چالاکیەکان

ڕاپۆرتی ڕێو ڕەسمی ئەسپەردە کردنی هاوڕێ جەمال میرزادە لە نۆروێژ

06:40 - 26/3/2021

ڕاپۆرتی ڕێو ڕەسمی ئەسپەردە کردنی هاوڕێ جەمال میرزادە لە نۆروێژ

وەک ئاگادارن بە داخەوە ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی ٢٢ی٣ی٢٠٢١ هاوڕێ جەمال میرزادە کادری لە مێژینەی کۆمەڵە، لە شاری سارپسبۆرگ لە وڵاتی نۆروێژ بە هۆی نەخۆشین ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی پێنج شەمە ڕێکەوتی٢٥ی مارسی ٢٠٢١ لە ڕێو ڕەسمێکی تایبەتدا تەرمی هاوڕێ جەمال میرزادە لە لایەن هاوڕێیانی کۆمەڵە لە نۆروێژ و بنەماڵەی کاک جەمال و کۆمەڵێک لە دۆستان و ناسیاوان لە گۆڕستانی شاری سارپسبۆرگ ئەسپەردە کرا.

بە هۆی بار و دۆخی تایبەت بە کرۆنا، مۆڵەتی گردبوونەوەی جەماوەر نەدرا، بە سەدان کەس لە هاوڕێیانی کۆمەڵە، دۆستان و ناسیاوان پێوەندیان گرت و هەوڵی بەشداری کردنیان لە ڕێو ڕەسمی بە خاک سپاردن ئەدا کە بە داخەوە مەجالی بەشداری هاوڕێیان و دۆستان نەڕەخسا، بەو حاڵەشەوە دەیان کەس لە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە، ئەندامانی بنەماڵی کاک جەمال و هاوڕێیانی دێرین و ئاشنایان کاتژمێر ١٢ لە گۆڕستانی شاری سارپسبۆرگ 
 بە گوڵی سوور بە دەستەوە کۆبوونەوە و تەرمی هاوڕێ جەمالیان ئەسپەردە کرد.
ڕێو ڕەسمی ئەسپەردە کردن کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بە خوێندنەوەی سروودەکانی کۆمەڵە دەستی پێکرد و تا کاتژمێر ١٣ی دوانیوەڕۆ درێژەی پێدرا. شایانی باسە هاوڕێ ئیبراهیم کۆنەپۆشی بەو بۆنەوە وتارێکی کورتی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد، سوپاسی بەشداربوانی کرد و لە لایەن کۆمیتەی ناوەندی، کۆمیتەی دەرەوەی وڵات و سەرجەم کادر وئەندامان و دۆستانی کۆمەڵە لە نۆروێژ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هاوڕێ جەمال میرزادە کرد.
لە درێژەدا کاک عەلی پایا لە لایەن بنەماڵەوە کورتە باسێکی پێشکەش کرد و سوپاسی ئامادەبوانی کرد.
پاشان ئامادەبوان  تاجە گوڵینە و چەپکە گوڵیان لە سەر مەزاری هاوڕێ جەمال دانا. ڕێو ڕەسمەکە بە بڵاو کردنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە درێژەی پێدرا و کاتژمێر ١٣ کۆتایی بەڕێو ڕەسمەکە هێندرا.

یادی کاک جەمال میرزادە و سەرجەم گیانبەختکردوانی کۆمەڵە بە درێژەدان بە ڕێگایان بەرز وبەڕێز ڕا ئەگرین

کۆمیتەی نۆروێژ
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٢٦ی٣ی٢٠٢١

زۆربینراوترین