چالاکیەکان

بەشداری شاندیکی کۆمیتەی کۆمەڵە لە ساڵیادی گشتپرسی هەریمی کوردستاندا، لە شاری هێلسینکی !

12:06 - 27/9/2021

بەشداری شاندیکی کۆمیتەی کۆمەڵە لە ساڵیادی گشتپرسی هەریمی کوردستاندا، لە شاری هێلسینکی !

ڕۆژی شەممە ٢٥ ی سێپتەمبەر ٢٠٢١ چوارەمین ساڵۆگەری ریفراندۆمی باشوری  کوردستان بە ڕێکخستنی کۆڕ یادێکی شکۆدار  لە لایەن ڕەوەندی کوردی لە وڵاتی فینلاند  بەرز ڕاگیرا.

بۆ ئەو  ڕێ و ڕەسمە كۆمەڵیکی بەرچاو لە کەسایەتی سیاسی و مەدەنی و  کوردوستانیانی دانیشتووی وەڵاتی فینلاند هەروەها حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بانگهشت کرابوون . بۆ ئەو یادە بەرز و نەتەوەییە بە تایبەت نوێنەران و کۆمیتەکانی حیزبەکانی بەشدار لە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بانگهێشت کرابوون و بە گەرمی پێشوازییان لیمان کرد. هەر لێرەوە سوپاسی ئەو دۆستانە دەکەین دەستییان بە گەرمی دەگوشین کە ئەو کۆڕەیادە ڕێک و پێکەیان ڕێکخستبوو.
کۆڕەکە لە کاتژمێری یەکی پاش نیوەڕۆدا سەرەتا بە سروودی ئەی ڕەقیب و یەک دەقە بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان دەستی پێکرد، پاشان مەراسیمەکە بە پەیامی پیرۆزبایی کەسایەتی سیاسی و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان درێژەی کێشا. کۆمیتەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران یەک لەو لایەنانە بوو کە بروسکەی پیرۆزبایی بە بۆنەی یادی مەزنی ٤ ساڵەی ریفرامدۆمی کوردستان پیشکەش کرد. شایەنی باسە لە پەیامی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا سیاستی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسدارانی ئەو ڕژیمە فاشیستە دژە ئازادی و دژە کوردە لەقاودرا و هێرشی موشەکی و بۆبەباران کردنی سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشور بە توندی شەرمەزار کرا و جارێکی تر بانگەوازی بەرنگاری نەتەوەیی بۆ پووچەڵ کردنەوەی سیاسەتی تۆقاندن و کوشتاری خەڵکی کورد  لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دووپات کرایەوە. کؤڕەکە لە کەش و هەوایەکی دۆستانە و شۆڕشگێڕانەدا درێژەی کێشا و شاندی کۆمیتەی کۆمەڵە لەو دەرفەتەدا لە گەڵ کەسایەتی سیاسی و مەدنی و  نوێنەرانی حیزبەکانی کوردستان دیداریان تازە کردەوە و هەروەها ئاڵ و گۆڕی بیر و ڕایان کرد.
بژی ئازادی ، بژی یادی ٢٥ ی سێپتەمبەر ساڵیدی  گشتپرسی کوردستان!