راگەیاندن
وێبیناری بەرینی سکرتێری گشتی کۆمەڵە هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵە.
08:13 - 29/12/2020
وێبیناری بەرینی سکرتێری گشتی
رۆژی شەممە رێکەوتی ٦ی بەفرانباری ۱۳۹۹ بەرابەر بە ۲٦ی دیسەمبری ۲٠۲٠ وێبینارێکی سیاسی لە لایەن کومیتەی دەرەوەی وڵاتەوە بۆ بەڕێز سکرتێری گشتی کۆمەڵە هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵە رێکخرا.
وێبینارەکە دوای بەخێرهاتنی هاوڕێیان لە لایەن هاوڕێ حەمید بەهرامییەوە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە یادی ئازیزی هاوڕێیانی گیانبەختکردووی کۆمەڵە دەستی پێ کرد و پاشان هاوڕێ عەبدوڵڵا قسەوباسەکەی خۆی پێشکەش کرد.
سەرەتا هاوڕێ عەبدوڵڵا ئاماژەی بە کۆسپ و تەگەرەکانی ئەم دواییانەی پەتای کۆڕۆنا کرد کە ئاستەنگی بۆ چالاکی و کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکانی حزب هێناوەتە پێش و سەرجەم مرۆڤایەتی و جیهانی تووشی کێشە کردووە. دواتر باسی لە ئەرک و بەرپرسیارەتی ئێمە وەک حزب، وەک ئەندامی کۆمەڵە و وەک تاکی مرۆڤ لەم بارودۆخەدا لە ئاست کۆمەڵگا و نەتەوەی کورد و بزووتنەوەکەی کرد. لە درێژەدا هاوڕێ عەبدوڵڵا ئاماژەی بە سەرەتای مێژووی دامەزرانی کۆمەڵە و ئاستی چاوەڕوانی ئەوان وەک تاک و کۆمەڵێک لاوی سیاسی و خوێنگەرم لە هەمبەر کۆمەڵگای کوردستان سەرەڕای گیروگرفت و بەربەستەکانی ئەوکاتی سەر ڕێیانی کرد، بەڵام بە کۆڵنەدان و کاری چڕوپڕ توانرا لە ماوەی نۆ ساڵ خەباتی نهێنی خۆیاندا بناغەی رێکخراوێکی پتەوی جەماوەری و خۆشەویست لە کۆمەڵگای کوردستان دامەزرێنن.
هاوڕێ عەبدوڵڵا لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەزموونەکانی مێژووی خەباتی نهێنی و ئاشکرای کۆمەڵە و داهێنانی نوێ و دەور و نەخشـی گرنگ و مێژوویی لە ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگای کوردستاندا. هەروەها باسی لە نەبەزی و کۆڵنەدەریی گەلی کورد وەک نەتەوە کرد کە سەرەڕای شکستەکانی بەڵام هەر نەسروتووە و لە هەر دەرفەتێکدا سەر لە نوێ هەستاوەتەوە. بەڕێزیان لەم بەشە لە باسەکەیدا وتی:
"نەتەوەیەک کە بە دژی داگیرکەردا دەچێت و بەرەنگاری دەبێتەوە، بەڵام شکستیش دێنێ، قابیلییەتی هەستانەوەی دووبارەی هەیە، ئەم بەرەیە نا، بەرەی دواتر، ۱٠ ساڵ نا، بەڵام هەر هەڵدەستێتەوە. بەڵام نەتەوەیەک کە خۆی بەدەستەوە دەدا و خێرا تەسلیم دەبێ، هەستانەوەی دووبارەی دژوارە".
هاوڕێ عەبدوڵڵا لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا لە سەر کاریگەرییەکانی رێکخراو و رێکخستن لە سەر ژیانی مرۆڤ و ئاڵوگۆڕی گەورە و بەرینی کۆمەڵگاکان کرد و باسی لە ئەرکی مێژووی ئەندامان و کۆمەڵە لەم بارودۆخەدا کرد بۆ خۆ تەیار کردن لەم بوارەدا.
لە کۆتاییدا دەرفەت درا بە هاوڕێیان بۆ پرسیار و قسەکانیان و لەم بەشەشدا هاوڕێیان بە دڵگەرمی و خۆشی و رەزامەندییەوە بەشدارییان کرد و دواتر هاوڕێ عەبدوڵڵا وەڵامی پرسیارەکانی دانەوە.
جێی ئاماژەیە جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵە هاوڕێ ئەبوبەکر مودەرسی و زۆربەی ئەندامانی دەفتەری سیاسی و کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و کادر و ئەندامانی کۆمەڵە لە ئورگان و بەشە جیاکانی کوردستان و وڵاتە جۆراوجۆرەکانەوە راستەوخۆ بە گەرموگوڕی لەم وێبینارەدا بەشدارییان کرد.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کومیتەی دەرەوەی وڵات
08:09 - 8/2/2021 نوێ کراوەتەوە
بابەتی زۆرتر
- ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی كۆمەڵە،ئاڵمان- فرانكفۆرت- بەشی ٣
- ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی كۆمەڵە،ئاڵمان- فرانكفۆرت- بەشی ٢
- ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی كۆمەڵە،ئاڵمان- فرانكفۆرت- بەشی ١
- بەرێوەچوونی ئاکسیۆنێک دژی ئێعدام لە شاری کۆڵن لە ئاڵمان
- بەڕێوەچوونی پڕشکۆی ڕۆژی کۆمەڵە و ڕێزگرتن لە ٤ پێشمەرگەی فیداکاری کوردستان لە وڵاتی سوید.