وتار

شۆڕشی ژینا و دەرکەوتەکانی

12:06 - 14/10/2022

ئەو دەسەڵاتانە کە ئیدیۆلوژیکن و تاک حێزبی حوکم ئەکەن تەنیا شانسیان هزری باڵادەستیانە و بۆ پاراستنی ئەو هزرە دەزگای سەرکوت وەڕێ ئەخەن. 


تاڵبان، ئەلقاعیدە، حێزب اللە، داعش، ڕژیمی ئێران نموونە زیندووەکانی ئەو هزرە تاک رەهەند و چەقبەستووەن کە لەکۆتاییدا دیکتاتۆریەت لە حەڵقەی حوکمرانیاندا ئەوێتە تەنافی دار و هەناسەیان پێ ئەبڕێ. 

٤٣ بۆ ٤٤ ساڵە ڕژیمی ئیسلامی ئێران ساڵ لەدوای ساڵ و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ سیاسەتەکانی بەسەر خەڵکی ئێراندا توندتر ئەکا و تەنگی پێیان هەڵچنیوە. ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوە و هەمە رەنگە، زۆربەی دانیشتوانی گەنجن و لە سرووشتی خۆیان تێگەیشتوون و هەڵگری زانستی سەردەمن خەڵکێکی هوشیار و ئاگاهن بۆیە بۆشاییەکی زۆر لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدایە و خەڵک لەسەر خەتی ڕژیم نین، ئەمەش ئالۆزی و بەریەککەوتن و بەرزی و نزمی لەو وڵاتە درووست کردووە. گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی ئینقلابیان کرد بۆ ئازادی و سەربەست ژیان بەڵام خومەینی و تاریک پەرەستان هەلیان بۆ رەخسا و ئەو ئینقلابیانە دزی و بە درۆ و دەلەسە و وەعدە و وەعید دەسەڵاتیان گرتە دەست. هەر لە سەرەتاوە حیجابیان کردە سەر ژنان و یەکەم هەنگاویان بە سەرکوتی ژنان هەڵگرت و هەرچی دەستکەوتی ئەوان بوو دایانە با و رەوانەی ماڵیان کردەو. ژنان هیچ نوێنەرێکیان لە سیستەم دا نیە بەڵکوو رێگای خەباتی مەدەنیەو دەنگیان هەمیشە بەرز بووە. خەڵکی کوردستانی بندەستی ئێران کە هوشیارتر لە نەتەوەکانی دیکە بوون زۆر زوو ماهیەتی کۆماری ئیسلامیان ناسی و هەر لە سەرەتاوە «نا»یان وت بەو ڕژیمە. ئەمە بووە قین و ڕق لە دڵی خومەینی و کاربەدەستانی ڕژیم و ئەوانیش بەفەرمانی خومەینی هجوومیان بۆ سەر کوردستان دەست پێکرد و هەر بەو فەرمانە پووتینیان هەڵکێشا بۆ قڕکردن و لە ناو بردنی کورد. 
کارەساتیان خوڵقاند بۆمباران و تیرباران و دادگای ٥ خولەکیان بەسەرپەرەشتی خەڵخاڵی ئەنجام دا، فڕۆکەخانەی سنە و بن دیوارەکانی مەهاباد و سەقز و مەریوانیان کردە تابلۆی جینایاتی ئینسانی و هەتا ئێستاش لەسەر دڵ و دیواری ماڵەکانمان هەڵواسراوە، کەنیشک و کوڕی شۆڕشگيڕمان درانە بەر فیشەک و رەحمیان پێ نەکرا. کورد هیچکات خوازیاری شەڕ نەبوو بەڵام شەڕیان پێمان فرۆشت. کوردستان لە وەڵامدا تەنیا و تەنیا بەرگری قارەمانانەی کرد، شەورای مەحەلات و شارەکانی رێکخست، رێکخراوی ژنان و یەکیەتی جووتیارانی پێکهێنا بە نیشانەی ئێعتراز کۆچی مەریوانی رێکخست و شارەکانی تریش زۆر مەدەنیانە پاڵپشتی ئەو حەرەکەتیانە کرد. ئەو کات میدیا و رەسانە نەبوو جینایەتەکانی ڕژیم لەقاو بات، هیچ هەواڵێ لە ئازایەتی و شۆڕشگێڕی خەڵکی کوردستانیش رووماڵ نەکرا و ئەم داستانە لە بێدەنگی جیهانیدا ٤٣ ساڵە درێژەی هەیە و خەڵکی کورد ئێستایش بە جمهوری ئیسلامی ئەیژن «نا».
لە دوای قەتڵی ژینا ئەمینی کچە کوردی سەقزی لە تارانی پایتەختی ڕژیم بەدەست پۆلیسی ئەخلاقی سیستەمی ئیسلامی، کوردستان جارێکی دیکە هەستاوە سەر پێ و یەقەی بە ئاخوند و پاسدار گرت و ئەمجارەش نەیهێشت مەرگی ژینا کپ بکرێ و جارێکیتر ژنی کورد قوربانی سیاسەتە دژە ئینسانیەکان بێ.
بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان مێژوویەکی سەلمێنەری هەیە و فاکتە بەرچاوەکانی ئەمانەن: _وەستانەوەی کیژێکی جامانە لەسەر لە سەرەتای ڕۆژەکانی سەردانی نوێنەری ڕژیمی ئیسلامی بۆ کوردستان.
_دەرکردن و زیندانی کردن و گواستنەوەی دەیان ژنی مامۆستا بە هەلیکۆپتر بۆ زیندانی تاران و ئەشکەنجە و تیرباران کردنیان لە سیاچاڵەکان وەک نموونە شەهین باوەفا.
_تیرباران کردنی نەسرین و شەهلای کەعبی و چەندین ژنی پەرەستار وفیداکاری کورد کە تیماری بریندارانی شەڕی ٢٤ڕۆژەی سنەیان کرد.
_
بونیادنانی رێکخراوەی ژنان لە مەریوان.
_پەیوەستبوونی ژنانی یاریدەدەری شۆڕش بە هێزی پێشمەرگە.
_ گوتاردان لە بڵندگۆی مزگەوتەکان وتابۆ شکێنی_شکاندنی نەریتە دواکەوتووەکان.
_چەکداربوونی ژنان لە ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی.
_تێکهەڵکێشکردن و درێژەدانی خەبات لەگەڵ بزووتنەوەی گشتی کورد.
_زیاتر لە ٣٠٠ گیانبەختکردووی ژن لە مەیدانی شەڕی سەپێندراو.
_بەردەوامی و لە سەنگەر مانەوەی ژنان لەم سەردەمە.
ئەمانە و دەیان فاکتی نەنووسراوی دیکە بەڵگەی بزووتنەوەی ژنانی کوردن کە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان هەمیشە پاڵپشتیان بوون و ئەمجارەش نمایشێکی راستەقینە و زیندوویان بۆ ژینا وەک رەمزی ژنی کورد نیشانی ڕژیمی ئێران و نەتەوەکانی دیکەی ئێران و جیهانیان دا .
هەڵوێستی کوردستان شارەکانی دیکەی ئێرانیشی ڕاچڵەکاند و بە درووشمی #ژن_ژیان_ئازادی وێژدانە نووستووەکانی بەخەبەر هێنا.
دژە ژن بوون ئەسڵێکە لە سیاسەت و نیزامی ڕژیم، کوردستان ئەو ئەسڵەی هێنا لەرزە و تێکیشکاند.
سەرجەم پاسدار و بەسیج و گیانفەداکانی ئیسلام بە ئاواتی چوون بۆ بەهەشت و گەیشتن بە شەراب و حوری، بە ناو ئیسارگەر و پاسداری لە بەها ئیسلامیەکان گیانفیدای هزری تاریکی و دواکەوتوون.
مرۆڤایەتی ئەکوژن لە پێناو گەیشتن بە حورییەکانی بەهەشت. بەهەشتێک کە بوونی تەنیا خەیاڵ و فانتەزیای شەهوەترانەکانە.

شۆڕشی ژینا لەسەر گۆڕی ژینای جوانەمەرگ لە سەقز بە سروودی شۆڕشگێڕانەو دەستی پێکرد و دوابەدوای سنە وتی سەقز تەنیا نیە، مەریوانیش پاڵپشتی لە سنەو سەقز کرد، ئاوا ئەو شۆڕشە کوردستانی تەنی و گەیشتە چوارگۆشەی ئێران، بەڵووچ و تورک_عەرەب و فارس و لەکۆتاییدا وردە وردە گەیشتە سەنتەری ئێران.
هەروا کە فیلسوفی هاوچەرخ ئسڵاڤی ژیژەک ئاماژەی بەم شۆڕشە وەک هەڵگری پەیامی نوێ بزووتنەوەی فێمنیزم بۆ جیهان داو وتی جاریکتر دەبێ ئەم رەوتە خۆی بەپێی بنەمای شۆڕشی ژینا رێکبخاتەوە.

جینایەتکاران بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ژینایان نەکوشتووە، نیکا و حەدیس و سارینا و دەیان لاوای خۆپیشاندەریان کوشت، سەدانیتریان بریندار کرد وبە هەزارانیان دەسبەسەر کردووە. 
ئەم نووسینە سادەیەی من ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی رەزبەر ٢٦مین ڕۆژی بەرەنگاری خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان و ئێرانە کە لەم ڕۆژەدا خەڵک بۆ چەندەمین جار بڕیاری سیاسی داوە و لە مانگرتنی گشتی دایە و باسی شۆڕشێکە کە ژن بزوێنەر و خاوەن گوفتمانە، ژن ئەگەر شۆڕش بکات مرۆڤایەتی رزگار ئەکا واتە مافی مرۆڤ ئەچەسپێنێ، نەتەوە و فەرهەنگ رزگار ئەکا، زمانی دایک ئەگەڕێنێتەوە بۆ پەروەردە و نیشتمان دیاری ئەکا، شۆڕشی ژن شوناسخوازیە و تاکە شۆڕشێکە کە رێنێنانس و شۆڕشی هزری بەرپا ئەکا، دیالکتیک ئەمەیە و فەلسەفە و زانست سەرئەخا.
بە وتەی سیموون دووبوار نووسەر کتێبی جینسی دووەم: ژن، ژن لەدایک نابێت بەڵکوو ئەیکەن بەژن.
تواناکانی ژن ببینین و بۆ گەشەپێدانی سرووشت و کۆمەڵگا رێکخەین، دیاریکردنی جنسیەت بۆ ژن و پیاو گەورەترین خەساری مرۆڤایەتیە، هاوشانی ئازادیخوازان دژ بەم بەکالا کردن و بێ نرخ کردنەی مرۆڤ بوەستین و سەرچاوەکەی وشک کەین.

یەکەم بڕیاری جمهوری ئیسلامی بە سەرکوتی ژنان دەستی پێکرد
 ئێمە خەڵکی کوردستان کۆتا بڕیارمان لەسەر ئازادی ژنان بۆ رووخانی ئەو ڕژیمە ئەدەین.

#ژن_ژیان_ئازادی
سەرگوڵ میرزایی

12:07 - 14/10/2022 نوێ کراوەتەوە

زۆربینراوترین