وتار

بەبۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبرەوە ڕٶژی جیهانی تێکۆشان دژی حوکمی ئیعدام ! 

07:05 - 14/10/2020

حوکمی ئیعدام هیچ جێ و شۆێنێکی لە سەدەی بیست و یەکەم‌دا نییە !

سوهەیلا بابەک

حوکمی ئیعدام هیچ جێ و شۆێنێکی لە سەدەی بیست و یەکەم‌دا نییە ! 
بەخۆشیەوە ئەمڕٶکە زۆر کەس دەگەڵ ئەم بۆچونەدا هەن ! لە ڕاستیدا ١٤٠ وڵات لە کۆی ٢٠٥ وڵاتی دونیادا حوکمی ئیعدامیان هەڵوەشاندۆتەوە !
بەڵام حکومەتی ئێران کە یەکێکە لە سەرکوتکەرترین دەستەڵاتدارانی جیهان هەروا لەم ئامرازە یانی ئیعدام بە شێوێکی بەرفراوان بۆ مانەوەی خۆی کەلک وەردەگرێ ! ئەم حکومەتە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی مافەکانی مرۆڤ لە خوارترین پلەدایە ! یانی لە سەرجەم ٢٠٥ وڵاتی دونیا پلەی ١٧٣ ی هەیە !
کوشتنی مرۆڤ بە هەر بیانو و پاساوێکە لە لایەن هەر کەس و گروپ و دەستەڵاتێکەوە بێت تاوانە ! بەڵام ئەگەر بێتو ئەم کارە دزێوە یانی کوشتنی مرۆڤ لە لایەن دەوڵەتەوە بێت ، کە ناوی ئیعدامی لێ‌دەندرێت ، بە بێ هیچ ئەملاوئەولایەک تاوانێکی یەکجار گەورەیە !  ! ئەم ئاکارە لەژێر پێ‌نانی کەرامەتی ئینسانیە ! هەر چەند هیندێک لە دەوڵەتان کە ئەم کارە دەکەن لە ژێر پاساوی بەڕێوەبردنی دادگەریدا ! یا کو بە بیانوی بەرگری لە پەرەستاندنی ئەنجامدانی کاری ناشایست و خەراپ ! بەڵام لە ڕاستیدا ڕێک بە پێچەوانە لەم وڵاتانەی حوکمی ئیعدامیان تێدا بەڕێوە دەچێ تاوانکاری کۆمەڵایەتی گەلێک زیاتر و بەرفراوانترە لەم وڵاتانەی ئەم حوکمەی تێدا بەڕێوە ناچێ !
بۆ نمونە هەڵسەنگاندنێکی ڕادەی تاوانکاری کۆمەڵایەتی لە نیوان حکومەتی ئاڵمانی فیدرال کە لەودا حوکمی ئیعدام نییە و کۆماری ئیسلامی ئێران کە ڕۆژانە سێ‌دارەکان لەکاردان و زۆر کەسیش وەک سەیران و خۆشی دەچن چاو لە لینگە فرتەی مەرگی مرۆڤێک دەکەن ! ئایا لە وەها کۆمەڵگایەکدا توندو تیژی ئاسایی نابێتەوە ؟ 
لەکام یەک لەو کۆمەڵگایانەدا ڕادەی تاوانکاری کۆمەڵایەتی زیاترە ؟  دزی ، دەستدرێژی ، کوشتن ، کڵاو لەسەرنان ، بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان ، ڕیشوە ، ڕانت خواردن و ... ڵە کامیان ؟ بۆ ؟ 
ئایا زۆر بونی ئیعدام لە ئێران توانیویەتی بەر بەم تاوانانە بگرێ ؟ یاکو بە پێچەوانە کۆمەڵگای ئێران بەرەو هەڵدێری فەساد و گەندەڵی و بێ ئەخلاقی دەڕوا ؟ 
ئیعدام لە ژێر بیانوی تۆڵەش ئاکارێکی دزێو و زۆرناشیرینە ! بیری تۆڵە بیرێکی دوا کەوتوانە و ناحەزە کە هی سەدەکانی کۆنە ! دەبی جێگای خۆی بدا بە بیری خۆشەویستی لێ‌بوردن و مرۆڤایەتی !
زیاد بونی تاوانەکانی کۆمەڵایەتی نیشانەی نەخۆش بونی کۆمەڵگایە ! کە چارەسەرەکەی ئیعدام نییە ! هۆکاری نەخۆشی کۆمەڵایەتی هەڵاواردن و ستەم و چەوسانەوە و نابەرابەریە ! 
ئەمڕۆکە بە خۆشیەوە زۆربەی وڵاتانی دونیا حوکمی ئیعدامیان وەلاناوە . هەرچەند حوکمی ئیعدام لە ژێر ئەم بیانوانەی ئاماژەیان پێ‌کرا مەحکومە بەڵام شێوەیەکی دیکە هەیە کە دزێوترین ، پیسترین ، تاوانبارانەترین جۆری ئیعدامە ! ئەویش کوشتن بە هۆی بیر و ڕا و بۆچون و ڕوانگە و ئایین و ڕەگەز و زمان و ... ئەرکی سەر شانی هەمو تاکی کۆمەڵگا و کۆڕ و کۆمەڵ و ڕێکخراوە و دەوڵەتێکە کە لە بەرامبەر ئەم جۆرە کوشتنە بوەستێ و بۆ نەمانی هەوڵ بدات ! چونکە کوشتنی تاکە کەسێکیش بەم هۆیانەی کە باسیان کرا دەستدرێژیە بە مافی هەمو مرۆڤێک ! بە داخەوە حکومەتی ئێران بە شێوەیەکی بەر بڵاو لە سەرەتای دروست بونیەوە تاکو ئێستاش هەر ئەم تاوانە دژە مرۆڤاییەتیە ئەنجام دەدات ، بە بی ئەوەی بکەوێتە بەر لێپرسینەوێکی ئەوتۆ !
نە مێژو نە هیچ کەس کوشتاری بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی و کۆمەڵ کوژی حکومەت لە کوردستانی لەبیر ناچێ !
ویژدانی مرۆڤایەتی بەرپرسە لە سەر ئەم کوشتارانە ! دەبێ بە جۆرێک لە جۆرەکان بەرامبەربەم تاوانە ڕاوەستێ هەوڵی راگرتنی ماشێنی کوشتاری کۆماری ئیسلامی بدات !
ئەم کوشتارانەی کۆماری ئیسلامی نەک هەر بەرۆکی بە خەڵکانی ئێران گرتوە ، بگرە ترۆریسمی کۆماری ئیسلامی سنوری بەزاندوە و بەردەوام خەڵکانی زۆرتر دەبنەوە قوربانی ! 
بۆ وەستان بەرامبەر بەم تاوانە سبەی درەنگە ! با هەر ئێستا قۆڵی لێ هەڵماڵین !

 

07:23 - 14/10/2020 نوێ کراوەتەوە