راگەیاندن

بە بۆنەی مەرگی شاعێر و هونەرمەند کاک جەلالی مەڵەکشا

09:37 - 2/11/2020

بە بۆنەی مەرگی شاعێر و هونەرمەند کاک جەلالی مەڵەکشا

شاعیری رزگاری و نیشتمان بەجێی هێشتین

شاعیری رزگاری و نیشتمان بەجێی هێشتین

ئەمڕۆ شاعیری خۆشەویستی کوردستان، ئەو دەنگەی لە سەختترین رۆژەکانیشدا بەها مرۆییەکانی لەبیر نەکرد و بەردەوام بۆ رزگاری و ئازادی چڕی، جەلالی مەلەکشا، بۆ هەمیشە بەجێی هێشتین.

سێ کوچکەی نوێخوازی شیعری کوردی لەئێران، سوارەی بۆکانی و چاوەی مەریوانی و عەلی حەسەنیانی مەهابادی، لە دەهەی چلی هەتاوی ڕچەیان شکاند و ڕێگەیان کردەوە. بەدوای ئەواندا نەوەیەکی نوێ لە شاعیرانی کوردی بێژ لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران و ساڵانی دواتر پێگەیشتن و گەشەیان کرد و ڕچەیان کرد بە شاڕێ. جەلالی مەلەکشا یەک لەوان و بە بڕوای زۆر کەس ئەستێرەی ناویان بوو.

جەلال لە سەردەمێکی تایبەتدا ڕسکا و پێگەیشت و وەکوو هەموو هونەرمەندانی راستەقینە، نوێنەری ئاوات و هیوا و خەونەکانی سەردەمی خۆی و هەروەها نوێنەری هەڵە و خەسار و خەمەکانی ئەو سەردەمە بوو. ئەو زادەی بارودۆخی فەرهەنگی و سیاسی ئەو سەردەمەی ئێران و کوردستان و بەتایبەت شاری سنە بوو. هەمان هەستی ڕاپەڕین و شۆڕش و پێشکەوتنخوازی کە پێناسەی سنەی ئەو سەردەمە بوو، جەلالیشی کرد بە شاعیرێک کە بە فارسیش بە پێشمەرگەی کوردستان و ئاواتە بەرزە مرۆییەکانیدا هەڵبڵێ. هەرگیز حیزبی نەبوو، بەڵام گوتاری کۆمەڵە کە لە هەموو کۆڕ و کۆمەڵێکی لاوانی ئەو شارە و بەشێکی زۆری کوردستان دەهات و دەچوو، مێشکی ئەویشی زاخاو دابوو. کە کۆنەپەرستان و داگیرکەرانیش سەرکەوتن و شکست بەسەردا هات، خەفەت و حەسرەت لە شیعرەکانیدا جێی خۆیان کردەوە، بەڵام ئاواتی دواڕۆژ هەرگیز جێی پێ چۆڵ نەبوو، نەیتوانی بە شیعر چیدی هەڵمەت بەرێ، بەڵام باڵی مەلی ئازادی نەقرتاند، نیشتمانی فەرامۆش نەکرد و دوژمنی لە باوەش نەگرت.

جەلال وەکوو تاکێک سەختی و تاڵی و زیندان و نەخۆشی و هەژاری زۆری بەسەر هات، بەڵام کونجی قەناعەتی بەسەر چڵکاوخۆریدا تەرجیح دا و لە بەرەی خەڵکدا مایەوە. ئەوەش بێگومان لە ژیاندا ڕەنجی زۆری بە نسیب کرد، بەڵام جێگەی شیاوی ئەوی لەناو هونەری ڕزگاریخوازانە و پێشڕەوی کوردی رۆژهەڵاتیش مسۆگەر کرد.

سەرەخۆشی بێ لە بنەماڵە و خزم و دۆستان و هۆگرانی جەلالی مەلەکشا.