بیرەوەری

بیرەوەڕیەک لە دەورانی پێشمەرگایەتی لە شیمالی کوردستان ساڵی ٦٢ -١٣٦١ (بەشی سێھەم)

07:35 - 27/3/2021

بیرەوەڕیەک لە دەورانی پێشمەرگایەتی لە شیمالی کوردستان ساڵی ٦٢ -١٣٦١ (بەشی سێھەم)

کۆمەڵە تەشکیلاتێکی سیاسی بوو و خەباتێکی جەماوەری ڕێبەری دەکرد، بەڵام پەیوەندێک لەعەتف و خۆشەویستی لە نێو ڕیزەکانی ئەو ڕێکخڕاوە دابوو کە دەتکووت یەک بنەماڵەیە. لە ھەر ناوچەیەکیی ئەو کوردستانە خەباتت دەکرد ھیچ کات خۆت بە غەریب نەدەزانێ، ئەندامێکی خۆشەویستی نێو ئەو ماڵە پڕ خێزانە بووی.

ئەو ماوەیە کە بۆ چارە سەری پزیشکی لە دۆڵی حاجی کندو و خانەقا و عیلماباد بووم ھاوڕێیانێکی زۆر کە ماویەک بوو نەم دیبوون لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان لە خانەقا یەکترمان بینێەوە و بە دیداری یەکتر شاد بووینەوە. 
١٠ یا ١٢ ڕۆژێک مابوو بۆ نەورۆزی ساڵی١٣٦٢، کۆمەڵە بەرنامەیەکی دانا و ھێزی کۆکردووە کە بە دوای گرتنی مۆڵگەی سنگسار کەماوەیەک پێشتر گیڕابوو، پایگای ئاختەتەریش بگرێ. نازانم چ گرفتێک ھەتا پێش بەرنامەکە ئەو جۆڕەی دەبا چووبا پێش ڕێک نەکەوت و مۆڵگەکە نەگیرا. بە داخەوە لەو شەڕە دا ھاوڕێ حەمەی ئیلخانیزادە فەرماندەی نیزامی پەل و چەند پێشمەرگەی دیکە گیانیان بەختکرد. چەند ڕۆژ دوایە حکومەت ھێرشی کردە سەر تازەقەڵا و کێوەکەی پشت خۆڕاسانە کە بە داخەوە لەوێش پێشمەڕگەو کادری ئازای کۆمەڵە ھاوڕێ سەعید گەوھەری گیانی بەختکرد. فەزایەکی زۆر گڕان ئەو دۆڵی خۆڕاسانە وئاجیکەندی داگرتبوو خەتەری ھێرشی گەورەی دووژمن لە گۆرێ دابوو.
من دەبا گەرابامەوە بۆ شیمالی کوردستان کۆبونەوەیەکی سێ قۆڵیمان لە گەڵ لە ھاوڕێیان سەید ئیبراھیم علیزادە و ھاورێ جۆاد مشکی ئەندامی ناوندی کرد. لە کۆبوونەوەکە دا وەزعیەتی شیماڵی کوردستان و داھاتووی باسکڕاو قەرەار لە سەر ئەوە درا کە دەستەیەک پێشمەرگە لە موکریان را بنێڕن بۆ مەڵبەندی شیمالی کوردستان. ھەر وەھا دوکتورێکیش بنێڕن بۆ ئەمنیەتی زۆرتری بریندارەکان لەو ناوچەیە.
ھاوڕێ خالید مەحمەدی وەک پزیشک ناردڕا. 
ھاورێ ئێبراھیم غەریب وسەید مینە دێبۆکڕی لە ناوچەی مەھاباد، ھاورێیان قادر کاکە و عومەر ئاجیکەند لە بۆکان، ھاوڕێیان ئەنۆری سڵێمانکەندی و کامیل و نافیع فەتحی لە ناوچەی سەقز، چەند ھاوڕێی دیکەش بوون کە بە داخەوە ناویانم لە بیرنەماوە. بەڵام دەبی ئەوە بڵێم بە داخەوە بە غەیری دوکتور خالیدی مەحمەدی و کامیل ئەوانی دیکە کە ناوم نوسیوون ھەموویان گیانیان بەختکردووە و لە حەیات دا نەماون.
چەند ڕۆژی مابوو بۆ نەورۆزی ساڵێ ١٣٦٢ لە دۆڵی ئاجیکەند بەرەو شیمالی کوردستان وەڕێکەوتین. شەوی ئەوڵ لە گوندی بورھان لای ھاوڕێیانی ناوچەی مەھاباد بوین و ھەتا شەو درنگ لە گەڵ ھاورێیانم لە مزگەوتێ دانیشتین و باسی شیمالی کوردستانم بۆ دەگێڕانەوە.
ڕۆژی دوایی بەڕەو دەشتی شاروێڕان وەڕێکەوتین. دەشتی شاروێڕان کەوتۆتە ڕۆژھەڵاتی شاری مەھاباد. ئەو دەشتە بەھاڕان کە ڕەنگی سەوزایی بەخۆوە دەگرێ دەڵیی بەھەشتی سەر زەوییە. بەرە بەیانیان وەختێک لە بەرزایکانی دەورەبەر سەیری ئەو دەشتە جۆانە دەکەی، تەمێک لە دووکەڵ لە سەر گوندەکان دەبینی کە نیشانە لەوەیە کە گەورە کچان و دایکان تەندور یا سۆبەی دیوەخانەی ھەڵکراوە و ژیانی سادە و ساکاری ڕۆژانەی دێ بەر دەوامە. ھیچ نەقاشێکی ماھێر ناتۆانێ ئەو دیمەنە جۆانە ڕەسم کا، مەگەر ھەر خۆت بە چاو بیبینی. بۆ ئێوارە ھاتینە گوندی حاجی خۆش و لە وێی نانمان خۆارد. شەو شوڕای گوند تراکتۆریان بۆ پەیدا کردین و بەو دەشتەدا بەرۆ کۆزەکەرێز وەڕێ کەوتین. ئەو کات خەڵکی کوردستان ھەمو بە گشتی بشداری ئەم شۆڕشە بوون. شەو و نیووە شەو دەچویە ھەر گوندێک خەڵکی ماندووی ئەو گوندانە ھەر چەند ڕۆژانە کاڕی زراعەتیان دەکرد و زۆریش ماندوو دەبوون، بەڵام ھەر زۆر زوو بە ھاناتەوە دەھاتن وکاری پێشمەرگەیان ڕادەپەڕاند. نیووە شەو گەیشتینە کوزەکەڕێز، زۆر زوو شۆڕا تەڕاکتۆریان بۆ سازکردین و بەڕەو ئاڵبلاغ چوین و شەو لە ویێ ماینەوە. 
بەیانەکەی شۆڕای گوند تەڕاکتۆریان بۆ ساز کردین و قەرار بوو ھەتا گەرگولی خۆارێمان بەڕێ.
لە گوندی محمەشەی سەڕێ ماڵی خەزمێکمان لەویی بوو زۆر لە مێژ بوو نەم دیبوون، ھەمومان بە شۆفیرەوە لامان دا دیدارێکمان تازە کردووە زۆریان پێ خۆش بوو. چاێکمان لایان خۆاردەوە دوای وەڕێ کەوتین. لە بەرزایەکانی پشت محمەشی ڕا دەشتە جۆانەکەی سندوسمان لێ دیار بوو کە ڕۆژگارێک لە خۆشی دا ھاتوچۆی ئەو دیھاتەمان دەکرد. بەڵام ئێستا قەلەڕەشی دووژمن لێ دەخویند.
لە گوندی گەرگوول لامان دا چوینە ماڵی حاجی عوڵا ھەم خزم بوو و ھەم زۆریش قەسە خۆش بوو.
ھەر لە دووڕەوە بەڕەو پیلمان ھات و ھەمومانی ماچ کردوو دانیشتین، دەستی کرد بە قەسەی خۆش. حاجی نەی ھێشت شۆفیرەکەی خەڵکی ئاڵباغیش بڕوا بۆ نیوەڕۆ میوانی حاجی بووین و دوایی نانیی نیوەڕۆ شوفیرەکەمان بەڕێ کردوە. ماڵە حاجیی تراکتۆریان بۆ ساز کردین و یەک لە کوڕەکانی لە گەڵ ناردین. ماڵئاوایمان لە حاجیی و بنەماڵەکەی کردو چوینە مەقەری ناوچەی شنۆ لە گوندی لکبن. یەک لە کاڕە سەرەکییەکانمان ئەوە بوو، دەبا بۆ بردنی کەڕەسەی پزیشکیی و سیلاح و موھێمات چەند ئەسپمان کڕیبا بۆ ئەوی ئەو بارانەی پێ بەڕینەوە شیمالی کوردستان. بەم بۆنەوە چەند ڕۆژێک لە مەقەڕی لکبن ماینەوە . نەورۆز لای ھاوڕێیایێ ناوچەی شنۆ بووین کە ھەمویان ھاورێی زۆر خۆشەویستی من بوون و ساڵەھا پێکەوە خەباتمان کردبوو. ھاوڕێیانی ناوچەی شنو ماشێنێکی تیۆتای سپای پاسدارانیان گرتبوو زوریان خۆش دەویست. بەڵام بۆ بەد شانسی ڕێگاکانی دەورو بەڕیان گیرابوو و مەودای ھاتو چۆیان بەو ماشێنە زۆر کەم بوو. ھاورێ عبداللە ھەم بەرپرسی بێسیم بوو و ھەم شۆفێری ماشینەکە بوو. ھاورێ عبداللە ھاورێی دێرینم بوو، بەڵام ماویەک بوو یەکترمان نەدیبوو.
لە گەڵ ھاورێیانی ناوچەی شنۆ نازانم لە سەر چیی کۆبونەومان ھەبوو، ھاوڕێ عبداللە ھەر زوو زوو دەھات دەیکوت ساز بە دەچین سەڕێکی گوندی کەڵەکوکە دەدێن. گوندی کەڵەکوکە لە سەر ڕێگای مەیدانیە بەرەو مەھاباد. نازانم ھاورێیان شنۆ بۆ خۆیان کاریان چ بو لەو گوندە. بەڵام ھاوڕێ عبداللە زۆری پی خۆش بوو من لە گەڵێ بچم .من خەڕیک بووم ساز دەبووم بۆ ڕۆیشتن کە ھاوڕێ سولێمانی کاشانی کوتی کەسێک ھاتووە و کاری
پێتە نابی بڕۆی. من لە بەر ئەوە نەم تۆانی لە گەڵ ھاوری عبداللە بڕۆم.
 . دە دەقەی پێ نە چوو بوو کە دەنگی تەقینەوەیەکی زۆر گەورە ھات
گۆیا ئەو کاتە خەتەری ھێرشی دەوڵەت لە مەھابادەوە بەڕێ مەیدانیدا بۆ سەر ناوچەی لکبن ھەبوو. حیزبی دێموکرات مینی دژە تانگی لەو ڕیگایە دانەبووە بۆ ئەوی ئەگر ھێرش کڕا پێشگیری لێ بکرێ. دیار بوو دوایە کە دەوڵەت ھێرشی نەکردبوو مینەکانیان کۆکردبۆوە. بەڵام دیارە ئاماریان لە دەست دانەببوو یەک لە مینەکانیان لە بیر چووبوو ھەڵیگرنەوە. بۆ بەدبەختی ھاورێ عبداللە بە تۆێوتا بە سەری دا دەڕواو دەتەقێتەوە. ھەر چەند بە داخەوە ھاوڕێ عبداللە لە تەقینەوەکەدا چاوێکی لە دەست دا و گێوی ھیندیک زەربەی دیبوو، بەڵام بە خۆشێەوە لە مەرگ نەجاتی بوو. 
وەختێک ماشێنکەیان ھێناوە ئەو جێگایەیی کە قەرار بوو من لێدانیشم لە بن ماشێنەکە بە قەت پەنجەرەیەک کوون ببوو. ئەگر لە گەڵی چووبام ھەرگیز نەجاتم نە دەبوو. ھاورێی خۆشەویستم سوڵێمان کاشانی گیانی کڕیمەوە. من ڕۆژی دوای نەورۆز بە شەو لە گەڵ دوو ھاوڕێی پێشمەڕگە چومەوە گوندەکەی خۆمان (قاڕنێ). ئەوکات قاسمی بڕام تەمەنی ١٥ ساڵ بوو، گیرابوو و لە زیندان بوو. دایک و بابم زۆر نیگەرانی بوون. کوتم فورسەتە پێش ڕۆیشتنەوەم بۆ شیمال چاوێکم پیان بکەوێ ھیندیک دڵ خۆشیان دەدەمەوە. شەو درەنگ بە دزیی چوینەوە ناو گوندی. بە سەر دیوارێدا چوینە دیووی حەسارێ، چەند سەگی زۆر بەد فەرمان ھەبوو ھێرشیان بۆمان ھێنا، کە  دەنگم دان بێدنگ بوون. 
 لە دەرگای وەتاغێماندا، کوتیان کییە، کووتم ئەمنم. ئەوەڵێ باوەڕیان نەدەکرد، وەختێ کردیانەوە چوینە ژور بابم و دایکم زۆریان پێ سەیر بوو کە چۆن سەگەکان ڕێیان داوین بێنە ناو حەساڕێ. من ئەوکات زۆرم بیر لەوە نەکردوە، بەڵام دایکم و بابم دەیانکووت، سەگ بە وەفایە ئەوە دەنگیان ناسیەوەیە بۆیە پێتان نەوەڕیوون. شەو و ڕۆژێک بە دزی لە قاڕنی ماینەوە و چاومان بە کەسوکار کەوت. ھاورێیانی دیکەم ڕۆژی دوایی لە لکبنێ ڕا دەگەڵ ھاورێیانی ناوچەی شنۆ ھاتبوون و لە دەرەوەی گوندی قارنێ یەکترما گرتەوە. جارێکی دیکە لە شەوە زنگی نیووە شەۆاندا بە پەنای گویی دۆست و دووژمن دا بە دەشتە حەیاتەکەی شنۆێدا تێپەر بووین و پەرینەوە بەری حەڵب وکۆیەکان. لە وێڕا چوینە چیاکانی بەین گوندەکانی دەڵۆ و نەناسە لە ناوچەی دۆڵێ. شەوەکەی ھیچ نەنوستبووین زۆرماندوو و شەکەت بووین. تازە تاوی بەھاری ھاتبووە دەرێ، باری ئەسپەکانمان داگرت کە ھێندێک ئیسراحەت بکەین. ھیچ پێ خەوو و شتی وامان پێ نەبوو ھەر کەس بە جلەکانی خۆیەوە لە بەر ڕۆژی درێژ بوو. ھەمو خەومان لێ کەوت بوو. نازانم چ ماوەێک خەومان لێ کەوتبوو من بە دەنگی شمشاڵێکی غەریب و زۆر خۆش وەخەبەر ھاتم. ئەگر چاوم لێ کرد لە شاخەکەی ئەو لای ئێمە شۆانیک لە سەر تاتە بەڕدێک دانیشتبوو شمشاڵێکی زۆر غەریبی لێ دەدا. پێموایە یا عاشق بوو یا دەروونی پڕ بوو لە خەم. مەڕەکەشی بە قەدی شاخەکەووە دەڵەوەڕا. شۆانەکە ئێمەی نەدیبوو، بانگم کرد ھۆی کاکیی شۆان، دوای دووجار بانگ کردن بلوێڕکە بڕێ و چاوی بە دەوروبەر دا دەگێڕا. بانگم کرد کوتم وەرە بۆ ئێڕە، ھێندێک نیگەڕان بوو. وەختێک کوتم ئێمە پێشمەرگەین زوو مەڕەکەی گێراوە و سواری کەرەکەی بوو، دوو سەگی بە دواوە بوو ھات بۆ لامان. خەڵکی گوندی دەڵۆیە بوو. ئێمەی ناسیەوە، زۆر زوو کتری لە تێڕێ دەریناو و چای وەسەرنا و نانو پەنیری دانا. ئێمەش بۆ خۆمان ھێندێکمان نان پی بوو، نان و چایمان خوارد. دوای نان و چا خواردن من ھێندێک خەبەروو باسی رێگا و بانم لێ پرسی، دیار بوو ھیچ ئاڵوگۆڕێکی تایبەت لە ناوچەکە نەھاتبۆ پێش کە گیرو گرفتێک بۆ ئێمە بێنیتە پێش.
ئەو کات ئەو کوردستانە شاخ و بەردی، کێوەکانی، شۆان و گاوانی ھەموو شۆرشگێر بوون. دیارە ئێمە پێشمەرگە بووین، بەڵام ئەگر ئەو خەڵکە نەبان ئێمە مانگێک پێشمەرگایەتیمان بۆ نەدەکڕا. 
داوامان لێ کرد ھێندێک شمشاڵمان بۆ لێدا، قەبووڵیی کرد و شمشاڵێکی زۆرخۆشی بۆ لێداین، ھەم زۆر غەریب بوو، ھەم سارێژی برینێ دڵێی ئێمە بوو کە دور لە ھاوڕێیان و کەسوو کار بووین. 
بارو بنەمان بەست و ماڵئاوایمان لە شۆانەکە کردو بەڕەو دەڕی قاسملو وەڕێ کەوتین. بە گەڵی خانێ دا چوینەوە نێوو جیی چادرەکانی حەسارو کانی سپی. شەو چوینە کانی سپی نانمان خوارد ھەر بەو شەوە بە گەڵی بەراندۆز و گەڵی بەند دا پەرینەوە پشتی ناسراوەیی. ئەوانەی ئەو ناوچانە بەڵەدن دەزانان کە چ ڕێگایەکی دوروو درێژما پیوابوو. ڕۆژەکەی ھێندێک ئیسراحتمان کرد، کۆنسێروی ماسیمان پێ بوو ھەر لە قودوکەی دا گەرمان دەکردوە بە نان دەمان خوارد. ئێوارەکەی ھاتینە گوندی خەلیفەتان نانمان خوارد. بۆ خەو ھاتینە گوندی ئاسینگەران. شەو ڕۆژێک لە ویێ ماینەوە و تەواو حەساینەوە. ئاسینگەران ومیرداود دوو گوندی زۆر خۆشن لە دۆڵێک دا ھەڵکوتوون کە دەوروبەری شاخی زۆر بەرز گرتوویانە، بەقەت مەسافەتی بەینی دوو کێوەکە ئاسمانی شینیان لێ دیارەو بەس دوو گوند زۆر خۆشن کەلە سەر ڕووبارێک کە لە حەدودی تورکیە و ئیڕان و دریاچەی مارمیشۆ را دێتە خۆار ھەڵکەوتووە. 
ئەو ڕوبارە بەھاران ئەوندە توڕەیە کە وەک ئەسپێکی سەرکێش بە گرمە و ھاشەی شاخ دەلەرزێنێ و ھیچ خۆی لە بەر ناگری. بەڵام بەھاوینان یەکجار ئارام و مەتین و دڵنشینە کە حەز دەکەی لە پەنایی بەحسیەوە. 
 ئاوەکەی ئەوندە ڕوونە دەڵێی چاوی قەرژالە. ھاوینان خەڵک شەوانە لە مانگە شەودا لە بەر چڕا تۆر ماسیان لێ دەگرت. 
 ئەگەر کوردستان و بی وڵاتی نەبا دەکرا ئەو دوو گوندە لە گەڵ گوندەکانی سوئیس و بناری کێوی ئاڵپ لە ئیتالیا بەر ئاوەردیان کەی کە ساڵانە ھەزاران کەس وەک توریست سەردانیان دەکەن. دوو ڕۆژ دوایی ھاتینەوە مەنتەقەی کنار بەرڕۆژ و بە کێوی چۆارشەمە و شێخ بایزید دا بە جندی بانک دا کە کوێستانێکی زۆر خۆشە وەسەر کەوتین و چوینە نێو ڕەشمالەکانی سۆما و ئەنزال. دۆست و ئاشنایانمان دیتەوە بە دیداری خەڵک شاد بوینەوە. ڕۆژێک لایان ماینەوە و ھێندێک خەبەرو باسی موکریانمان بۆ باس کردن. ئێۆارەکەی وەڕێ کەوتین و چوینە گوندی نۆردیناوێ کە تازە مەقەری کۆمیتەی ناوچە ھاتبووە ئەو گوندە. 
 مەحمەدمینی خەڵکی کانی میرانی سۆمایە سەر پەڕەستی دەکرد. بەڵام ھێشتا بنکەیەکمان لەگوندی باێرام ھەر مابوو. ھەر وەھا ھاورێیان مەقەڕێکی دیکەشیان لە گوندی ھەرماویێ دانا بوو کە مامۆستا مەلا عبداللە و چەند پێشمەرگەی لی بوون. 
بارو بنەمان لە نۆردیناوێ ویی داناو شەو لە وێی نوستین.
ڕۆژی دوایی چوینەوە بۆ ناوچەی ئەنزڵ بۆ مقەری حاجی باێرام . دوایی دوو مانگ دووری لە ھاوڕێیان یەکترمان لە ئامێز گرتەوە. خەڵکی گوندێ ھاتن بۆ بە خێر ھاتنەوەمان و جاریکی دیکە بە دیداری یەکتر شاد بوینەوە . بەڵام ھێندێک خەڵکی غەریبە کە خەڵکی وێی نەبوون لە حاجی باێرام کۆببونەوە کە من ئاگادار نەبووم بۆ چیی کۆبونەتەوە. 
ئەو کات قاسمی بڕام کە زۆریش منداڵ بوو زیندانی کۆماری ئیسلامی بوو. بۆ خۆی تەمەنی ١٥ ساڵ بوو، لە سەر بەرگەێکی یارمەتی کۆمەڵە کە لیێ گیرابوو دەوڵەت مەحکومی کردبوو ١٥ ساڵیان زیندانی دابویە. دوای ئەو شەڕانەی شیمال کە دەوڵەت زەربەی گەورەی خۆاردبوو وە بە خوێنی سەرمان تونی بوو خەتەری وەیی ھەبوو وەبەر شاڵاویی ئێعدامەکانی حکومەت کەوێ. 
من ئاگادار نەبووم کە دروست لەو ڕۆژە دا کە ئێمە تازە گەویشتوینەوە ،خەریکن قاسم لە گەڵ چەند زیندانی دەگۆرنەوە. خەڵکیش ھاتوون و چادرێکیان لە دەرەوی گوندی ھەڵداوبوو و شادیان دەکرد. 
ھاوڕێ سەلیم سابیرنیا لە گەڵ پەلێک لە ھاوڕێیان چوبونە گوندی بلەھیی لە نیزیک جادە بۆ گۆرینەوی دیل لە گەڵ دەوڵەت. حاجی ڕەحمانی قۆلنجی بەرپرسی ھاتوچۆی بەینی ئێمە و دەوڵەت بوو. 
ئێمە دەبا بەخشداری سلماس و مەسئولی جیھادی سازندەگی و کەسێکی دیکەی دەولەتمان ئازاد کردبا، دەولەتیش قاسمی ئازاد دەکرد. 
نازانم بۆ گۆرینەوەکە وەدرنگ کەوتبوو، بەڵام تاریک داھاتبوو، کە لە ناکاو لە بستووی ماڵان تەقەی شادی دەستی پیکردو لە دەرەوی مەقەر جوابیان دەدانەوە. ئێمەش کە لە مەقەر دانیشتبووین ھەمومان دەرپەڕینە دەڕێ.
دوای ماوەیەک گەیشتنە بەر مەقەر تاریک بوو کەس یەکتری نەدەناسی 
،ھەموومان چوینەوە ژوور مەقەر. من نیزیک دوو ساڵ بووقاسمم نەدیبوو، وەختێک لە بەر ڕوناکیی چاوم بە قاسم کەوت سەریان بە ماشینی سەرتاشی سفر کردبوو، ھێندێک گەورە ببوو بەڵام ھەر منداڵ بوو.
ئەو ڕۆژە چەند بەرپرسی حیزبی دێمکراتیش بشداری ئەو مەراسیمەیان کردبوو و لەویی بوون. وەختێک ھاورێیانی پێشمەرگە ھاتنە ژوور منیش ماویەک بوو لێان دوربوم ئیتر ھەمو یەکترمان لە ئامێز دەگرت و یەکترمان ماچ دەکرد. قاسمیشم لە گەڵ ئەوان ماچ کردو لە ئامێزم گرت، ھەمو بە دەوردا دەڕۆیشتن و چاکوو خۆشیاندەکرد. لەبیرم چوو بە بەر پرسانی حیزب بڵێم ئەوە قاسمە. یەکێک لە بەر پرسانی حیزب کوتی، ئەدی کاک قاسم کەنگی دێ؟ کوتم ھات، کوتی کۆا؟
کە چاک و خۆشی تەواو بوو، بانگی قاسممان کرد، ھات لای مە دانیشت، کوتم ئەوە قاسم. بەر پرسەکەی حیزب کوتی کۆڕە ماڵتە، وەڵا من پێم وابوو کاک قاسم، دوو میتر باڵایەتی، سمێلی ھەتا لای گویی ھاتووە، تو خوا جمھوری ئیسلامی دڵی خۆش بووە کە ئەو منداڵەی گرتووە! 
دیارە گۆرینەوەێ قاسم زۆر خۆش بوو و ھەمومان بە یەکتر شاد ببوینەوە. بەڵام ئەو ماوەی من لەوێ نەبووم سێ ھاوڕێمان لە شەڕ لە گەڵ ھێزەکانی دووژمن گیانیان بەختکردبوو، کە جێگایان زۆر دیار بوو. ھاوری یاوەر مەسئولی دەستە خەڵکی گوندی زندشت، ھاوری تاج الدین خەڵکی گوندی جۆنی، ھاوری ئیبراھیم خەیات خەڵکی شاری سەقز، کە بڕاستی جێگایان زۆر دیار بوو. چەند ڕۆژ دوای ئەو جەریانە بە یەکجاری مقەرمان ھاتە گوندی نۆردیناوا. 
گوندی نۆردیناوا چەند ماڵێک بوون کە ھەمویان خەزم وکەسی یەکتر بوون و بە عەشیرەت پاچکی بوون.
گوندی نۆردیناوا لە دۆڵێک دا، لە بەر پاڵی چیایەکە ھەڵکەوتووە کە لە باشور دەکەوێتە ڕووبەڕووی کێوی شیخ بازید، لە ڕۆژئاوا لە پشت گوند بێچەجوک، لە باکوور گوندی ھەرماویێ وە لە ڕۆژھەڵات گوندەکانی مێشک و پیرگۆوڵە. ئەو گوندە میوان پەروەرە و بێ ناوە کە ئەو کات بۆ ئێمە زۆر نەناسڕاو بوو. گوندەکە ،کانێاوێکی خۆشی لە سەرەوەی گوند ھەبوو کە ئاوێکی زۆڵاڵی لێ دەھاتە خۆار، لە بەر کانیاوەکە مێرگ و وەردەکانی دیکە ھەتا خۆارەویی دێ سەوزایی و چیمەنێکی زۆر خۆش بوو. بەھاران کە بەفر نەدەما ئەو شاخ و کێووە دەبووە بەھەشتی سەر زەمین و بۆنێ جاترە و وەنەوشە و بیزا و مەندۆک، ئەم تەبیعەتەی دادەگرت .
نوردیناوی ڕێگای ماشینی بۆ نەکێشرابوو، بەڵام بە نەرمایی قەدی ئەو شاخە دا جار و بار تراکتۆر و ماشین دەھات و رێگایەکی ھاکەزایی لێ دروست ببوو. 
مام سوڵتان کە گەورە پیاوی گوندەکە بوو، ئاغای خەزمەکانی خۆیان بوو. ھەتا بەڵێی ئینسانی چاک وکورد پەروەر بوو.  
بەیانان کە لە خەوێ ھەڵدەستا، وەک ئەوی ئەو دنیایە ھەموی لە ژێر ڕکێفی خۆێ دابێ، چاوێکی بەم کێوو شاخانەدا دەگێڕا بۆ ئەویی بزانێ کە ھیچ پەلەورێک خەتاێکی نەکردووە و ھەمو شتێکی ئەو تەبیعەتە ھەر لە ژێر فەڕمانی مام سوڵتان دایە. 
دوایی دەچووە سەر کانی دەست و دەم و چاوی دەشووشت، دەھات بەیانی باشی بە ئێمە دەکوت. ھێندێک ڕۆژ نانی بەیانی لە گەڵ ئێمە دەخۆارد، زۆرجاریش دەچۆوە ماڵە خۆیی. مام سوڵتان دوو کوڕی ھەبوو کوڕە گەورەکەی نێوی ئیسفەندیار بوو کەکاری سەرافەتی ماڵی دەکرد زۆریش کەسایەتێکی باش بوو، لە گەڵ ئێمەش بەینی زۆر خۆش بوو. 
کورەکەی دیکەی وابزانم نێوی ئیبراھیم بوو، پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو، ئەویش زۆر کوری چاک بوو و ھاتوچۆی مقەری دەکرد. ئامۆزایەکیان ھەبوو نێوی فەقۆ بوو، ئەوانی دیکەش ژن و منداڵ و مێڕ منداڵ بوون. ھەمویان بە بنەماڵە ئینسانی چاک بوون. 
نازانم مزوگەوت بوو یا دیوەخان یا مەدرسە بوو کە دابویان بە کۆمەڵە بۆ مەقەر. ھۆڵیکیشیان دابوینێ کە خاوێنمان کردبووە بۆ زیندان. دیوێکی چکۆڵەش لە تەنیشت ھۆڵەکە ئاشپزخانە بوو. 
نۆردیناویی زەویی و زارێکی وای نەبوو بۆ زەراعت ھەر بە حاڵ بەشی خۆیانی دەکرد، زۆرتر مەردار بوون. 
لە سەر ئەو وەزعەی خۆیان مام سوڵتان دەستوری دابوو، دەبی نانی مەقەری کۆمەڵەش لەو چەند ماڵە بکری و ھەمو رۆژی نانی ٥٠ ھەتا ٦٠ نەفر حازر دەکراو دەھات بۆ مەقەر.  
بارگرانی ئێمە بەس نەبوو بۆ خەڵکی ئەو گوندە بچوکە، لە ھەر شەڕێکیش دا چەند زیندانی دەگیران و نان خۆر زۆرتر دەبوون. 
ئاشپزخانەیەکمان ھەبوو چەند منجەڵەی فافۆنی لێ بوو کە ئەوانیش بەشێکیان ھەر مام سوڵتان ماڵی ئاوەدان بێ دابووی پێمان. 
 پەرامێسێکی گەورەمان ھەبوو پێان دەکوت ماتۆر، کە ڕۆژانە خواردنیان لە سەر ساز دەکرد. 
بەڕاستی ئەگر ئەو خەڵکە شۆرشگێرو فیداکارە نەبان خۆ کەس پێشمەرگایەتی بۆ نەدەکڕا.
ئەو کات ھاورێیان حوسین موسەوی و سەید ناسری عەلەوی و من کۆمیتەی ناوچەی شیمال بووین. 
ڕۆژێک کۆبونەوەمان گرتوو تەسمیمان گرت بۆ ئەوەی قورسایی گوزەران لە سەر ئەم گوندە کەم کەینەوە چەند بەرنامەی جەولە و 
بەرنامەی نێزامی دانێن و بەرەو ناوچەکانی بڕادۆست و کەنار بەڕۆژ وەڕێ کەوین.
من لە ناوچەی کنار بەڕۆژ ھەر گوندەکانی چەمان و ئەشکەوتک و خۆشۆڵان و گۆران ئاویم دیبو ، بەڕاستی پێم وابوو ھەر ئەو چەند گوندەیە. 
ڕۆژێکی خۆشی بەھاری لە گەڵ چەند نەفر لە ھاورێیان لە نوردیناوێ وەڕێ کەوتین و چووینە گوندەکانی مێشک و پیر گۆل. قەتیان پێشمەرگەی کۆمەڵە نەدیبوو، خەڵک لە دەورمان کۆبونەوە ماوێک لە ویێ بووین زۆریان پی خۆش بو پرسیارمان کرد ئەو دیووی ئەو شاخە کۆیە کوتیان کنار بەر ڕۆژە. 
لە شاخەکە وەسەر کەوتین وەختێک گەیشتینە سەر دیتمان ھەتا چاو بڕی دەکرد دەشتێکیی زۆر خۆش بوو، دوایی دەشتەکە شاری ورمێی لی ڕا دیار بوو. خەرێک بوو لە گوندی چڕە نیزیک دەبوینەو کە دیتمان خەڵک کۆبونەتەوە، ئێمەش تازە وارید بووین و قەت نەھاتبوینە ئەو بەشە لە ناوچەی کەناربەرڕۆژ، نەمان دەزانی چ خەبەرە. خەڵکەکەش لە خواڕە ڕا بەرو ئێمە دەھاتن، ھەر گەیشتینە نیزیکیان بە زمانی کرمانجی دەیان کوت خێر ھاتن، خێر ھاتن. 
دوایی ئاگادار بووین لە پێش ئێمەدا نەفەرێک لە خەڵکی گوندی پیر گۆل خەبەری پێدابوون. گەیشینە نێو خەڵکەکە  دەتگوت جێژنە دەستی یەکترمان ماچ دەکردو دەیان کوت اللە و مەسەلی. لە نێو موحبەتێکی زۆردا لە گەڵ کێخودا و ڕدێن سەپێەکان ھاتینە نێو گوندی .تەواوی خەڵکی دێ خڕ ببونەوە . خەڵکی ئەو بەشە لە کەنار بەرڕۆژ ھەر لە دورەوە نێوی پێشمەرگەی کۆمەڵەیان بیستبوو قەتیان نەدیتبوو.
خەڵکەکە زۆریان حورمەت گرتین. وەختێک پرسیاری ئەو ناوچەمان کرد تازە ئاگادار بووین کە ئەو ناوچە نیزیک دە گوندی لییە کە ئێمەش تازە نێومان دەبیست. .
پاش نیوەڕوی ئەو ڕۆژە چەند ڕدێن سپی خەڵکی گوندی خەراپە بە ماشین ھاتنە گوندی چەڕە و کوتیان دەبی شەو میوانی گوندی ئێمە بن. گوندی خەراپە ھەر چەند کیڵو مێترێک لە گوندی چڕە دور بوو.
شەو لە گوندی خەراپە ماینەوە و ڕۆژی دوایی بە گوندەکانی کانی سپی و خەلیان و قەرە قاج و ئاودیلان و زەنگەکان دا چوینەوە چەمان. لە گوندی کانی سپی میۆانی ماڵیی ھاوڕی عبداللە ھەنارە بووین و یەکەم ئاشنایمان بوو، کتێبێکی ژنڕاڵ جیابی بە دیاری دامیێ.  
ئەو ناوچەیە کەنار بەر ڕۆژ بەدەلیلی ئەوەی لە شاری ورمێ نیزیک بوو، شێوەی ژیانیان مۆدێرنتر بوو و ھەرەھا خویندەواری زۆرتر بوو.
دواێ ئەو سەفەڕە ئیتر ناوچەی کەنار بەڕۆژ بوو بە یەکێک لە مەرکەزی چالاکی نیزامی و سیاسی کۆمەڵە لە ھاوینی ئەو ساڵە ١٣٦٢ و ساڵەکانی داھاتو. 
سوڵتان خوسرەوی
٢٠٢٠/٣/٣٠
درێژەی ھەیە
 

07:43 - 27/3/2021 نوێ کراوەتەوە

زۆربینراوترین