وتار

ڕۆژی کۆمەڵە و ترسی دوژمن!

12:02 - 2/2/2021

نیو سەدە لەمەوبەر خەرمانی باوەڕی ئازادیخوازی و مرۆڤایەتی بوو  بە مەکۆی هاواری زۆرینەی رۆشنبیران، یەکسانیخوازان و بەشمەینەتان، بوو

بە بنکەی خەباتی ژنان و پیاوانی وەزاڵەهاتوی دژ بە دێوزمەی زۆردار و تاریکی، بۆ بە هەستانەوە دژی فەرهەنگی خوڕافات و پیاوسالاری. 
ئەو ڕێگایە وا هاواری زەحمەتکێش و هەژارانی بە یەکەوە گرێدا و گەیشتە قوتابخانەی بڕوای نوێ، لە پێناو وەدیهاتنی ماف و ویستی نەتەوە و  ڕوخانی کۆشکی ملهوڕاندا، سەدان پاڵەوانی ئازا و داهێنەری ڕاهێنا، بوو بە پتەوترین رێگای پڕ بەهای بزووتنەوەی ڕزگاریبەخشی نەتەوەی كورد لە ڕۆژهەڵات.
ئێستاکە لای داڵی ڕەش و دوژمنی داگیرکەر ناوی کۆمەڵە سامە، ترس و زەردهەڵگەڕانە و سەیری سێبەرەکەشی لەرزۆک و کڕۆزیان دەکات، تەنانەت دێوی سەرمایە، هێزی یەکەم، بە سرتە و دزێوانە باسی دەکات "خۆی لێ مەدەن"، بەڵام لای هاونیشتمانیان و جەماوەری خۆڕاگر ناوی کۆمەڵە ڕەمزی ڕاستگۆیی، فیداکاری و چەکی ورەیە.
ئێستاکەش زیاتر لە جاران گەرمی و جوانیی ژیلەمۆی باوەڕ و هیواکان تین وگوڕ دەبەخشێتە سەر کچان و کوڕانی نیشتمان و هۆگرانی سەربەخۆیی  و یەکسانی، کە وا ژوانگەیان کانیاوی هەڵقوڵاو لە سەرچاوەی ڕنووی شاهۆ، زاگرۆس، قەندیل و گشت ئەو دەشت و کێوەی وا ئاوێتە بە خۆبەخشی و بەرخۆدانی پێشمەرگەی کۆمەڵەیە.
ئیتر نەورۆزانە نەسیمی بای بەهاری زیاتر لە جاران بە سەر جامانە و گوڵە سوورەکەی کۆمەڵەدا لە گشت شار و لادێ هەڵقەی یەکبوون و یەکگرتویی دەخاتە مل گیژان و لاوانی کوردستان لە بۆ کارنەواڵ و جێژنی  ڕزگاریی نەتەوە. 
 نیو سەدە خەباتی کۆمەڵە، خۆبەخت کردنی باشترین مرۆڤەکان و خۆڕاگریی دایکان و باوکان،  دیارییە بۆ نەوەی داهاتوو  لە پێناو  ڕزگاری و ئاسایش، کوردایەتی و یەکسانی، مافی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی وە دێموکڕاسی.
لە پەنجاو یەکەمین ساڵوەگەڕی دەستپێکی خەباتیدا هاوکات، لە گەڵ تروسکەی ئەستێرەی سەر کۆیستانەکانی نیشتمان مۆمێک بە ڕوانینی گەشبینانە دادەگیرسێنین دەیخەینە سەر تەمەنی پڕ لە ئەزمون و سەروەریی کۆمەڵە، وە لە دەوری کۆ دەبینەوە لە پێناو بەڵێنیدان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و ڕێز گرتن لە سەرجەم گیانبەختکردوانی کۆمەڵە کە مێژوویان لە هەمووان سەروەرترە،

کەیوان فەرامەرزی
ڕێبەندانی ٢٠٢١
 

08:06 - 8/2/2021 نوێ کراوەتەوە