وتار

نیو سەدە خەبات

10:43 - 24/2/2021

٢٦ی رێبەندان رۆنێسانسی رەوتی چەپی پێشکەوتووخواز لە رۆژهەڵاتی کوردستان پیرۆز بێ. 

 

پاشی نیو سەدە خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵە لە دژوارترین هەل و مەرجەکان دا بەرەو ئاسۆیەکی  روون  بۆ بەئاکام گەیشتن بە ویست و مافی کۆمەڵانی زەحمەتکیش و چەوساوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی نیو سەدە خەبات و تێکۆشان چەندین قۆناغی تایبەتی بە خۆیەوە دیوە کە ناکرێ بێ ئاوردانەوەیەکی زانستیانە بە سەریدا دەرباز بین .
لە پاشی پیلانی نێودەوڵەتی و ناو خۆیی بۆ لە ناوبردنی کۆماری کوردستان و دەست کەوتەکانی ، رووناکبیران و تێکۆشەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان تووشی قەیران گەلێکی نەخوازراو بوون و لە چەند برگەی جیاوازی تێکۆشان دا هەر چەند تا رادەیەکی زۆر سەر کەوتن و شانازییان پێ برا، بەڵام لە هەمان کاتیش دا بە دەست تێوەردانی راستەو خۆی حیزبی توودە لە ساڵەکانی ٣٠ی بەو لاوە و بە تایبەت پاشی سەردەمی موسەدیق، ئەو قەیرانە سیاسیە بەرۆکی رووناکبیرانی کوردی گرتبوو کە تەنانەت لە شۆرشی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦ ـ ٤٨ی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران زۆر بە باشی دەر دەکەوێ، لایەنێک دژی دەست تێوەردانی حیزبی توودە بون لە ناو حیزبی دێمۆکرات، دەکرێ بە ئاشکرا بڵێین هەر ئەو چەند تێکۆشەرەی ئەو کات و چەند رووناکبیر و خوێندکاری زانکۆکانی تەورێز و تاران بوون بە ئاڵا هەڵگری رەوتێ چەپ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بوونە ئاڵا هەڵگری چەپێکی واقع بینانە.
لە کۆتایی چلەکان دا هەر ئەو خوێندکار و تێکۆشەرانە زوڵم و زۆری دەسەڵاتی پاشایەتییان هەست پێ کردبوو و لە نزیکەوە دەیان دیت چلۆن زەحمەتکێش و کرێکاری کورد دە چەوسێتەوە و سیستەمی فێئۆداڵی و بورژوازی چۆن باڵی بە سەر کۆمەڵگادا کێشاوە  و لە لایەکی دیکە لە سەراسەری کوردستان تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکرات شەهید دەبن یا خود لە رەش بگیری سەراسەری کوردستان دا دەکەونە سیاچالەکانی  ئێوین و قزل قەلعە و پادگانەکانی پەسوێ و ورمێ و سنە. لەو کاتە ئاستەمە دا ئەو چەند تێکۆشەرە فرچک گرتوویەی  پەروەردەی رێبازی راستەقینەی سۆسیالیزم و بۆ وەدی هێنانی مافی چەوساوەکانی کورد هاتنە گۆرەپانی مل ملانێ و تا رادەیەکی زۆر سەر کەوتوو بوون کە رووناکبیران و گەنجانی زانا و تێکۆشەری کورد  نە کەونە ناو بازنەی  حیزبی توودە و هەر ئەوانەش بوون توانیان رووناکبیرانی کورد لەو برگە مێژوویی یەدا رزگار بکەن. لە پاشی شۆرشی ئێران دا دیتمان چۆن ئەندام و لایەنگرانی حیزبی توودە بوون بە جاش و چاو ساغی رێژیمی فاشیست مەسسەبی ئێران.
ئەو بەشە لەو تێکۆشەر و رووناکبیرانە ٢٦ی رێبەندانیان کردە رۆژی رۆنێسانسی  سەر مەشق و خەبات و تێکۆشان لە پێناوی دەستەبەر کردنی مافی کرێکار و زەحمەتکێشانی کورد. دامەزرێنەرانی ئەوکاتی کۆمەڵە هەر چەندە هیچ ئیمکانات و پاڵپشتی یەکیان نەبوو بەڵام سەر بەرزانە توانیان خۆیان بپارێزن و لە نێو گەنجان و رووناکبیران تێکۆشانی سیاسی خۆیان پەرە پێ بدەن، کەم نین ئەو خوێندکارانەی زانکۆکانی تاران و تەورێز کە بە تۆمەتی چەپ بوون و دیفاع لە مافی زەحمەتکێشان و کرێکاران زیندانەکانی ئەو کاتی سەردەمی پاشایەتییان نەدیت بێ. دامەزرێنەرانی کۆمەڵە پێشی نیو سەدە توانیان رەگ و ریشەیان لە نێو کۆڕ و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دا بروێنن، هەر بۆیەشە لە سەردەمی شۆرشی بە تاڵان چووی گەلانی ئێران ریزی رووناک بیرانی بیرمەندی رەوتی چەپ لە کوردستان لە گەشانەوەدا بوو، خەباتی بێ ووچانی دەستەی بە رێوەبەری کۆمەلە زۆر زوو پاشی سەر کەوتنی شۆرشی سالی ٥٧ توانی لە سەراسەری رۆژهەڵاتی کوردستان مەقەر و بنکەی خۆی بە ئاڵای سووری ئەستێرە لە سەری کۆمەڵە لە هەموو شوێنێکی کوردستان هەڵ بکا .
کۆمەڵە لە ماوەیەکی زۆر کورتی پاشی شۆرش و تا دەگاتە کۆتایی شەری ٣ مانگە، واتە لە ٩ مانگ دا بتوانێ لە کوردستان دا ببێتە هێزێک کە لە وتووێژەکانی دەستەی نوێنەرایەتی کورد دەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت جێگای خۆی بکاتەوە.  هەرچەند لە کاتی وتووێژ دا زۆر لەمپەر بۆ کۆمەڵە هاتە پێش و بۆیان ساز کرد، بەڵام کۆمەڵە تەسلیمی  ناراستی و درۆ و فیشاڵی نەبوو، کۆمەڵە رۆژ بە رۆژ ئەندام و لایەنگری لە زیاد بووندا بوو، تەنانەت توانی بۆ یەکەم جاریش  نوێنەرانی خۆی بۆ مەجلیسی ئێران بپاڵێوێ، هەر چەند تاقە نوێنەرێکی راستەقینەی کورد رێگای پێ نەدرا رێی بکەوێتە مەجلیسی ئێران .
کۆمەڵە زۆر زوو دەسەڵاتی ئێرانی ناسی و زانی دەگەڵ ئەو رێژیمە هیچ کات لە وتووێژ بە ئاکام ناگات، هەر بۆیەشە لە سەرتای ساڵی ٦٠، دروشمی برووخێ رێژیمی فاشیستی ئێرانی بڵاو کردەوە، نوسراوە و بەڵگەکانی کۆمەڵە  ئەو راستییە پشت راست دەکەنەوە .
لە ماوەی پتر لە ٤٠ ساڵی رابردوو کۆمەڵە لە بەرەکانی شەردا نیشانی دا چلۆن هێزێکی لە شکان نەهاتوویە و بەربەرەکانی دەگەڵ رێژیمێکی جینایەتکاری لە سەر شانە  بۆ ئەو خەباتەش هەزاران رۆڵەی قارەمانی کەوتنە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی و زۆریشیان لە ژێر ئەشکەنجە شەهید کران و تا ئێستاش کەس بە گۆڕەکانیان نازانی . 
کۆمەڵە وەکی هێزێکی باوەر بە خۆ و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆتە ئاڵا هەڵگری زەحمەت کێشان و کرێکاران، شەهیدانی کۆمەڵە لە ٤ دەیەی رابردوو و رادەی زیندانیانی سیاسی، کە تێکرایان لە بنەماڵەی دەست کورت و زەحمەتکێشی شار و لادی بوون ئەو راستییەمان بۆ دەسەلمێنن . 
لە پاشی نیو سەدە خەبات و تێکۆشان و قوربانی دان، ئەورۆ کۆمەڵە بە کۆڵێکی پڕ لە ئەزموونی خەبات لە گۆرەپانی سیاسەت دا ماوە و هەر ئەوەی کە رێژیمی فاشیست مەسسەبی ئێران هەموو کاتێک لە حەولی زەربە و هێرشە بۆ سەر کۆمەڵە، بەڵام بە دڵنیایی کۆمەڵە بەرانبەر هەموو پیلان و ئاژاوەگێری یەکی دوژمنی لە بەر چاوە .

پیرۆز بێ نیو سەدە خەبات لە پێناوی وەدی هاتنی مافی زەحمەتکێشان و کرێکارانی کوردستان 
سەرکەوتووبێ خەباتی رزگاریخوازی و رێبازی سۆسیالیزم 
سڵاو لە بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی کورد 
سڵاو لە دەستەی رێبەری و هەموو کادر و پێشمەرگە و لایەنگرانی کۆمەڵە   

ئاڵمان ــ سووسەن حەیدەری


 

10:48 - 24/2/2021 نوێ کراوەتەوە