راگەیاندن
راگەیاندنی کومیتەی دەرەوەی وڵات بە بۆنەی ماڵاوایی کاک مستەفا قادری
10:03 - 10/6/2021
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە رادەگەیەنین بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٠ی ژوئەنی ٢٠٢١، دڵی پڕ هیوای کادر و پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە کاک مستەفا قادری لە ماڵەکەی خۆی لە شاری "ئێسپۆ" لە وڵاتی فینلاند لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد.
هاوڕێ مستەفا قادری ساڵی ١٣٢٤ لە ئاوایی "سپیکەمەرە"ی ناوچەی بانە لە دایک بووە. دوای راپەڕینی گەلانی ئێران و ساڵی ١٣٥٨ بوو بە پێشمەرگەی کۆمەڵە. کاک مستەفا کەسایەتی خۆشەویستی ناو ریزەکانی کۆمەڵە و دۆست و یار و یاوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشـی کوردستان بوو. لە گەلێک لە ناوچەکانی کوردستان بۆ خزمەت بە خەباتی رەوای گەلی کورد و دەستەبەر کردنی ماڤی چەوساوەکانی کوردستان دەور و نەخشـی شۆڕشگێڕانەی گێڕا و بۆ وەدیهێنانی سیاسەت و ئامانجەکانی کۆمەڵە لە هیچ فیداکاری و دڵسۆزییەک درێغی نەکرد.
بە داخەوە ماوەیەک بوو کاک مستەفا قادری کادری خۆشەویست و بە وەفای کۆمەڵە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببوو و لەو ماوەیەشدا بە ورەی بەرزەوە بەرەوڕووی ببۆوە. بەداخەوە تەمەن مەودای بە هاوڕێی تێکۆشەر کاک مستەفا قادری نەدا ئازادی کوردستان و شکستی داگیرکەر و دیکتاتۆڕ بە چاوانی چاوەڕوانی ببینێ و دوور لە زێد و وڵات لە ئامێزی بنەماڵەکەیدا چاوەکانی بۆ هەمیشە لێکنا.
بەم بۆنەوە لە لایەن کومیتەی دەرەوەی وڵاتەوە پڕ بە دڵ سەرەخۆشی و هاوخەمی گەرمی خۆمان پێشکەش بە بنەماڵەی بەڕێزی کاک مستەفا قادری بەتایبەت فاتم خانمی هاوسەری و کوڕ و کچە ئازیزەکانی، شەهەلا، پیرۆز، محەممەد و عەبدوڵڵا و سەرجەم بنەماڵەی بەڕێزی لە بانە و ریزەکانی کۆمەڵە و هاوڕێ و دۆستانی لە دەرەوەی وڵات و بانە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
یادی ئازیزی بەرز و بەڕێز بێ و رێبازی پڕ رێبوار.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کومیتەی دەرەوەی وڵات
٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠
١٠ی ژوئەنی ٢٠٢١
بابەتی زۆرتر
- ڕاگەێندراوی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە؛
- ئاگاداری رێورەسمی رێزگرتن لە چووار پێشمەرگەی ئێعدام کراوی کۆمەڵە لە ئاڵمان
- هاوڕێ ڕەئووف بابائیان تێکۆشەری دێرینی کۆمەڵە ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد
- ڕاگەیاندنی کومیتەی دەرەوەی وڵات بە بۆنەی مەرگی کاک "عەتا ڕەزاڕوبابی"
- ڕاگەیاندنی کومیتەی دەرەوەی وڵات بە بۆنەی ماڵاویی هاوڕێ بەختیار ئەتابەک لە ژیان