راگەیاندن

راگەیاندنی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵە بە بۆنەی ماڵاوایی هاوڕێ جەلیل عەلیپوور لە ژیان

12:00 - 19/6/2021

راگەیاندنی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵە بە بۆنەی ماڵاوایی هاوڕێ جەلیل عەلیپوور لە ژیان


کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
 کومیتەی دەرەوەی وڵات



بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە سەر لە بەیانی پێنجشەممە ۱۷ی ژوئەنی ۲٠۲۱، هاوڕێ جەلیل عەلیپوور ئەندامی پێشووی کومیتەی ناوەندی، کادری تێکۆشەر و خۆشەویستی کۆمەڵە، بە نەخۆشییەکی کوتوپڕ لە نەخۆشخانەیەکی کۆڵن لە ئاڵمان دڵی گەورە و پڕ ئاواتی لە لێدان کەوت و خەم و پەژارەیەکی زۆری خستە دڵی هەموومانەوە.


هاوڕێ جەلیل ساڵی ۱۳٤٨(۱۹٦۹) لە ئاوایی "تەپەڕەشە" لە ناوچەی سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشان چاوی بە ژین پشکووت. 
هێشتا مێرمنداڵ بوو کە بە هۆی شەڕی ئێران و عێڕاق لەگەڵ بنەماڵەکەیان بە ناچار زێدی خۆیان جێهێشت و ئاوارەی عێڕاق بوون و سەر ئەنجام لە کەمپی ئەڵتاش گیرسانەوە. 
لەوێ لەگەڵ کۆمەڵێک لە دۆستانی بە سیاسەتەکانی کۆمەڵە ئاشنا بوو و ساڵی ۱۹۹٦ بوو بە پێشمەرگەی کۆمەڵە. هاوڕێ جەلیل عەلیپوور زۆر زوو جێگای لە دڵی ریزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا کردەوە و بووو بە خۆشەویستی هاوڕێیانی. 
هاوڕێ جەلیل عەلیپوور تەنها کادرێکی تێکۆشەر نەبوو، بەڵکوو هونەرمەندێکی لێهاتوو و دەست ڕەنگین بوو و هونەرەکەی لە خزمەت خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورددا بوو. 
چەندین ساڵ وەکوو چیرۆک نووس و دیزاینەری گۆڤارەکانی کۆمەڵە و هەروەها لە ئۆرگانەکانی دیکەی کۆمەڵە کاری کردبوو. لە نێو پێشمەرگە و ئەندامانی کۆمەڵەدا کەسێکی ڕووخۆش و مێهرەبان بوو، هەر ئەم تایبەتمەندیانەی وای کردبوو کە خۆشەویستی هەموو لایەک بێت و تا ئەو جێگایەی لە کۆنگرەی دوازدەی کۆمەڵەدا بوو بە ئەندامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە. 


کاک جەلیل وێرای باقی ئەندامانی بنەماڵەکەی و براکانی لە پێناو ڕزگاری گەلی کورد، چەند دەیە بێ وچان و نەسرەوتووانە لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا خەباتی کرد. 
لەم ساڵانەی دواییدا رێگەی هەندەرانی گرتەبەر و لە وڵاتی ئاڵمان نیشتەجێ بوو. لەوێش هەر بەو دڵگەرمی و شێلگیرییەی جارانەوە درێژەی بە کار و چالاکی حزبی و سیاسی و هونەریدا و خەمخۆری کۆمەڵە و پاڵپشتی هاوڕێیانی مایەوە. 
بەداخەوە مەرگی ناوەخت نەیهێشت هاوڕێ جەلیل شکستی داگیرکەر و دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئیسلامی ئێران و سەرکەوتنی خەباتی رەوای گەلی کورد بە چاوانی ببێنێ و مەودای نەدا ئاواتە جوانەکانی وەدیبێن. بەم جۆرە کۆمەڵە کادرێکی کارا و لێهاتوو و بە وەفا و تێکۆشەر و خۆشەویستی لەدەستدا. 
کومیتەی دەرەوەی وڵات بەم بۆنەوە سەرەخۆشی گەرمی خۆی ئاراستەی هاوسەری بەڕێزی روقیا خانم و کوڕە ئازیزەکانی رێژوان و رۆژیار و هاوڕێیان کاک خالید، کاک ئەمجەد و کاک فوئاد و سەرجەمی بنەماڵەی بەڕێزیان و هاوڕێ و دۆستانی و هەموو ریزەکانی کۆمەڵە دەکەین. 
ئێمە بە درێژدەان بە رێبازی هاوڕێ جەلیل، سەری رێز بۆ خەبات و تێکۆشانی دادەنەوێنین و بە بیروباوەڕ و ئامانجەکانی وەفادار دەمێنین.

 
یادی ئازیزی بەرز و بەڕێز بێ و رێبازی پڕ رێبوار. 


کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کومیتەی دەرەوەی وڵات

٢٨ی  جۆزەردانی ١٤٠٠ 
۱۸ی ژوئەنی ٢٠٢١

09:20 - 19/6/2021 نوێ کراوەتەوە