بیرەوەری

بیرەوەڕیەک لە دەورانی پێشمەرگایەتی لە شیمالی کوردستان ساڵی ١٣٦١( بەشی دووهەم) 

05:22 - 22/3/2021

بیرەوەڕیەک لە دەورانی پێشمەرگایەتی لە شیمالی کوردستان ساڵی ١٣٦١( بەشی دووهەم) 

لە بەشی یەکەم دا ھاوڕێیەک پرسیاری کردبوو شیمال کوێە و لە کوێ ڕا دەست پێدەکا؟

 

شیمالی کوردستان لە کانی سپی دەشتە بێلێ لە ١٥ کیلۆمیتری شاری شنۆ ڕا دەست پێدەکا ھەتا سەر چۆمی ئەرەس لە مەرزی وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمەنستان، لە ڕۆژئاوا لەگەڵ کوردستانی باشوور (عیراق) ھاوسنوورە، لە باکور لەگەڵ کوردستانی باکور (تورکیە) و لە ڕۆژھەڵات لە گەڵ تەورێژ (تەوررێزی ئەمرۆ ) لە باشوور لە گەڵ گۆلی ورمێ (دریاچە ارومیە) ھاوسنوورە، کە بریتییە لە شارەکانی ورمێ ، سەڵماس، خۆی و ماکۆ. ناوچەکانی، دۆلێ، دەشتە بێل، مەرگەوەر، تەرگەوەر، براندۆز، برادۆست، سۆما، شپیران، چەریق، قۆتوور و ناوچەی جەلایان دەگریتەوە. لەو مەڵبەندە دەیان عەشیرەتی، وەک ھەرکی، دری، ھەنارە، عبدۆویی، بەگزادە، مامەدی، موقری، پاچکی، دەلیی، جەلالی و کرمانج و سەیدی لێ دەژیی و خەڵکەکەی بە زمانی کرمانجی و لەجەی جیاجیا قەسە دەکەن. 
دوایی ئەو شەڕانەی ئەشکەوتک و جادەی سڵماس ورمێ پێشمەرگەی تازەمان زۆر بۆ ھاتبوو، زیندانیشمان زۆر بوو. گوزەرانمان لە گوندی حاجی باێرام سەخت بوو و خەریکی جەولە کردن لە گوندکانی کاسپ و گوڵانک و زەنگیاوێی لە ناوچەی ئەنزل بووین. ھاوڕێ فازل ئوسولیان لە گەڵ دوو پێشمەرگەی دیکە مەقەڕێکی کومیتەی بەخشیان لە گوندی بێچەجووکی ناوچەی سۆما کردبۆوە و کارووباری تەشکیلاتیان دەکرد. حیزبی دێمکرات ئەودەم لە شیمالی کوردستان سەرباز گیریان دەکرد و گەنجەکانیان دەبردە سەربازی و بۆ پێشمەرگایەتی سازیان دەکردن. حیزبی دیمکرات ھێزێکی زۆریان ھەبوو بەڵام بە نیسبەتی ئەو ھێزە زۆرە ئەو زستانە چالاکی نیزامیان کەمتر بوو لە کۆمەڵە. ھەر بەم بۆنەوە گەنجەکان شەڕ و چالاکیان پێخۆش بوو و زۆرتر ڕوویان لە کۆمەڵە دەکرد. دیارە ئێمە وەک کۆمەڵە لە کوردستان بە عام و لە ھێندێک ناوچەش کەم و زۆر کێشەمان لە گەڵ حیزبی دیمکرات بۆ دەھاتە پێش، یا تەبلیغاتیان دژی دەکردین ، دەیانکوت کافرن، بلیندگۆی مزگەوتیان لێ دەبڕین و ھێندێک وردە کێشەی دیکەشیان دەگەڵمان ھەبوو. دیارە واش نییە بڵێم ئێمەش زێری ٢٤عیار بووین و بێ غەلووغەش بووین. بەڵام بەڕاستی ئەوان زۆرتر کێشەیان بۆ ئێمە دەناوە، ھەتا ئێمە بۆ ئەوان. ئێستا نامەوێ بچمە نێو ئەو کێشانە بۆ وەختێکی دیکەی دادەنێم. موھەندیس جەھانگیر ئیسماعیل زادە فەرماندەی ھێزی سەرگورد عەباسی بوو و دەستوری دابوو کە کۆمەڵە مافی نییە لە گوندی بێچەجووک مەقەر دابنی، ھاۆرییانی ئێمەش گوتبوویان دایدەنێن. دەوری مەقەڕەکەی ئێمەیان دابوو ، ھاوڕی فازل ئوسولیان نامەیەکی بۆ من نوسیبوو و جەریانەکەی باس کردبوو، نامەکەی دابوو بە کابڕاێکی خەڵکی گوندی بێچەجووک و ئەویش بەو سەرما و بەفرە شەو درەنگ ھاتە گوندی کاسپێ و نامەکەی ھێنا. من وەختێک نامەکەم خویندەوە زوو ناردم بە دوای ھاوڕێیان سەڵیم سابیرنیا و باقی بەرپرسەکان و بڕیارمان دا کە بەو شەوە دوو پەل پێشمەرگە بنێرین بۆ بێچەجووک. ئەوان وەڕێ کەوتن و من لە گەڵ دەستەێک لە ھاوڕێیان لە گوندی کاسپێ ماینەوە. بەیانی زوو چوینە گوندی زەنگیاوێ خەریکی نان خۆاردنی بەیانی بووین، خەبەر ھات کوتیان دەوڵەت ھێرشی ھێناوە بۆ گوندی بلەھیی ، ئێمەش ١٢ کەس بووین و چوین بۆ گوندی بلەھیی، تەپوو مژێک بوو چاو چاوی نەدەدی. لە نێو دێ لە گەڵ جاش و پاسداران تووشی یەک بوین نە ئەوان ئێمەیان دیبوو نە ئێمە ئەوان، بوو بە تەقەیەک وەک ڕۆژی مەحشەر. من و عەلا پێشمەرگەێکی زۆر ئازای خەڵکی سەقز بوو لە پێشەوە بووین، تازە ڕێگای گەرانەومان نەبوو و ھاوڕێیانی دیکەش ڕێێ ھاتنە نێو گوندیان نەبوو. بە مەجبوریی چووینە نێو گۆلاوێک کە بەفر ھاتا سینگت دەھات، شەڕێکی دژوار دەستیپێکرد، سەعاتی ١١ی بەیانی شەڕ دەستیپێکرد، ھاوڕێیانی ئێمە نە دەیانتوانی بە ھانامانەوە بێن و نە ئێمەش دەمانتۆانی بگەرێنەوە دوایە. ئێمە لیباسی سپیمان لە بەر دابوو و نەیان دەدیتین ، ھەمو جارێ کە پاسدار دەردەکەوتن و تەققەمان لێ دەکردن و بریندار و کوشتەیان دەدا و دەگەڕانەوە. دوای ماوەیەک ھێندە لە سەر ئەو بەفرە درێژ ببوین بەدنمان تەزیبوو و نەشمان دەتۆانی زۆر بجووڵێینەوە. ھەوای یەکجار سارد بوو، سەعات یەک من پێشبەندی لیباسە سپێکەم کە دەم و چاو و ڕدێنمی داپۆشیبوو بەستبووی و ببو بە سەھۆڵ، نەفەس کێشان سەخت بوو، بۆ یەک کات لامبرد سەھۆڵەکەم لێکردەوە و زوو دامپۆشێوە، لە ناکاو تفەنگەکەم حەوا درا و لە سەر بەفری شتێکی چکۆڵە وەک کەلکی مار بپەڕینی خۆی ھەڵداویشت نەمدەزانی چییە! ئەوە قامکی دەستمە پەڕیووە و گەرماوگەرم خۆی ھەڵداوێ ،نەم زانی بریندار بووم دەستم بۆ تەفنگەکەم برد ھێزی ھێنانەوەی نەبوو ، بەڵام یەکجێ جلە سپێکانم سوور بوو بۆیان بوم بە ھەدف. گوللە وەک باران دەباری کوتم عەلا من بریندار بووم تەقەی بکە. عەلا زۆر شێرانە تەقەی نەبڕێوە ھەتا من لە بەرزایی قوڵکەکە وەسەر کەوتم، چەند فیشەکی دیکەم بەرکەوت بەڵام گاریگەر نەبوون. کە چوومە لای ھاوڕێیان ھەمو گیانم شەڵاڵی خوێن ببوو ئەوانیش زۆر نیگەران بوون، کوتم تەقەی بکەن با عەڵا بتۆانی بگەریتەوە. ئەوندە لە سەر ئەو بەفرە درێژ ببوین و سارد بوو، ھەر دووک دەستم دەتگوت شیلانگی ئاو کوون بووە خوێنی بە ڕەگەکان دا دەپڕژاند. ھاوڕێ مەنسوری شەوکەتی پزشکیار بوو، ھیچ چارەی نەبوو بە کێش ھەر دوک باسکی توند بەستم بەڵام چارەی نەبوو خوێن ھەر دەھات. عەلا ھاتەوە و دووژمن لە بڵندگۆی مزگەوت بانگیان کرد کە ھێزەکانیان کۆبنەوە دوایی ئاگادار بوینەوە کە ٦ نەفریان لێ کوژرابوو و ٨ برینداریان ھەبوو، پیاوەکانی گوندیان ھەمو وەک دیوار لە دەوری خۆیان ڕیز کردبوو ھەتا سەر جادە بردبوویانن بۆ ئەوی پێشمەرگە تەققەیان لێ نەکا. ئێمە گەڕاینەوە بۆ گوندی زەنگیاوێ. خەڵک خەبەرەکەیان بیستبوو کە من بریندار بووم و ھاتبوونە قەراغ گوندی. من خوێنڕێژێکی زۆرم کردبوو خەریک بوو بێ حاڵ دەبووم، چوینە ماڵێک ئەوندەم لە بیرە کوتم لێوانێکم قەنداو بدەنی، قەنداوەکەیان بۆ ھێنام خۆاردمەوە، ماڵەکە پڕ بوو لە خەڵک و ژن و منداڵ دەگریان، من درێژ ببوم ژنێکی بەتەمەن سەری منی لە سەر ڕانی دانابوو و دەگریا، لە خەێاڵم دا سەرم لە سەر ڕانی دایکەمە، ئیتر لە بەر ئەوەی خوێنرێژی زۆرم کردبوو بێھۆش بووم . نازانم کاتەکەی چەند بوو بەڵام ئەگەر وەھۆش ھاتمەوە سەرم ھەر لە سەر ڕانی ئەو ژنە بوو و پێیھەڵدەکوتم و پێشمەرگە و خەڵک ھەموو دەگریان پێیانوابوو مردووم. منیش کە وەھۆش ھاتمەوە زۆر خۆشحاڵ بوون کوتیان ماوە. منیش ھێندێک وەزعم باشتر ببوو و مەنسووریش دەستی پانسمان کردبووم باندێکی زۆری لێ ھالاندبوو، بەڵام دەرمانێکی وامان نەبوو فەقیرە حەبەسابوو نەیدەزانی دەبێ چ بکا. تازە زانیم کە دوو قامکم پەڕیووە و دەستەکەی دیکەم گوللەیکی تێدا ماوە و باسکم بریندارە و زۆر شپرزەن. ھەر ئەو ئێۆارە بە سواری ئەسپی چوومەوە مەقەری حاجی باێرام . موجاھیدینی خەڵک ئەو کات لە گەڵ حیزبی دێمکراتی کوردستانی ئێران لە شوڕایی میللی مقاوەمەت دابوو و مەقەڕیان لە گوندی حەسنی سوما لە حدودی تورکییە بوو . دوو ڕۆژ دوای برینداربوونم دوکتورێکیان لە گەڵ کەسێک کە یارمەتی دەدا و دوکتورەکە جەراح بوو ھاتن بۆ گوندی حاجی بایرام ماڵە حاجی حوسینی ماڵیان ئاوەدان بێ دیوێکیان دا بوو بە مامۆستا مەلا عبداللە عبدالھی شورشگێری بە ئەزموون و پێشمەرگەی کۆمەڵە من کە بریندار بووم بردیانمە ئەو دیوە لەوێ کەوتبووم. مامۆستاش وەک باب چاوەدێری دەکردم. من نەم زانیبوو کە مامۆستا کەسێکی ناردووە بۆ ماڵی ئێمە و دایک و بابم و خاڵە مەجیدیمی ئاگادار کردووە. ھەر دوکتور دەستی بە عەملیات کرد خەریک بوو وردە ئیسکەکانی دەستمی جێی بە جێی دەکرد دەرگای دیوەکە کراوە و دایکم و بابم و خاڵم وە ژۆر کەوتن. ھەر چی کوتم دایکم با نەیتە ژوور بە زۆری ھات و نەیتوانی لە سەر لاق ڕاوەستی دانیشت، منیش ھەر دەمکوت دایە ھێچ نییە بەڵام دایکم حەبسا بوو و دوایی دەستی کرد بەگریان . من زۆر بە زەحمت دەگریام بەڵام کە دایکم دیی دایکی ئەو سەربازە کوژراوەم وەبیر ھاتەوە و منیش دەستم کرد بە گریان. دوکتور و پەرستار و ھەموو ئەوانی لەوێ بوون دەگریان. ھەر بابم نەدەگریا دیکوت ھەر ئەوەی ماوی ھەمو شتێکە. وەزعەکە ئارام بۆوە. دایکمیان بردە لای ژنەکانی دیکە و دوکتور دەستمی عەمەل کرد بەڵام کوتی ئێمە ئێمکاناتمان کەمە باشتر وایە ئەگر نەخۆشخانەتان ھەیە بگەڕێیەوە بۆ ئەوێ، مومکینە لەوێ ئێمکاناتیان زۆرتر بێ و دەستت باشتر ببێتەوە. لە کۆمیتەی ناوچە تەسمیم گیرا کە من بۆ چارەسەر بگەرێمەوە بۆ موکریان. ناوەندیی کۆمەڵە ئەو کات لە دۆڵی حاجی کەند بوو و نەخۆشخانەش لە گوندی عیلماباد بوو. زستانێکی زۆر سەخت بوو بەفرێکی زۆر باریبوو. لە گەڵ دەستەیەک لە ھاورێیانی پێشمەرگە لە مەنتەقەی ئەنزەل وەڕێ کەوتین، بە دەشتی سۆمایدا ھاتین شەوێک لە باوان ماینەوە و شەوی داھاتوو ھاتین لە کوڕانە میوانی دۆستێکی زۆر خۆشەویست بووین نانمان خوارد و بە ماشین بردینی بۆ گوندی مەلوونە میوانی دۆستێک بە نێوی ڕشید بووین. شەو لەوێ نۆستین و بەیانی چویین بۆ بێگۆس و میوانی کاک عوسمان بووین و دواتر ھاوری فەخرالدین عومەری مسئولی کۆمیتەی ڕوستایی ئەو مەنتەقە لە گەڵ چەند ھاۆرێکی ھەتا پشتی گوندی دۆبڕە کە ئەو کات سیلاحی دەوڵەتیان پی بوو، بەڕێی کردین و گەڕاوە بۆ لای ھاوڕییانی ناوچەی شیمال. ئێمەش ملی ڕێگامان گرت. ئێۆارە چووینە گوندی خەڵیفەتان و نانمان خوارد و ھێندێک دۆست و ئاشنامان دیت، بۆ ئەوەی بە شەو لە جادەی بەند بپەڕینەوە وەڕێ کەوتین. چەند نەفر خەڵکی گوندیمان ھەتا گوندی ناسراوێ کە گوندیکی چۆلکراو بوو لە گەڵ ھاتن. لەوێ سپاسمان کردن و ئەوان گەرانەوە. ئێمەش سەربەرەوژێر وەڕێ کەوتین. لە گوندی ئەحمەدە سوور لە دەم چۆمی پردی نەبوو دەبا بە سەر بەرد دا کە وەک بازگە داندرابوون پەڕیباینەوە. سەرمایەکی زۆر سەخت بوو، باشی دەھات و ھەوای ساردی چۆمەکەش زۆر ساردتری کردبوو سەر بەردەکان ببونە سەھۆڵ. من ھەر دووک دەستم پێچرابوون و بە باندێک بۆ ئەوەی ھاتوو چۆ نەکا بۆ سەرما کاری لێ نەکا بە پارچەیکی گەرم لە سەر سینگیان بەستبووم. لە پەڕینەوەدا باڵانسم نەبوو ھەڵخلیسکام و ھەتا سەر پشتێندێ چوومە نێو ئاو. چەند ھاوڕێی دیکەش ھەر ئەو وەزعەیان بە سەر ھات و زۆر زوو جلەکانمان بەستی. بەڵام پەرینەوە و ھەتا گەیشتینە گوندی شەملەکان ھەمو جلەکانمان ببو بە سەھۆڵ و زۆرمان سەرما بوو. لە شەملەکان لە دەرگامان دا خەڵک زۆر زوو بە ھانامانەوە ھاتن و جلەکانمان گوڕی و چایەکی گەرممان خواردەوە و ھێندێک ھاتینەوە سەر خۆ. شەملەکان لە جادەی زۆر دور نەبوو ، ڕۆژانە حکوومەت بە گەڵیبەند دا ھاتوچۆیان دەکرد. بۆ خەو چووینە گوندی مەندەدۆل و ھەتا نیوەڕۆ لەوێ بووین و ئێۆارەکەی ھاتینە گوندی وەرمەزیاری لە گەڵی براندۆز و میوانی مەلا مووسا بووین و شەو بۆ خەو چووینە گوندی کانی سپی. ئەو سەر دەم پیوندی خەڵک و پێشمەرگە زۆر گەرم بوو. کاتێک لەو دیھاتە لامان دەدا دوای ھێندیک ئیسراحت خەڵک بۆ شکاندنی بەفری رێگا ھەتا ئاوایەکی دیکە لە گەڵمان دەھاتن و تەحویلی ئەو ئاوایەیان دەداین بۆ خۆیان دەگەڕانەوە. ڕۆژی دوایی خەڵک گوندی کانی سپێ ھەتا سەر جادەی گەڵی قاسملووی لەگەڵمان هاتن و شەو چوینە ئاوایی چەپان و ڕۆژی دوای بە بەرزایکانی پشت دوڕبەی دا ھاتینە سەر چیای بەرقەزەنی لەوێڕا چاومان لە شاری شنۆ و دیھاتی ئەو دەشتە دەکرد کە بەرگی سپێ پۆشابوو. شەویی دوایی ھاتینە گوندی ئاڵییاوێ و ڕۆژێک لەوێ بووین و بە دیداری دۆستان شاد بوینەوە. شەوی دوایی چۆینەوە ماڵی خۆمان و میوانی دایک و باب و خۆشک و بڕا بووین و ھەتا بەرە بەیانی لایان بووین و پێش ھەوا ڕووناک بوون وەڕێ کەوتین بە بەشێک لە لاجان دا چووینە مەقەری ناوچەی شنۆ لە گوندی لکبن و شەو و ڕۆژێک لای ھاورێیان خۆشەویستی ناوچەی شنۆ ماینەوە و ڕۆژی دوایی ھاوری زاگڕۆسی خوسرەویش کە لەوێ مەسئولی تەداروکات بوو دواتر دەگەڵ ئێمە ھاتوو بەرەو دەشتی شاروێران وەڕێ کەوتین لە گوندی خوڕخوڕە ھاورێیانی ناوچەی مەھاباد مەقەریان ھەبوو. نانی نیوەڕۆمان لای ئەوان خوارد و ھەر لە وێ گیانبختکردوو ئەحمد سەیدە کە ماڵی خۆشیان لەوێ بوو لە گەڵ چەند ھاوڕێی دیکە دوای ڕێگایەکی دووروو درێژ ماڵئاوایمان لە یەکتر کرد و لە ئێمە جودا بوونەوە. ئێمەش سەرجەم سەفەرەکەمان دوایی ١٧ ڕۆژ بە شاخ و کێو و دیھات دا گەویشتینە خانەقا لە دۆڵی حاجی کەند و دواتریش چوومە خەستەخانەی عیلماباد بۆ کاری دوکتور. 
سوڵتانی خوسرەوی ٢٠٢٠/٣/٢٨
درێژەی ھەیە

زۆربینراوترین