بیرەوەری

شەڕێکی گەورەی دەستەیەک لە هاوڕێیانی گوردانی کاوە لە سەر جادەی دیواندەرە بۆ سنە

10:22 - 28/5/2021

شەڕێکی گەورەی دەستەیەک لە هاوڕێیانی گوردانی کاوە لە سەر جادەی دیواندەرە بۆ سنە

وەرگێرانی بۆ کوردی: ئیبراهیم کۆنەپۆشی


 پاییزی ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی ئاڵو گۆڕێک لە گوردانی کاوە پێکهێنرابوو، هاوڕێ ساڵح سەرداری کرابوە فەرماندەی گوردانی کاوە. من لە نزیکەوە لەگەڵ هاوڕێ ساڵح سەرداری ئاشنابووم، چەند جارێک لە لایەن ناوچەی دیواندەرە بۆ جێ بە جێ کردنی هەندێک ئەرکی تەشکیلاتی بۆ لای هاوڕێیانی گوردانی کاک فواد لە ناوچەی مەریوان ناردرابووم، هەر بەو هۆیەوە لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆر لە هاوڕێیانی ناوچەی مەریوان ناسیاویم پەیدا کردبوو، هەر جار کە ئەچووم بە بینینی هاوڕێیانی مەریوان زۆر دڵخۆش ئەبووم و زۆریش دڵخۆش ئەگەڕامەوە، کۆمەڵێک هاوڕێی خۆشەویست، خوێنگەرم، دڵسۆزم لەو ناوچەیە ئەبینی کە کار کردن و هەڵسووڕان لەگەڵیان زۆر تایبەتی بوو. لەوێ لەگەڵ کاک ساڵح سەرداری ئاشنا بووم و لەگەڵی زۆر تێکەڵ ببووم
. ڕۆژێک لە گەڵ هاوڕێ ساڵح سەرداری پێکەوە پیاسەمان ئەکرد، بەدەم قسەکردنەوە باسەکانمان گۆڕدرا بۆ چالاکییەکان لە ناوچەی دیواندەرە. پێشنیارم بە کاک ساڵح کرد کە دەستەیەک بڕۆین بۆ قوڵایی ناوچەکە و چالاکییەک لە ئاستی توانایی دەستەکەدا بەڕێوە بەرین، زۆر زوو توانیم کاک ساڵح بەو قەناعەتە بگەیەنم و ئەرێنی لێ وەرگرم. چالاکی و ناوچەی چالاکی و ڕۆژەکەیشیمان دیاری کرد
 ڕۆژی دیاریکراو لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیان قسەم کرد و باسی چالاکییەکە م بۆ کردن کە خۆیان ئامادەکەن، بە خۆشییەوە لەگەڵ هەرکەس قسەم کرد بە خێرایی پێشوازیی لە پێشنیارەکەم کرد و ئێمەیش خۆمان ئامادەکرد
 ڕۆژێک کە خۆرە تاو دونیای گەرم کردبوو دەستە ١٠ نەفەرەکەی ئێمە ماڵ ئاواییمان لە هاوڕێیان کرد و بەرەو ناوچەی قەرەتەورە، هەوەتوو و شار وەڕێکەوتین. چل چەمەمان تێپەڕاند و دوو ڕۆژ دواتر گەیشتینە ناوچەی قاڵ قاڵی. بەدەم ڕێگاوە هەرکات دەشتەوان و هەردەوانێکمان ئەبینی، یان هەر گوند و هەر ماڵێک ئەچوین لە لایەن خەڵکەوە زۆر بەگەرمی و خۆماڵیانە پێشوازیمان لێ ئەکرا.
 چەند ڕۆژێک بوو کە گەیشتبووینە قوڵایی ئەوشوێنانەی وا هێزەکانی ڕژیمی بە بەرینی تیا جێگیر ببوون، خەڵک بۆ ترساندنی هێزەکانی ڕژیم بەردەوام بە شێوازی جۆراو جۆر هەواڵی بوونی ئێمەیان لە ناوچەکە بڵاو ئەکردەوە، ئەو دەنگۆیانەیش هێزەکانی ڕژیمی ترساندبوو و هاوکات توشی سەرلێ شێوایی کردبوون کە نەتوانن بە ئاسانی بماندۆزنەوە. تا ئەوکاتە لە چەند ئاواییەک خۆمان نیشان دابوو.
 شەوێک کە لەناوچەی نسارەوە بەرەو قاڵقاڵی وەڕێکەوتین و جادەی دیواندەرە بۆ سنەمان تێپەڕاند، لەسەر جادە کە لە شوێنێک تۆزێک ڕاوەستام و سەیرێکم کرد و دەورووبەرم بە چاو هەڵسەنگاند.
 بە یەکێک لە هاوڕێیان کە لەنزیکم بوو وتم: ئێرە شوێنێکی زۆر باشە بۆ دانانی بۆسە بۆ دوژمن. دواتر درێژەمان بەڕێگاکەمان دا.
 گەیشتینە شوێنی دیاریکراو، لە لایەن هاوڕێ فایەق کانی کەوە کە یەکێک لە هاوڕێیانی خۆشەویستمان بوو، خۆیشی خەڵکی ناوچەکە بوو و خەڵکیشی بە باشی ئەناسی لە ٣ ماڵدا جێگیر کراین، من هەر بیرم لای خاسی و خراپی ئەوشوێنە لە جادەکە بوو کە لێی تێپەریبووین بۆ دانانی بۆسەیەک بۆ دوژمن.
 وتم بە هاوڕێ شیرین ئێوە لێرە بمێننەوە، منیش بە بێسیم بە هاوڕێیانم ڕاگەیاند کە دوو نەفەر لەگەڵ خۆم ئەبەم و مەبەستەکەم بۆ باس کردن، ڕێگاکەمان زۆر دوور و درێژ نەبوو، بەخێرایی گەیشتینە شوێنی دیاریکراو و هەرلەویا بڕیارماندا کە چالاکییەکی پێشمەرگانە بەڕێوە بەرین.
 بڕیارماندا کە بەیانی لەوێ پرسگەیەک دابنێین، جادەکە ببەستین، هەموو ئەو خەڵک و ماشینانەی کە لەو نێوانەوە تێئەپەڕن ڕایان گرین و لەسەر سیاسەتە کانی کۆمەڵە قسەیان بۆبکەین. تەنانەت شوێنیشمان دیاریکرد کە بەیانی خەڵکی ڕێگوزەر لەکام خاڵدا کۆبکەینەوە، پاش ئەو هەڵسەنگاندنە گەڕاینەوە بۆ لای هاوڕێیان.
 شەو لەو ماڵانە پشویەکی باشمان دا و ڕۆژەکەیشی هەرلەو ماڵانە ماینەوە و بڕیارمان دا لەگەڵ تاریک داهاتنی دونیا لەماڵەکان بێینە دەر و یەک ببینین و بەرەو ئەوشوێنەی وا دیاریمان کردبوو وەڕێ کەوین.
 بەرەو شوێنی دیاریکراومان وەڕێکەوتین، پلانمان ئاوەهابوو. ٣ نەفەر لەسەر جادە بەرەو سنە و ٣ نەفەر بەرەو دیواندەرە دا بمەزرێن و هەر ئوتۆمبیلێک هات ڕایگرن، موسافرەکان دابەزێنن و بیان نێرنە ئەو شوێنەی وا بڕیارە کۆبکرێنەوە و قسەیان بۆ بکرێت، هاوڕێیان شیرین و فایەق دیاری کرابوون کە بۆ خەڵکەکە قسەو باس بکەن و خۆیشم لەگەڵ هاوڕێیەک لەنێوان خەڵک و هاوڕێیانی هەردوو سەری بۆسەکە لەهاتوو چوون دا بین و چاوەدێری دۆخەکە بکەین.
 پاش شیکردنەوەی پلانەکە بۆ هاوڕێیان، هەر کەس چوە سەر ئەوشوێنەی وا بۆی دیاریکراوە و لە شوێنی خۆیدا جێگیر بوو. کاتی دەستپێکی چالاکی هات و هاوڕێیان هەر کەس لە شوێنی خۆیەوە دەست بەکار بوون، ماشین لە هەر لایەکەوە ئەهات ڕائەگیردرا و پاش کۆنتڕۆڵ کردن، موسافر و شۆفیرەکانی بەرەو شوێنی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەکە بەڕێ ئەکران، لە ماوەی نیو کاتژمێردا ٤٠ تا ٥٠ ماشین لەهەر دووسەر ڕاگیران، هەر ساتەو بە ئاپۆڕەی ماشینەکان و خەڵکەکە زیادی ئەکرد، شیرین و فایەق دەستیان کرد بە قسەکردن بۆ خەڵک.
 هادی و فەرهاد تانکرێکیان ڕاگرت کە ڕەقەمی سوپای پاسدارانی پێوەبوو، فەرهاد شۆفیری تانکرەکەی دابەزاند و لێی پرسی کە ئەم تانکرە هین سوپای پاسدارانە؟ کابرای شۆفیر وتی: نا، هین جەهادی سازەندەگییە.
 فەرهاد: ئەی بۆ ڕەقەمی سوپای پاسدارانی پێوەیە؟ شۆفیر: هاوبەشی سوپا و جەهادە.
 فەرهاد: باشە سوار بە، تانکرەکەت تۆزێک لەولاتر ڕابگرە و وەرەخوارەوە، هاوکات هاوڕێ هادی لەسەر ڕکابی تانکرەکە کەلەدیوی دەرەوەی دەرگای شۆفیرەکە بوو، وەستابوو. شۆفیری تانکرەکەیش بە هێواشی تانکرەکەی بەرەو ئەوشوێنە ئەبرد وا فەرهاد بۆی دیاری کردبوو. من لە ناو خەڵک و هاوڕێیانی هەردوو سەری جادەکە لەگەڕان و هاتوو چووندا بوو، بینیم تانکرێک بە هێواشی لە جوڵەدایە و بەرەو لای من دێت، هاوڕێ هادی کە لای دەرگای شۆفیر لە دیوی دەرەوە سوار ببوو بە دەم ڕۆیشتنەکەوە کە گەیشتنە لای من لێی پرسیم ئەم تانکرە چی لێ بکەین؟ منیش وتم: هادی گیان ئەو تانکرە ببەنە سەر جادەکەی قاڵقاڵی بی وەستێنن و شۆفیرەکەی بێنە بۆ ناو خەڵکەکە.
 تانکرەکە تۆزێک لە من دوور کەوتەوە، کتووپڕ ڕۆیشتنەکەی خێرا کرد و بەنیاز بوو لە شوێنەکە هەڵبێت، هادی بە خێرایی و زیرەکی خۆی هەڵدایە خوار و هاوڕێیانی جێگیر لە نزیک تانکرەکە، دەستیان کرد بە تەقە لە تانکرەکە، تانکرەکە لە بەرزاییەکەوە کەوتە خوار و شۆفیرەکەی دەست بەجێ مرد، کە چوینە سەری، زانیمان شۆفیرەکە پاسدارە و دەمانچەیەکی پێیە تانکرەکەیش هین سوپای پاسدارانە. دەمانچەکە و کارتی پێناسەکەیمان هێنا.
 خەڵکەکە بەدەنگی تەقەکەوە ژڵەژان و هێوریان تا ڕادەیەک تێک چوو، پێمان وتن نیگەران نەبن و لەسەرخۆ بن، کێشەیەک هاتە ئارا و چارەسەرمان کرد، قسەو باس وکۆنتڕۆڵی جادە و ڕاگرتنی ماشینەکان لەهەر دوو سەربەردەوام بوو، ژمارەی ماشینەکان کە ڕامان گرتبوون و خەڵک لە کۆبوونەوەکە هەر سات لە زیادبووندا بوون.
 گەیشتبوومە نزیک ئەو هاوڕێیانە وا بەرەو لای دیواندەرە دامەزرابوون، لەپڕ یەکێک لە هاوڕێیانمان کە لەوێ جێگیر بوو بە دەنگی بەرز هاواری کرد، هاتن
. سەرنجم دا ئامبوڵانسێک و تۆیوتایەک کە پڕە لە چەکدار بەرەو لای بۆسەکەی ئێمە دێت، ئامبوڵانسەکە ڕاوەستا و تۆیوتاکە کە پڕ بوو لە چەکداری ڕژیم بەهاتن درێژەیدا بەرەو لای ئێمە.
 تۆیوتا گەیشتە لای بۆسەی هاوڕێیانی ئێمە، هاوڕێیان لێیان هاتنە دەست و دایانەبەردەستڕێژی چەکەکانیان، تۆیوتا لە جووڵەکەوت و وەستا، بەچەشنێک کە تاقە یەک نەفەریشیان نەیتوانێ بێتە دەست، دۆخەکە بە تەواوی شێوا، خۆمان گەیاندە شوێنی تەقەکە، چەکدارەکانی ناو ماشینەکە کە هەمویان جاشی ناوچەکە بوون کوژرا بوون، پاش دڵنیا بوونمان لە کوژرانیان، لە ماشینەکە چوینە پێش، دەستکەوتەکانمان کۆکردەوە، بینیمان ١٣ چەک لە ناو ماشینەکەیە بەڵام ١٢ تەرمی تێدایە.
 بە گومان بوین کە ئەم ماشینە ١٣ نەفەری تیا بوە ئەڵبەت لە ڕوی ژمارەی چەکەکانەوە، ئەیشمان وت ئەگەر وایە کوا نەفەری ١٣ەهەم؟ چەند هاوڕێیەک بۆ ڕەوینەوەی گومانەکەمان دەستیان دایە گەڕانی دەورووبەر، هاوڕێ شیرین لە کاتی گەڕانا، نەفەری ١٣ەهەم کە جاشێک بوو، بە برینداری ئەدۆزێتەوە، لە کاتێکا جاشە بریندارەکە ئەپاڕایەوە کە تۆخوا مەمکوژن دەزگیراندارم، شیرین ئەیگرێت و هێنای بۆ لای خۆمان. 
هاوڕێ شیرین کارتی پێناسەکەی لێ وەر ئەگرێت و بە جاشە بریندارەکەی وت کە دڵنیا بە ئێمە بە هیچ شێوازێک بریندار ناکوژین.
 شیرین بریندارەکەی لەسەر ڕێگاکە دانا و پێی وت: دواتر هێزەکانی ڕژیم دێنە ئێرە، لێرە مەجوڵێ با هەرکەس هات بت بینن و بتگەیەننە شوێنێک تیمارت کەن.
 ئێمەیش جەنازەی جاشەکانمان داگرت و ماشینەکەی سوپای پاسدارانمان سووتاند، ئامبووڵانسەکە کە دەنگی تەقەکەی ئێمەی بیست دەوری دایەوە و بە خێراییەکی زۆر گەڕایەوە بەرەو دیواندەرە و شوێنەکەی بەجێ هێشت. دواتر بۆمان دەرکەوت کە ئەو ئامبوڵا نسە یەکێک لە ئەفسەرانی پلە بەرزی ئەرتەشی تیا بوە کە لەبەرەکانی شەڕی ئێران و عێراق لە سنووری بانە بریندار بوە و ئەم جاشانە وەک پارێزەری ویستویانە بیگەیەننە نەخۆشخانەی شاری سنە.
 خەڵکەکە چەندە لە گیان و ژیانی خۆیان ئەترسان دیار بوو هێندەیش نیگەرانی سڵامەتی ئێمەن، زۆر لە دۆخی ئێمەیان ئەپرسی، ئێمەیش پێمان ڕاگەیاندن کە جاشەکان ئاوایان بەسەر هاتوە و خۆمان هەموومان سڵامەتین، پاشان ماڵ ئاواییمان لێ کردن و بڵاوەمان بەخەڵک کرد کە هەرکامیان بەرەو شوێنی مەبەستی خۆی وەڕێ کەوت و ئێمەیش ناوچەکەمان بە جێهێشت.
 ئەم جارە باری دەستکەوتەکانیش بە کۆڵە بارەکانمان زیاد بوو، لەبەین خۆماندا دابەشمان کرد، هەرکاممان بڕێکیمان هەڵگرت کە بیان بەین بیان گەیەنینە شوێنێک و بیانشارینەوە.
 بەهاوڕێیانم وت: کە هێزەکانی ڕژیم بەم دۆخە ئەزانن، ئەکەونە دوامان و هەوڵ ئەدەن بمان دۆزنەوە و تۆڵەی ئەم چالاکییەمان لێ بکەنەوە، ڕەنگە هێزەکانی ڕژیم پێیان وابێت کە ئێمە پاشە کشە ئەکەین بۆ ناوچەی قاڵقاڵی و لەوێیشەوە بەرەو بەرزاییەکانی چل چەمە ئەڕۆین، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕژیم هێزەکانی بگەیەنێتە ئەو ناوچەیە و لەوێ لە داومان بخات یان بێنە سەرمان، بۆیە باشتر ئەوەیە ئێمە بە پێچەوانە واتە بەرەو قوڵایی ئەو ناوچانە بڕۆین کە ڕژیم هێزی زۆرتری لێ جێگیر کردوە و زیاتر هەست بە ئەمنیەت ئەکات. هاوڕێیان هەموو قەبوڵیان کرد و پێکەوە بە دەستکەوتەکانەوە ڕێکەوتین و پاش ڕێگایەکی کەم، گەیشتینە ئاواییەک کە دیاریمان کردبوو، لە چەند ماڵدا دابەش بوین و داوامان لە خاوەن ماڵەکان کرد کە کەس لە بوونی ئێمە ئاگادار نەبێت.
 هاوڕێیان باسی شەڕی ڕۆژی ڕابردویان بۆ خاوەن ماڵ ئەگێڕایەوە، منیش هەندێک کارتی پێناسەو بەرگەی هێزەکانی ڕژیم کە لەو چالاکییەدا دەستمان کەوتبوو سەیرم ئەکردن.
 خاوەن ماڵەکەی ئێمە پیاوێکی دڵسۆز و میهرەبان بوو، لە پاڵ من دانیشتبوو، لەگەڵ من چاوی لە کارتی پێناسەی هێزەکانی ڕژیم ئەکرد کە بە دەستمانەوە بوون، لە ناو کارتەکانا خاوەن ماڵەکە چاوی بە وێنەی سەرکارتێک کەوت و کتووپڕ وتی ئەی باوکەڕۆ، خۆ ئەوە خوشکەزای خێزانمە. کارتەکەی لێ وەرگرتم و سەیرێکی تری کرد و پاش دڵنیا بوونی وتی خۆ ئەوە فڵانی خوشکەزای خێزانمە. خاوەن ماڵ ترسا لەوەی خێزانی بزانێت کە خوشکەزاکەی بەڵایەک هاتوە بەسەریا و ڕەنگە کێشەیەک بۆ ئێمە دروست کات. 
خاوەن ماڵ تکای لێمان کرد وتی: تکایە تا لێرەن با خێزانم نەزانێت خوشکەزاکەی ئێوە کوشتووتانە.
 ئەم دۆخەی خاوەن ماڵ
 و تکا کردنەکەی سەرنجی هەموومانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، شیرین هاتە پێش و چاوێکی لە وێنەکە کرد و دواتر ڕووبە خاوەن ماڵەکە وتی:
نیگەران مەبە، خوشکەزای خێزانت نە کوژراوە، من بە برینداری گرتم، لە شوێنێک دامان ناوە کە بتوانن بیدۆزنەوە، دڵنیا بە نەمردوە و نیگەران مەبە.
 ئەم هەواڵەی هاوڕێ شیرین بزەیەکی خستەوە سەر لێوی کابرای خاوەن ماڵ و دڵی ئێمەیش تروسکایەکی تێکەوت، کە لانیکەم بەڵایەکمان لە کۆڵ ئەبێتەوە.
دەمەو عەسر بوو، بە بێسیم بە هاوڕێیانم ڕاگەیاند کە کەسێک ئەنێرم بۆ شار، بڕێک شیرینی و بەستەنیمان بۆ بێنێ. عەسر بڕێک پارەم دا بە کەسێک و ناردم بۆ شار شیرینی و بەستەنیمان بۆ بهێنێ، کابرا بە شیرینی و بەستەنی بە دەست گەڕایەوە، بەشی هاوڕێیان و خاوەن ماڵەکانیان لەو دووماڵەکەی دیکەدا ناردم و خۆیشمان و ماڵ و منداڵی خاوەن ماڵەکەی خۆمان پێکەوە دەستمان کرد بە خواردنی شیرینی و بەستەنی. 
ئەو کەسەی ناردبوومان شیرینی وبەستنەییەکەمان بۆ بێنێت بڕە پارەکەی پێدامەوە، منیش وەرم نەگرت، وتم نابێت، تۆ زەحمەتت کێشاوە.
 کابرا وتی بیگرە من پارەیەکم نەداوە بۆ ئەو شیرینی و بەستەنیانە.
 وتم: چۆن؟ یانی چی؟ ئەکرێ بڵێی چۆن پارەت نەداوە؟ کابرا وتی: چوومە بەر دەرکی شیرینی وبەستەنی فرۆشییەک، داوای ١٠ کیلۆ شیرینی و ئەو هەموە بەستەنییەم کرد.
 خاوەن دووکان وتی: کاکە ئەو هەموە شیرینی وبەستەنییەت بۆ چییە؟ وتم: زەماوەنمان هەیە، بۆ زەماوەنم گەرەک
. دووکاندار وتی: لە هیچ زەماوەنێکدا باو نییە شیرینی و بەستەنی پێکەوە بدەن بە خەڵک.
 کابرا وتی: دووکاندارەکە پرسیاری زۆر و وڵامیش لە من، سەرئەنجام کە زانیم خاوەن دووکان واز ناهێنی وتم کاکە میوانمان هەیە و بۆ میوانم ئەوێ.
 کابرای دووکاندار وتی: ئاوا، هەر لە ئەوەڵەوە بتوتایەت براگیان.
 بە کورتی هەرچیم کرد کابرای دووکاندار پارەی لێ وەر نەگرتم.
 دووکاندار وتی: میوانەکانت میوانی منیشن، ئەم شیرینی وبەستەنیانە دیاری منن بۆیان، گەر چویتەوە لایان سڵاوی گەرمی منیان پێ بگەیەنە و گشتیان لە جیاتی من ماچ کە. هەر کاتیش ئەو میوانانە شتێکیان ویستەوە یەکڕاست وەرە بۆ لای خۆم بە چاو بۆیان جێ بە جێ ئەکەم. 
ئەمە باسی لە پێوەندی و خۆشەویستی نێوان خەڵک و هێزی پێشمەرگە ئەکرد، خەڵک بڕوایان بە یەکترین 
هەبوو، جاری وەها بوو ئەچوینە شوێن گەلێک بۆ ناو خەڵک کە بنکەی هێزەکانی ڕژیمی تیا بوو، هەموو خەڵک ئەیانزانی و هێزەکانی ڕژیم نەیانەتوانی هیچ کردەوەیەک نیشان بدەن، خەڵک ئەیانپاراستین و ئاگایان لێمان بوو و هۆشیان پێمانەوە بوو وەک ڕۆڵەی خۆیان.
 بە تاریک داهاتنی دونیا لە ئاوایی هاتینە دەر، بێسیمەکەم هەڵکرد کە هەواڵی چالاکییەکە بدەم بە کۆمیتەی ناوچەی دیواندەرە. لەگەڵ کاک جەمال بزۆرگپوور کە بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی دیواندەرە بوو پێوەندیم گرت.
 وتم: کاک جەماڵ هەواڵێکی خۆشم بۆت هەیە، دوێکە ماشینێکی گروو زەربەتمان خستە بۆسە، لە ١٣ جاش١٢ نەفەریان کوژران و نەفەڕێکی دیکەیان بریندار بوو، لەشوێنی شەڕەکە بریندارەکەمان ئازاد کرد، هەموو هاوڕێیان سڵامەتن و تۆزێکیش لە وردەکاری ڕاگرتنی ماشینەکان و کۆکردنەوەی خەڵک و قسەو باس کردن بۆیان بۆ گێڕایەوە. 
کاک جەماڵ سوپاس و دەست خۆشی کرد و خۆشحاڵی خۆی دەر بڕی و ماندوو نەبینی لە هەموو هاوڕێیان کرد و سڵاوی هەموومانی گەیاند. لە درێژەدا وتی ئاگاتان لە خۆتان بێت و بەرەو لای ئێمە بگەڕێنەوە.
 کاک جەمال پرسی: ئێستە چی ئەکەن و لە کوێن؟ دیار بوو ئەیویست قسەکان زوو تەواو بێت.
 وتم: هەموو هاوڕێیان لە نزیک کانیاوێک دانیشتوین و خەریکی شیرینی خواردنین بێ ئێوە ناخۆش.
 کاک جەمال بە پێکەنینەوە وتی: نەک ئەوەی پێم ناخۆش بێت، پێیشم خۆشە، بەڵام ئێمە لە سەر کێوی شانشین لە چل چەمە خەریکین لە سەرما ڕەق ئەبینەوە ئێوە چۆن ئەتوانن شیرینی بخۆن؟ هەر دووکمان واتە من و کاک جەمال دەستمان کرد بە پێکەنینی خۆشحاڵی و قسەکانمان کۆتایی پێهێنا، ڕۆژی دواتر، ڕادیۆ کۆمەڵە هەواڵی چالاکیەکەی ئێمەی بە دەنگە بە سۆزەکەی کاک حەمەی کەماڵی بڵاو کردەوە. 
موزەفەر کەریمی ٦ی مانگی مای ٢٠٢١