چالاکیەکان

راپۆتی خۆپیشاندان لە فەرانسە لە بەر دەم شووڕای ئورووپا

12:01 - 7/10/2021

راپۆتی خۆپیشاندان لە فەرانسە  لە بەر دەم شووڕای ئورووپا

لە سەر بانگەوازی کۆمەڵەی کولتووری کوردستان (ئاسک)، خۆپیشاندانێک بۆ کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان لە شاری ستراسبورگی فەڕانسە و لە بەر دەم شووڕای ئورووپا بەرێوە چوو.


ئامانج لەو گردبوونەوەیە، دەربڕینی رق‌و بێزاریی سەبارەت بە هەڕەشەکان و هێرشی ناڕەوای سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر  تێکۆشەرانی رۆژهەڵات و هۆشداریدان بە نیسبەت ئەو هەوڵانەوە بوو کە  بۆ هەڵکەندنی کوردانی سیاسی پەنابەری ئەو بەشەی نیشتمان کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، لە ئارا دایە.
لە ئاکامی هێرشی بەردەوامی درۆنە شەڕکەرەکانی سپای ئێران و بوردمانکردنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان زەرەو زیانێکی زۆری مادی و سروشتی وەبەر گوندنشینان کەوتووە، ئەوەش هۆکارێکی دیکەیە کە  کۆمەڵەی کولتووری ئاسکی هاندا تا چالاکییەک وەڕێ بخا و لە هەمان کاتدا پێداگری لەوە کردەوە کە کوردستان یەک نیشتمانە و نابێ رێگە بدەین کە دوژمنان بە سیاسەتی دووروویانە، تۆوی دووبەرکی و ناکۆکی لە نێوان رۆڵەکانی بڵاو بکەنەوە.
دیارە رۆژی چوارشەممە رۆژی کارییە و هەر لە سەرەتاوە شیمانەی ئەوە دەکرا کە تەنیا رێژەیەکی کەمی کوردانی ناوچەکە دەتوانن بەشداری کۆبوونەوەکە بن، بەڵام کۆمەڵەی ئاسک دەیزانی کە لەو رۆژە گرینگەدا یەکێتی ئورووپا دانیشتنی تایبەتی بە دەستەوەیە و بۆ ئەو مەبەستەش تێکڕای پارلماتارەکانی بانگهێشت کردۆتەوە.
شایانی باسە کە بە پێی هاواهەنگی پێشتر لە گەڵ بەرپرسانی ئیداری و ئەمنیەتی شارەکە، هەیئەتێکی ئیداری هاتنە ناو خۆپیشاندەران و دۆسیەی ئامادەکراوی خۆپیشاندانیان لە دەستەی بەڕێوەبەری کەمەڵەکە وەرگرت کە بریتی لە راپۆرتە هەوڵێک دەربارەی ئامانجی کۆبوونەوەکە و بەیاننامەی داواکارییەکان بوو. دواتر هەیئەتە گەڕانەوە و دڵنیایی ئەوەیان دا کە دۆسیەکەیان بە سکرتاریای شووڕای ئورووپا، پارلمان و ناوەندی مافی مرۆڤی ئورووپا گەیاندووە.
ئەوەش چەند بڕگەیەک لە بەیاننامەی ئامادەکرا و داخوازەیەکانی خۆپیشاندەران کە لە ناو ئاپۆڕای بەشداربوان دا خوێندرایەوە: 
دەسەڵاتی داگیرکەری تاران بە خەیاڵی ئەوەی کە بتوانێ تێکۆشەرانی سیاسی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان دەربکا و پیلانە نگریسەکەی خۆی جێبەجێ بکات، بە بێ رەچاوکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان و گوێچکەدان بە ویستی رەوای گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە حەولی واژۆکردنی رێکەوتننامەیەکی دژە مرۆیی لە گەڵ حکومەتی ناوەندی ئێراق دایە. 
هەروەک دەزانن کوردستان نیشتمانی گەلێکی ستەملێکراوی چل ملیۆن کەسییە کە لە رەوتی مێژوودا بەردەوام تووشی  چەندین کارەساتی مرۆیی جۆراوجۆر بۆتەوە. کوردستان لە ئاکامی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا بە سەر چوار وڵاتی تورکیە، ئێران، ئێراق و سووریەدا دابەش کراوە و لەوێدا کوردەکان بە شێوەی ئاشتیخوازانە داوای مافە رەواکانی خۆیان دەکەن، بەڵام مخابن هیچ یەک لەو وڵاتانە گوێ لە ویست و داواکانیان ناگرن و وەک هەمیشە هەوڵی تواندنەوە و لە ناوبردنیان دەدەن.
ئێمە کوردانی تاواروگە ئەو کردەوە دژە مرۆیانەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری تاران ئیدانە دەکەین و داوا لە دام‌و دەزگاکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەت ناوەندی شووراو پارلمانی یەکێتی ئورووپا دەکەین کە
1)       سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانی حکومەتی سەرەڕۆی تاران دەستنیشان بکەن،
2)    توانای دیپلۆماسی خۆیان بۆ رێگریکردن لە رێکەوتنی دژە مرۆیی دەوڵەتانی ئێران و ئێراق بە کاربهێنن،
3)     مافە رەواکانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە فەرمی بناسن و پشتیوانی لێبکەن،
4)    هەوڵی پاراستن‌و ئاسایشی پەنابەرانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان بدەن کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.


کۆمەڵەی کولتووری کوردستان (ئاسک)
ستراسبورگ ٦ی ئۆکتوبری٢٠٢١ی زاینی بەرانبەر بە 14ی رەزبەر 2721  کوردی