وتار

بڵێسەی ئەو ئاگرەی فائیزەی سووتاند دەبێ دەسەڵاتی ئاخوندەکان بسووتێنێ  

08:47 - 6/10/2021

"فائیزە مەلەکی نیا" کچە کوردی تەمەن ٢٢ ساڵ دوای حەوتوویەک بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ و ئێش و ئازاری پاش سووتانی جەستەی، شەوی شەممە ١٠ی رەزبەر لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەستدا.

ئەم رووداوە دڵتەزێنە زۆر بە زوویی لە کوردستان دەنگی دایەوە و کاردانەوەی زۆری بەکارهێنەرەانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێکەوتەوە و دڵی هەزاران مرۆڤی ئازادیخوازی تەزاند. دەبێ چ دەرد و رووداوێک لەوە ژاناویتر و چ مەرگێک لەوە تراژیتربێ کە لە هەزارەی سێهەم و سەدەی ٢١دا تەنیا لەبەر خۆشەویستی، کچی کورد لە بڵێسەی ئاگردا بسووتێ؟  
ئەوە راستە لەم رووداوە دڵتەزێنەدا باوکی ئەو کچە وەک بکەری ئەم تاوانە، تاوانبارە و لە باری بنەماڵەیی و باوک و فرزەندی، ئینسانی، کۆمەڵایەتی و یاساییەوە کردەوەیەکی دڵهەژێن و نامرۆڤانەیە. بەڵام دەبێ لە خۆمان بپرسین و بزانین کێن ئەوانەی پەرە بە دژایەتی ژنان دەدەن و بێنزین بەم ئاگرانەدا دەکەن تا فائیزەکان بکەنە خەڵووز؟ کێن لە وڵاتدا لە دژی ژنان یاسا دادەڕێژن و کێن هێز و سەرمایە بۆ داپەڵۆسینی دایکان و خوشکان و کچەکانمان تەرخان دەکەن؟ ئەوەتا دادستانی پارێزگای سنە لەباتی مەحکووم کردنی ئەم کردەوە دژی ئینسانییە و گرتنی ئەو باوکە و هەروەها بیرکردنەوە لە چارەسەری سەرەکی بۆ بنبڕکردنی قەتڵی ژنان، داوای ئەوە دەکا ئەو پزیشکەی وا هەواڵی سووتاندنی "فائیزە"ی بڵاوکردووەتەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێ. دیارە خۆ هیچ چاوەڕوانییەک جگە لەوە لە حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕێوەبەرانی یاساکانی ناکرێ بەڵام ئەرکی ئێمە وەک مرۆڤ و وەک تاکێک لە کۆمەڵی کوردەواری چییە و چ بەرپرسایەتییەک دەخاتە سەر شانمان. 
هەق وایە دایکان و باوکان هەوڵی زۆر بدەن بۆ پەروەردەی دروست و مرۆڤدۆستانە و ئەمڕۆیی منداڵەکانیان و نەهێڵن دڕک و داڵی قین لە دڵی ساوای منداڵاندا دژی ژنان، دایکان و خوشکان چەکەرە بکا و هەوڵ بدەن تۆوی گوڵ و رێز گرتن لە ژنان و بیری یەکسانی لە دڵی جوانیاندا بچێنن. نەهێڵن چەخماخەی دژایەتی ژنان لە مێشک و بیریاندا لێبدرێ و تەشەنە بستێنێ دەنا کارەساتی دڵتەزێنی لەم چەشنەی لێ دەکەوێتەوە. پەروردەی حکومەتی ئێران نازانستی، دواکەوتوو و دژە ئینسانییە و ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە سەرشانی دایکان و باوکان بۆ ئەوەی هەر لە منداڵییەوە و لە رێگای پەروەردەیەکی پێشکەوتووانەی مناڵەکانیان، گۆڕانکاری لە کۆمەڵی کوردەواریدا پێکبێنن و دیاردەی قێزەونی دژە ژنی خاشەبڕ بکرێ. 
رێکخراوەکانی ژنان، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و پێشکەوتوو و رووناکبیران، ئەرکی زیاتریان دەکەوێتە سەرشان بۆ کاڕی چڕوپڕ لەگەڵ دایکان و باوکان، لاوان و منداڵان، بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ دیاردەی دژە ژنی لە کۆمەڵی کوردەواری و بنبڕ کردنی. مەهێڵن بیری رەشی دژە ژنی مەلاکانی تاران و کابول و داعش بە سەر کوردستاندا زاڵ بێ. مەهێڵن تەوری ریشی خوێناوی داعشی تاران و تاڵبان نەمامەکانی کوردستان ببڕێ. کوردستان کانگای بیری ئازادیخوازی، پێشکەوتنخوازی، ئەڤین و جوانپەرستی، مرۆڤدۆستی و رێز گرتن لە ژنان و دایکان و خوشکانە و نابێ عابای تاریکی تاران و تاڵبان و داعش سێبەری رەشی خۆی بخاتە سەر نیشتمانی ئازادیخوازان.  
لە راستیدا بە بوون و مانەوەی دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران، ژنان بێبەشترین و بێ مافترین مرۆڤەکانی ئەم وڵاتەن و زەرەرمەند و زوڵم لێکراو و بندەستی سەرەکین. هەر بۆیە ئەرکی زۆریش دەکەوێتە سەر شانی ژنان کە قۆڵی خەباتی لێ هەڵمان و کۆت و بەندەکان بپسێنن و بەربەست و جەغز و سنووری یاساکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران ببەزێنن و خۆری ئازادی بۆ رزگاری خۆیان ببزوێنن. 
ئەم ئاگرەی فائیزەی سووتاند دەبێ لە بەژنی بە عابا و جبە و سەری بە عەمامە گرتووی دەسەڵاتدارانی ئێران بەردرێ کە لە بوودجەی ساڵانەی وڵات بە میلیارد میلیارد تمەن تەرخان دەکەن بۆ داڕشتنی یاسای پیاومەزنی و یاساکانی دژی ژنان و بۆ پەروەردەی هێزی چەکدار دژی ژنان و ئەشکەنجە و ئازاریان لە شەقامی شارەکانی ئێران تەنیا لەبەر شێوەی جلوگەرگ و دەرکەوتنی چەند تاڵی زولفیان. بڵێسەی ئەم ئاگرە دەبێ تەخت و بەختی ئەو کسانە بسووتێنێ کە بە دەیان یاسا بۆ بەربەست کردنی ژنان و زەوت کردنی ماف و ئازادییەکانیان و داسەپاندنی بیری دژە ژنی دادەڕێژن و ئەم بیروباوەڕە لە ناو کۆمەڵ و نەوەکاندا پەروەردە دەکەن. بڵێسەی ئەم ئاگرە دەبێ دەسەڵاتی ئەو مەلا و بەرپرسە دووڕوویانە بسووتێنێ کە ئێرانیان لەم خەڵکە و بە تایبەت لە ژنان کردووەتە جەهننەم و لەولاشەوە منداڵەکانی خۆیان بۆ وڵاتانی ئازاد و دێموکرات و پێشکەوتوو رەوانە دەکەن کە لەو وڵاتانە ژن رێزی لێ دەگیرێ و لەگەڵ پیاو مافی یەکسانی هەیە. ئەم ئاگرە دەبێ لە دەور و دەسەڵاتی مەلاکانی ئێران بەردەین کە بیروبۆچوونیان لە تاریکایی چاخی بەردینەوە سەرچاوە دەگرێ و بوونە مایەی بە یاسایی کردنی دژایەتی و کوشتنی ژنان و خۆڵقانی هەزاران کارەساتی دەڵتەزێن لە ماوەی دەسەڵاتیاندا و وێران کردنی ئەم وڵاتە و داڕمانی بایەخ و بەها ئینسانییەکان و فەقری فەرهەنگی و هەژاری لە ئێران و کوردستان.