یان تۆ ئەم تاوانەت ئەنجام داوە. 
دوکتور خاڵید کووتی ئەو ھاوڕیە گولە بەشێک لە نوخاعی گرتووە. بۆیە ئەگەر فڵان دەرمانە نەبێ وابزانم نێوی دەرمانکە ( ئەنتیبیوتیک کریستاڵ ) بوو، چاک نابێ. ئەو کات شەڕی ئیڕان و ئێراق بوو وە دەستخستنی دەوا و دەرمان زۆر ئاستەم بوو، ئەویش لەو نەوعە دەرمانە لە ورمێ زۆر نەبوو.
سید حوسین موسەوی ناردبووی لە دوای دۆستێک، ھەزار جار یادی بە خێر بێ، لە ناوچەیکی دیکە ڕا گەیشتە لامان و دوکتوور خاڵید دەواکەی بۆ نوسی و دای پێ.
ئەگر هەڵە نەبم چەند دانەیەکی لە ورمێ وەدەست ھینابوون و ناردبوونی بۆ مەقەر. دوای بۆ خۆێ ڕۆیشتبوو بۆ تاران لەویی ئاشناو ڕۆشنایی زۆر بوو دەواودەرمانی بەشی ماوەیەکی بۆ ھینابووین.
سێ مانگی کێشا ھەتا ھیندێک ھاتەوە سەرخۆ. بە خۆشیەوە بە مروری زەمان باشتر بوو. ئیستا لە وڵاتە بۆیە ناوی نانووسم. ھیوادارم لە ھەر جێگایەک بی ھەر ساغ و سڵامت بێ.
تشکیلاتی کۆمەلە لە شیمالی کوردستان زۆر بە تەنیا کەوتبووە نیزیکترین ناوچە بە شیمال ناوچەی شنۆ بوو کە ئەویش ئەگەر زۆر خێرا ڕۆیشتبای ٧ بۆ ٨ ڕۆژت پێ دەچوو. ئێمە زۆر جار تووشی کەمی تەقەمەنی و کەڕسەی پزیشکی دەبووین.
لە کۆمیتەی ناوچە پەیامێکمان دا بە ناوەندی و داوای چەکی تازە و فیشەکمان کرد. ناوەندی زوو جۆابی دابووە ، کوتیان بۆتان دەنیرینە لای ھاورڕێیانی شنۆ وەڕن بیبەن. لە کۆمیتەی ناوچە بریارمان دا کە من تەنیا بەڵەدی ئەوڕێگا و بانە بووم ، لە گەڵ ٩ نەفەر پێشمەرگەی دی بە سواری ئەسپ بە خێڕایی بەڕەو شنو بڕۆین. بۆ ئەوەی چوون و ھاتنەوەمان لە ١٠ ڕۆژ زۆرتر نەکێشێ. قەرار بوو بۆ ئەمنیەتی خۆمان، سەفەرەکە نھێنی بێ.
دە پێشمەرگەی چاڵاک ساز بووین بەشەو بە دزی وەڕێکەوین بۆ ئەوەی کەس نەزانی. عارف، فەرھاد، قاسم، مەحیەدین، سید مینە، کامیل، مەحمەد عەلی و من.
شەو کە تاریک داھات لە نۆردینائاوی وڕێ کەوتین. شەوی ئەوەڵ ھەتا پشت خەلیفتان ھاتین و ڕۆژەکەی نەختێک ئیسراحەتمان کرد. شەوی دوایی ھاتینە گەلی خانی لە دەڕەی قاسملو، لەوێ خۆمان حەشار دا، ھەتا ئێڕە کەس نەیدیبووین.
ڕۆژی سێوم دەشتی شنومان بڕی و ھاتینە پشت دیگورجی، نانمان پێ نەمابوو. شوانێک لەبەر مەڕی بوو لەو نزیکانە، دەمان ناسی ھەواداری خۆمان بوو. کوتمان بێ ئەوەی لای کەس باسی بکەی و بڵاو بێتەوە، بچۆ بە دوای چەند ھاوری لە گوندەکانی دەشتی شنویە پیان بەڵیی زوو خۆ بگەینی لای ئێمە ، ھەم نانمان بۆ بێنن و ھەم کارمان پێیانە.
لای نیوەرۆی گەیشتنە لای ئێمە دوای ماوەیەکی زۆر لێکدابڕان بە دیداری یەک شاد بوینەوە. نان و خۆاردەمەنی و شوتیان بۆھینابووین لە برسیەتی نەجاتیان داین. ئەو کات شەڕی ئیڕان و عیراق بە خەستی لە ئارادا بوو، جادەی پیرانشار بۆ نەغەدە شەو و ڕۆژ ھاتوو چۆی نیزامی پێدا بوو، تەواوی ئەو ڕێگایە بە فاسلەی چەند سەد مێتر لە یەکتر پایگای لێ داندرابوو و بە تەواوی بەسترابوو و پەڕینەوە بە شەو زۆر دژوار بوو.
ئەو ھاورێیانە دەبا چووبان ئەو ڕێگاییان لە گەڵ چەند کەسی دیکە لە نەغەدە و قاڕنێ کە ناوچەکە بەڵەد بوون بە تڕاکتۆر و بە ماشێن ھاتوچۆیان کردبا و شناسایان کردبا کە چ جێگایەک لە بارە بۆ ئەوەی پێ دا تێپەر بین. ھەر وەھا قەرار بوو خەبەر بدەن بە ماڵیی ئێمە کە بەیانی سەری کانی حەمە جۆڵای (کانیاویک بوو لە چیایکانی پشتی گوندی قاڕنێ) بدەن، ھەم چاویان بە قاسم بکەوێ کە لە زیندان ئازاد ببوو و نەیان دیی بوو و ھەم دیدارێکیش لە گەل ئێمە تازە کەنەوە.
سەعات ١ی نێوەڕۆ بوو لە رادێۆ کۆمەڵە بیستمان کە ڕژیم لە شیمالی کوردستان لە ناوچەی ئەنزل ھێرشی کردوە و ھاورێیانی ئێمە و حیزبی دێموکرات و موجاھیدین تووشی شەڕیکی زۆر قورس بوونە و بە داخەوە لەو شەڕە دا ھاوڕێ عومەری ئاجیکەند شەھید بووە.
ھەمومان زۆر ناڕەحەت بووین و بە تایبەت من عومەرم زۆر خۆش دەویست و زۆر بۆی بە پەرۆش بووم. کوتم ھاورێیان خۆ ساز کەن ئەوشۆ دەگەرینەوە بەرۆ شیمال. دوایی ماویەک لە گەل ھاوڕی سەید مینە ھێندێکمان مەشوەڕت کرد. سەید مینە کوتی خۆ ئێمە تازە ھەتا ئێڕە ھاتووین باشتر نیە موھیماتەکە لە گەڵ خۆمان بەڕین ، چونکە ئێمە ھەر ئیستاش لە شیمال کەڕەسەو مووھیماتمان کەمە و کەمتریش بۆتەوە. قەسەکەی مەنتقی بوو و منیش ئەوەم پێ باشتربوو. زۆر نیگەرانی ھاورێیانی خۆمان لە شیمال بووین،.نەمان دەزانی چیان بە سەر ھاتووە چونکە ھیچ ئیرتباتمان نەبوو.
کووتمان باشتر ئەویە زوتر خۆمان بگەینینە ھاورێیانی ناوچەی شنۆ لە سەرشاخان و لە ویی پێوندی لە گەڵ ھاورێیانی شیمال بگرین و ئاگادار وەزعیان بین. ھاورێیانێ کە ناردبوومانن بۆ شناسایی ھاتنەوە. چەند جار بە ماشین و تراکتۆر لە گەڵ ھاورێیانی نەغەدە و قارنێ بەو ڕێگایە دا ڕۆێشتبوون و بەو نتیجە گەشتبوون کە پەڕینەوە زۆر سەختە، بەڵام ھەمو ئەو جیگاینەی کە پایگایان لێ دانابوو بۆیان ناردبووین.
ئێمەش یا دەبا گەڕاباینەو بۆ شیمال یا ئێمکانی نەبوو کە یەک ڕۆژی دیکە بتۆانین لە ناوچەی شنۆ بمینینەوە چونکە ئاشکرا دەبووین.
من بۆ خۆم خەڵکی قارنێ بووم و ھەمو دۆڵ و شاخیی ئەو گوندەم دەناسی. پەرینەوەی خۆمان مومکین بوو بکرێ ، بەڵام پەڕینەوەی ئەسپەکان سەخت بوو. لە گەڵ ھاورێیان قسەمان کرد کە وەزعەکە ئاوایە دەبی خۆ ساز کەن بۆ شەڕایەتێک سەخت.
ماڵئاوایمان لە ھاوڕێیانی لاێنگر کرد. ھەوا خەریک بوو تاریک دەبوو، سۆار ئەسپەکانمان بووین وەڕێ کەوتین
 . بەڵام مانگە شەو بوو. بە کانی گۆڕانی ( مەزرای قارنێ) کە بەشێک لە مەزرای خۆشمان لەوێ بوو دا دەھاتینە خۆاڕ. خاوێر خاوێر بیڕەورێکانی ڕابردووم بۆ زیندوو دەبووە. کە ساڵی ١٣٥٤ لەو مەزاریە چ جوڵانەوەیەکی گەورەی جوتیاران و خەڵکی ھەژار دژی تورکەکانی دەسەڵاتداری سندووس لە گۆریی دابوو. تورکەکان بەھاران بە مەڕوو مالاتێکی زۆر دەھاتن و تەواوی مەرتعەکانی، وەک کانی گۆڕان و باوبادینانیان و کێوەکانیان لێ داگیر دەکردین و زوڵمی زۆریان لە خەڵک دەکرد و ژاندرمەش پشتیوانیان لی دەکردن.
ئەو ساڵە، ١٣٥٤، خەڵک خرۆشان و یەکگرتووانە دەستیان دایە دەستی یەکتر و کووتیان تەواوی مەرتعەکان دەکێلین. ئەو کات ماڵی ئێمە وماڵی حەمەدی بەگمێی و ماڵ ئاغای لە قاڕنێ تراکتۆرمان ھەبوو. من لە گەڵ گەنجەکان و بەشێک لە پیاوەکانی گوندی شەوانە ھەتا بەیانی ئەو مەزرایمان دەکێڵا بۆ ئەوەی تورکەکان ساڵیکی دیکە نەینەوە بۆ ئێرە. شەوانە گورانیمان دەکووت، داوەتمان دەکرد و بە قسە خۆشەکانی برایمە قوڵە (پیاویکی زەحمەتکێش و قەسە خۆشی خەڵکی قاڕنی بوو) پێکەنینمان شەپۆلی دەدا. لەو خەباتەدا خەڵکی قارنێ سەرکەوتن و ئێتر تورکەکان نەھاتنەوە بۆ ئەو کێوانە.
بەڵام ئەوەی جێگای داخ بوو بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە ئەو کات پێکەوە بووین، ئەورۆ لە نێومان نەمابوون. لە کوشتاری ١١ی خەرمانان ( شھریوری )١٣٥٨ قارنێ کە تورکەکان بە پشتیوانی ڕژیم ٤٢ نەفەری بی دیفاعی قارنێیان لە چەند سەعات دا قتڵی عام کرد، ئەوانیش وەبەر ئەو جنایەتە گەورە کەوتبوون و ئێستا لە نێوماندا نەمابوون.
دەتکووت کوژراوەکان و دار و بەردی ئەو وڵاتە لە گەڵ من دەگریان و جار جاریش قەسەیان لە گەڵ دەکردم. هەستم دەکرد لە بن گوێم دەیان کووت ئەو کاڕەساتەی قاڕنێت لە بیر نەچیتەوە و ڕۆژی خۆی تۆڵەمان بستینەوە.
ھیند لە فکر دابووم نەم زانی کە خەریکە لە جادە نیزیک دەبینەوە. دەنگە دەنگی سەربازەکان لە دوڕەوە دەھات. ڕاوەستاین وھەمومان دابەزین. من لە گەڵ سەید مینە و عارف ئەسپەکانمان دا بەھاورێیانی دیکە و بە دۆڵێک داھاتینە خۆار ھەتا نیزیک جادە.
پایگاکان زۆر لە یەک نیزیک بوون مانگە شەویش بوو ئێمکانی نیزیک بوونەوە لە جادە لەم کاتەدا زۆر کەم بوو. بە تایبەت مومکین بوو دەنگی سمێ ئەسپەکان ببیسن و ئاشکرا بین، ئەو کات ئێمکانی دەرچونمان لەو جێگا ئەستمە زۆر کەم بوو. بۆیە دوای ھیندیک ھەست ڕاگرتن گەڕاینەوە بۆ ڵای ھاوڕێیان.
مانگەشەو بەو تریفە زێوینیانیەوە کە بەسەر زەویدا شەپۆلی دەدا و کۆڕی دڵداری لەگەڵ ئەستیرەکان گرتبوو و سەفای بە گیانددار و بێگیانی ئێرەش دەبەخشی، لە ئێمە بەڵا بوو ئەم ساتەوەخت و شەوە. دەبا ڕاوەستاباین ھەتا مانگ ئاوا دەبوو. ھێندێک گەراینەوە دوایە بۆ ئەوەی ئەگر ئەسپەکان حیلاندیان زۆر نیزیک نەبین کە پاێگاکان ئاگادار بن.
بەڵام دەتکوت ئەسپەکانیش ھەستیان بە خەتەر کردوە و دەیان زانی کە ئێمە، ئەم کۆمەڵە گەنجە دڵپاک و لە گیانی خۆ گووزەراوە، دوور لە خزم و کەسووکار ھەمو ژیانی خۆمان فیدایی ئازادی ئینسان و سەربەستی گەلە چاوساوەکەمان کردووە و شەوورۆژمان بۆتە تەونی هەڵپێچانی ستەمکار و لە داری ناکەینەوە بەرگی بەرگی جەنگاوەری و شۆڕشگێڕی. بۆێە زۆر ئارام گوێیان دەدا بە سرتوو خۆرتی ئێمە و گوویچکەیان قووت دەکرد. ئەو نێشتمانە داگیراوە حەیوانەکانیشی ھەست بە بن دەستی و یاخی بوون و نەهێنی پارێزی دەکەن دایم
. وە لەو خەباتە ڕەوایە دا بەشی خۆیان زەحمەتیان کیشاوو و باریان بردووە
من نەزەرم وابوو باشترین کات بۆ پەرینەوە نیزیک بەیانیە، ھەم مانگ ئاوا دەبی و ھەم سەربازەکان مومکینە کاتی بەڕوو بەیانیە مووتمەئین بن کە ھیچ شتێک ڕوو نادا بەخەوون. ڕاوەستاین ھەتا مانگ ئاوا بوو و بە ئارامی ئەسپەکانمان بە دووای خۆماندا دەکیشا و بە فاسیلە بە دۆڵیکدا ، کە ئەمبەراوبەری پایەگا بوو بەڕەو جادە دەھاتینە خۆار.
ئەوڵین کەس من بووم و ئەسپەکەم ھەتا بن جادە ھێنا. زەوی نەرم بوو دەنگی سمێ ئەسپەکان نەدەھات، بەڵام سەر جادە ئیسفاڵت بوو و ئێمکانی ئەوە ھەبوو کە دژمن دەنگی پێی ئەسپەکان ببیستن و ئاشکرا بین.
لە بەرنامەکەمان دا فکری ئەو بەشەمان نەکربۆوە. من گەڕامەوە بەروو دوایە بەھاورئێانم کووت دەبی ئەسپەکان ھەموو دەدوایی یەکخێن و جەماعت بەبن پڕدی دابڕۆنە ئەوبەری جادە. کوتم ئەگر چوونە ئەوبەری ئەگر ئاشکڕا بووین و بوو بە تەقە، ئەو ئیووە بەروو شاخەکان بڕۆن منیش ئەسپەکان بەردەدەم بۆخۆم دیم یەکتر دەگرینەوە.
ھاورئیان بە بن پەردەکەیدا ڕۆێشتن منیش ماوەیک ڕاوەستم . دوایی ھەتا بن جادە چووم تاڕیک بوو ، ھێندیک لە بن جادە مات بووم ئەسپەکانیش بێدەنگ سریووەیان نەدەھات. فرسەت بوو، یەک جێ ئاوساری ئەسپی پێشیم کێشا بە دوای خۆمدا و ھەموو ئەسپکان لە چەند سانیەدا بە سەر جادەکە دا تێپەر بوون.
من نازانم چەند دەنگی ھەبوو چونکە بۆ خۆم جەڵەوی ئەسپی پێشیم پی بوو لە حاڵیی ڕاکردن، بۆ ئەوبەری جادە دەبووم بۆ نێو دۆڵەکە بووم.
دیارە پێم وایە پایگاش نووستبوون، بەڵام دەنگێک لەپڕ کوتی: ایست!(ڕاوەستە)
بەڵام ئێمە تازە پەڕیبوینەوە و لەو دیووی جادە دەڕەیکی نەدیوو بوو خۆمان مات کرد. ئەسپەکانیش بێدەنگ ڕاوستابوون، ماوەیەکی پێ چوو دنیا کش ومات بوو ھیچ ھەستوو خووست نەبوو.
دیار بوو نیگھبانەکەش ئارخەین ببوو کە ھیچ شتێ تایبەت نەبوو ڕەنگە شتێکی لە پایگای ئەو بەر کە ھیندیک دورتر بوو ڕووی دابێ.
ھیندیک چووینە خۆارتر بە پشت موچەی ماڵی عزیز ڕێووی دا بە نێو شیلانان دا یەک یەک وەسەر کەوتین.
کە گەیشتینە سەر گردی بە دیووی گیای شامەحمەدی ئێتر خەریک بوو سیوادی بەیانی دەدا و دەنگی کەڵبابی بەیانی لە مەڵبەند و مەزاری قارنێ ڕا دەگەویشتە گوێمان.
زۆر ماندوو ببوین، چوینە سەر کانی مستەفا جوڵای لە کێووەکانی پشتی قاڕنێ. ئەسپەکانمان لە خۆمان ماندووتر بوون زینەکانمان لێ ھینانە خۆارێ. وەک سپاسێکی بێ پایان لیان دەستم بە سەری ھەموویان داھینا. ئەسپەکان لە قەراغ کانیاوەکە ئاویان خۆاردوە دەستیان کرد بە لەوەڕین. ئێمەش یەک نەفر دیدەبانمان دانابوو و باقیەکەمان ھەر کەس لە ئاستێ خۆێ لە سەر عەرزی درێژ بوون لە دەوری کانیکەی خەومان لێ کەوت.
قەرار بوو ھەر یەک ساعت جاریک نۆبەدارەکان(نیگھبان) بگۆڕین. لای نیوەڕۆ بوو کە منیان خەبەر کردوە کوتیان ستونێک خەریکە دێت بۆ ڵای ئێمە!
 منیش ھەستام بە دووربین چاوم لێکرد، چەند تراکتۆڕن،  زانیم ھی خۆمانن. دایکم و بابم و خۆشک و بڕا و پوروو و خاڵ ھەمو ھاتبوون. بۆ یەکەم جار بوو قاسمیان دوای ئازاد بوونی لە زیندان دەدیی. خۆاردنیان بۆ ھینا بووین ھەتا ئێوارێ لە لای ئێمە بوون. ئێۆارە مالئاویمان لێ کردن و ئەوان ڕۆێشتنەوە و ئێمەش وەرێ کەوتین. شەوەکەی ھەمو بەرێوە بووین بەسەر چیاکاندا چوینە پشت گوندی پەسووێ و بە قەڵاتی شای دا وەسەرکەوتین و دوای ھاتینەوە بەینی گوندەکانی گەرگوولی خۆارێ و کانی بداغی ( ئەو دووگوندە ھەردووکیان پاێگای لی بوو)، چوینە گوندی گەرگوولی سەرێ کە ھیشتا ڕژیم پایگای لێ دانەنابوە.
بە گەرگوولی سەرێ دا چوینەوە گوندی ھەوشینان وەسەرکەوتین بۆ گوندی شیووە برسی. بە پشت گوندی شیووە برسی داچوینەوە بۆ کێلێ کە مەقەڕی کۆمەڵەی لێ بوو. سەعات گەویشتبۆ نیزیک ١٠ی بەیانی. لە خۆارەوە دەستەیەک پێشمەرگەمان دیت لە ڕێگادابوون. ھاورێیان سولێمان کاشانی، حوسین ئازەری، سەلاح خەڵیفەلیان، وابزانم حیسامی قادر پوور و سەلاح ڕەحیمی بوون. ھەرامان لێکردن ئاوڕیکیان داوە پیان وابوو ئەو ھەموو سۆارە کوێستان چین بۆیە زۆر ئەھەمێتیان نەدا. ئەو جار بە نێو بانگمان کردن دەنگی منیان ناسیەوە و زۆریان پێ سەیر بوو، ئەوەی ئینتزاریان نەبوو ئەوە بوو کە ئەو ھەموو سۆارە پێشمەرگەی کۆمەڵە بن.
ھێندێک لە ئێمە دوور بوون کوتیان ئێووە بچنە مەقەر ئێمە کارێکمان ھەیە زوو دێینەوە. ئێمەش کوتمان باشە، ئێمە چووین بەرەو مەقەری کیلی و ھاورێیان بەڕۆ پیرمان ھاتن و یەکترمان لە باوش گرتوو بە یەک شاد بوینەوە.
من زوو چومە موخابەڕات و پەیامێکم ساز کرد بۆ ھاورێیانی شیمال کە ئێمە بە سڵامتی گەیشتووین، نیگەرانی ئیووەین ئێووە لە چ حاڵ دان؟
ئەوانیش دوایی ماوەیەک جۆابیان داوە کە ڕژیم ھێرشێکی زۆر گەورەی بۆ مەنتەقە کردووە، پێشمەڕگەی کۆمەڵە و حیزبی دێمکرات و موجاھیدین درگیر بوونە. کۆمیتەی ناوچە مەقەری نۆردیئاوی و ھەرماویان چووڵ کردووە. ھەموو زیندانیەکانیان ئازاد کردبوو. ھاوڕێ عومەر ئاجیکەند گیانی لە دەست داوە و ھاوڕێ برایم غەریب بریندار ببوو، لاقی بە فیشەک شکا بوو.
گوتیان ھەمویان کشاونەتەوە بۆ سنوور کوردستان/ تورکیە ومەقەریان لە گووندی حەسەنی داناوە.
سولتان خوسرەوی
٢٠٢٠/٤/٤
درێژەی ھەیە


لەھاوینی ١٣٦٢ مجید ئازەری کە لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری چھریق مامۆستا بوو ھات بۆ نۆردیناوی وکۆمەڵە جێگا و رێگای پی دا و دواتر بوو بە پێشمەرگە.
ھەر وەھا ھەر لەم کاتەدا ژن و منداڵی کەماڵ بارزانیش کە خەڵکی کوردستانی باشوور بوو بەڵام پێشمەرگەی حیزبی دێمکرات بوو، بەداخەوە لە شەڕێک لە گەڵ ھێزەکانی ڕژیم شەھید ببوو،ھاتن بۆ ڵای کۆمەڵە و ئێمە جێگاو ڕێگامان بۆ دیاری کردن و لای ئێمە مانەوە، وابزانم دوای چوون بۆ تورکیە.

08:52 - 6/5/2021 نوێ کراوەتەوە