چالاکیەکان

بەڕێوە چوونی ڕێو ڕەسمی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە نۆروێژ

10:36 - 21/6/2022

بەڕێوە چوونی ڕێو ڕەسمی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە نۆروێژ

ڕۆژی شەمە ڕێکەوتی ١٨ی ٦ی ٢٠٢٢ لە وڵاتی نۆروێژ لە سەر ئامادە کاری و بانگەوازی دەستەی بەڕێوە بەری کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات لە دەرەوەی وڵات و کومیتەی کۆمەڵە لە وڵاتی نۆروێژ، ڕێو ڕەسمێکی بە شکۆ بە بەشداری هاوڕێیانی کۆمەڵە و  کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی و مەدەنی سەر بەخۆ هەر وەها نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان، بەشداری هاوڕێ مەتین ڕۆژهەڵات بە نوێنەرایەتی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵە، بە بۆنەی ٣١ی جۆزەردان ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە بەڕێوە چوو.

 سەرەتا لە لایەن هاورێیان ئەسرین دەرسید و جەلال هانیس وەک بەڕێوە بەرانی ڕێو ڕەسمەکە بەخێر هاتنی ئامادەبوان کرا و ڕیزی بەرنامەی ڕێو ڕەسمەکە ڕاگەیاندرا. دواتر ڕێو ڕەسمەکەیان بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی هاوڕێ خانەی موعینی و سەر جەم گیانبەختکردوانی کۆمەڵە و ڕێگای زڕزگاری کوردستان و بڵاو کردنەوەی سرودی بانگەواز سروودی فەرمی کۆمەڵە ڕێو ڕەسمەکەیان بە فەرمی دەست پێکرد.
لە بەشی یەکەمی ڕێو ڕەسمەکە پاش خوێندنەوەی ژیان نامەی هاوڕێ خانەی موعینی، هاورێ ئیبراهیم کۆنەپۆشی ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی بە بۆنەی ٣١ی جۆزەردان پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.
بەڕێز کاک موحەمەد ئەسکەندەر بە نوێنەرایەتی کومیتەی هاوکاری هێزە سیاسییە کوردستانییەکان لە نۆروێژ پیامی پیرۆزبایی ٩ حیزبی ئەندام لەو کومیتەوەیە خوێندەوە.
بەڕێز کاک هەندرێن باوەنووری بەرپرسی ناوەندی ڕێکخسنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە نۆروێژ پەیامی یەکێتی نیشتمانی خوێندەوە.
هاوڕێیانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پەیامی پیرۆزباییان پێشکەش کرد و لەلایەن بەڕێوە بەرانی ڕێو ڕەسمەکە پەیامەکە خوێندرایەوە.
کەسایەتی ناسراو، هونەر مەند و شاعێر و ئەدیب کاک حەمید شەریفی  پارچە شێعرێکی پێشکەش کرد، هاوڕێ شوانە بۆکان بە بۆنەی ٣١ی جۆزەردان دیکلەمەیەکی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد. 
هاوڕێ بەهار فاتمی هونەر مەندی سروود بێژی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە، سرودێکی خوێندەوە. 
هاوڕێ جەمال میرزادە کادری لە مێژینەی کۆمەڵە ساڵی ڕابردوو بە هۆی نەخۆشین ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد، وەک ڕێز وەفا لە لایەن هاوڕێ ئاکۆ فەتاحی بە نوێنەرایەتی هاوڕێیانی کۆمەڵە و کومیتەی کۆمەڵە لە نۆروێژ ژیان نامەی کاک جەمال خوێندرایەوە و ڕێزی لێ گیردرا.
لە بەشێک لە ساڵۆنەکە لە لایەن هونەرمەندی شێوەکار بەڕێز کاک یوسف سووری پێشانگایەکی شێوە کاری کرابوە و دەیان تابلۆ لە وێنەکانی لەو پیشانگایەدا دانابوو، بەشێکی دیکە لە شوێنی ڕێو ڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ مێزی کتێب.
لە ناوەخنی پڕۆگرامەکەدا کۆمەڵێک فیلمی دیکۆمێنتاری لە سەر پێشمەرگە و مێژوی پێشمەرگەی کۆمەڵە پێشکەش کران.
بەشی دووهەمی ڕێو ڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ بەشی هونەری کە هونەرمەندان کاک شۆرش مەریوانی، کاک فواد گوڵ نەسەب و کاک پێشڕەو زەرداسەر بە بەرهەمە هونەرییەکەیان لەگەڵ شایی و خۆشی بەشدار بووان ڕازاندیانەوە.
لەم ڕێو ڕەسمەداکۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی و مەدەنی سەر بە خۆ بە گەرم و گوڕی بەشدارییان کرد  و شان بە شانی تێکۆشەرانی کۆمەڵە ڕێزیان لەم ڕۆژە گرت.
کۆمەڵێک حیزب و رێکخراوی سیاسی کوردستانی لە پارچە جیاوازەکانی کوردستانەوە بە بروسکەی پیرۆز بایی و چەپکە گوڵی دۆستایەتی و هاوپەیمانی بەشداری ڕێو ڕەسمەکەیان کرد کە بریتی بوون لە:
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆڕان
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
حیزبی دیموکراتی کوردستان
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
پارتی سەر بە خۆیی کوردستان
پارتی ئازادی کوردستان ڕۆژهەڵات
ڕێکخراوی پەلکە زێڕینەکان
فدراسیۆنی کۆمەڵە کولتورییەکان لە نۆروێژ
کومیتەی هاوکاری هێزە سیاسیە کوردستانییەکان لە نۆروێژ
بە ناوی کومیتەی کۆمەڵە لە نۆروێژ و دەستەی بەڕێوە بەری کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات پڕ بە دڵ سوپاسی ئامادە بوان ئەکەین کە بە پیر بانگەوازەکەمانەوە هاتن و شان بە شانی ئێمە ڕێزیان لە ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە گرت.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران. کومیتەی نۆروێژ
کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات، دەستەی بەڕێوە بەری دەرەوەی وڵات