وتار
ڕۆژی کۆمەڵە و ترسی دوژمن!
12:02 - 2/2/2021
نیو سەدە لەمەوبەر خەرمانی باوەڕی ئازادیخوازی و مرۆڤایەتی بوو بە مەکۆی هاواری زۆرینەی رۆشنبیران، یەکسانیخوازان و بەشمەینەتان، بوو
بە بنکەی خەباتی ژنان و پیاوانی وەزاڵەهاتوی دژ بە دێوزمەی زۆردار و تاریکی، بۆ بە هەستانەوە دژی فەرهەنگی خوڕافات و پیاوسالاری.
ئەو ڕێگایە وا هاواری زەحمەتکێش و هەژارانی بە یەکەوە گرێدا و گەیشتە قوتابخانەی بڕوای نوێ، لە پێناو وەدیهاتنی ماف و ویستی نەتەوە و ڕوخانی کۆشکی ملهوڕاندا، سەدان پاڵەوانی ئازا و داهێنەری ڕاهێنا، بوو بە پتەوترین رێگای پڕ بەهای بزووتنەوەی ڕزگاریبەخشی نەتەوەی كورد لە ڕۆژهەڵات.
ئێستاکە لای داڵی ڕەش و دوژمنی داگیرکەر ناوی کۆمەڵە سامە، ترس و زەردهەڵگەڕانە و سەیری سێبەرەکەشی لەرزۆک و کڕۆزیان دەکات، تەنانەت دێوی سەرمایە، هێزی یەکەم، بە سرتە و دزێوانە باسی دەکات "خۆی لێ مەدەن"، بەڵام لای هاونیشتمانیان و جەماوەری خۆڕاگر ناوی کۆمەڵە ڕەمزی ڕاستگۆیی، فیداکاری و چەکی ورەیە.
ئێستاکەش زیاتر لە جاران گەرمی و جوانیی ژیلەمۆی باوەڕ و هیواکان تین وگوڕ دەبەخشێتە سەر کچان و کوڕانی نیشتمان و هۆگرانی سەربەخۆیی و یەکسانی، کە وا ژوانگەیان کانیاوی هەڵقوڵاو لە سەرچاوەی ڕنووی شاهۆ، زاگرۆس، قەندیل و گشت ئەو دەشت و کێوەی وا ئاوێتە بە خۆبەخشی و بەرخۆدانی پێشمەرگەی کۆمەڵەیە.
ئیتر نەورۆزانە نەسیمی بای بەهاری زیاتر لە جاران بە سەر جامانە و گوڵە سوورەکەی کۆمەڵەدا لە گشت شار و لادێ هەڵقەی یەکبوون و یەکگرتویی دەخاتە مل گیژان و لاوانی کوردستان لە بۆ کارنەواڵ و جێژنی ڕزگاریی نەتەوە.
نیو سەدە خەباتی کۆمەڵە، خۆبەخت کردنی باشترین مرۆڤەکان و خۆڕاگریی دایکان و باوکان، دیارییە بۆ نەوەی داهاتوو لە پێناو ڕزگاری و ئاسایش، کوردایەتی و یەکسانی، مافی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی وە دێموکڕاسی.
لە پەنجاو یەکەمین ساڵوەگەڕی دەستپێکی خەباتیدا هاوکات، لە گەڵ تروسکەی ئەستێرەی سەر کۆیستانەکانی نیشتمان مۆمێک بە ڕوانینی گەشبینانە دادەگیرسێنین دەیخەینە سەر تەمەنی پڕ لە ئەزمون و سەروەریی کۆمەڵە، وە لە دەوری کۆ دەبینەوە لە پێناو بەڵێنیدان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و ڕێز گرتن لە سەرجەم گیانبەختکردوانی کۆمەڵە کە مێژوویان لە هەمووان سەروەرترە،
کەیوان فەرامەرزی
ڕێبەندانی ٢٠٢١
08:06 - 8/2/2021 نوێ کراوەتەوە
بابەتی زۆرتر
- ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی كۆمەڵە،ئاڵمان- فرانكفۆرت- بەشی ٣
- ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی كۆمەڵە،ئاڵمان- فرانكفۆرت- بەشی ٢
- ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی كۆمەڵە،ئاڵمان- فرانكفۆرت- بەشی ١
- بەڕێوەچوونی پڕشکۆی ڕۆژی کۆمەڵە و ڕێزگرتن لە ٤ پێشمەرگەی فیداکاری کوردستان لە وڵاتی سوید.
- بەرێوەچوونی سمینارێک لە تۆرنتۆی کانەدا بە بۆنەی ٢٦ی رێبەندان بە بەشداری هاورێ عەبدوڵای موهتەدی