وتار

کۆمەڵە و خەباتی کرێکاری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات

11:03 - 2/5/2022

کرێکار هیچی نییە بۆ له دەست دان، زنجیرەکانی دەستی نەبێ    (کارێل مارکس)

مێژووی ڕۆژی جیهانی کرێکار ئەگەڕێتەوە بۆ 1مەی ساڵی1886ی زایینی کە کرێکارانی ئەمریکایی بۆ یەکەم جار خۆپیشاندانێکی گەورەیان ڕێکخست و خوازیاری ئەوە بوون کە سەعاتی کاریی ڕۆژانەی کرێکار لە14سەعاتەوە بۆ 8 سەعات کەم بکەنەوە کە ئەو یاسایە ئێستاش لە زۆربەی وڵاتانی سۆسیال دێموکرات خراوەتە بواری جێبەجێ کردن و کاری پێ دەکرێت؛ دەیان ساڵە ئەو بۆنەیە لەوڵاتانی جۆراوجۆر بەشێوەی ئاکسیۆن و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بۆ دەستەبەرکردنی مافی کرێکاران و داخوازییە سینفییەکانیان وەک: حەقدەست، بیمە، ئەمنیەتی کار و سەعاتی کاری، بەڕێوە دەچیت.
کۆمەڵە لە سەرتای دامەزرانی وەک ڕەوتێکی فیکری چەپ و سۆسیالیست لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لەوڵامی پێویستییەکی مێژوویی توێژێک لە کۆمەڵگای کوردستان دامەزرا و هەڵقوڵاوی ماف و داخوازییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان بوو، هەمیشە بەشێوەی کرداری خاوەنداری لە یەکی ئەیار و مافە ڕەوا و بەرحەقەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، وەک تویژی بێبەشی کۆمەڵگای کوردستان کردووە؛ ڕێبەرانی ئەو ڕەوتە لە کورەخانەکان و مەزراکاندا چوونە ناو خەڵکی هەژار زەحمەتکێش و شان بەشانی ئەوان کاریان ئەکرد و هەموو ئازار و زەحمەتی ئەو خەڵکە هەژارەیان ڕاستەوخۆ هەست پێ دەکرد و تا ئێستاش کۆمەڵە بەردەوامە لە سەرخستنی خەباتی چینایەتی و  ئەویشە بەدیهاتنی مافی ڕەوای کرێکاران و زەحمەت کێشان.
 کاتێک کە شۆڕشی گەلانی ئێران لە ڕێبەندانی 1357ی هەتاوی سەری هەڵدا کۆمەڵە وەکوو حیزبێکی یەکسانیخواز و خوازایاری عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ژیانێکی شایستە بۆ کرێکاران، بەشداری چالاکانەی کرد و نوێنەری ڕاستەقینەی هەژاران و زەحمەتکێشان بوو. سەدان نموونەی بەرچاو لە جەسارەت و گیانبازی و خزمەتی پێشمەرگەی کۆمەڵە هەیە کە ئێستاش لە بیرەوەری خەڵکی کوردستان دا ماوەتەوە. پێشمەرگەی کۆمەڵە بەو فەرهەنگە سیاسیە پەروەردە کرابوو ئەگەر ڕوویان لەهەر ناوچە و شوێنێک کردبوایە شان بەشانی  ئەو خەڵکە هەژار و زەحمەتکێشە کاریان ئەکرد و یارمەتیان ئەدان وە ئەویشە خۆشەویستی کۆمەڵەی لەناو کۆمەڵانی خەڵک زیاتر و  زیاتر کرد.

لە ئێستادا کە کۆماری ئیسلامی بەهۆی پشتیوانی لە تیرۆریزم و پەرەپێدان بەعەقڵییەتی توندڕەوی لە ناوچەکە کەوتۆتە بەر سزا نێودەوڵەتیەکان و تەنانەت تاوانی زیادەڕەوی و سەرەڕۆییەکانی لە ناوچەکە، بە پاساوی گەمار و ئابڵۆقە خستۆتە سەرشانی  کۆمەڵانی خەڵک؛ وەک ئەبینین ڕۆژانە شاهیدی دەنگی ناڕەزایەتی کرێکاران و فەرهەنگیان و هەموو توێژێکی کۆمەڵگای ئێران و کوردستان هەین، کەهەر جارە و بەبیانووی دەستێوەردانی دەرەکی لەلایەن ڕژیمەوە سەرکوت دەکرێت، تەنانەت لە ناوچە مەرزنشینەکان کە ڕۆژانە شایەدی کوژرانی کۆڵبەران و کاسبکارانی سووتەمەنی لەناوچە پەراوێزخراوەکانی ئێران(کوردستان و بەلووچستان و خوزستان)، هەین کە ڕاستەوخۆ بەتەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی دەکرێنە ئامانج و گیانیان بەخت دەکەن.
کۆمەڵە وەک ئەرکێکی مێژوویی، خۆی بە بەرپرسیار زانیوە کە داکۆکی و پشتیوانی لە تویژی هەژار و کەم داهاتی کۆمەڵگای کوردستان بکات و خۆی بە داکۆکیکاری ڕاستەقینەی خەباتی کرێکاران دەزانێت و پێی وایە: هۆکاری هەموو نەهامەتییەکانی چینی کرێکار و سەرجەم چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگای ئێران، ڕژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامییە، بۆیە پێویستە کرێکاران بە یەکگرتووییەکی زیاترەوە هاوتەریب لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی بکەنە ئەولەوییەتی خەباتیان و بێ گومان گەیشتن بە مافەکانیان، بە نەمانی کۆماری ئیسلامی و بونیاتنانی دێمۆکراسی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی دێتە دی.

زۆربینراوترین