وتار

حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ٤١ساڵە خەڵک دەکوژێ، بە حکوومەتی "پەت و سێدارە" ناوبانگی دەرکردووە

07:38 - 14/10/2020

حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە حکوومەتی "پەت و سێدارە" ناوبانگی دەرکردووە

دڵنیا رەحیمزادە

 
سازدان: ڕۆژین کەرەموەیسە
"ئێعدام" بووە بە وشەیەک کە خەڵکی ئێران و بە تایبەت کوردستان ڕۆژ نییە گوێبیستی نەبن، لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیدا ژمارەیەکی زۆر لە تاونەکان سزای ئێعدامیان لە سەرە کە هێندێک لەو تاوانانە لە ڕوانگەی یاسای نێونەتەوەیی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، لە ڕیزی ئەو تاوانانە ناینە ئەژمار کە سزای بەو چەشنە قورسیان لە سەر بێ، وەک تاوانی سیاسی، ئابووری،مادە هۆشبەرەکان و تاوانە جێنسییەکان، کۆماری ئیسلامی خۆی ئەندامی ڕێکخراوە نەتەوەیەکگرتووەکان و بەشێکی بەرچاوی لە پەیماننامە نێونەتەوەییەکانی پەیوەندیدار بە پاراستنی مافی مرۆڤی واژوو کردووە و بە پێ یاساکانی دەبێ پایپەند بە نێوەڕۆکی ئەو پەیماننامەیە بێت.
سەبارەت بەم پرسە واتا "ئێعدام" و ڕۆژی جیهانی بەرەنگار بوونەوە دژ بە ئێعدام،وتووێژێکمان لە گەڵ هاوڕێ "ناهید بەهمەنی" ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە پێک هێناوە کە دەقی وتووێژەکە بەم شێوەی خوارەوەیە:
هەروەک ئاگادارن ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبر بەرامبەر لە گەڵ ١٩ی ڕەزبەر، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوە دژ بە ئێعدام لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە، ڕۆڵ و گرینگی ئەم ڕۆژە و ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرتر لە گەڵ پرسی ئیعدام لە ئێران بە ڕای ئێوە چییە؟
ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبر لە لایەن ڕێکخراوەکانی "لێبوردنی نێونەتەوەیی" و "یەکیەتی جیهانی دژ بە ئیعدام"وە لە ساڵی ٢٠٠٢ی زایینیەوە وەکوو ڕۆژی جیهانی خەبات دژی سزای ئیعدام ناسراوە. ئەگەرچی زۆربەی وڵاتان هەوڵی خۆیان بۆ فەرمی ناسینی ئەم بوونە داوە و لە کردەوەشدا هەنگاویان بۆ هەڵگرتووە، بەڵام هێشتا لە ٥٨وڵاتی دونیا سزای ئیعدام و لە سێدارەدان بەڕێوەدەبرێ. ئێران یەک لەوانەیە کە وێرای چین، کوریای باشوور، عەرەبستانی سعوودی، پاکستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کوشتنی خەتاکاران و بەندکراوان بەڕێوە دەچێ و ئەم بڕیارە جیهانییە جێگایەکی لە یاساکانی ئەواندا نییە. هەروەها لە ئێراندا زۆربەی ئەوانەی سزای ئێعدامیان بۆ دەردەکرێ لە نێوان کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینیەکاندایە کە تەنانەت زۆرجار بە بێ ئەوەی تاوانێکیان هەبێت و بە بێ بەڕێوەبردنی پرۆسەی لێکۆڵینەوەی عادڵانەی یاسایی ئێعدام دەکرێن. لە ئێرانێکدا کە یاساکانی نێونەتەوەیی لە پێناو پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەخرێتە پەراوێزی یاسا ئیسلامی و شەرعییەکانەوە، ڕێژەی سزای ئێعدام زۆر زیاترە لە ئەو وڵاتانەی قانوونیان لە سەر بنەمای شەرع نییە. هەر بۆیەش بۆ خەباتکاران و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ و بۆ پێرەوانی یاسا جیهانییەکان لە وڵاتی ئێران لە مەر بنەبڕکردنی ئەم سزا دژە مرۆڤییە، ١٠ی ئۆکتۆبر بونێکی گرینگە و فۆرسەتێکە بۆ لەقاودانی کردەوە و یاساکانی حکوومەتی ئێران.
دەبینین کە ڕۆژبەڕۆژ ڕێژەی ئێعدام لە ئێران زۆرتر دەبێت و بە تایبەت لە ساڵی ڕابردوو و دوای خۆپێشاندانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی کە بڕیاڕی ئێعدامی زۆربەی لە دەستبەسەرکراوانی ئەو خۆپێشاندانە لە لایەن دەزگای دادەوە پەسەند کرا، هۆکاری پەڕەپێدان بەم ئێعدامانە لە چیدا دەبینن؟
حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ٤١ساڵە خەڵک دەکوژێ، بە حکوومەتی "پەت و سێدارە" ناوبانگی دەرکردووە و لەم بوارەدا نە تەنیا نەیارانی بەڵکوو جاری واشە لە یارانیشی لە سێدارە داوە، ئەم سیاسەتە نوێ نییە بەڵام بە گوێرەی باروودۆخ کەم و زۆر ڕژیم لە کوشتن بۆ کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتی و بۆ سەرکوت کەڵکی وەرگرتووە. کوشتن بەشێکی جیانەکراوە لە هەڵسووکەوت و سیاسەتی حکوومەتی ئێران بووە بۆ ڕاگرتنی خۆی، بۆ وەدەرنان و سەرکوتی ڕەخنەگەران و نەیاران و داسەپاندنی یاسای کۆن و دژەمرۆڤانە بە سەر ژنان، لاوان، نەتەوەکانی مافخوازی ئێران، ڕۆشەنبیران، نووسەران و جیلی نوێ کە مێژوویەکی چل ساڵەیان لە سەردانەنەواندن و ڕاوەستان و خەبات هەیە.
کۆماری ئیسلامی هەر لە هاتنە سەرکاریەوە هەتا ئێستا لە هیچ شتێک بە دژی کورد سڵی نەکردووە و بەردەوام دەستی بە ئیعدام و دەستبەسەرکردنی لاوانی کوردستان داوە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا شایەتی شەپۆلێکی نوێ لە سزای ئیعدام بۆ شارۆمەندانی کورد بوین، ئەمە دەتوانێت هەڵگری چە سیاسەتێک بێت؟
خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەر لە ڕۆژەکانی ئەوەڵی هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئیسلامی لە بەرامبەریدا ڕاسان و نەچوونە ژێرباری یاسا و نەریتی کۆن و قیمەتی زۆریشیان تا ئێستا بۆ داوە، سەدان و هەزاران کۆڕ و کچ، ژن و پیاو و پیر و لاو کەوتوونەتە بەر شەپۆلی ئێعدام و تەنانەت جینۆساید و ڕەشە کوژی. ئێران یەک لەو وڵاتانەیە کە رکۆردی زۆرترین ڕێژەی ئێعدامی لە دونیادا هەیە، لە بەردباران کردن و سەربڕینەوە تا لە سێدارەدان و تیرباران. بە هۆی تێڕوانین و سیاسەتێکی ئاپارتایدی کە حکوومەتی ئیسلامی بەرامبەر بە نەتەوەکانی ئێران بە گشتی و نەتەوەی کورد بە تایبەتی هەیەتی، دەستی ئاوەڵاتر بووە بۆ سەرکوت و تا ئەمڕۆش سێبەری ڕەشی ئێعدامی سیاسی زۆر زیاتر لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بە سەر نەتەوەی کورد و چالاکانیدایە.
ئێعدام کوشتنی سازمان دراو و بە ئەنقەستی دەوڵەتییە کە شیاوی مرۆڤی سەدەی بیست و یەکی ژیانی بەشەری نییە، جێ خۆیەتی لە ساڵڕۆژی جیهانی دژی سزای لە سێدارەداندا چالاکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان و لە تەواوی ئێران، خەباتکارانی عێداڵەتخوازی و ئازادیخوازی لە هەموو جیل و توێژێک بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان سزای لە سێدارەدان لەم وڵاتەدا لەقاوبدەن و لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان و واژووکەرانی ئەم بڕیارنامەیە داوا بکەن کە حکوومەتی ئێران بخەنە ژێر زەختەوە لە مەڕ پابەند بوون بە بڕیارە جیهانییەکان و لەوانە مەنعی لەسێدارەدان...

07:41 - 14/10/2020 نوێ کراوەتەوە