چالاکیەکان

بەرێوەچوونی خۆپیشاندان لە ڤانکۆڤەری کانادا!

09:42 - 21/9/2021

بەرێوەچوونی خۆپیشاندان لە ڤانکۆڤەری کانادا!

رۆژی یەک شەممە رێکەوتی ١٩ی مانگی سیپتامبری ٢٠٢١ی زایینی

 

کات ژمێر ۱۲ بۆ ۲ ی دوانیوەڕوە، بە مەبەستی مەحکووم کردنی سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی و هێرش و هەڕشەکانی ئەم دواییانەی بۆ سەر هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئارت گالەری ناوەندی شاری ڤانکۆڤەر، خۆپیشاندان بەرێوەچوو.

ڕەوندی کوردی نیشتەجێ  لە ڤانکۆڤەری کانادا لە سەر داوای  کومیتەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە کانادا لە ناوەندی شار خۆپیشاندانێکی هێمنانەیان بەڕێوە برد.

ئەم خۆپیشاندانە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردستانیانی دانیشتووی کانادا تێیدا بەشدار بوون، هێرش و هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی رژیمی تیرۆریستی ئێرانیان بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گوندەکانی نێوان سنووری باشوورو ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەحکووم و شەرمەزار کرد.

سەرەتای کاری بەرێوەچوونی ئەم خۆپێشاندانە لە بەردەم ئارت گالەری،  لە لایەن بەڕێز کیومەرس بیگی بە نوێنەرایەتی ناوەندی هاوکاری وێڕای بە خێر هێنانی بەشدار بووان و باسێکی کورت لە سەر مەبەستی خۆپیشاندانەکە،بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستی پێ کرد. دواتر پەیامی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە مەڕ پشتیوانی کردن لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و مەحکوم کردنی  هێرش و هەڕەشەکانی ڕژیمی تیرۆریستی ئێران بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە زمانی کوردی لە لایەن بەڕێز حەمید بەهرامی خوێندرایەوە.
ئینجا پەیامی ناوەندی هاوکاری بە زمانی ئینگلیسی بە مەبەستی مەحکوم کردن و لە قاودانی سیاسەت و پیلانە جنایەتکارەکانی دەسەڵاتدارانی ڕژیمی فاشیستی ئێران، کە ڕوو بە کۆڕ و کۆمەڵ و شوێنە پێوەندیدارەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کانادا بوو لە لایەن بەڕێز ئیسماعیل ئیبڕاهیمی خوێندرایەوە.
شایانی باسە ئەم خۆپیشاندانە کە لە لایەن ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕێکخرابوو. بە گوتنەوەی چەندین دروشم لە لایەن بەشدار بووانەوە دژ بە سیاسەت و پیلانە نامرۆڤیەکانی ڕژیمی ئێران دژ بە گەلی کورد و هێزە خەباتکارەکانی دوای نزیک دوو کات ژمێر کۆتایی پێهات.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
۱۹ی سیپتامبری ۲٠۲۱ی زایینی
ڤانکۆڤەری کانادا

10:41 - 21/9/2021 نوێ کراوەتەوە