راگەیاندن

راگەیاندنی کومیتەی دەرەوەی وڵات بە بۆنەی ماڵئاوایی کاک میرزا عەلی نادری 

12:22 - 10/1/2021

راگەیاندنی کومیتەی دەرەوەی وڵات بە بۆنەی ماڵئاوایی کاک میرزا عەلی نادری 

راگەیاندنی کومیتەی دەرەوەی وڵات بە بۆنەی ماڵئاوایی کاک میرزا عەلی نادری 

 

بەداخەوە ئاگادار کراینەوە تێکۆشەری دێرین کاک میرزا عەلی نادری رۆژی شەممە ۹ی ژانوییەی ۲٠۲۱ بەرابەر بە ۲٠ی بەفرانبار لە وڵاتی سوید لە ستۆکهۆڵم ماڵئاوایی لە ژیان کردووە. 
کاک عەلی کەسایەتی خۆشەویستی سەقەز و شار و ناوچەکانی دەوروبەر و نێو ریزەکانی کۆمەڵە بوو. بیروباوەڕ و ئامانجەکانی کۆمەڵەی بۆ خۆشەویست و جێ بڕوا بوو و هەر بۆیە تا دواهەناسەکانی ژیانی مانەوە لەگەڵ ئەم رێبازەی پێ شانازی بوو و پێی وەفادار مایەوە. 
کاک حەسەن کوڕی گەورەی کاک عەلی پێشمەرگەی ئازا و خۆشەویستی کۆمەڵە بوو کە بەداخەوە بەهاری ساڵی ۱۳٦۳ لە ناوچەی سەقز لە شەڕ لەگەڵ هێزە سەکوتگەرەکانی رژیم ئیسلامی گیانی بەخت کرد. دوای راپەڕینی گەلانی ئێران هەموو کوڕ و کچەکانی کاک عەلی بوونە پێشمەرگەی کۆمەڵە ئەویش سەقزی جێهێشت و دێ بە دێ و شاخ بە شاخی کوردستان بەدوای رۆڵەکانی و هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە بوو. 
زۆرن ئەو بنەماڵە خۆشەویستانەی کوردستان رۆڵە و ئازیزیان پێشکەشی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد کردووە.  بنەماڵەی ئازیزی کاک میرزا عەلیش لەو بنەماڵە سەربەرزانەی کوردستانە بە سەروماڵەوە بۆ ئەم شۆڕشە تێکۆشاون و بە تێکڕای خێزان پێشمەرگە بوون و ئازیزیان لەدەستداوە و ئاوارە و دەربەدەر بوون. کاک عەلی نادری  و بنەماڵە ئازیزەکەی لەو دەگمەن بنەماڵە خەباتکارانە بوون کە بەڕاستی لە گیان و خوێن و ژیانیان بۆ کوردستان و کۆمەڵە درێغیان نەکرد و هەقی زۆریان بە سەرمانەوە هەیە. 
بەداخەوە کاک عەلی خۆشەویست شکانی دوژمن و سەرکەوتن و ئازادی کوردستانی بە چاوی چاوەڕوانی نەدی و دڵی پڕ لە هیوا و هومێدی لە لێدان کەوت. بەڵام مێژووی ژیان و تێکۆشانی کاک عەلی لە دڵی میللەتەکەی و ریزەکانی کۆمەڵەدا هەمیشە بە شانازی و رێزەوە یادی دەکرێ و ماڵئاوایی ئەم باوکە دڵسۆزە بۆ هەموو لایکمان جێی داخ و پەژارەیە. 
بەم بۆنەوە سەرەخۆشی گەرمی خۆمان لە سەرجەم بنەماڵەی بەڕێزی کاک میرزا عەلی نادری و دۆست و ئازیزانیان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین. 
یادی ئازیزی بەرز و بەڕێز بێ. 

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران 
کومیتەی دەرەوەی وڵات 
۱٠ی ژانوییەی ۲٠۲۱ 
۲۱ی بەفرانباری ۱۳۹۹ 

12:13 - 11/1/2021 نوێ کراوەتەوە

زۆربینراوترین