وتار

هەڵبژاردن لە ئێران و هەڵوێستەیەک.

11:05 - 26/3/2021

کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتاوە هەوڵی داوە کە دیاردەی هەڵبژاردن لە ئێراندا بسڕێتەوە و پڕۆسەیەک بە ناوی هەڵبژرادن بوونی نەبێت، بەڵام هەلومەرج و بارو دۆخەکە ئەو مەجالەی پێنەدا، بۆیە کۆماری ئیسلامی بە ناچار هەوڵی ئەوەیدا میکانیزم و ناوەرۆکی هەڵژاردن لە ئاکامی ڕاستەقینە بەتاڵ بکات.

ڕژیمێک کە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە بە داگیرکاری و کوشت وبڕ و سانسۆر وگرتن و ئازار و ئێعدام هاتە سەر کار، ڕژیمێک کە بۆ هێشتنەوەی خۆی لە هیچ  پیلانێک دژی خەڵک درێغی نەکردوە. هەنووکەیش هەر بەردەوامە  لە بێ مافی گەلان، پێشێلکاری مافی مرۆڤ، ئێعدامی بەتاک و بە کۆمەڵ، سانسۆر و زەوت کردنی ئازادی و نابەرابەری و نەبوونی هەرچەشنە مافێکی  تاک و کۆمەڵ. لەگەڵ هەڵبژاردن وپرۆسەی دیموکراسی بە تەواو مانا نامۆیە.
لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا ئەکرێ  چاوەروانی بەشداری  خەڵک بیت، چون  سیستمی ئەو  ڕژیمە  ئەوەیە، هەڕەشە لە خاوەن دەنگ ئەکات، دەری  ئەکات، زیندانی ئەکات، دووری  ئەخاتەوە، ئاستەنگ ئەخاتە  سەر رێگای ژیانی ڕوبەڕوی مەترسی گەورەئەکاتەوە، بۆیە تاکی کۆمەڵگا لەوانەیە  بخاتە ناو دۆخێکەوە کە ناچاری بە دەنگ دان بە نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیان بکات.
گەلی کورد ئەو شانازییەی بۆ خۆی تۆمار کردوە کە هەر لە سەرەتاکانی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ماهیەتی ئەوڕژیمەی بناسێ و لەیەکەم هەنگاودا بە دەنگی وبەرز و یەکگرتوانە " نا " ی بە کۆماری ئیسلامی وت.
کارم بە جیاوازی  بیر و روانگەی  حیزبەکان  و پێکەوە نەسازانیان و پڕژو بڵاوییان  نییە، لە کۆی گشتیدا زۆرینەی هەرە  زۆریان نایان بە کۆماری ئیسلامی وتوە و بە تێگریشتنی زانستیانەوە بەردەوامن لە نا وتن.
ئەوانەی کە دوودڵییەکیان سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی هەیە یان دڵخۆشن بە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی.
پرسیارگەلێک ڕووبەڕوویان ئەبێتەوە، ئایا  هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامییان پێ هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتیکە کە خەڵک هان بدەن بەشداری بکەن؟
ئەگەروایە تەنانەت گلەیی و گازەندەیش لە کۆماری ئیسلامی بۆ؟
ئایا کۆماری ئیسلامییان پێ ڕژیمێکە کە قابیلی ئاڵو گۆڕە و ئەکرێ  ڕیفۆرمی  تێدا  بکرێت؟ 
جوابیان  چییە؟ بۆ ئەو هەموە تاوانەی کۆماری ئیسلامی ئەنجامیدان، پەشیمانیش  نییە و هەنووکەیش بەردەوامە لێیان؟
بۆ ئەو: ئێعدامانەی وا کران و ئەکرێن؟  ئەو  سروشتەی  وا  ئەسووتێندرێ؟
ئەو کۆڵبەرەی  وا  ئەکوژرێ؟ ئەو  خوێندکارەی  وا  دەر ئەکرێ؟ ئەو  گۆڤارەی  وا ئەبسترێ؟ ئەو  بێ مافیەی  گەلی کورد و گەلانی ئێران؟ بۆ نەبوونی ئازادی و دیموکراسی؟
بۆ نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی؟ بۆ هەناردە کردنی ئیسلامی سیاسی و یارمەتی وپشتیوانی گرووپە تیرۆریستەکان لە دونیا؟
بۆ دەست تێوەردان لە ئاسایش و ئەمنیەتی وڵاتانی ناوچەکە، بۆ ئەو هەموە تیرۆرە کردی وبەردەوامیشە لێیان؟
لە ڕوانگەی منەوە  ئەوانەی  بانگەوازی بەشداری  لە هەڵبژاردن بکەن،  چرای  بێ هیوای خۆش خزمەتی خۆیان و ئامادەیی خۆ گونجاندنیان لە ناو سیستەمی داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامیدا هەڵکردوە. هاودەنگی  کۆماری ئیسلامین و شەریکی هەمو  جینایەتەکانی ئەوڕژیمەن.
نا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران
نا بۆ شانۆی بەناوی هەڵبژاردن

کاوە فەرشاد فەڕ